حوكمڕانى سه‌ركه‌وت و چۆنه‌و به‌ كێ ده‌كرێت ؟(به‌شى دووه‌م)

Friday, 10/07/2020, 23:10

2896 بینراوە


دوو ئیداره‌یی  و لێكه‌وته‌و زیانه‌كانى

له‌ به‌شى یه‌كه‌مى ئه‌م باسه‌مدا به‌ درێژى باسى ئه‌وه‌م كردوه‌ حكومه‌تى سه‌ركه‌وت و چۆنه‌وبه‌ كێ ده‌كرێت . باسه‌كه‌ى ئێمه‌ لێره‌دا  تایبه‌ته‌ به‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ، كه‌ له‌ڕاستیدا دوو ئیداره‌ى ته‌واو جیاوازبون  له‌ یه‌كترى ، به‌ڵام له‌ ژێر ناوى  حكومه‌تدا بۆ خه‌ڵه‌تاندن و گه‌وجاندنى هاوڵاتیان و تاڵانكردن و دزینى سامانى نیشتمانى . 
واته‌ حكومه‌ت هه‌ر ناو بوه‌ . به‌ هه‌مان شێوه‌ش  په‌ڕله‌مانه‌كه‌ش  په‌ڕله‌مانێكى كارتونى بوه‌و له‌ برى ئه‌وه‌ى  ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مان   به‌رگرى له‌ مافه‌كانى هاوڵاتیان بكه‌ن ، خه‌ریكى  لێدوانى نابه‌جێ و  به‌رگرى كردن و شاردنه‌وه‌ى  گه‌نده‌ڵى حیزبه‌كانیان بون و كارێكى وایان نه‌كردوه‌  شایانى باسكردن بێت .   
ئه‌وكاته‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان بون به‌ دوو ده‌زگاى كارتۆنى و گاڵتینه‌ كه‌ پێشنیارده‌كرا  مامجه‌لال و مه‌سعود بارزانى  یه‌كێكیان ببێته‌  سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان و ئه‌وى تریان به‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت .
 كۆیله‌كانى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى خۆیان توڕه‌ ده‌كردوو ده‌یان گوت  ، به‌ چ حه‌قێك ده‌تانه‌وێت  سوكایه‌تى  به‌ سه‌رۆك بكه‌ن و بچوكى بكه‌نه‌وه‌و قسه‌ى له‌ قسه‌دا بكه‌ن  و ڕه‌خنه‌شى لێبگرن؟.   لێره‌وه‌ بیربكه‌ره‌وه‌  هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى پێك هێنانى  حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه‌ چۆن بیر له‌ حوكمڕانى كراوه‌ته‌وه‌ .  سه‌ركرده‌یه‌ك خۆى  له‌ سه‌روى یاساو ده‌ستورو هه‌موو هاوڵاتیان بزانێت ، چۆن ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌كى عادیلانه‌ وڵات به‌ڕێوه‌ ببرێت . بۆیه‌ ئه‌گه‌ر  حكومه‌تیش هه‌بێت ، ته‌نها هه‌ر بۆ ناو ده‌بێت  و بڕیاره‌چاره‌ نوسسازه‌كان  هه‌میشه‌  له‌ ده‌ره‌وه‌ى  حكومه‌ت و په‌ڕله‌مانه‌وه‌  ده‌درین . ئه‌وه‌ى ئه‌م بۆچونه‌ى سه‌ره‌وه‌ ده‌سه‌له‌مێنێت ،زۆر به‌ كورتى له‌م چه‌ند خاڵانانه‌ى خواره‌وه‌دا  ڕونى ده‌كه‌مه‌وه‌ :
1- حكومه‌تێك له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانیدا  نه‌یتوانیبێت  هێزى پێشمه‌رگه‌و ئاسایش و پۆلیس و هێزه‌كانى تر له‌ ژێریه‌ك فه‌رمانده‌دا یه‌ك بخات و هێزێكى نیشتمانى یه‌كگرتوى  مه‌شق پێكراو  ئاماده‌ بكات بۆ به‌رگرى له‌ هه‌رێمى كوردستان ، ئه‌وه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت بونى نییه‌ . ئه‌و هێزه‌ چه‌ك دارانه‌ش  كه‌  هه‌ن ده‌چنه‌ خانه‌ى  مێلیشیاى حیزبییه‌وه‌ .
2-  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى به‌ناو  ماوه‌ى 29 ساڵه‌  حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ ، ئێستاش سنوورى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و دوو حیزبه‌ له‌ بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌ تێپه‌ڕ ناكات و له‌ ئێستاشدا زینوى وه‌رتێشى هاتۆته‌سه‌ر . كه‌ به‌ره‌و هه‌ولێر  سه‌فه‌رده‌كه‌یت و ده‌گه‌یته‌ بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌  به‌ جۆرێك هه‌ڵس و كه‌وتت له‌گه‌ڵ ده‌كرێت ، واده‌زانى  ده‌چیته‌ وڵاتێكى تر. 
3- له‌ ماوه‌ى  29 ساڵى حوكمڕانیدا نه‌توانرابێت  داهاتى گومرگه‌كان و باجه‌كانى ناوخۆ به‌ پێیى یاسا  ڕێك بخه‌ن و هه‌موو داهاته‌كه‌ى  بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت و هه‌ر به‌ش به‌ شێنه‌ى حیزبى بێت و به‌ تاڵان ببرێـت ، ئه‌وه‌ پێی ناگوترێت حكومه‌ت .
4-  له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانیدا  نه‌توانرابێت  له‌سه‌ر هه‌موارى  یاساى سه‌رۆكایه‌تى  هه‌رێم بگه‌نه‌ ئه‌نجام ، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ پارتى ده‌یه‌وێت یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان  به‌ ویستى ئه‌وان بێت . 
ئه‌مه‌ش خۆى له‌ خۆیدا پرسیارێكى گرنگه‌ . چونكه‌ پارتى  پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم  وه‌كو میرات به‌ موڵكى خۆى ده‌زانێت بۆیه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو یاساكه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌واندابێـت .  كه‌واته‌ په‌ڕله‌مانیش هه‌ر ناوده‌بێت و هیچ بایه‌خێكى نابێت . 
5-  حكومه‌ت  بڕیاریدا سه‌ربه‌خۆ نه‌وت ده‌رهێنێت و بیفرۆشێت . ئه‌وه‌ش ئه‌نجامدراو نه‌وت ده‌رهێنراو فرۆشرا  . ڕێكه‌وتنى 50 ساڵه‌ى فرۆشتنى نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزا كرا . 
هه‌رێمى كوردستان خرایه‌ ڕه‌هنى توركیاوه‌  له‌ ئه‌نجامى ئه‌و گریبه‌سته‌دا . بۆرى نه‌وتى  هه‌رێمى  كوردستان  به‌ ڕوسیا فرۆشرا .  هه‌تا ئه‌م كاته‌ى ئه‌مه‌ ده‌نوسم په‌ڕله‌مانى كوردستان  كه‌م تا زۆر  ئاگاى له‌ هیچ نه‌بێت . ئاگاى له‌وه‌ نه‌بێت ،چه‌ند نه‌وت فرۆشراوه‌ .
 به‌چه‌ند فرۆشراوه‌ ، داهاتى نه‌وت چه‌ند بووه‌ . دواى هه‌موو ئه‌م كه‌ین  و به‌ین و مامه‌لانه‌ ، ئێستا حكومه‌ت ئیفلاسى كردوه‌و په‌ناى بردۆته‌وه‌ بۆ به‌غداو داوى موچه‌ى فه‌رمان به‌ران ده‌كات . جگه‌ له‌وه‌ش حكومه‌ت ده‌ڵێت  بڕى 27 ملیار دۆلار  قه‌رزدارین . په‌ڕله‌مان ئاگادارى  ورده‌كارى  ئه‌وه‌ نییه‌ بۆچى قه‌رزكراوه‌ ، له‌ كێ قه‌رزكراوه‌ .
كه‌واته‌  بون و نه‌بونى  په‌ڕله‌مانێكى ئاوا كارتۆنى  له‌ چێدایه‌ ؟؟ تاوانێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌  پاره‌یه‌كى  زۆر بۆ ئه‌و په‌ڕله‌مانه‌ له‌ بودجه‌ى گشتى خه‌رج ده‌كرێت و دواى  4 ساڵ ئه‌ندامێكى په‌ڕله‌مان به‌ بڕى زیاتر  له‌ 6 ملیۆن دینار خانه‌ نشین ده‌كرێت  و بایی 6 دینار سودى نه‌بوبێت .  به‌ كورتى له‌ هه‌رێمى كوردستان نه‌ په‌ڕله‌مان و نه‌ حكومه‌تى ڕاسته‌قینه‌ نییه‌  . 
له‌ هه‌رێمى  كوردستان دوو ئیداره‌ى جیاواز هه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن یه‌كێتى و پارتییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن  به‌ڵام له‌ ژێر ناوى حكومه‌تدا  .  دواى ئه‌وه‌ دێمه‌ سه‌ر باسى  لێكه‌وته‌و زیانه‌كانى دوو ئیداره‌یی له‌ هه‌رێمى كوردستان :
1- بونى دوو ئیداره‌یی له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ ماناى درێژه‌دانه‌ به‌و ناكۆكیانه‌ى كه‌ له‌ ساڵى 1964 ده‌ستى پێكردوه‌و ئێستا كێشه‌و ناكۆكیه‌كان له‌ نێوان بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانیدا درێژه‌ى هه‌یه‌و هه‌ر به‌ هۆى دوژمنایه‌تى ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌وه‌یه‌ ، له‌ ئێستادا  كۆى قه‌واره‌ى سیاسى  هه‌رێمى كوردستان له‌ ژێر مه‌ترسى له‌ناو چوندایه‌ . 
2- به‌ هۆى دوو ئیداره‌یی و كێشه‌و ناكۆكى به‌رده‌وام  له‌ نێوان یه‌كێتى و پارتى ، واته‌ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه‌ پشتیوانى نێو ده‌وڵه‌تیمان له‌ ده‌ست داوه‌ و جێگه‌ى هێواى هاوپه‌یمانان نه‌ماوین.
3- به‌ هۆى دوو ئیداره‌ییه‌وه‌ به‌ره‌و ده‌وام  یه‌كێتى و پارتى له‌ هه‌موو دام وده‌زگا كارتۆنیه‌كانى  حكومه‌تدا ، وه‌كو په‌ڕله‌مانى عێراق و كوردستان . ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ، نوێنه‌رانى یه‌كێتى و پارتى  وه‌كو دوو تیمى جیاواز  كارده‌كه‌ن  و زیاتر بۆ به‌ده‌ست هێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانى خۆیان و به‌ ئاشكرا دژایه‌تى یه‌كترى ده‌كه‌ن. 
4- ئه‌و كاته‌ى مامجه‌لال سه‌رۆكى كۆمار بوو ، له‌برى ئه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى پشتیوانى لێ بكات و هاوكاری بێت ، به‌رده‌وام دژى ئه‌و كارى ده‌كرد ، لێدوانى خراپى به‌ مه‌به‌ست ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ى پێگه‌ى مامجه‌لال لاواز ببێت  و ئیحراجى بكات  له‌به‌رده‌م  به‌رپرسانى  عێراقدا  ، به‌ تایبه‌تى له‌و سه‌رده‌مه‌ى ماڵێكى سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو . 
ته‌نانه‌ت هۆكارى نه‌خۆشكه‌وتنى مامجه‌لالیش بۆ ناكۆكیه‌كانى  نێوان مه‌سعود بارزانى و  مالێكى ده‌گیڕنه‌وه‌ كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ى مامجه‌لال  توشى جه‌ڵته‌كه‌ بووه‌  تا به‌یانى نه‌خه‌وتوه‌و هه‌رخه‌ریكى نیوه‌ند گیرى بوه‌ له‌ نێوان مالیكى و بارزانیدا . 
5-  ناكۆكیه‌كانى  نێوان هه‌ردوو لا سه‌رى كێشا بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفراندۆم  و له‌ ده‌ستدانى نێوه‌ى زیاترى  خاكى كوردستان . 
6-  سوربونى پارتى له‌سه‌ر ده‌رهێنانى نه‌وت و فرۆشتنى به‌ به‌هانه‌ى ئه‌وه‌ى ئابورى هه‌رێمى  سه‌ربه‌خۆ ده‌كات ، به‌بێ ئه‌وه‌ى ڕاو بۆچونى لایه‌نه‌كانى تر وه‌رگریت ، هه‌رێمى كوردستانى توشى ئیفلاسبونى ته‌واو كرد . توشى قه‌رزدارى گه‌وره‌یان كرد . له‌ ناچاریدا  ئه‌وه‌تا حكومه‌ت ته‌سلیم به‌ به‌غدا بۆته‌وه‌ . 
7- پارتى سه‌ربه‌خۆ گرێبه‌ستى په‌نجا ساڵه‌ى له‌گه‌ڵ توركیا مۆر كردوه‌و به‌و هۆیه‌وه‌  هه‌رێمى كوردستانیان به‌ جۆرێك به‌ستۆته‌وه‌ به‌ توركیا ، وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌هنى توركیادابێت . 
8- به‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى پارتى  بۆته‌ ژێرده‌سته‌و كۆیله‌ى  توركیا  ئه‌وه‌تا  زۆرینه‌ى ناوچه‌كانى بادینان كه‌وتۆته‌ ژێرده‌ستى توركیاوه‌و  هه‌موو میدیاكانى جیهان و ناوچه‌كه‌ باسى ئه‌و داگیركاریه‌ى توركیا ده‌كه‌ن ، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێم  نقه‌ى لێوه‌ نایه‌ت و میشیشى میوان نییه‌ . ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوو هۆكار :
یه‌كه‌م : پارتى  زه‌مینه‌ى خۆش كردوه‌و هه‌رێمى كوردستان بۆته‌ مۆڵگه‌ى هیزى  سه‌ربازى تورك و میتى توركى  ناتوانن و ناش وێرن هیچ قسه‌یك بكه‌ن .
دووه‌م : به‌دوریش نازانرێت پارتى هه‌ر خۆى  زه‌مینه‌ى خۆشكردبێت  سوپاى تورك  به‌و ژماره‌ زۆره‌ بێته‌ هه‌رێمى كوردستان ، بۆ ئه‌وه‌ى بیانپارێزن له‌ كاتى ڕودانى خۆپیشانداندا . ده‌بوایه‌ زوو بزانین  بردنى هێز بۆ زینوى وه‌رتى  ئه‌م داگیركاریه‌ى توركى به‌دواوه‌ ده‌بێت . 
9 -  یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى رێنه‌كه‌وتنى  به‌غداو هه‌رێم له‌سه‌ر دۆسییه‌ى نه‌وت  ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕازى نه‌بونى توركیا . چونكه‌ له‌ ئێستا وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ حكومه‌تى توركیا خاوه‌نى نه‌وتى كوردستانبێت . بۆیه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى پارتى ده‌ڵێت : ئێمه‌ داهاتى نه‌وت ته‌سلیم به‌ به‌غدا ده‌كه‌ین نه‌ك دۆسییه‌ى نه‌وت چونكه‌ توركیا ڕازى نابێت . 
10 - ئه‌گه‌ر سه‌رنجى هه‌موو ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌وه‌ بده‌ین  ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ى  كه‌ قه‌واره‌ى سیاسى  هه‌رێمى كوردستانیش  له‌به‌ر ده‌م مه‌ترسى گه‌وره‌دایه‌ . ده‌توانین  بڵێین  قه‌واره‌كه‌ هه‌ر نه‌ماوه‌و ته‌نها ناوى ماوه‌ . هاوڵاتیان هیچ ئومێدێكیان  به‌م حكومه‌ته‌ نه‌ماوه‌ و وه‌كو دوو لایه‌نى تاڵانچى سه‌یرى یه‌كێتى و پارتى ده‌كه‌ن و كه‌س خۆشه‌ویستى بۆ گه‌ل و نیشتمان نه‌ماوه‌ . 
به‌ هۆى ڕیفراندۆمه‌وه‌ نێوه‌ى خاكى كوردستانمان به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ له‌ ده‌ستداوه‌ . نێوه‌ى بادینان له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ داگیر كراوه‌ . له‌و لاشه‌وه‌ ئێران خۆى به‌ خاوه‌ن زونى  زونى سه‌وز ده‌زانێت .   
خاوه‌نى یه‌ك دینار نین و 27 ملیار دۆلاریش قه‌رزدارین . ئه‌وه‌تا ته‌سلیم به‌ به‌غدا بوینه‌وه‌ . ئه‌م دوو حیزبه‌ بۆ مانه‌وه‌ى خۆیان هه‌موو خه‌ڵك كوردستانیان كردۆته‌ موچه‌خۆر و ئه‌وه‌تا  موچه‌شیان پی َنادرێت .
 ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غداش ڕیك بكه‌ون و بڕى 600 ملیار دیناریش بده‌ن به‌ هه‌رێم ، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌شى موچه‌ خۆران ناكات .  هه‌موو چاكسازیه‌كه‌ى حكومه‌تیش  له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ و  دواخستنى موچه‌دا خۆى ده‌بینێته‌وه‌ . 
كورد په‌ندێكى هه‌یه‌و ده‌ڵێت : مانگه‌ شه‌و سه‌ر له‌ ئێواره‌وه‌  دیاره‌ . چاكسازیه‌كه‌ى مه‌سروربارزانیش له‌ هه‌نگاوى یه‌كه‌مدا توشى شكست هات .  چاكسازى ڕاسته‌ قینه‌  به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ و دواخستنى موچه‌ ناكرێت .  له‌وه‌  ده‌چێت مه‌سرور بارزانى  نه‌وێرێت ، یان نه‌توانێت ،  یان نه‌یه‌وێت  ده‌ست بۆ ڕێكاره‌  سه‌ره‌كییه‌كانى چاره‌سه‌رى  چاكسازى ببات و به‌ ڕاستى كار بۆ ئه‌وه‌ بكات .
  لێدوانه‌كه‌ى  ئومێد خۆشناو  سه‌باره‌ت به‌ بڕینى موچه‌ى بندیواره‌كان ، ئێجگار مه‌ترسیدار بوو . ئه‌وه‌ نیشانه‌ى  شكستى چاكسازیه‌كه‌ى مه‌سرور بارزانییه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ڕاست بێت ، پڕۆسه‌ى چاكسازى  ته‌نها خۆڵ كردنه‌ چاوى جه‌ماوه‌ره‌و مانایه‌كى تر نابه‌خشێت . 
ئومێد خۆشناو ده‌ڵێت : ئه‌گه‌ر كادیره‌كانى حیزب زه‌ره‌ر مه‌ند بون ، حیزب بۆیان ته‌عویز ده‌كاته‌وه‌ .پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ لێره‌دایه‌ : حیزب  له‌ چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌  پاره‌ بۆ ئه‌وانه‌ دێنێت ؟   پاره‌ دزراوه‌كان ده‌هێننه‌وه‌ ،یان ده‌بێ  هه‌رچى پاره‌ى گومرگ و باجى ناوخۆ هه‌یه‌ ببێته‌ موڵكى حیزب. دیاره‌ یه‌كێتیش ده‌بی َهه‌مان كار بكات. ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌ى ئومێد خۆشناو ڕاست بێـت ، ماناى وایه‌ پڕۆسه‌ى چاكسازى  هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌  بۆ خه‌ڵه‌تاندنى هاوڵاتیانه‌ . موچه‌ى موسته‌حه‌قه‌كان   كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌و  له‌ برى مانگانه‌  موچه‌ ده‌بێته‌ وه‌رزى و له‌ولاشه‌وه‌  له‌ سامانى دزراوى ئه‌م هه‌رێمه‌ ،موچه‌ى كادیرانى حیزبى ده‌ده‌ن . ئاخر ئه‌مه‌ چ جۆره‌ چاكسازییه‌كه‌ و سه‌رى خه‌ڵكیان پێوه‌  مه‌شغوڵ كردوه‌ . 
كه‌واته‌ نه‌وت وپاره‌ نه‌كات و داهاتى ناوخۆ و پاره‌ى گومرگه‌كانیش  بۆ بندیواره‌كان و كادیرانى حیزب بێت ، چى ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ باقى هاوڵاتیان ؟؟؟.  
ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانى به‌ڕاستى بیه‌وێت چاكسازى بكات و خۆڵ نه‌كاته‌ چاوى خه‌ڵك ده‌بێ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ى خواره‌وه‌ بنێت :
1- پێش هه‌موو شتێك  حكومه‌ت بچوك بكاته‌وه‌ بۆ كه‌متر له‌ 10 وه‌زاره‌ت و ئه‌و له‌شكره‌ له‌ وه‌زیر و  جێگر وه‌زیر و گوزیر و به‌ڕیوه‌به‌رى  گشتى و ڕاوێژكارى دروینه‌و سه‌رۆكى ده‌سته‌و  له‌شكرێك له‌ فه‌رمانبه‌رى  بندیوارى بێكار  دوور بخاته‌وه‌. له‌و ڕێگایه‌وه‌ داهاتێكى زۆر ده‌گه‌ڕێـته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت .
2- چاكسازى ڕاسته‌ قینه‌ ناكرێت به‌بێ ئه‌وه‌ى ده‌ست بۆ بڕینى موچه‌ى بندیوار و ئه‌وانه‌ى دیوه‌خانانه‌ وه‌رده‌گرن . مه‌سرور بارزانى ده‌بێـت  ڕاستگۆیانه‌و عادیلانه‌ ئه‌مه‌ جێ به‌جێ بكات .ناتوانێت بندیواره‌كانى یه‌كێتى لابه‌رێت ، بێ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌رێـت بۆ بندیواره‌كانى  پارتیش .
ڕاسته‌ پارتى له‌ سه‌ره‌تاوه‌ فێڵى كردوه‌و بندیواره‌كانى  خۆى خستۆته‌ سه‌ر دام و ده‌زگاكانى حكومه‌ت و  كارى حیزبى ده‌كه‌ن ، به‌ڵام  ئه‌وانه‌ هه‌ر بندیوارن و  ده‌بێ  موچه‌كه‌یان ببڕێت . 
3-ئه‌گه‌ر مه‌سرور بارزانى  به‌ ڕاستى ده‌یه‌وێـت چاكسازى بكات ، هه‌ناگاوى یه‌كه‌م ده‌بێ داهاتى گومرگه‌كانى سنورى  پارتى  به‌ ته‌واوى  بگێڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت . ڕێگا له‌ قاچیخچیه‌تى نه‌وت و هه‌موو شتێكى سنوورى پارتى بگرێت ، ئه‌وكاته‌ زۆر ئاسان ده‌بێـت سنورى یه‌كێتیش كۆنتڕۆڵ بكرێت .
4- زۆربه‌ى  كۆمپانیا گه‌وره‌كان موڵكى پارتى و  یه‌كێتین . كاسبییان بۆ كه‌س نه‌هێشتۆته‌وه‌ . باجیش ناده‌ن . كه‌واته‌ ده‌بێ مه‌سرر بارزانى  به‌ پێی یاسا  باجى ته‌واو له‌و كۆمپانیا حیزبیانه‌ وه‌رگرێـت . 
ئه‌و بارودۆخه‌ى  ئێستا هه‌رێمى كوردستانى تێكه‌وتوه‌ و قه‌واره‌كه‌ى له‌ به‌ر مه‌ترسى له‌ناوچوندایه‌ . له‌ ڕوى داراییه‌وه‌ ئیفلاسى كردوه‌ .  به‌ هۆى ڕیفراندۆمه‌وه‌  نیوه‌ى زیاتر خاكى كوردستانمان له‌ ده‌ست داوه‌ . نیوه‌ى بادینان له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ داگیر كراوه‌ . هیچ پشتیوانییه‌كى نێو, ده‌ۆله‌تیمان نه‌ماوه‌ . 
 هه‌موو ئه‌مانه‌  به‌رهه‌مى ناكۆكیه‌كانى  پارتى و یه‌كێتین ، واته‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و تاڵه‌بانی ، كه‌ له‌ ساڵى 1964  و  ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانییاندا  به‌رده‌وامن و له‌ ئێستاشدا له‌ خرابترین ئاستدایه‌ .  له‌ بارودۆخێكى ئاوا سه‌ختدا  چاكسازى  كارێكى زۆر   قورسه‌و بڕیارى بوێرانه‌ى ده‌وێـت .  به‌ بۆچونى خۆم چاكسازى به‌م كه‌سانه‌ ناكرێت  چونكه‌ چاكسازى  پیاوى خۆى ده‌وێـت .
 مه‌سرور بارزانى  چۆن ده‌توانێـت چاكسازى بكات ، له‌ كاتێكدا خۆى  یه‌كێكه‌   له‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستانى گه‌یاندۆته‌ ئاستى ئیفلاسبون و ته‌سلیم بونه‌وه‌ به‌ به‌غدا و ئه‌و خۆى له‌ ژینگه‌یه‌كى ئیستیخباراتى گه‌وره‌دا  په‌روه‌رده‌ بوه‌و پیاوى ده‌وڵه‌ت دارى نییه‌ . بۆیه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر چاكسازى  وه‌كو كۆتانى ئاسنى سارد وایه‌ و بێ ئه‌نجامده‌بێت . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە