ڕاهێنان لەسەردەمی کرۆنادا

Monday, 22/06/2020, 22:24

4010 بینراوە


ئەم ڕەوشە کە سەرزەمینی تێکەوتوە ، بەڵایەکە کە مرۆڤایەتی دەرەقەتی نایەت ، چەند جوانە کەدەڵێن" ژیانی مرۆڤ بگۆڕە ڕەوشتی بۆخۆی گۆڕانی بەسەردا دێت " تاکی گەلەم ئێستا باشترین کارێک کەبیکات ڕاهێنانە ، راهێنان واتە نوێ بونەوە واتە دورکەوتنەوە لەو جەنجاڵەی کە ڕۆژانە دەیان دەمژمێری پێدەکوژن ، هەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتێکانەوە تاکەناڵە پوچە پڕ دراماو درۆکانەوە کە ئێوەی مدمین کردوە ، یان گوێگرتن لەو مرۆڤە تێکشکاوانەی کە ڕێگە پیشانی خەڵک دەدەن و نەسیحەتی خەڵک دەکەن و جوێن و سوکایەتی بەتاکی نەتەوەکەیان دەکەن و لەناوەڕۆکیشدا خۆیان وون بوون و سەرگەردانی بەڵایەکن کە نازانن چی یە ؟
هەر کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەجیهاندا بڵاوبۆوە ، یەکەمین کارێک کە بەرپرسەکان لەووڵاتاندا پێی هەستان قەدەغەکردنی خەڵک بوو لەگەڵ یەکتریدا و ڕاگرتنی هەموو کاروچالاکیەک بوو بەکۆمەڵ . جگە لەکەرەنتینەکردن کە لەچەند ووڵاتێکدا پەیڕەوکرا و ماوەیەک درێژەی کێشا لەهەندێ جێگە بەردەوامی هەیە . تائێستا کۆرۆنا وەک ڤایرۆسێکی کوشندە ژیانی لەمرۆڤایەتی تێک داوە ، هەواڵەکان زۆر جەرگ بڕن و ژیان لەبێزەوقیدا لە داماویدا لە ڕەشبینیدا لەدەستەوستان بوندا یەق دەکاتەوە . ڕۆژانە هەواڵی مەرگی ئازیزان و ژمارەی توشبوان و کێشەی کۆمەڵایەتیو ئابوری تاک بەتاکی مرۆڤەکانی سەرقاڵ کردوە ، بەتایبەتی لەنیشتمانە کڵۆڵەکەی ئێمەدا کە خەڵکی دۆش داماون ،پرسە نی یە چایخانەکان چۆڵە گیرفانەکان بەتاڵن شەقامەکان پڕن لەپوچی و بێهیوایی ، لەم کاتەدا زۆری گەنجەکانمان سەرگەرمی یاری توڕەهاتن . هەموو کۆڕو کۆبونەوەیەک پەکی کەوتوە . باشترین چارەسەر بۆ تێپەڕاندی ئەم دۆخە راهێنانە . لەڕاهێناندا مرۆڤ دەتوانێ خەوێکی ئارام هیوایەکی باشترو ڕوونتر بچنێتەوە. ئەمە نەخەنە خانەی ئامۆژگاری کردنەوە ، بەڵکو وەک خەمخۆرێک بۆ تۆ کە هاو نیشتمانیمی بەئەرکی خۆمی دەزانم کە پێت بڵێم ڕاهێنان بکە چونکە من لەژیانمدا زۆر بەختەوەریم لەم ڕێگەیەدا چنیوەتەوە ، هەر هیچ نەبێت بەم تەمەنەوە تاکە حەبێکم نەخواردوە چوکە ڕاهێنان نەی هێشتوە پێویستم پێی بێت ، ڕۆژانە منیش چاوێک بە کەناڵ و تۆڕە سۆسیال مێدیاکاندا دەگێڕم هەست بەداماوی تاک بەتاکی گەلەکەم ، بەدڵگرانێوە دەڵێم خودایە ئەمانە خەریکی چین؟
ڕەنگە خەڵکی بڵێت : ئاخر کاتمان نی یە، جێگەمان نی یە ، نازانین چیبکەین ؟چۆن ڕاهێنان بکەین ؟ من نەخۆشم دەترسم خراپتربم ، شەکرەمە ، کەم خوێنم ، دڵم زیاتر لێدەدات ، زەختم هەیە ،دەیان نەخۆشی تر کە بیانوی ئەوەیە تۆ بڕیارت داوە بەداماوی ژیان بکەیت .
بەندە ڕۆژانە لەڕێگەی تەلەفۆنەوە کۆمەڵێک پەیوەندی دەگرم و لەگرفتی ناسیاو برادەرەکانم تێدەگەم و هەمووجارێکیش لە بەڵێن و بڕیارەکانی کەداویانە و جێبەجێی ناکەن زۆر نیگەران دەبم ،چونکە هەست دەکەم مرۆڤ کەویستی نەبێت ناتوانی بەزۆر کارێکی پێبکەیت ، وەک دەڵێن :"بەخۆشەویستێوە بۆ ئازادی ڕابکە ، ئاشتی و ئارامی خۆی دوات دەکەوێت"

بەرلەکۆرۆنا ئێمە بەگروپ یاریمان دەکرد ، بەڵام هەموو لۆکاڵەکان گەر کڵۆیش نەکرابێت ، ڕاهێنان قەدەغەکراوە بەکۆمەڵ ، بەڵام ژیان نەوەستاوە ، دوستۆیفسکی لەڕۆمانی ماڵە مردۆکاندا دەڵێت"مرۆڤ بونەوەرێکە کەلەهەموو جێگەو سەردەمێکدا ڕایەت" جاران کە لەدارستانەکە ی نزیک ماڵەوە جارناجارێک ڕاهێنانم دەکرد، کەم کەم خەڵکم دەدی کە راهێنانیان دەکرد ، زیاتر لەسەر شەقامەکان خەڵکت دەدی خەریکی ڕاکردن بوون ، بەڵام ئێستا لەم سەردەمی کۆرۆنایەدا زۆرترین خەڵک دەبینم لەهەموو تەمەنێک لەناو دارستانەکەدا سەرگەرمی ڕاهێنان و چالاکین ، ئەم بەیانی یە دەمژمێر پێنچ بوو بەنیازبووم بچم تۆزێک ڕاهێنان بکەم، کەچی ی خەڵکێکی باش لەوێ بوو دراسێیەکم دی خۆی و ژنەکەی هەرگیز نەم دیبوو راهێنان بکەن ، لام نامۆبوو دوای سڵاو کردن و بەیانی باشکردن لەیەک ، لێم پرسین ئێوەش ڕاهێنان دەکەن ؟ ژنەکەی لەوەڵامدا ووتی: من ڕاهێنان ناکەم بەڵام هاتووم تاگوێ لەدەنگی باڵندەکان بگرم . ووتم خودایە ئەمە جوانترین ڕستەی ئەمڕۆیە کە من بەرگوێم کەوت ، دیارە کە هێشتا مرۆڤایەتی هەرەسی نەهێناوە.
ئێستا تۆزێک وەڵام دەدەمەوە تۆ کەدەڵێیت جێگەم نی یە ، تۆ تەنها دوومەتر زەویت دەوێت ، لەحەوشەکەتان ، یان لەسەربانی ماڵەکەت، هەرنا لەگەڕەک یان لەکۆڵان ، گەر نا لەباخچەی گەڕەک ، تۆ کەنەخۆشیت هەیە ، من نەم ووتوە تۆ ببە بە بروسلی یان جاکی جان و تۆنی یا ، بەڵکو ووتوومە بجوڵێ هەندێک جوڵەی ئاسان بەکە کە لەشت پێویستی پێیەتی ،خوێن باشتر بەدەمارەکانتا دەڕوات ،هەندێک کالۆری دەسوتێنی ،چێژ لەخوارن زیاتر وەردەگری ،خەوێکی ئارامت دەبێت و پێویستت بەدەرمانی خراپ نابێت کە زەهرەو دەیکەیتە لەشتەوە بێئاگا . دوای ڕاهێنان دڵنیات دەکەم کە جوانتر بیر دەکەیتەوە ، بەکورتی مانایەک دەدەیت بەژیان . زانستیش ئەوەی پشتراست کردۆتەوە ئەوکەسانەی کە ڕاهێنان دەکەن هەم زیاتر ژیان دەکەن هەم تەندروست تر دەژین و دوور دەبن لە نەخۆشی و دڵێکی ساغلەمیان دەبێت و ژیان مانادارتر دەگوزەرێت و نەخۆشی و خەمۆکی لێیان و دور دەکەونەوە ،خۆشت لەلەبوغزو قین و پلانی بێمانا دادەماڵرێت . لاتان وانەبێت کەئێمەی کورد لەدەرەوەی کوردستان یان لەووڵاتانی تر کە لێی نیشتەجێین هەموومان سەرگەرمی ڕاهێنانین. بەداخەوە وانیە بەڵام خۆزگەوابوایە .
ئەم وێنەیەی خوارەوە کۆمەڵێ جوڵەی زۆر سەرەتاییە کە دەتوانێت سودت پێبگەیەنێت ، بەهیوام پەیامەکەم گەیشتبێت .
دواجار ڕێگەیەک بەرەو خۆشبەختی بوونی نی یە، خۆشبەختی خۆی ڕێگەیە ، دەبێ بەڕێکەویت بەناو ژیاندا راهێنان دۆزینەوەی خۆشبەختیەکە کە چێژت پێدەدات ، گرنگ نی یە تۆ کێیی یان لەهەر تەمەنێکدای ، کەی دەست پێبکەی درەنگ نی یە ، تۆ هیچ لەدەست نادەی تەنها دوور دەکەویتەوە لە داماوی دڵنیابە. ماندێلا کە لەزیندا بوو لە ژوورە تەسکەکەیدا ڕاهێنانی دەکرد خۆی لەبیرەوەرێکانیدا دەڵێت گەر ڕاهێنانم نەکردایە چۆن دوای ٢٧ساڵ بەتەندروستێ باشيوە لەناو سیستەمی ئاپارتایدا بەررگەم دەگرت؟
یەکێک لە مریدەکانی " دالای لامە " ماوە ی ٢٣ساڵ لە زیندابوو،ئەو تەنها بەڕاهێنای ڕۆحی و کەم کەم جەستەی بەگەنجی گەڕایەوە بۆ خەبات کردن دژ بەستەم .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە