ناڕەزاییەکانی ٨٤ و سازشکاریەکانی یەکێتی

Monday, 22/06/2020, 17:49

8217 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

ئەم خۆپێشاندانە گەرچی دو ساڵ دوای خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٨٢ بو بەڵام هۆکار و ئەنجام و ڕۆڵی حیزب و لایەنەکان و هەڵوێست و شیکردنەوەکانیان بۆی جیاواز و بە شێوازێکی تەواو جیاواز بو .
خۆپێشاندانەکانی ٨٢ تەواوی جەماوەر و لایەنە سیاسیەکانی ساحەی کوردوستانی لەبەرەیەکدا بە گشتی کۆکردەوە و لە ڕوبەڕوبونەوەی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێمدا بون. بەڵام ناڕەزاییەکانی قوتابیان و جەماوەر لە ٨٤ لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە نەك هەر بایکۆت کرا، بەڵکو لە پاڵ ڕژێم دا ڕوبەڕوی وەستانەوە. یەکێتی و ڕژێم و دەزگاکانی خستە بەرەیەکەوە و جەماوەر و لایەنە سیاسیەکانی تر لە بەرەیەکی تردا. یەکێتی تەنها بە بایکۆتکردنی خۆپێشاندانەکانەوە نەوەستا بەڵکو لە ڕێگەی ئەندامانی و ئیستگەکەیانەوە دژایەتی دەکرد و بە کرداری ڕێگریکەر بو لە گەشەی خۆپێشاندانەکان. خۆشبەختانە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ڕێکخستنەکانی یەکێتی و کۆمەڵە لە سیاسەت و هەڵوێست وداواکاری حیزبەکەیان یاخی بون و چونە ناو بەرەی گەلەوە و هەڵوێستی پێجەوانەیان وەرگرت. بەڵام هەڵوێستی خیانەتکارانەی یەکێتی بەوە ناشۆردرێتەوە و مۆرکی خیانەتکاری بە هەڵوێست و کردارەکانی سەرانی یەکێتی و مۆرکی شانازی بە چالاکی و خۆڕاگری ئەندامانی خوارەوە و هاوکاری و پشتیوانی خۆپێشاندەرانەوە دەمێنێتەوە. لە هەمانکاتدا بەشێکیش لە پێشمەرگە لێرە و لەوێ لە ژێر گوشاری خۆپێشاندەران و بە هۆی شێوازی دڕندانەی ڕژێم نەیاندەتوانی بێهەڵوێست سەیرکەر بن و دەهاتنە پاڵ خەڵك و هەڵوێستی دژ بە ڕژێمیان وەرگرت و بە خوێن و ژیانی خۆیان بەرگریان لە خۆپێشاندەران دەکرد. هەڵوێستی ئەو پێشمەرگە لەخۆبوردوانەی یەکێتیش بە هەمان شێوە لە هەڵوێستی فەرمی یەکێتی ناگۆڕێت کە دژ بە جەماوەر و دواکاریەکانیان وەستابۆوە و هەوڵی خامۆشکردنەوەی دەدا.
لایەنەکانی بەرەی جود بە پێچەوانەی ٨٢ ئەمجارە هەلێکی گونجاویان بۆ ڕەخسابو خۆپێشاندەران وەکو ئامرێزێکی پرۆپاگەندەیی دژ بە یەکێتی بەکاربهێنن. هەندێ گروپی چەپ و مارکسیش جگە لەوەی ئەوانیش بە هەمان مەبەست خۆپێشاندانەکانیان بەکار دەهێنا لە هەمانکاتدا قەوارەی خۆپێشاندانەکانیان بە شێوازێکی وا پێشان دەدا و شیدەکردەوە گوایە لە کۆمۆنەی پاریس یان لە شۆڕش و ڕاپەڕینی کرێکاران قسە دەکەن. بە تایبەتی گروپی کار کە گروپێکی مارکسی لینینی بەناو ئێراقی بو. گەرچی شانەو ئەندامانی لە چەند گەڕەکێکی سلێمانی ئەولاتر نەچوبو، بەڵام بەرنامەی عێراقی و عێراقچێتیان پیادە دەکرد و لە خەونی ئەوەدا بون ناڕەزاییەکان سەرتاسەری ئێراق بگرێتەوە. لەناو ڕیزەکانی یەکێتی و کۆمەڵەش لە چاو ٨٢ گۆڕانکاری گەورەی هاتبوەدی. زۆر لە ئەندامانی ڕێکخستنەکانی ناو شار کۆمەڵێك هۆکار بەرەو ناڕەزایی بردبون بەرامبەر سەرانی یەکێتی. گرنگترینیان بریتی بون لە؛ گەندەڵی و خۆشگوزەرانی نسبی بەرپرسان و خزم وکەسوکاریان و مانەوەیان لە شوێنە دورەدەستە دور لە مەترسیەکان، لە کاتێکدا پێشمەرگەی سادەش بە سەر خەڵکی دێهاتەکانەوە دەژیان و نیمچە برسی و ڕەشوڕوت دەخرانە ناو مەترسی و شەڕەکان و شەڕی بەردەوامی حیزبەکان دژ بە یەکتری. دانوستاندن لەگەڵ ڕژێم و نەبونی هیچ پلان و داواکاریەکی لەبەرچاو لە گەڵ ڕژێمی بەعس. بە ئاگایی لە هاوکاری سەرانی یەکێتی لەگەڵ دەزگا هەواڵگیریەکانی بەعس بۆ کوشتاری لایەنەکانی تری ساحەی کوردستان، ناسراوترینیان شەڕی قەڕناقا و پشت ئاشان. جیاوازی ئایدۆلۆژی و چونی هەندێك لە کادێرانی شاخ و هەندێك لە ئەندامانی شار بەرەو بیری ئێراقچێتی واز هێنانیان لە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران. زەقتر بوبونەوەی زیاتری باڵباڵێنەکانی شاخ کە زۆر لە ئێمەی ئەندامانی ڕێکخستنەکان لەو ململانێمانە بەئاگابوین کەبە گشتی لەسەر پۆست و دەسەڵات بون، گەرچی کاڵای سیاسی و ئایدۆلۆژی بەبەردا دەکرا. ئەوەی کە زۆربەی پێشمەرگە وسەران و کادێرانی شاخی لەگەڵ یەکتر یەکدەخستەوە یەکبونیان بو لەسەر گفتوگۆ و ئاشتی لەگەڵ ڕژێم و ئەو یەکگیریەش پەیوەست بو بە هۆکارێکی تایبەتی بەو توێژەوە. چەند جارێك وەکو ئەندامانی شار سەردانی شاخمان کرد و هەمیشە روبەڕوی ئەو قسەیە دەبوینەوە کە ئێمەی ئەندامانی شار شوێنەکەمان خۆشە و جێگاکەمان گەرمە بۆیە بەلامانەوە گرنگ نیە دانوستاندن بکرێت یان نا. ڕاستە ئەوان لە ژیان و گوزەرانێکی سەخت و سەرما و برسێتیدا بون بەڵام ئێمەش لە شار دەستەوەستان دانەنیشتبوین و مەترسی گرتن و کوشتنمان ڕۆژانە بوو، لە ناوەندی دڕندەترین ڕژێم چالاکیەکانمان ئەنجام دەدا. ماندوبون و بێورەیی بە ڕوی پێشمەرگەکانەوە دەبینرا، ئەوەش بە شێوەیەکی گشتی ئەنجامی ناڕەوایی ناوخۆ و شەڕی بێهودەی ‌هێزەکانی پێشمەرگە بو بەرامبەر لایەنەکانی تر و تێوەگلاندنیان لە شەڕی ئێراق – ئێران، نەك تەنها شەڕی ڕژێم. لە ڕۆژانی خۆپێێشاندانەکان لایەنەکانی تر بەو پەڕی ووزە و توانایانەوە خەڵکیان هان دەدا و یەکێتیشیان بە سازشکار لەگەڵ ڕژێم و وابەستە بە سیاسەتەکانیەوە لە قەڵەم دەدا. لە کاتێکدا ئەوانیش لە سەدەمێکی پێش سازشکاری یەکێتی دەسپێشکەریان کردبو لە سازشکاری و مامەڵە لەگەڵ ڕژێم بەڵام بە ئەنجامێکی دیاریکرا و نەگەیشتبون جگە لەوەی داوایان لێکرا بو بە بێ قەید و شەرت چەك دابنێن یان بێنە ڕیزەکانی سوپای ئێراقیەوە بەو مانایەی ببنە بەشێك لە جاشەکانی ڕژێم. لە نمونەی ئەو سازشکارانەش حیزبی سۆسیالیستی کوردستان (حسك). لەسەرەتای ساڵانی ٨٠ وە تەواوی لایەنە کوردستانیەکانی تریش بۆ دانوستاندن و کەمترین دەسکەوت لەگەڵ ڕژێم ئامادە بون و لیك بەلادەمیاندا دەهاتە خوارەوە.
ڕەوتی خۆپێشاندانەکانی ٨٤ لەناو قوتابیانەوە سەریهەڵدا و بەرەو توێژەکانی خەڵك چو، ئێمەی ئەندامانی ڕێکخستنەکانیش یان تەماشاکەرێکی ئارام و بێدەنگ بوین یان کەوتینە دوای خەڵك و پشتیوانیمان لێ دەکردن. بە پێچەوانەی ٨٢ کە ڕێکخستنەکان دەسپێشکەر و پلاندانەر و پێشڕەو بون.
سەرەتای مانگی مایسی ٨٤ لە زانکۆی سەڵاحەدین و لە پەیمانگاکانیە هەولێر و موسڵ و بەغدا لە قوتابیان داواکرابو خۆیان ئامادەبکەن بۆ مەشقپێکردن و چونە ڕیزی جەیشی شەعبیەوە و لە کاتی پیویستیا بردنیان بۆ جەنگی ئێراقی – ئێرانی، ئەگەر ئامادەکاری خۆیان پێشان نەدەن ئەوا لە زانکۆ دەردەکرێن. قوتابیانی کوردیش بە گشتی کەوتبونە ناڕەزایی دەربڕین و یاخی بون لە مەشق کردن. وەك دەسپێشکەرانێك قوتابیە کوردەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی موسل مانگرتنێکی 3 ڕۆژیان ڕاگەیاندبو لە سەرەتادا لە لایەن ڕژێمەوە هەوڵی هێمنانەیان لەگەڵ درابو کە مانگرتنەکەیان بشکێنن و بچنەوە ناو پۆلەکانیان و بەردەوام بن لەسەر خوێندن و دەوامی ئاسایی. قوتابیان پێیان ڕاگەیاندبون کە تەنها بەو مەرجە دەچنەوە پۆلەکانیان کە جارێکی تر باسی مەشق پێکردنیان نەکرێت و کۆتایی بەو داوکاریانە بهێنرێت. ڕژێم وەك هەمیشە پیاوەکانی ڕژاندبووە ناو زانکۆوە و بە هاوکاری قوتابیە بەعسیەکان چواردەوری مانگرتوەکانیان گرتبو. پاش لێدان و بڵاوەپێکردنیان پێیان ڕاگەیاندبون ئەگەر سبەینێ لە زانکۆکەدا بمێننەوە و نەچنە پۆلەکانیانەوە لەگەڵ زەویدا تەختیان دەکەن. قوتابیان لەبری سەرشۆڕی و گوێڕایەڵی بە گشتی گەڕابونەوە بۆ شارەکانی خۆیان. بەدوای ئەوانیشدا زۆربەی قوتابیانی کوردی شارەکانی هەولێر و بەغدا گەڕابونەوە و هەمان هەڵوێستیان وەرگرتبو. یەکێك لەو قوتابیانەی زانکۆی موسل کە تەواوی ئەم زانیارانەی پی گەیاندم ئەندامێکی پۆلەکەمان بو بە ناوی هوشیار. کاتێ گەڕایەوە بۆ سلێمانی پەیوەندی پێوە کردم کە نیازی وایە لەگەڵ وەفدێکی قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگە جیاوازەکان بچن بۆ سورداش بۆ چاوپیکەوتن بە جەلال تاڵەبانی و داوا لێکردنی کە لە کاتی گفتۆگۆکانیا داواکاربێت ئەو گوشارە لەسەر قوتابیان لابەرن و ڕێگریان لێ نەکەن کە خوێندنی ئەمساڵیان لەدەست بچێت. ئێمەی ئەندامانی پۆلی شەهید دلاوەر کە پۆلێکی نهێنی بو لە ناو ڕێکخستنەکان و لە بەرەی دژ بە سیاسەتی جەلال-نەوشیروان بوین، پشتیوانی ئەو کارەمان پێشاندا گەرچی هەموان ڕەشبین بوین لەوەی کە سەرانی کۆمەڵە و یەکێتی پشتیوانیان بکەن، بەڵام بەلامانەوە باش بو کە لەو مەسەلەیەدا هەڵوێستی یەکێتی ڕونبێتەوە.
جەلال تاڵەبانی بە هەر بەهانەیەکەوە بوبێت پێشوازی وەفدەکەی نەکردبو. لەبری ئەو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ فوئاد مەعسوم کردبو وەکو نوێنەری تاڵەبانی. پاش گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر و ناڕەزایی زۆری وەفدەکەی قوتابیان، دوا قسەی فوئاد مەعسوم ئەوە بو کە یەکێتی نیشتیمانی دژ بەوە نیە کە ئەوان مەشق بکەن و ببنە جەیشی شەعبی و لە هەمانکاتدا دژایەتی توندی خۆی پێشاندابو بەرامبەر ئاژاوەگێڕی و خۆپێشاندان لەو سەردەمە بەناو حەساسەدا کە ئەمان سەرقاڵی دانوستاندنن لەگەڵ ڕژێم. داوای لێکردبون کە بگەڕێنەوە بۆ زانکۆ و پەیمانگاکانیان و بێدەنگی لێبکەن و پەیڕەوی داواکاریەکانی ڕژێم بن. لەهەموی گاڵتەجاڕی تر بۆ هێمن کردنەوەی قوتابیان ووتبوی مەشق و بونە جەیشی شەعبی بە ئاسایی وەربگرن چونکە خۆشی لەسەردەمانی لاویدا ساڵانێك کەشافە بووە!
لەگەڵ گەڕانەوەی وەفدەکە بۆ سلێمانی چاوم بە هۆشیار و چەند قوتابیەکی هاوڕێی کەوت و قسە نەستەقەکانی فوئاد مەعسومیان بۆ باسکردم. دوانەکانی فوئاد مەعسوم بۆ هیچمان موفاجەئە و چاوەڕوان نەکراو نەبو قوتابیان لە سازشکاری و ملکەچی یەکێتی دەدوان بۆ گوشارەکانی ڕژێم لەسەر قوتابیان و هەرچیان بە دەمدا دەهات بەرامبەر بە یەکێتی درێغیان نەدەکرد. بە فرسەتێکی گونجاوم زانی لەگەڵ هۆشیار و چەندین ئەندامی ناڕازی وەکو ئەو، سەبارەت بە گروپە نوێیەکەمان بدوێم و دژ بە سیاسەتەکانی یەکێتی بدوێم و لەو ڕێگایەوە بۆ ناو خۆمان کەسبیان بکەم. بەڵام لەوە دەسڵەمیمەوە کە ناڕەزاییەکانیان تەنها کەفوکوڵی سەردەمی خۆپێشاندانەکان بێت و پاشان سارد ببنەوە و ببنە هۆکاری کێشە بۆمان و ئاشکرا کردنمان، بۆیە ئەو مەسەلەیەم بۆ دواتر دانا و سەبارەت بە ڕوداوەکان دواین. قوتابیان ڕێکخستنێکی کاتی تایبەتیان بۆ خۆیان دامەزراندبو هەروەها لیژنەیەك بۆ سەرپەرشتی کردنی مانگرتن و خۆپێشاندان. هەواڵم پێگەیشت کە ڕۆژی ١٢ی مایس کاتژمێری ٩.٥ی بەیانی لەسەر شەقامی مەولەوی بە شێوازێکی هێمنانە و ئاشتیانە لە ناوەندی شەقامەکەدا دەدەنیشن و ڕێگای هاتوچۆ دەگرن و بەو شێوازە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن. بە گەیشتنی ئەو هەواڵە پەیوەندیم بە ئەندامانی سەروخۆمەوە کرد و بە گشتی لەسەر ئەوە پێکهاتین کە پشتیوانی بێقەید و شەرتی قوتابیان بین و هاوکاریان بین و بانگەواز و داوکاریەکانی سەرانی یەکێتی و کۆمەڵە بۆ خۆپەراوێزگرتنمان پشتگوێ بخەین و هیچ نرخێکی بۆ دانەنێین.
لەبەرئەوەی کە متەخەلیفی سەربازی بوم و هەویەی تەزویرم پێبو خۆم بەشداری خۆپێشاندانەکانم نەکرد و تەنها لە ژمارەیەك لە ئەندامان و لایەنگرانم داواکرد بۆ بەشداریکردنیان لە گردبونەوەی سەر شەقامی مەولەوی.
لە ڕۆژی دیاریکراودا خەڵك و قوتابیانێکی زۆر لەسەر شەقامەکە کۆبوبونەوە و چاوەڕێی کاتژمێری دیاریکراویان دەکرد کە بڕژێنە سەر شەقامەکە. لە کاتی دیاریکراودا تەواوی قوتابیان لە ناوەندی شەقامەکەدا دانیشتن و هوتافیان دەکێشا و چەند لافیتەیەکیان بەرز کردبۆوە کە لەسەریان نوسرابو؛'' لا للتعریب لا للتدریب، واتا (نا بۆ عەرەبکردن، نا بۆ مەشقکردن) مەبەستیش لە مەشق نەکردن نەچوون بوو بۆ جەنگ" هەروەها بەگشتیش هاواریان دەکرد: "چیتان ئەوێ قوتابی ... ئازادی و دیموکراسی، چیتان ئەوێ سەربگرێ ...تطوع بە زۆر نەکرێ"
خەڵکانێکی زۆر بۆ پشتیوانیان چوبونە ناو قوتابیانەوە و لە پاڵیاندا دانیشتبون و هوتافیان دەکێشا. لە پڕ چەند سەیارەیەکی قوات خاسە هاتبون و یەکێکیان خۆی کردبو بە ناو مانگرتوەکانا و چەند کەسێکی بریندار کردبو. دەنگی ئازاری برینداران و هوتافی خۆپێشاندەران و تەقەی پیاوانی ڕژێم تێکەڵ بەیەك بوبون. بە لێدان و تەقە بڵاوەیان بە خۆپێشاندەران و مانگرتوانی سەر شەقامەکە کردبو. خۆپێشاندەران کشابونەوە بۆ کۆڵان و شەقامەکانی نزیك شەقامی مەولەوی و کۆتاییان بە خۆپێشاندان نەهێنابو. تەواوی دوکانەکانی ئەو شەقامانە و گەڕەکەکە داخرابون و خۆپێشاندان تاکو پاش نیوەڕۆیەکی درەنگ درێژەی کێشا بو. لە ئەنجامدا سێ کەس شەهید بون و چەندین کەس بە سوکی و قورسی بریندار بوبوبن. لە گەڕەکەکانی دەوروبەری شار گردبونەوە و خۆپێشاندانەکان تا درەنگ شەو بەردەوام بون. لە خۆپێشاندانەکانی ٨٢ ئێمە وەکو ئەندامانی ڕێکخستن خۆپێشاندانەکانمان دەتەقاندەوە و بەرنامە و دروشم و کات و شوێنمان بۆ دیاری دەکرد بەڵام لە خۆپێشاندانەکانی ٨٤ بە پێچەوانەوە قوتابیان و جەماوەر پێشرەو بون و ئێمەش وەکو ئەندامانی کۆمەڵە دوایان دەکەوتین و پشتیوانیان بوین. لە شەوی ١٢ لەسەر ١٣ ی مایس لە لایەن ئەندامان و پێشمەرگەکانی یەکێتیەوە وەکو ساڵانی ٨٢ بە بڵندگۆی مزگەوتەکان بانگەواز کرابو، بەڵام بە ئاراستەی پێچەوانەوە و داواکەر بون کە کۆتایی بە خۆپێشاندانەکان ومانگرتنەکان بهێنرێت و ئەوە لەبەرژەوەندی جەماوەر و دەسکەوتەکانی نیە و زەرەر بە ڕەوتی دانوستاندنەکان دەگەیەنێت. هەمان بەند و بالۆرەش لە ڕادیۆی یەکێتیەوە بەرز دەبۆوە و خۆپێشاندەرانیان بە ئاژاوەچی ناوزەرد دەکرد. ئێمەی ئەندامانی یاخی بڕیارمان دابو هەمان هەڵوێستی ٨٢ مان هەبێت و بچینە بەرەی خەڵك و خۆپێشاندەرانەوە نەك دانوستاندن و سازشکاری لەگەڵ ڕژێم. ساڵی ٨٢ بڵنگۆی مزگەوتەکانمان بۆ پشتگیری جەماوەر بەکاردەهێنا و شاناز بوین بە یەکێتی و کۆمەڵە بونمان ساڵی ٨٤ سازشکارانی هاوسەنگەرمان بڵندگۆکانیان بۆ کپکردنەوەی دەنگی خەڵك و قوتابیان بەکاردەهێنا و ئێمەش هەستمان بە شەرمەزاری و نزمی دەکرد کە یەکێتی و کۆمەڵەین.
هەواڵمان پێگەیشت کە ڕۆژی دوایی واتە ١٣ی مایس لەسەر شەقامی سجن خۆپێشاندان دەستپێدەکات. بێدودڵی بڕیای بەشداری کردنمان دا گەرچی زۆر لە خۆم دەترسام ئەگەر دەسگیربکرێم بەهۆی نەچونم بۆ سەربازی دور نیە گولەباران بکرێم بەڵام بەهۆی کاریگەری و حەماسەتی ڕوداوەکانی ڕۆژی ڕابردو گوێم نەدایە و بۆ شوێنی دیاریکراو چوم. لەگەڵ هەندێ لە هاوڕێیان منیش لەبەر دەم دوکانەکانی خوار و نزیك سجن کۆبومەوە. خۆپێشاندان دەستی پێکرد و بەرەو سجنەکە و لەوێوە بەرە و فلکەی تۆپیو عوسمان بەڕێکەوتین. پۆلیسەکانی بەردەرگای سجن بۆئەوەی نەبنە ڕێگر لە خۆپێشاندەران چونە ناوەوە بۆ سجنەکە و دەرگاکەیان داخست و تەنها لە پەنجەرەیەکەوە سەیریان دەکرد. کاتێك گەیشتینە فلکەی تۆپیە عوسمان لەسەربانی مقەڕی جەیشی شەعبیەوە بە کڵاشینکۆف و بە بی کەی سی کەوتنە تەقە لە خۆپێشاندەران، چەند کەسێك برینار بون و بۆ خەستەخانەی جمهوری گوێزرانەوە. خۆپێشاندەران بڵاوەیان کرد بە کۆڵان و شەقامەوکانی دەوروبەرا. ئەو بۆریە زلانەی کە شارەوانی لە قەراغی شەقامەکان داینابون بەو مەبەستەی ئاوەڕۆکان نوێژەن بکاتەوە، لە لایەن خۆپێشاندەرانەوە هێنرانە ناوەندی شەقامەکان و ڕێگەی هاتوچۆیان لە سەیارەی پیاوەکانی ڕژێم پێ گرت. من لە یەکێك لە کۆڵانەکانی شەقامی برایم پاشا بوم کە پیکابێکی تەواری بە خێرایی بە شەقامەکەدا هات بە ئاراستەی فلکەی تۆپیو عوسمان، خۆپێشاندەران لێی ڕاپەڕین و بەردبارانیان کرد، شۆفێرەکە سەری لێشێواو خۆیدا بە قەراغی شۆستەکەدا و پیکابەکە بە چەکدارەکانەوە هەڵگەڕایەوە و لەسەرلاکەوت. چەکدارەکانی ڕژێم خۆیان و بریندارەکانیان گەیاندە کۆڵانەکانی ئەوبەرمان. چەکدارەکانی یەکێتی بە ژمارەیەکی زۆر لە ناو خۆپێشاندەرەکاندا ئامادە بون و نازانم بە چ مەبەستێك کەوتبونە ئەو گەڕەکەوە. بەشداری خۆپێشاندانەکەیان نەدەکرد و ڕۆڵی سەیرکەریان دەبینی و هەوڵیان دەدا خەڵکی هێمن بکەنەوە. هەندێك لە پێشمەرگەکان داواکاربون کە خۆپێشاندەران بپارێزن و ڕوبەڕوی تەقەکەرەکانی ڕژێم ببنەوە و نەهێڵن ئەو تەقەکردنانەیان بەناو خەڵکدا بە ئاسانی بەسەرەوە بچێت و تۆڵەیان لێ بکەنەوە. بەرپرسەکەشیان هێمنی دەکردنەوە و دەیگوت ڕاستدەکەن بەڵام لەبیرتان نەچێت مامە لە بەغایە و فەریدون عەبدولقادر و ئازاد هەورامی لە مقەڕی جەیشی شەعبیەکە میوانن. 

کاتێك تەقە کەم بۆوە جەماوەرەکە دوبارە بەرەو فلکەی تۆپیوعوسمان چونەوە خەڵکێکی زۆر دەوری مقەڕەکەیان دابو لەگەڵ چەکدارەکانی یەکێتی لە مشتومڕا بون کە بۆچی بەرگری لە خەڵك ناکەن و نایەنە پاڵ جەماوەر و هێرش ببەنە سەر مقەڕەکە و تاوانباران سزا بدەن. لە ناو ئەوانەدا کە زۆر بە توندی لەگەڵ پێشمەرگەکان دەدوا و سەرزەنشتی دەکردن کوڕێکی دورە خزمم بو بە ناوی ئاراسی عومەر خەیات . یەکێك بو کە لە لای ئێمەی ئەندامانی ڕێکخستن ناسراو بو کە بیری ئیسلامی بڵاودەکاتەوە و سەر بە حیزبێکی ئیسلامی بو، زۆرجار کۆبونەوەکانیان لە مزگەوتێکی گەڕەکی ئیسکان ئەنجام دەدا. چەند کەسێکی تری ئیسلامی لەگەڵدا بو سەرزەنشتی پێشمەرگەکانیان دەکرد کە بۆ ناچنە سەر بیناکەی بەرامبەر کە چەندین چەکداری ڕژێمی لێ دامەزرابون و تەقەیان لە خەڵك دەکرد. . لەم دەنگە دەنگو ناڕەزایی دەربڕینەدا بون کە پێشمەرگەکانی یەکێتی چونە سەر بیناکە کە پێنج تا شەش قاتێك دەبو،پاش تەقە و بەیکدادانێکی کەم لە بیناکەوە چەند جەیش شەعبیەکیان فڕی دایە خوارەوە. کاتێك چەکدارەکانی تری رژێم ئەوەیان بینی کەوتنە تەقەیەکی زۆر خەستتر لە خۆپێشاندەران و چەند کەسێکیان کوشت و بریندار کرد. پێشمەرگە و خۆپێشاندەرەکان بەتەواوی بڵاوبونەوە و پاش دابەزینی ژمارەیەکی زۆری جەیش شەعبی و قوات خاسە کۆتایی بە خۆپێشاندانەکە هێنرا. پاش ئەوە لەگەڵ چەند کەسێك لە خۆپێشاندەران خۆمان گەیندە ناوەندی شەقامی برایم پاشا لەوێوە بڕیارمان دا بۆ خەستەخانەی جمهوری بچین بۆ ئەوەی هەواڵ بزانین کە چەند کەس کوژراون و بریندار لێیە.هەندێکیش بە مەبەستی خوێن بەخشین بە بریندارەکان لەگەڵمان هاتن.
دەستەیەکی زۆر لە چەکدارانی ڕژێم و چەکدارانی ینك لە خەستەخانەکە بون،خەڵکانێکی زۆریش هاتبون بۆ ئەوەی بزانن کوژراو و بریندارەکان کێن و منداڵ و کەسوکاریانی تیایە یان نا، بەشێکی زۆریش بە مەبەستی خوێن بەخشین هاتبون. ئەوانەی لە خەستەخانە چاوم پێیان کەوت خوشکێکی شەهید ئارام بو بە ناوی وەزیرە کە ماوەیەك بەیەکەوە لە شانەیەکی ڕێکخراوییدا بوین و ئاسۆ ئیسماعیل بەرپرسی هەردوکمان بو، ئەویش بۆ خوێن بەخشین هاتبو. هەروەها شەهید ئەحمەدی پۆلیس کە یەکێك لە ئەندامانی دڵسۆز و لەخۆبوردوی ڕێکخستنەکان بو. پاش چەند کاتژمێرێ گەڕامەوە بۆ ماڵەوە یەکێك لە کوڕی گەڕەك پێی ڕاگەیاندم کە بیستویەتی یەکێك لە کوژراوەکان کوڕێکی باریکەڵەی پانزە شانزە ساڵیە بەناوی سامان . منیش بەدوای سامانی برامدا گەڕام نەمدۆزیەوە. ناچار بۆ دڵنیابون گەڕامەوە بۆ خەستەخانە لەوێ لە ڕێگای چەند پۆلیسێکەوە کە بە نهێنی لە ژێر سەرپەرشتی (شەهید ئەحمەدی پۆلیس) کاری ڕێکخراوەییان دەکرد منیان دەناسی و کارئاسانیان بۆ کردم تا بچمە ناو مەیتخانەکە و چاوم بە مەیتەکان بکەوێت. کاتێك چومە ژورەوە یانزە کوژراوی تیابو سیانیان بە بەرگی سەربازیەوە بون و لە شێوەیاندا دیار بو کە عەرەبن . بە دیقەتەوە لە هەمویانم ڕوانی بۆ ئەوەی سامانی برام بدۆزمەوە. زۆربەی کوژراوەکان خوێنەکانیان هێشتا ووشك نەبوبۆوە. خۆشبەختانە سامانی برامیان لە نێواندا نەبو.
چەند ڕۆژێکی تری دوای ئەوەش بە کەمی و لێرەو لەوێ خۆپێشاندان دەکرا. دەزگای ڕادیۆی یەکێتیش بەردەوام بو لە هێمن کردنەوەی خەڵکی و تاوانبارکردنی خۆپێشاندەران بە ئاژاوەچی و تێکدەر.
گەرچی فتیلەی تەقینەوەی ناڕەزاییەکان سەرکردنە سەر قوتابیان بو بۆ تەتەوع و ئامادەکردنیان بۆ جەنگی ئێران، بەڵام کۆمەڵێک فاکتەری تر لە پشتی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزاییانەی خەڵکی بون کە بوبونە پاڵنەر بۆ پشتیوانی لە قوتابیان، لەبەرچاوترینیان گوشار و دڕەندەیی ڕژێم بەرامبەر هەر گومانێکی لە هاوڵاتیان و بە تایبەتی گەنجەکان. لە هەمانکاتدا دروستبونی کۆمەڵێك گیروگرفتی گوزەران و هەژاری بو بەهۆی بردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی کارکەر بۆ بەرەکانی جەنگ و دابەزینی ئاستی گوزەران. بە کورتی زەبرو زەنگ و خراپی گوزەران هۆکاری سەرەکی پشتیوانی خەڵك بون بۆ مانگرتن و ناڕەزاییەکانی قوتابیان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە