شێوازی کاری ڕێکخراوەیی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان

Wednesday, 08/07/2020, 12:59

7482 بینراوە


(چەند لاپەڕەیەك لە یادەوەریەکانم)

کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان لە کۆمەڵێك لایەنەوە دەتوانرێت وەکو تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوی کاری ڕێکخراوەیی تێی بڕوانرێت کە لە ناو شار و قەزا و ناحیەکانی کوردستان بە شێوازێکی سەرکەوتوانە کار و چالاکیەکانی بە نهێنی ئەنجام دەدا.
شێوازی کاری کۆمەڵە هەر لە سەرەتای پەیوەندی کردنەوە ئەندامان فێر دەکران و لەسەری ڕادەهێنران. یەکێك لە بنەما سەرەکیەکان ئەوە بو کە هەرگیز هیچ تاکێك لە سەرەتاوە و ڕاستەوخۆ وەکو ئەندام وەرنەگیردرێت، بەڵکو دەبوایە چەندین قۆناغی ببڕیایە.
قۆناغی یەکەم بە لایەنگر دەستی پیدەکرد. ئەوەش بریتی بو لەوەی کە لایەنگران دەبوایە ئابونەی مانگانە بدەن و لە یەکێك لە ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان بۆ ماوەی دو تا سێ مانگ بەشدار بن. ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان هەمیشە لە سێ کەس پێکدەهات بەرپرسێك و دو ئەندامی ئەڵقەی ڕۆشنبیری، پرۆگرامی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان بۆ سێ مەبەست بون.
یەکەم؛ بۆ ناسینی باشتری ئەو کەسە کە تا چەند دەکرێت ببێتە جێی بڕوا.
دوهەم؛ ئایا بۆ چ بوارێكی چالاکی گونجاوە و سودمەند دەبێت.
سێهەم؛ بۆ ئاشنا کردنی بە ئامانج و شێوازەکانی شۆڕشی چەکداری و بابەت و تیۆریە سیاسیەکان و ئایدۆلۆژیای کۆمەڵە.
سەرباری ئەم سێ مەبەستە لای ئەندامەکانی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان، تەنها ئەوەیان لا ئاشکرا دەکرا کە ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان بۆ ئەو مەبەستەیە کە سەرەتایەك لە بیر و ئایدۆلۆژیای ڕێکخراوەکە ئاشنا بن.
پاش هەر کۆبونەوەیەك سەبارەت بە بابەتێك ئەندامانی ئەڵقە رۆشنبیریەکە دەبوایە نوسینێك وەکو کورتەیەك سەبارەت بەو بابەتە بنوسێت و بیداتە بەرپرسەکەی بۆ دڵنیا بون لەوەی کە چەند و چۆن لە باسەکە گەیشتووە. ئەمەش هاوکاریەکی باش بو بۆ فێربونی داڕشتنی بابەتەکان و لە داهاتودا نوسینی ڕاپۆرت لەسەر ڕوداوەکان
پاش دڵنیا بون لەوەی کە ئەندامانی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان گونجاون بۆ کاری ڕێکخراوەیی، ئەوسا دەچونە قۆناغێکی نوێوە و دەکرانە پاڵێوراوی ئەندامێتی. لە پاڵ درێژە پێدان بە مانەوە لە ئەلقە ڕۆشنبیریەکاندا پاڵێوراو ئەرکە لۆجیستیەکانیشی بەسەردا دەدرا، لە نمونەی ئەو ئەرکانە بڵاوکردنەوەی بەیانەکان و دیوار نوسین و ئەرکی گوێزانەوەی پیویستیەکان بۆ ناو هێزی پێشمەرگە، دەرمان و جلوبەرگ و نامە و هەواڵ و ... هتد. بەڵام ئەو ئەرکانەی لە نێوان شانەکانی ناوشاردا بەسەردا نەدەسپێردرا بەو مەبەستەی کەمترین ئەندامانی شار بناسێت.
پاش ئەنجامدانی کارەکانی بە پرنسیپەوە و سەلماندنی تواناکانی ئەوسا پلەی ئەندامێتی پێ دەدرا. ئەندامان هەمیشە بەرپرسایەتی لایەنی کەم دو کەسیان هەبو ئەو دوکەسە ئەندامانی ئەڵقە ڕۆشنبیریەکان یان دو پاڵیوراو یان دو ئەندامی ئاسایی بون.
لە ناو ڕێکخستنەکاندا نەدەبو ڕاستەوخۆ زیاتر لە 4 کەس بناسیت و پەیوەندی ڕێکخراوەییت پیوەیان هەبێت ( بەرپرس، هاو ئاستا، 2 کەسی سی خوار بەرپرس).
ئەگەر لە شانەیەکەوە بۆ شانەیەکی تر بگوێزرایتەوە لە پرنسیپدا دەبوایە تەواوی پەیوەندیە ڕێکخراویەکان و باس و خواسی کاری ڕێکخراوەیی کۆتایی پێ بهێنیت، لەگەڵ ئەندامانی شانەی ڕابردو. ئەگەر بە ڕێکەوت ناسیاوی یان هاوڕێیەتی و خزمایەتی لە نێواندا هەبوایە، یان لە سەردەمی کاری ڕێکخراوەییدا پەیوەندی هاوڕێەتی لە نێواندا دروست بوایە، دەبوایە پەیوەندیەکان تێکەڵ بە کاری ڕیکخراوەیی و کارەکانی شانە نوێیەکە نەکرێن و تەنها لە مەسەلە سیاسیە گشتیەکان و پەیوەندیە تایبەتیەکاندا لەگەڵ یەکتری بدوێن و درێژە بە پەیوەندی بدەن، نەك کاری ڕێکخراوەیی و ناساندنی بەرپرسان و ئەندامانی نوێتان بە یەکتری و درکاندنی ناو یان شوێن و شێوازی کاری ڕێکخراوەیی نوێ.
لە سەرەتای پەیوەندی بە کۆمەڵەوە لە نامەیەکدا ناوی خۆمان و باوك و باپیرمان ڕادەستری بەرپرسیاترەکەمان دەکرد. پاش ماوەی چەند ڕۆژێك ناوێکی خوازراومان پێڕادەگەیەنرا. لەو ساتەوە ئیتر دەبوایە تەنها لە ژێر ئەو ناوە خوازراوەدا کار و چالاکی بکەین.زۆرجار لە نێوان ئەندامانی شانەیەکدا کەس ناوی ڕاستەقینەی ئەوی تری نەدەزانی و تەنها بە ناوی خوازراوەوە لەگەڵ یەکتری دەدواین. ووشەی هاوڕێمان لە پاڵ ناوە خوازراوەکەدا بۆ ناوهێنانی یەکتر بەکاردەهێنا لە بری کاك و بەڕێز و ... هتد (بۆ نمونە؛ هاوڕێ ئازاد ، هاوڕێ بەختیار ... هتد).
زۆر لە کۆبونەوەکانمان لە دەرەوەی ماڵ و بە پیادەکردن و هاتوچۆمان بە شەقام و کۆڵانەکانەوە ئەنجام دەدا، بەرپرس لە نێوانی دو ئەندامەکەیدا ڕێی دەکرد و دەدوا، ئەوەش بەو مەبەستە بو کە ئەندامان ماڵی یەکتری نەزانن و کە کاتی دەسگیر بونیان و ئەشکەنجەیان ناوی ئەندامان و ماڵیان بۆ دەزگاکانی ڕژێم ئاشکرا نەکەن. کێشەکانی ئەم چاوپێکەوتن و کۆبونەوانە لە شێوازی پیادەکردندا گەلێك بون. یەکێك لەو کێشانە ئەوە بو کاتێك کە ئەندامێکی تری ناسراو لای یەکێکمان بە هەمان شێوە لە نێوان یان لە تەنیشت دوانی ترەوە ڕێیان بکردایە و بە جدی لە دواندا بون، ئەوسا ئەو هەردو ئەو ئەندامانەی کە لە ڕابردودا یەکتریان ناسیوە گومانیان دەکرد کە ئەوەی ناوەڕاست بەرپەرسی ئەو دو کەسەی چەپ و ڕاستیەتی و دوانەکەی تریش ئەندامی ڕێکخستنن. کێشەیەکی تر ئەوەبو کە هەندێك جار بە ڕێکەوت ناومان بۆیەکتری ئاشکرا دەبو. بۆ نمونە من ناوی خوازراوم (هوشیار) بو، لە پر ناسیاوێکم لە کاتی بەیەکەوە بونم لەگەڵ ئەندامانێك کە ناویان نەدەزانیم ڕوبەڕوم دەبۆوە و پیی دەوتم؛ سڵاو کاك پێشرەو! بەو شیوەیە بە بێ ویستی خۆمان ناومان لای یەکتری ئاشکرا دەبو. کێشەی لەوەش گەورەتر ئەوە بو کە ڕێدەکەوت پیاوانی ڕژێم گومانیان لێ دەکردین و بەیەکەوە داوای ناسنامەیان لێ دەکردین، ئەگەر لێیان بپرسینایە ئەو هاوڕێیەت کە ئێستا بەیەکەوە دەدوێن ناوی چیە؟ ئەوا هیچ وەڵامێکمان پی نەدەبو، لەبەر ئەوەی ناوی یەکتریمان نەدەزانی! بۆ کەمکردنەوەی ئەم کێشانە چاوپێکەوتن و کۆبونەوە پیادەڕۆییەکانمان لە کۆڵانە دورەکانی ناو شاردا ئەنجام دەدا.
بۆ دەسپێکردن بە کۆبونەوەکان یان بۆ ناسینی ئەندامی نوێ لە شوێنێکی دیاریکراودا کاتێکمان دیاریدەکرد کە نە دەبوایە تەنها دو تا سێ خولەك درەنگتر بکەوین، ئەندامانی تازە کە هەرگیز یەکتریمان نەدیبو لەلایەن کەسی نێوەندگیرەوە چاوپێکەوتنەکەمان ساز دەکرا. دەبوایە ئەوەی کە پلەی ڕێکخراوەیی نزم ترە یەکەم جار ئامادەی شوێنی دیاریکراو بێت و شتێکی بەدەستەوە بێت وەکو نیشانەوەی ناسینی، زۆرجار ڕۆژنامە کوردیەکانی وەکو (بەیان) یان رۆژنامەکانی ڕژێم وەکو (التآخی) دەگرت بەدەستەوە .ئەوسا بەرپرس لێی دەپرسی ئایا کاتژمێر چەندە؟ ئەندامی چاوەڕێکەریش بە پێی زانیاری وەرگیراو لە نێوەندگیرەوە، وەڵامی دەدایەوە کە کاتژمێر بۆ نمونە 9ی بەیانیە گەرچی کاتژمێری ڕاستەقینە 6ی ئێوارە بو. ئەوسا لێی دەپرسی تۆ فڵان کەسیت (ناوە نهێنیەکەی دەپرسی) ئەویش وەڵامی دەدایەوە بەڵێ، تۆش فڵان کەسیت ( ناوە نهێنیەکەی) ئیتر هەردولا دڵنیا دەبون لەیەکتری و پەیوەندیەکانیان دەسپێدەکرد و پاشان بەردەوام دەبو بە کات و شوێنی دیاریکراو بۆ یەکتر بینینەکانی داهاتو. ڕاگوێزکردن و دەستەودەست کردنی پێویستە لۆجستیەکانی وەکو دەرمان و نامە و چەك و فیشەك و قومبەلەش زۆرجار بە هەمان شێواز ئەنجام دەدرا.
تەشکیلەی ڕیکخراوەیی بە شێوازی هەڕەمی بوو لە سەرەوە بۆ خوارەوە. کاتێك بڵاوکراوەیەك یان ئاگاداریەك لە لایەن ناوەندی کۆمەڵەوە ئاراستەی سەرکردایەتی ناوشار دەکرا، یان سەرکردایەتی ناوشار خۆی بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەکی یان ئاراستەیەکی دەمی بە پێویست دەزانی، لە ماوەی کەمتر لە دوانزە کاتژمێر بە تەواوی ئەندامان دەگەیشت و بە شاردا بڵاو دەکرایەوە.
لە ناو ڕێکخستنەکاندا کەسانی دیاریکراو هەڵدەبژێردران بۆ کاری ڕەشەکوژی و لیژنەی ئیغتیالاتیان لێ پێك دەهێنان و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەست و نزیك بون لە سەرکردایەتی ناو شار. هەڵبژاردنی ئەندامان لەسەر داواکاری خۆیان بو، لە هەمان کاتدا ئەو کەسانەی کە چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرا ببنە کادیری سیاسی و بەهرەی کاری سیاسی و ڕێکخراوەییان تیادا بەدیدەکرا هەوڵدەدرا داواکانیان بۆ کارە سەربازیەکان و ئێغتیالات پەسەند نەکرێت و لە کار و چالاکیە چەکداریەکان بەدوریان بگرن.
ئەرکە سەرەکیەکانی ئەندامانی شانەکانەکان بە گشتی بریتی بون لە؛
- هاندان و هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بە ئاراستەی بەرگری شۆڕشگێڕانە لە ڕێگای پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە یان کارکردن لە ناو ڕیزەکانی ڕێکخستن .
- هۆسشارکردنەوە و هەوڵی پەروەردەی ڕۆشنبیری سیاسی زیاتری ئەندامانی ژێر بەرپرسیارێتیان.
- فراوانکردنی شانە ڕێکخراوەییەکان لە ڕێگای دۆزینەوە و ڕاکێشانی ئەندامانی نوێ.
- کۆکردنەوەی پارە و دەرمان و هەمو جۆرێك پێویستی شاخ و پێشمەرگە لە لایەنگران و دۆستانی ڕێکخستنەکان، گەرچی ئەندام و وابەستەی ڕێکخستنەکان نەبون.
-وەرگرتنی چەك و تەقەمەنی لە هەندێك لە جاشەکانی ڕژێم و ناردنی بۆ شاخ و هێزی پێشمەرگە (زۆربەی ئەو جاشە هاوکارانە بە مەبەستی لەسەر دوپەت یاری کردن هاوکاری پێشمەرگەیان لەپاڵ جاشێتیەکەیاندا دەکرد بۆ پاراستنیان لە لایەن ڕێکخستنەکانەوە لە کاتی دەسگیرکردنیان و ڕۆژی ڕەشیان) ئەو جاشانەی کە شۆڕش بەتایبەتی دەیناردنە ناو ڕژێمەوە زۆر دەگمەن بون.
-چاودێری و هەواڵنێری بۆ بە ئاگادار بون لە هات و چۆ و جموجۆڵی ڕۆژانەی پیاوانی هەواڵگیر و جاشی ڕژێم بەمەبەستی کوشتنیان یان ڕفاندنیان بۆ شاخ.
-هاوکاری لیژنە تایبەتیەکانی ئیغتیالات، وەکو بردنیان بۆ شوێنی چالاکیەکان یان شاردنەوەیان و هەندێك جار لە هێڵی پشتەوە وەکو حیمایە هاوکاریان.
- هاوکاری مەفرەزەکانی پێشمەرگە لە ڕێنیشاندانیان بۆ سەر ماڵی خۆفرۆشان و هەواڵ پێدانیان سەبارەت بەو شوێنانەی پیاوانی ڕژێم لە کەمیندا بون بۆیان.
- بڵاوکردنەوەی بەیان و بڵاوکراوەکان لە گەڕەك و ناوچەی دیاریکراودا
- دەسپێشکەری بۆ کارە جەماوەریەکانی وەکو خۆپێشاندان و مانگرتن.
- ناساندن و ڕاپۆرت لە خۆفرۆشانی ڕژێم و تاوانباران.
جگە لەم تەشکیلاتەی کاری ڕێکخراوەییە مەڵبەندی و هەڕەمیە، چەندین ڕێکخستنی تر هەبون کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پەیوەست بون بە بەرپرسی مەفرەزە و کەرت و تیپەکانی ناو هێزی پێشمەرگەوە و بۆ هاتنەناوشار و کاری لۆگستی و هەواڵنێری هاوکاریان بون.


تێبینی:

وەکو نوسەری ئەم بابەتە لە ساڵی ١٩٧٨ وە تاکو ١٩٨٤ لە کۆمەڵەی ڕەنجدەراندا ئەندام بوم و لەتەمەنی ٢٢ ساڵیمدا لەم یەکانەی ڕێکخستن کارم دەکرد و دوا ئەرکی بەرپرسیارێتیم بریتی بو لە؛ (ئەندامی کەرتی شەهید ئاری، بەرپرسی پۆلی شەهید دکتۆر عەلی، ئەو پۆلەش بریتی بو لە دو شانەی سەرەکی شەهید ڕیبوار و شەهید ڕێباز) تەواوی ئەو یەکانەی بەرپرسێتیان لە ئەستۆی مندا بو ژمارەی ئەندامانی لە نێوان ٥٠ بۆ ٦٠ کەس بو. ئەگەر چی ئەم باسەم وەکو بەشێك لە یادەوەریەکانم نوسیوەتەوە، لێرەدا وەکو ئەندامێك کە بە ووتەی یەکێك لە بەرپرسانم بەناوی (براهیمی حەمە عەلی) لاوترین کەس بوم لە ئاستی ئەو بەرپرسیاریەتەی پێم درابو، وەكو شانازیەك دەیخەمە ڕو. لە هەمان کاتدا بۆ هاندانی لاوانێ کە ئەمڕۆ هاوتەمەنی ئەو سەردەمەی منن، باوەڕ بە خۆ بن و جێگای سود لێوەرگرتنیان بێت بەرامبەر دوژمنانی ناوخۆی گەلەکەمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە