یەکێتى و لا مەرکەزى.. قەزوان خواردن و مانگا دۆشین

Tuesday, 07/07/2020, 17:15

5940 بینراوە


یەکێتى تینى ئەوەى تیانەماوە چارەسەرى هیچ کێشەک بکات، سەبارەت بەو ناهەقى و ناعەدالەتیەى بەرامبەر زۆنى قەڵەمڕەوى خۆى ئەکرێت , ئێستا دەمى هەرکەسێک بکەیتەوە لیستێکت لەو جیاکاری و هەڵاوێردنەت بۆ هەڵدەڕێژێت، ئەوەى کەدەسەڵاتى حکومەتەکەى پارتى لەم زۆنەدا ئەپارێزێت یەکێتیە، ئێستا ناڕەزاتیەکان گەیشتونەتە ئاستێکى باڵا و ئەوە بۆ خەڵک یەکلایبۆتەوە کە ئەم دەڤەرە ئەبێت کارى خۆى لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەى دەستى دووە یەکلایبکاتەوە، ناکرێت خەڵکێکى ئازا و جەربەزە چاوەڕێی خەڵکانێکیتر بکەن کە هێشتا وەنەوز ئەدەن. یەکێتى بۆ دەرباز بون لەم دۆخە هەرچەند گرێی خۆبەکەمزانینى هەیە و شەرمنانە و ناسیاسیانە دەم لەلامەرکەزییەوە وەرئەدات.
دواى کودەتا شومەکەى عەبدولکەریم قاسم لە ١٤ى تەموزى ساڵى ١٩٥٨ ڕوخاندنى حکومەتى پاشایەتى لەعێراقدا، یەکێک لەکارەکانى عەبدولکەریم هێنانەوەى مەلا مستەفاى ئاوارە بوو لە یەکێتى سۆڤیەت ( ڕوسیا )، بێجگە لە بێشەخسیەتى سەرانى ئەوکاتەى پارتى لەوانە برایم ئەحمەد و مام جەلال و بەکرێگیراویان بۆ دەزگا سیخوڕیە جیهانى و وڵاتانى دراوسێ , بەداخەوە زروفەکەى ئەوکاتە لەبەر ژەوەندى ئەم پیاوە جاهیلە بووە، شەپۆلێکى چەپڕەوى و شیوعیەت باڵى بەسەر وڵاتدا کێشابوو و هاتنەوەى ئەم زیندەوەرە وەکو ئەوە وابوو کەسەرکردەیەکى گەورەى شیوعى لە سۆڤیەت گەڕابێتەوە، هەڵایەکى گەورەى جەماوەرى و ڕاگەیاندنى بەشوێندا هات. 

لەکۆڕێکى بەخێرهاتنەوەى لە مەلا مستەفا ڕەفیق پشدەرى جگەرە بەئامادەبواندا ئەگێرێت لەپر جەلال تاڵەبانى پەلامارى قوتوە جگەرەکە ئەدات و لێیئەسێنێت و خۆى ئەکەوێت جگەرە گێڕان بەناو ئامادەبواندا.
جەلال تاڵەبانى.. لەدواى هاتنەوەى مەلا مستەفا لەباڕێکى شەقامى ئەبونەواس لە شارى بەغداد لەگەڵ عوبەیدوڵا کوڕە گەورەکەى مەلا مستەفا دائەنیشن، عوبەیدوڵا بەمام جەلال ئەڵێت : من باوکى خۆم ئەناسم و ئەوەنیە کەئێوەى لێیتێگەیشتون قسەکان درێژەى ئەبێت.. کورتەى قسە واتە کەڵکى سیاسەت و سەرکردایەتى پێوە نیە، تاڵەبانى بۆ ڕۆژى دووەم عوبەیدوڵا ئەبینێت و لێیئەپرسێت ئەو قسانەت بەڕاست بووە، ئەویش لەترسى ئەوەى قسەکانى بۆ باوکى نەگێرێتەوە ئەڵێت گاڵتەم کرد وتم بزانم تۆ ئەڵێیت چى.
