ئێوە بۆردمان بکەن منیش دەست لەسەرسنگ کڕنوش دەبەم

Friday, 07.03.2020, 0:26

3103 بینراوە


پیرەمێرد دەڵێت :"بەعیلمی فەلەک دکتۆرا بێنێ ، ڕەوشتت نەبێت فلسێک ناهێنێ"
کورد تاکە جارێک لە خۆی نەپرسیوە:
- ئەرێ ئەم بەشەرە پیسانە لەبەغدادی تاوان کاریان چییە؟
- ئەمانە چییان کردوە بۆ ئێمەی کورد؟
- ئەرێ ئەم هەموو تفەنگە، ئەم هەمووچەکدارە، ئەم هەموو ئەفسەر و سەردارە و پۆلیس و ئاسایش و سیخوڕ و جاش و دیوەخان و دەرع و تۆپ و جبەخانەیە، کە لەو هەرێمەدایە بەکەڵکی چی دێت؟
- کەی ئەم خەنجەرە لەم کالانەی دێتە دەرەوە ئەرێ لەمە لێقەومان تر هەیە؟
تورکیا بەئاشکرا نیشتمانێک خەڵتانی خوێن دەکات، بەڵام سەرانی سیاسی کورد کڕنوشیان بۆ دەبەن، کاتێکیش لە شاشەی کەناڵەکانەوە دەردەکەون هەموویان شۆڕشگێڕن وا خۆیان پیشان دەدەن، کە  ئەرنەستۆ گیڤارایان چێهێشتوە! ئەمە چ بێقیمەتیەکە سەرۆک کۆماری عێراقی تاوان ئەو هەموو لەشکرکێشی و تاوانەی تورک دەبینێ، یەک ووشە ناڵێت ....! چونکە ئەمانە تەنها بیر لە کورسی و دەسەڵات دەکەنەوە، نەک لە کەرامەت و لە مێژوو .
بەرهەم ساڵحە ئەم پیشەیەی لە دایکییەوە بۆ ماوەتەوە، خەڵکی لە سلێمانی قوربانیان دەدا و بەعسیان دەکوشت لە ئەمنەسورەکە لە ڕاپەڕینەکەدا، دایکی ئەم بەرهەمە ئەمنەکانی دەشاردەوە، لە دوایدا ئاودیوی دەکردن،  چونکە دڵنیابوو ڕۆژێک دێت کوڕەکەی لەسەر کورسی دەسەڵات  لە بەغداد دادەنیشێت.
بەرهەم تەنها نییە، بەڵکو تۆپەڵێک بەناو کورد لەناو پەرلەمان و وەزارەتەکاندا، ئەوانیش نەک قسەیەک ناکەن، بەڵکو لەهیچ کونێکیشەوە دیارنین، بەڵام کاتێک بایدەمیر هات بۆ باشور، چونکە لەناو پەرلەمانی چەنگایەی ئەنقەرە ووتی: کوردستان لەناو دڵمدایە، بەرهەمی بێحورمەت چونکە کەسێکی درۆزن و ساختەچیی بوو، وەکو بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی ئەمیش بازرگانی بە هەستی کوردەوە کرد و باوەشی پیادەکرد و وای نیشان دەدا ئەمیش ڕۆژێک دێت وادەڵێت، بەرهەم بەگاڵتە ناڵێ مەسعود باوکمەو تاڵەبانی باوک و مامۆستامە .

تورکان سەلمانیان، کە ئەوان ئامانجیان تەنها پەکەکە نییە، بەڵکو هەموو کوردە، بۆیە هەرکەسێک بڵێت، پەکەکە هۆکاری هێرشی تورکە فاشییەکانە ئەوە هەمان ئەو خوێنەی تێدایە، کە لەگیانی بەرپرسە کوردەکاندایە کە سیاسەت دەکەن و نقەیان لێوەنایەت بەرامبەر ئەو فاشێتەی تورک .

ئێمە وەک تاک چیمان پێدەکرێت؟ 

زۆرکەس وادەزانێت خۆی تاکێکە و ناتوانێت هیچ کاردانەوەی هەبێت، لەکاتێکدا ئێمە تاکێکین؟
راستی ئەوەیە دڵۆپێ باران لەگەڵ چەند دڵٶپی تردا لافاو دروست دەکەن، تۆ دەتوانی زۆر شت بکەیت، لایەنی کەم هەر بۆ خاتری گەڕانەوەی کەرامەتت سەیری درامای تورکی مەکە، ماستی تورکی مەخۆ و مەکڕە ، نەفرەت بکە لەهەموو ئەو کۆمپانیایانەی، کە تورکن، سێڵفی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە سوکانەدا مەگرە کە ڕیکلام بۆ تورک دەکەن و دەڵێن بایکۆتی شتی تورکی بکەین دنیا وێران دەبێت، ئەو کەناڵانە سەیرمەکە کە هەواڵی تورکیای فاشی ئەردۆگانی بەدڕەوشت دەهێنێتە ماڵەکانتان. ئەو پێشکەشکارە  بەردباران کە ئاڵای تورک دەکاتە گوارە بۆ گودرێژەکانی، بەدوای ئەو مەلا خۆرۆشانەوە نوێژ مەکە کە بۆ ئەردگان دەگریان و ئەو مەلا ڕیش خەناویەش نەفرەت بکە، کە خاڵکی هاندەدا بچنە ئەستەمبوڵی پڕ شەهوەت و فەسادی کە یەک ملیۆن ژنی لەشفرۆشی تێدایە، ئەو سیاسیە پوچو نەزانانەش ڕیسوا بکە، کە نەوت و گازی نیشتمانەکەت دەنێرێت بۆ توراکان و بۆمب و سوپا و فەسادی درامای تورکی کەسوکایەتی ب کورد دەکەن دەهێنێتەوە لەجیاتی. دەبێت مرۆڤ هۆکاری هەبێت بۆ ژیان، دوێنێ فاشیەکانی تورک لە گوندی " کونەماسی" بەفڕۆکەکانیان کۆمەڵکوژیان کردین، ئەی ئاسایش و پۆلیس و سیاسیم بۆ چێیە لەکاتێکدا بێدەنگن، هەندێک مێدیا هەیە هێندە بەدڕەوشتن ناوێرن ڕاستەوخۆ بڵێن ئەوانە تورکیای فاشین، بەڵکو کۆمەڵێک قسەی پڕ و پوچ دەکەن و دەڵێت تا کە بۆمێک هاویژراوە و ئەو بۆمبە چەند جارێک تەقیوەتەوە.

ئێمە تەنها ترسنۆک نین، بەڵکو ئەقڵیشمان لەجێ چووە، بۆیە ئەمە نە یەکەمن جار دەبێت نە دواجار کە تورک ئاوا سوکایەتیمان پێبکەن، جاران ئێران هەر ڕۆژ ناڕۆژێک بەتۆپ جێگەیەکی وێران دەکرد تا بەتەواویی هەموو هێزە بەناو سیاسییەکانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و وای کرد، کە ئیتڵاعات لەئاسایش باڵادەستتر بێت لەو هەرێمەدا، چونکە ئەوان هیچ نین، جگە لە کۆیلەیەک و سوکێک، کە ئیتلاعات تەراتێن دەکات بەناویاندا ، ئێستا تورک دەیەوێت هەموو دەزگا میتەکانی لەهەرێمی سەوز جێگیر بکات ئەوەتانێ لە قۆپی قەرەداخ ئەو جێگەیەی بێشەڵانی شێر بوو، سەردەمێک دەزگای میت ئاوەدان دەکەنەوە تێیدا، کاتێ ئێمە چاو لەم بەدئەخلاقییە دەنوقێنین، ئیتر با بمرین لایەنی کەمەوە بەکەرامەتەوە، نەک هەموو ڕۆژێک بمانکوژن و هەست بکەین ژیان دەکەین.
مرۆڤ کاتێک ئامانجی هەبوو ئیرادەش دەهێنێت لەگەڵیدا. من تا سەر ئێسقان گلەیم لە ئەدای پەکەکە هەیە و نەمشاردۆتەوە، بەڵام قەیتانی پێڵاوی گەریلایەک بەهەموو داگیرکەران ناگۆڕمەوە، گەر قەندیل ڕێگەی بۆ سیاسییە پوچەکان خۆش نەکردایە و وێنەیان لەگەڵ بگرن و جارنەجارێک ئاوڕیان لەگەلی خۆیان بدایەتەوە، ئێستا خەڵکی ئاوا شيرمنانە بەرامبەر بۆردومانی فاشیەکان هەڵوێستیان نەدەنواند، ئاخر چی لەوە چاوەڕێ دەکەیت، تورک لەشکر کێشی دەکات، بەعسییەکی وەک "محەمەد ئەمین پێنجوێنی" بێت شەن و کەوی ڕووداوەکە بکات، ئەمەقەشمەر خانەیە نەک ووڵات. قسەیەکی خەسرەو گوڵسورخیم بیرکەوتەوە کە لەکاتی شادا و لەهەڵوێستی داماوی خەڵکی ئەوسای ئێران ووتی:
داواكه‌ین
له‌سه‌ر كێلی مه‌زارمان بەروار نه‌نووسن
تا نه‌وه‌ی داهاتوو نه‌زانن
بێتوانایانی ئه‌م قۆناغه‌ له‌ مێژوو ئێمه‌ بووین




(دەنگدراوە: 7 . زۆرباشە: 3/5)