حکومەت و چاکسازی

Wednesday, 06.24.2020, 8:25

816 بینراوە


ئه‌و ته‌پڵه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ لێدرا‌وه‌ و لێده‌درێت بۆ چاكسازی ته‌نهـا بۆ هیوركردنه‌وه‌ و گه‌وجاندنی خه‌ڵكی به‌ش مه‌ینه‌تی ئه‌م ووڵاته‌ بووه‌، نه‌وه‌كو بۆ دروست كردن و به‌رجه‌سته‌كردنی بڕێكی كه‌م له‌ دادگه‌ریی و نزیك كردنه‌وه‌ی داهاتی چینه‌ جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ بوو بێت، هه‌موومان گوێمان پڕبووه‌ له‌ قسه‌ و گفتوگۆ و موناقه‌شه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ حوكمڕانی ئه‌م ووڵاته‌ن و خۆشیان به‌ ئه‌ندازیاری چاكسازی ده‌زانن،  له‌ كه‌ناڵه‌ جیاوازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌ون و باسی گرنگی ئه‌و ڕێنمایی و یاسایانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌ریان كردووه‌، ئاشكرایه‌ هه‌موو ئه‌و ڕێنمایی و یاسایانه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌وه‌ ده‌رچوون نه‌چوونه‌ته‌ خانه‌ی خزمه‌تكردن به‌ چینی هه‌ژار و داماوی ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌ (كه‌ زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێنه‌ پێكده‌هێنن)، چونكه‌ رێنمایی و یاساكان شكڵی بوون و ئامانج لێیان دروستكردنی دادگه‌ریی نه‌بووه‌.
       له‌ئێستادا ئه‌و دۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، دۆخێكی ئێجگار ناهه‌مواره‌ له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌، حكومه‌ت به‌قه‌یرانێكی سه‌ختدا تێپه‌ڕده‌بێت، داهاتی حكومه‌ت (به‌ ووته‌ی سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی) یه‌كسـانه‌ به‌ نیوه‌ی خه‌رجییه‌كانی، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت و به‌رپرسانی ئه‌م هه‌رێمـه‌ چاكسازی حه‌قیقی له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا بكه‌ن، وه‌ له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ركه‌وت و مژده‌ی چاكسازی به‌ هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمـه‌دا، به‌ڵام زۆرینه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌گومانه‌وه‌ له‌ وته‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ڕوانن و  به‌وه‌ی داده‌نه‌ن كه‌ جۆرێكی تره‌ له‌ خۆڵ كردنه‌ چاوی خه‌ڵكه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی مێشكیان پڕبووه‌ له‌ ده‌نگی ئه‌و ته‌پڵه‌ی كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ جووت حیزب لێی ده‌ده‌ن بۆ چاكسازی، وه‌  ڕه‌شبینن له‌وه‌ی كه‌ هیچ گۆڕانكارییه‌ك له‌ ژیانیاندا رووبدات.
         ئه‌وه‌ی ئێستا پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی كه‌ له‌نووسین و كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌نووسییه‌كانیاندا باسی چاكسازی ڕیشه‌یی ده‌كه‌ن، ئامانجیانه‌ چاكسازی بكه‌ن یان... ؟ به‌پێی ئه‌زموونی چه‌ند ساڵی ڕابردوو پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هیچ شتێك ناكرێت، چونكه‌ له‌م هه‌رێمه‌دا حیزب خاوه‌ن ماڵه‌ و حكومه‌ت كرێچی، حیزب فه‌رمانده‌ره‌ و حكومه‌ت فه‌رمان جێبه‌جێی كه‌ره‌، حیزب خاوه‌نی پاره‌یه‌  و حكومه‌تیش موفلیسه‌، حیزب سه‌دان كۆمپانیای گه‌وره‌یه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌ت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ موڵكی خۆیشی بوون فرۆشراون به‌حیزب، كه‌واته‌ چاكسازی كردن له‌لایه‌ن مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانییه‌وه‌ وه‌كو نۆشینی ژه‌هر وایه‌، چونكه‌ ده‌بێت باج له‌سه‌ر قازانجی كۆمپانیاكانی خۆیان دابنه‌ن كه‌ له‌ ووڵاتانی ئه‌وروپادا ڕێژه‌كه‌ی له‌ نێوان (20 ـ 30%)ی قازانجدایه‌،  بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی حكومه‌ت، لێره‌دا پرسیاری جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه‌ ئایا سه‌رۆك و جێگره‌كه‌ی باج ده‌خه‌نه‌سه‌ر قازانجی كۆمپانیاكانی جووت حیزب  بۆ زیادكردنی داهاتی حكومه‌ت یان ده‌ست بۆ موچه‌ی موچه‌خۆران ده‌به‌ن و كه‌می ده‌كه‌نه‌وه‌ ؟  هه‌موو پێشبینییه‌كان ئه‌وه‌ن كه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگره‌كه‌ی دیسان و دووباره‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆران كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ و كۆمپانیاكانیان و پاره‌ی حیزبه‌كانیان ده‌پارێزن، سه‌ره‌نجام له‌م هه‌رێمه‌دا هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر  و سه‌رانی حیزب و كۆمپانیاكانیان پاره‌دارترده‌بن.


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 3.5/5)