جەلال تاڵەبانى.. بەهەموو تەمەنى هەستى بەکەمیئەکرد بەرامبەر بەبنەماڵەى بەرزانى هەر لەمەلا مستەفاوە هەتا نەوەکانى هەرچەند بەخت یاوەرى نەبوو وە تەمەن ئەو دەرفەتەى نەدا کەحکومەتە پۆلیسیەکەى مەسرور ببینێت ئەگینا قەل و برنجى پەناهەندەییى ئەخوارد، مەلا بەختیار ئەڵێت : ( مام جەلال پێش نەخۆش کەوتنى ڕاشکاوانە بە مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى وت : ئەگەر ئێوە بەقسەى کاک مەسعود بارزانى نەکەن من دەڕۆم لە هەولێر پەناهەندە دەبم ).
جەلال تاڵەبانى.. زیرەکانە وشەکان هەڵئەبژێرێت و ئەڵێت پەناهەندە و پەناهەندە لەلاى بنەماڵە دەست لەخانە خوێیەکەى پان ئەکاتەوە و ملکەچى مەرجەکانێتى.
جەلال تاڵەبانى.. لەسەر چەند ووردە گلەییەکى مەسعودى مەلاى جاهیل نامەیەکى بۆ ئەنوسێت و ئەڵێت لەدەرگاوە دەرم بکەیت لە پەنجەرەوە دێمە ژورەوە.
جەلال تاڵەبانى.. پاش ململانێیەکى خوێناوى لە شاخ و شەڕى ناوخۆ لەشارەکان و بەکوشتدانى هەزاەها گەنجى نەگبەت و چارەڕەش کەدواى مارکەى کوردایەتیەکەى ئەو کەوتبون لەژێر دروشمە ڕەنگاوڕەنگەکانیدا بە حساب کە دژى بنەماڵەی خێڵەکى بەرزانى خائینە.
جەلال تاڵەبانى.. ئەوەندە شەڕى بنەماڵەى بەرزانی کرد لەبەر ئەوەى هیچ فیکر و مەعریفەیەکى لە پشتەوە نەبوو ئەویش وەکو حیزبەکەى مەلا مستەفاى لێهات وتەنها جیاوازیەکى بەرچاو هەبوبێت مەلا مستەفا گۆچانى هەلنەئەگرت و جەلال تاڵەبانى دار جگەرەى دروستنەئەکرد.
جەلال تاڵەبانى.. پاش هەوڵ وتەقەلایەکى زۆر و پاش ئەوەى کوردستانیان بەئەنفال و سوتماک سپارد، مەسعود ئەکەن بەسەرۆکى بەرەى کوردستانى کەهێشتا دەستى خوێناوى لەکوشتنى کوردانى ڕۆژهەڵاتدا نەشۆردبوو، ئەوەیش هیچ نرخێکى بۆ ئەو پۆستە شاخاویە دانەنا.
جەلال تاڵەبانى.. لەخەمى مەسعوددا بوو، دواى ئەوە ئاڵوگۆڕە ستراتیژیەى لەعێراقدا ڕوو لە ڕودانبوو لەسەروبەندى جەنگى کەنداودا و ئەو هەلە بۆ خەڵکى کوردستان ڕەخسا کە دامودەزگاى بەعس لەکوردستاندا ڕابماڵن، نەوشیروان مستەفاى شاگردى تەمەن ڕائەسپێریت بۆ هێنانەوەى مەسعود بۆ کوردستان.
جەلال تاڵەبانى.. لەبروسکەیەکیدا بۆ مەسعودى دانیشتوى شارى کەرەجى ئێران لەشەوى ٢٩ -٣٠ /١ / ١٩٩١ ئەڵێت :( هەلێک ڕێک کەوت سواڵێکم کرد و هەشت ملیۆن لیرەى سوریایم بۆ پەیدا کردن بەتەمام بۆتان لاى کاک غازى زێبارى دایبنێم، تکایە چى دەفەرمون ؟ ) تاڵەبانى هێشتا دەستى سواڵى بەئاسمانەوەیە، تکا لەمەسعود ئەکات شتێک بفەرموێت.
جەلال تاڵەبانى.. بەم خۆبچوکردنەوەیە و ئەم خۆچەماندنەوەیەى بەرامبەر مەسعود و تاک تاکى بنەماڵەکەى، ئەمەى لەناو یەکێتیدا کردوە بەکەلتور و شۆڕبۆتەوە بۆمەکتەبى سیاسیەکەى و نەوشیروانى شاگردى تەمەنى.
نەوشیروان مستەفا.. لەبروسکەیەکیدا لەسەروبەندى ڕاپەڕین و ڕێکەوتى ٢ / ٣ / ١٩٩١ بۆ مەسعود بەرزانى: ( زۆرمان پێخۆشە لەگەڵ هەڤاڵانى تر تەشریف بهێنن بۆ قاسمەڕەش بۆ سەرکردایەتى ئیش و کارەکان و ئێمە هەموو لەخزمەتدا ئەبین و جێگاو ڕێگەشمان ئامادەکردووە ). ئەبێت جادوى ئەم گەنە پیاوە چى بێت نەوشیروان و سەرکردایەتى حیزبەکەى لەخزمەتیدا بن ئەگەر مەرحەمەت بکات و تەشریف بهێنێت.
نەوشیروان مستەفا.. لەکتێبى پەنجەکان یەکترى دەشکێنن دەڵێت : کاتى خۆى لەگەل عەلى عەسکەرى چوین بۆلاى ئیدریس بەرزانى کاک عەلى منى بەو ناساند ووتى ئەوە نەوشیروان مستەفایە، ئیدریس بارزانى ووتى : ئاى چەند بەدواتا گەڕاین بەڵام دەستمان نەکەوتى تالەسێدارەت بدەین یان تەسلیم بەحکومەتى عێراقت بکەین منیش ووتم وا ئێستا بەپێى خۆم هاتومەتە بەردەستان. ئیدریسێک ئەگەر ناوى باوکى لێبکەیتەوە لەتۆپەڵێک جامانەى سور زیاتر هیچى نامێنێتەوە و چەند میوانەکەى بێعتیبار ئەکات و لەبەرامبەریدا نەوشیروان لەبرى ئەوەى پەنجە بکات بەچاویدا و بیشکێنێت وەک چۆن کوڕە هەژار و داماوى ئەشکان , زەلیلانە و جوابێکى مام جەلالیانە ئەداتەوە و ئەڵێت بەپێى خۆم هاتومەتە بەردەستان واتە: سەرپشک ببە چى ئەکەیت.
نەوشیروان مستەفا.. ئەگەر جاران تەنها خۆى ئەخستە بەردەم ئیدریس بەرزانى دواتر حیزبى گۆڕانى خستە بەردەم مەسعود بەرزانى و ئەم کەلتورە دوایخۆى درێژەى کێشا و بەردەوامە لەمەسعودەوە بۆ کوڕى مەسعود.
جەلال تاڵەبانى.. کاتێک ئێسک و پروسکى مەلا مستەفا و ئیدریسى ئەهێننەوە , حیزبەکەى و جەماوەرە بێئاگاکەى ئەهێنێتە سەر شەقام بۆ پێشوازى، بەڵام کەبرایم ئەحمەدى خەزورى ئەمرێت مەسعود ڕیگەنادان لە دەروازەى سنورى برایم خەلیلەوە بیهێننەوە.

جەلال تاڵەبانى.. لەدوایى ڕاپەڕینەوە هەر جومگەیەک لەژیانى شەخسى وسیاسیى بگریت چەماندنەوەیەکە بۆ مەسعود و بنەماڵەکەى، قبوڵکردنى کەڵە خیانەتى ٣١ى ئاب، ڕێکەوتنى ستراتیژى، تەنازولکردن لەحوکم بۆ نێچیر، تەسلیمکردنى هەموو جومگە هەستیار و زیندووەکانى حکومەت بە بنەماڵەى بەرزانى، نەوتفرۆشى، دواتر تەسلیمکردنى سەرلەبەرى حیزبەکەى و کوردستان بە مەسعود لەپێناوى سەرۆک کۆمارى عێراق، سەرۆک کۆماریش تۆزێک شکۆى بۆ کەسایەتى ئەم پیاوە نەگێڕایەوە، ئەوەشى خستە بەرقاچەکانى مەسعود و بینیمان بەهەمان ڕیتمى پێشوو زۆر ئابڕوبەرانە لۆتیەکى دوایخۆیخستبوو شاربەشار ئەگەڕا و ڕیکلامێکى هەرزان و بێمەسرەفى بۆ مەسعود ئەکرد و پەنجەى ڕائەوەشان و ئەیوت سەرۆکى ئێستا و داهاتووە.
جەلال تاڵەبانى.. کەسێکى شکستخواردوو مل کەچ و بێئیرادە بەرامبەر مەسعودێک کەخیانەت پیشەى سەرەکیەتى، تاڵەبانى قەت نەیتوانیوە بەڕۆشتنى ئاسایی هەنگاوێک پێش ئەو گەنە پیاوە بڕوات، تاڵەبانى بەرامبەر بنەماڵەى بەرزانى قەت ( نەء )ى بەزاردا نەهاتووە، هەتا زۆنى ( سەوز )ى نەکرد بەکەلاوەیەک و مراندى ئینجا خۆشى مرد، مردنێک پێموایە لەپاى ئەو وێرانەیەى کەلەدواى خۆى جێیهێشتووە ئەگەر گۆڕەکەى شانسى مانەوەى هەبێت , ئەبێت ببێت ڕەمزى وێرانکردنى سلێمانى و لوشدانى ڕەنج و خەبات و هەڵمەت و قوربانى و بەرگرى و ماندوو بونى.
جەلال تاڵەبانى.. دواى مردنى ژنێکى بەجێهێشت بەجلى سپیەوە لۆژ لۆژ دواى مەسعود کەوتبوو دەوڵەتى بۆدروستبکات.
جەلال تالەبانى.. باڤڵى کوڕە گەورەى لەسەر بنجى ئەو گیا بۆگەنەى خۆى ڕواوەتەوە و زۆر بێئابڕوانە ئەڵێت : ( جەنابى کاک مەسعود کارێزمایەکى تایبەتە، جەنابى کاک مەسعود ناتوانێت ئیهمال بکرێت نابێ ئیهمال بکرێت غەڵەتە ئەوە.. هەمومان ئەزانین کێیە هەمومان ئەزانین چیە، جەنابى کاک مەسعود زۆر زۆر زەرورە بۆ کوردستان.. کاک مەسعود براى گەورەیە وەکو مامى خۆم ئەیبینم.. حەزئەکەم کاک مەسعود بۆ هەموو لایەک بێت و بۆ هەموو کەسێک بێت کاک مەسعود ئەبێت لەیەک حیزب زۆر گەورەتر بێت من جەنابی کاک مەسعود هێشتا ئەو ئیحترام هەیە بۆى ). ئینجا وەرە تۆپەڵێک لەو قوڕەى تەپەڕەش - وەک عەلى مەردان ئەڵێت - نەکێشى بەتەپڵى سەرى خۆتدا ئەم لەوچەیە سەرۆکى حیزبێکى سۆشیال دیموکرات بێت، ڕەنگە بیەوێت پێشبرکێ ستایش و پیاهەڵدان لەگەڵ ئومێد خۆشناو و فەرەیدونى کۆنە جەلالى و مەسعود حەیدەرى کۆنە گۆڕان بکات، ڕویەکى ڕاستیش لەقسەى ئەم نیوە سەرۆکەدا هەیە کەئەڵێت : ( کاک مەسعود زۆر زۆر زەرورە بۆ کوردستان ) تەمەنى مەسعود تەمەنى خیانەتکردنە لە کورد و کوردستان ڕەنگە ئەویش مەبەستى ئەم خزمەتگوزاریەى مەسعود بەرزانى بێت چونکە سفرەى خیانەت ڕازاوەترە.
خوێنەرى بەڕێز : ئەم بێئیرادەییە و ئەم چەماندنەوەیە و خۆبچوکردنەوەیە بووە بەکەلتورى یەکێتى و بۆ دەستکەوتى حیزبى و لەوپێناوەدا بووە بەشاگردێکى بەئەمەکى مەسعود و پارتى و بەقسەى دواى نوێبونەوەى حیزبەکەیان مەسعود کاریزمایە و زەەرورە نابێت ئیهمال بکرێت، لەکاتێکدا حیزبەکەى مەسعود و حکومەتەکەى بەبەرنامە زۆنى ( سەوز ) یان کردووە بەوێرانەیەک، ئێستا ناڕەزایەتى خەڵک گەیشتۆتە ئاستێک لەلێوارى تەقینەوەیەکدایە و خەڵک ئەیەوێت خۆى چارەنوسى ئەم دەڤەرە یەکلایبکاتەوە بڕیارى لەسەر بدات، ئەمە ترسێکى زەبەلاحى خستۆتە هەناوى یەکێتى لەلایەک و حیزبەکەکەى عەلى حەمەساڵح لەلایەکیتر، یەکێتى زۆر شەرمنانە و بێبەرنامە و بەبێ پرۆژە لەگەڵ حیزبەکەى عەلى لەژێر لێوەوە باس لەلامەرکەزى ئەکەن.
بڕوانە.. نەوت لەم دەڤەرەیە، گاز لەم سنورەیە، کارەبا هەروەها، بەڵام حکومەتەکەى بنەماڵەى بەرزانى تەحەکومى پێوە ئەکەن، گریبەستى ٥٠ سالەى لەسەر ئەکەن، ئەیبەخشنە تورک بۆ ئەوەى بیانپارێزێت، گرفت بۆ کۆمپانیاى دانە غاز دروست ئەکەن هەتا گەرمیان ئاوەدان نەکاتەوە، ڕەشەبا تاوەرى کارەباى هەولێر ئەشکێنێت ئەبێت لەگەڵیدا کارەباى سلێمانى ببڕن، تەنانەت جادەیەک بەسلێمانى ڕەوا نابینن , ٢٩ ساڵە شەریکە دزو شاگردە دزن و هاوبەشن لەم وێرانکاریە و تاڵانکردنە ئاوەها داواى حوکمى زاتى ببورن کەمتر لەوە داواى لامەرکەزیەت ئەکەن وادیارە ئەیانەوێت یادێک لەمەلا مستەفا بکەن کەساڵى ١٩٦٤ داواى لامەرکەزى ئەکرد، حیزبێک کەکەلتورەکەکەى لەسەر خۆبچوکردنەوە و هەست بەکەمى بکات هەرئەبێت لەقاپیکەى بەرزانى بدات ئەگەر بوێرن ڕوبەڕو وشەى لامەرکەزى بخەنە ڕستەوە، ئاخر ئەمە لە کوێی دنیاداماوە، ئەگەر حیزبێکى جەربەزەو خاوەن ئیرادە هەبوایە مادام هەموو سەرچاوە داراییەکانى لەبەردەستدایە یەکسەر ئیعلانى هەرێمێکى ئەکرد.
ئێستا هاوسەرۆکان و سەرکردایەتى تازەى یەکێتى هەموو ستراتیژیان بووە بەوە کەمەسعودى تێکشکاو - بەهەموو پێوانەیەک ئەگەر گەردیلەیەک کەرامەتى هەبوایە ئەبوایە خۆى بکوشتایە – خەندەیەکى سیاسیان بۆ بکات شەرعیەتیان پێبدات، ئەوەتا نیوە سەرۆکێک بەنیوە شەو و بەنیوە دزى و بەنیوە ئاشکرا و خۆى بەسەرى ڕەشدا ئەکات.
جارێک کۆمەڵە خەڵکێک ئەچنە لاى مەلا مستەفا سکاڵاى حاڵى خۆیان لەدەست کۆمەڵێک کادر و لێپرسراوى پارتى ئەکەن کەبە ڕاوو ڕوت و سەرانە سەندنن هەراسانیانکردون داواکارن ئەو لێپرسراوانە بگۆڕێت، مەلا مستەفاى فەیلەسوف ئەڵێـت : ئەگەر ئەوانە بگۆڕم بەکەسانیتر هەتا ئەوانە تێر ئەبن ئەوەندەى تر ئەتان ڕەتێننەوە، با ئەوانە بمێننەوە ئەوانە تێر بوون ئەوانە باشترن.
ڕەنگە مەسعودیش لەسەر هەمان تیۆرى باوکى بە یەکێتى بڵێت باکۆنەکان بێنەوە مەیدان، چیتانداوە لەلامەرکەزى.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە