هەرێم و مەسرور بارزانی لە نێوان بەردئاشی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

Sunday, 21/06/2020, 12:59

4452 بینراوە


کاتێک ئەردۆگان کەوتە سەر لێواری مەرگ و سەرکەوتنی کورد لە ڕووی سیاسیەوە لە تورکیا ، قەرزە کەڵەکەبووەکانی ئەردۆگان بە هۆکاری دزێتی و گەندەڵی و هەڵدانەوەی هەزاران دۆکۆمێنت لەسەر بنەماڵەی ئەردۆگان وای لە ئەردۆگان کرد کە چەند سیناریۆیەک تاوتوێ بکات و لە کۆتایدا توانی سیناریۆی کودەتا بە یارمەتی ئەمریکا و مسرور بارزانی دەبڵ عمیلی مۆساد و دەزگای پاراستن دابڕێژێت و پاکتاوی نەیارەکانی پێ بکات و( گویلەنی ناردە مەنفا و دەمیرتاشی خستە زیندان ) و زیاتر لە ١٦٠ هەزار چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسی خستە زیندانەکان و لە هەمان کات پاکتاوی لە بەشێک لە نەیارەکانی لە کۆمەڵەی " ئەرگەنەکۆن " کرد لە ناو سووپادا .
هەر ئەوکات بینیمان لە میدیاکانی پارتیەوە زۆر بە شانازییەوە ڕاگەیەندرا کە مسعود بارزانی لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا لە شەوی کودەتاکەدا لەگەڵ ئەردۆگان پێشنیاری ئەوەی بۆ کردووە کە فڕۆکەی تایبەتی بۆ بنێرێت و بیهؿنێتە سەری ڕەش ئەوە باسێکی ترە بۆ کاتێکی تر .
لەلایەکی تر لە دەرەوەدا ئەمریکا بە هۆکاری ئەوەی چەندین ساڵ بوو تورکیای سڕ کردبوو وەک یاریەکی بێ باتری داینابوو ، بەڵام وەک شارەزایانیش باسیان لەبارەیەوە کردووە ، هەر سەرۆکێکی ئەمریکی کاتێک دێتە سەر دەسەڵات بەرنامەی خۆی پێشکەش دەکات و گروپێک یاخوود دەستەیەک درووست دەکات و زیندوو دەکاتەوە تا ئامانجەکانی لە ناوچەکەدا بپێکێت ،..
لەم نێوەندەشدا ترامپ هەستا بە چالاککردنی تورکیا و ئەردۆگان بۆ ئامانجەکانی و بە تایبەتتر لە عێڕاق و سوریا و لیبیا و قطر و بەحرەین و تەنانەت بینیشمان لە ئەفریقا ئەکتیڤی کردوون و لە هەمان کات گەر بێین و چالاکیەکانی تورکیا لەو ناوچانە بخوێنینەوە ئەوا دەبینین کە ئامانجێکی زۆر گەورەتری لە پشتە وەک کۆمەڵێک خەڵک بە ڕووکەش دەیبینن و تەنها بە زیندوکردنەوەی سەڵتەنەی عوسمانی دەیبینن !!! بەڵام ئەمە لێکدانەوەیەکی هەڵەیە و باکگراوندی ڕووداوەکان شت گەلێکی تر لەو بارەیەوە دەڵێن .
لەلایەکی تر گەر بێین و ڕوودوەکانی ناو عێڕاق باس بکەین ئەوا دەبێت بگەڕێینەوە بۆ لێدوانی بەرپرسانی تورکیا و بە تایبەتتر
"سەرۆکایەتی ئۆپراسیۆنەکانی میت " کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاند کە جاران بە نهێنی دەهاتنە ناو خەڵک و پەیوەندیەکانیان ڕێک دەخست لە هەرێمی کوردستان بەڵام ئێستا بە ئاشکرا بارەگامان هەیە و پەیوەندیەکانمان بە ئاشکرایە لەگەڵ خەڵکانێکدا دەبەستین .
چەند ساڵێک بەر لەئێستا گروپی پ.ک.ک ( ٢ ) ئەفسەری باڵای میتیان دەستگیر کرد و بە ئاشکرا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراو دانیان نا بەوەی کە میت ئۆفیسێکی گەورەی لەناو دەزگای پاراستن هەیە و بە ئاشکرا لەوێوە ئۆپراسیۆنەکانی ئەنجام دەدات .
لە هەرێمی کوردستانیش لە هەمان کات دوا بەدوای بەرزبوونەوەی ناڕەزاییەکان و نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری و نزیک بوونەوەی مسرور لە لێواری مەرگ بە تایبەت پاش ئەو گرێبەستەی نەوت و گازەی کە نێچیرەڤان بارزانی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ ڕووسیا کردبووی ، ئەمەش نیگەرانی ئەوروپا و ئەمریکای بە دوای خۆیدا هێناو شێوە ڕەنجاندێکی لێ کەوتەوە لەگەڵ هەرێم و وای لە مسرور کرد کە سیناریۆ لە دوای سیناریۆ دابڕێژێت تا هەم ڕۆژئاوا لە خۆیان ئاشت بکاتەوە هەمیش بۆ پاکتاوی نەیارەکانی و بە تایبەت یاریدەدەری ووڵاتانی ڕۆژئاوا بێت بۆ پاکتاوی ئەو نەیارانەی کە دژی سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلن وەک پ.ک.ک و لەلایەکی ترەوە پاکتاوی نەیارەکانی ناوخۆ .
هەمووکات ئەو ووتەیەی فرانسۆ دەهێنمەوە پێش کە دەیگوت: هەر کەسێک جنێو بدات و سوکایەتی بە جەنابی مەلا مستەفا و کوڕەکانی بکات، ئەگەر بە نەخۆشیی و سروشتیش بمرێت، لە دوا هەناسەیدا خۆمان هەناسەی دەبڕێن !
مسروریش بەم ڕقە لە مێژینەیەی کە هەیەتی هەم لە نەیارەکانی لە حکومەت و لە نەیارەکانی لە ناوخۆ کە دژی بنەماڵەی بارزانین و نەیارەکانی لە دەرەوە وەک پ.ک.ک وای کردووە کە ئؿستا و بە ئاشکرا دوژمنانی کورد بهێنێتە سەر خاکی کوردستان و وەک چاو ساخێک ڕێنوێنیان دەکات تا خەڵکی سڤیل بکەنە ئامانج بە هۆکاری بوونی هێزی پ.ک.ک لەو ناوچانەدا و لە میدیاکانیشیەوە پ.ک.ک دەکاتە هۆکاری ئەو بۆمبارانە و ناو بە ناویش خەڵکانێکی نزیک لەحزبەکەی دەهؿنێتە سەر تیڤی و دەڵێن کە پ.ک.ک بێزاری کردوون و ژیانی لێ تاڵ گردوون کە دورە لە ڕاستیەوە .
وەک چۆن لە ڕابردوو ڕامان گەیاند کە سەردەمی مسرور پڕخوێنترین سەردەم دەبێت لە میژووی کورددا ئەوا ئێستا بەرەبەرە ڕووداوە خوێناویەکان دەردەکەون ، سیناریۆ لە دوای سیناریۆش دادەڕێژێت تا دەنگی ئازاد لەناو خەڵکدا کپ بکات ، بەڵام ئێمە وەک بەرەی گەل هەموو ئەم سیناریۆیانەمان لە بەرچاو بوو ، هەمووکاتیش بۆ ڕای گشتی ڕامان گەیاندووە کە گەر بێت و خەڵک فریای خۆی نەکەوێت و ئەو دەستە گڵاوەی خیانەت و هەواڵگریەی مسرور و بنەماڵەکەی نەبڕێت ئەوا سەردەمێک دێتە پێش کە دواتر کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نابێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە