ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

دەنگی ڕەسەنی کوردی لای خەلیفە مێرزا غەوزوی و خەلیفە کەریم لە شاری سنە لە کوردستانی ڕۆژهەلات.

Monday, 07.13.2020, 1:11

3333 بینراوە


ئەم وتارە ساڵی 2000 لە رۆژنامەی پەیام، لە لەندەن بڵاوبویەوە بەبۆنەی هاتنی خەلیفەی قادری بۆ پاریس.

-----------------------
دەنگێک هەیە لە ژێر لێوەوە دێتو دەنگێکی تر لە ڕۆحەوە، بەڵام خەلیفەی کەسنەزان، کەس نازانێت دەنگی لە چ سەرچاوەیەکەوە هەڵدەقوڵێت ؟ ئەو دەنگانە کەمن کە هەمو سنورێکی هەست دەشکێننو لە بیرو هۆشی هەمو مرۆڤێکی کولتوری جیاوازدا خۆیان بە ئاشتیانە نیشتەجێ دەکەن. دەنگو ئاوازی خەلیفە : میرزا غەوزی لە ڕیبازی قادری لە شاری سنە لە کوردوستانی ڕۆژهەلات یەکێکە لەوانە.
بە بیستنی دەنگی خەلیفە، ڕادەچڵەکێیتو بە هۆشو بەخەبەر دەبێتەوە و تەوژمی وزەی ڕۆحی بە بەدەنتا دێتو دەڕوات. هەر کەپەنجەی شایەتومانی پەلەپیتکە لە دەفەکەی ئەداتو بەدوایدا دەخوێنێت، موچڕکە بە هروژمەوە لە نوکی پێتەوە هەتا تەوقی سەرت جۆشت تێ دەخاتو دەتهروژێنێت.
هەرچەندە خەلیفە تەمەنی حەفتاو دو ساڵە، لە و تەمەنەدا مرۆڤ تەلی دەنگی تێک دەچێتو پوختەیی نامێنێت، بەلام لەگەڵ ئەوەشدا دەنگی خەلیفە هێشتا بە توانا و پوختە و بێ هاوتایە. کەس نیە لەبەردەم ئەم دەنگە مەزنەدا کە سڕێکی ئاشنایە لای کوردان بێ پرسیار لەخۆ بمێنێتەوە ، مەحاڵە گوێی بۆشل نەکەیتو رۆحی خۆتی پێ نەسپێریت هەتاوەکو دەتهێنێتە جۆشوخرۆشو پاشان حاڵو لەرزە .تواناو کاریسمی خەلیفە هێندە مەزنە کە ژۆن دورینگ (Jean Douring ) موزیکۆلۆگی فەرەنسی دەیخاتە پالڵ مۆسیقارە بەناوبانگەکانی وەک بتهۆڤنو مۆزارت .
سۆفیە قادریەکان وەها ناودەبرێن کە ناسراوترین سۆفین لە وڵاتانی ئیسلامی ڕۆهەڵاتی ناوەراستو ئاسیادا، لە مەغریبو هیندستانو هەرچوار پارچەی کوردوستان خانەگایان هەس، ڕێبازەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ عەبدولقادری گەیلانی کە ناوەکەی بەخۆیەوەیە لە گیلانی لە کوردوستانی باشور لە ساڵی 1077 هاتۆتە دنیاوە و لە 1166 دا کۆچی دوایی کردوە. هەندێک سەرچاوە بە عەرەبی دەناسێننو بە جیلانی ناوی دەبەنو دەڵێن کە گوایە لە نزیک دەریای قاسپیانەوە هاتۆتە دنیاوە، بەڵام لای کوردان رونو ئاشکرایە کە سۆفیەکی گەورەی کورد بوە. نزیکەی بیست خێڵی قادری لە کوردوستان هەنە ، سەرەمۆنی و زکر و گۆرانی تایبەت بەخۆیان هەیە، بەناوبانگترینیو رەسەنترینیان خێڵی کەسنەزانە لە شاری سنە لە کوردوستانی ڕۆژهەلات. وەک ژۆن دورینگ دەلیت Jean Douring : خێڵی کەسنەزان لە شاری سنە، رەسەنترینو مەزنترین گۆرانیان هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕواستو ئاسیادا، بێ شک لەبەر ئەوەی کە دو خەلیفەی دەنگخۆشی وەک خەلیفە کەریمو خەلیفە میرزا غەوزی لەوێن .
ئەمە دوهەمین جارە کە خەلیفە میرزا غەوزی بێت بۆ فەرەنسا، یەکەمین جار لە ساڵی 1991 میوانداری کرابو لە ڤیستیڤالی ئەڤینیۆن لە خواروی فەرەنسا و دواهەمین جار مانگی سێی ساڵی 2000 لە شانۆی شارەوانی پاریس .
سەرەمۆنی قادریەکان لە خانەگادا لە دوبەش پێک دێت، بەشی یەکەم خەلیفە سەرۆکی دەنگ بێژ، لەسەر پێستێکی مەڕ بە چوار مشقی دادەنیشێت کە رەمزی بەتوانایی و گەورەیی ئەو پیشان ئەدات، پاش ئەوەی سڵا و و بەخێرهاتن لە هەموان دەکات، خەڵکەکە بە بازنەیی بە چواردەوریدا دادەنیشن، جیاوازی ئەم خەڵکە بە روکەش لەگەڵ خەڵکی تردا نیە، جگە لەوەی کە ئەمانە قژیان وەک مێژویان لە ژێر جامانەکانیانەوە شاردراونەتەوە. پاشان خەلیفە دەست دەکات بە گۆرانی وتن لەسەر ریتمی دەفو بە چواردەوریدا دەروێشان دەستدەکەن بەسەر راوەشاندنو دەکەون ئێکستازەوە.
لەبەشی دوەمی سەرەمۆنیەکەدا هەڵدەسنە سەرپاو قژیان بەردەدەنەوە و دەکەونە زکرو حاڵکردن لەگەل بە خێرابونی ریتمی دەفەکەدا دەکەونە حالەتێکی شێتی پیرۆزی وەها کە زمان ناتوانێت لێی بدوێتو گوزارشت لەو دیمەنە بکات، زکرو حاڵ دەچینە پلەیەکەوە کە لادەدات لەمەبەستی سێرەمۆنیەکە، کە خوامان وەبیر بهێنێتەوە، زیاتر لەوە دەچیت کە ببنە ڕاوکەری خودا. بەلام لە ئەوروپا لەبەر ئەوەی کە سەرەمۆنیەکانیان لەسەر شانۆ وەکو خانەگا شوێنێکی گونجا و نیە بۆ ئەو مەبەستە، تەنها بەشی یەکەمی سێرەمۆنیەکەیان پێشکەس دەکەن واتە لە پلەیەکی مەستیدا مۆسیقاکەیان دەوەستێنن، لەگەڵ ئەوەشدا چەندەها ڕوداوی سەیرو سەمەر و رویان داوە لەکاتێکدا خەلیفە گۆرانی وتوە..
جارێکیان یەکێل لە گوێگرەکان لەسالەکەدا لەگەل ڕیتمی مۆسیقا و گۆرانیەکە و دەنگی خەلیفە دەکەوێتە لەرزینو پاشان دەکەوێت بەزەیدا، دکتۆرێک بە ڕێکەوت لە ساڵەکەدا دەچیت بەرەو کەسەکە، خەڵکەکە ڕێگە لە دکتۆرەکە دەگرن و پاشان خەلیفە وەک ئۆستادێک کە دەوای بۆ ئەو دەردەهەیە، ئەو دەردە ڕۆحیە، ڕیتمی دەفەکە دەگۆرێتو کابرا دێتەوە باری ئاسایی خۆی .
سۆفیەکان لەبەر ئەوەی کە لەسەر خاکی مادەکان دەژینو بە پشتاو پشت دەگەڕێنەوە سەر ماژەکان، ئەمانیش هەر بەدوای حەقیقەتا وێڵن، هێندە بەدوای ڕاستی ڕۆحو هەڵسوکەتا وێڵن کە ڕاوی ڕۆحیان کردوە دەستەمۆیان کردوە: ئەوەی نابینرێت بەچاو ئەوان دەیبینن و ئەوەی نابیسترێت ئەوان دەیبیستن، لەژێر هەمو شکڵێکەوە ڕۆحێک دەبینن لەژێر هەمو جوڵاندنەوەیەکەوە سەمبۆلێک دەبینن.


خەلیفە میرزا غەوزی ساڵی 19991 لە ڤیستیڤالی ئەڤینیۆن لەفەەرنسا لەگەرمەی گۆرانی وتندا دەبێت کوتوپڕ کورسیەک دەکەوێتە خوارەوە لەناو ساڵەکەدا، پاشان چەند تەنێکی تر بەدوایدا، خەلیفە هەر خێرا کۆتایی بە ئاهەنگەکە دەهێنێت، وەک ژۆن دۆرینگ دەلێت : ئایا پێویست بەوە دەکات کە پرسیار بکەین کە بۆچی خەلیفە کۆتایی بە ئاهەنگەکە هێنا ؟ ڕوکەشی خەلیفە هەمیشە زەردەخەنەیەک لەسەر لێویەتی و هەرگیز چرچ ناوچەوانی دانەپۆشیوە، دەستێکی بە ئاستەم لەسەر پشتێنەکەیەتی و لەسەر خۆ دەڕوات بەڕیوە، بەلام ڕۆحی بێ شک وەک خۆر دەسوتێت.
مانگێک پیش ئەوەی ئاهەنگەکەیان لە پارسی دەستپێبکات، بلیتەکان هەمویان فرۆشراوبون، جێگە نەمابو منیش یەکێک بوم لەوانەی کە چەند خولەکێک پێش ئەوەی کە ئاهەنگەکە دەستپێبکات لەبەردەم دەرگای چونە ژورەوەدا چاوەڕێم دەکرد بە هیوای ئەوەی بلیتێکم دەستکەوێت، خەلیفەم بینی لەودرەوە لەگەڵ دوکوڕەکەیدا : عەبدولڕەحمان و عەلی ڕەزا و دو دەف لێدەری تر، بە پیریانەوە چومو داوام لێکردن کە ئایا ئەتوانم رەسمێکیان بگرم بۆ وتارێک لە ڕۆژنامەیەکدا لەسەر ئەوان، خلیەفە زۆر دڵی پێ خۆشبو کە کوردێک چوە بە پیریەوە و وتاریان لەسسەر دەنوسێت، روی کردە کوڕەکانی و وتی : نەم وت کە پرێسی کوردی دێت بۆ لامان؟
لەسەر شانۆ دەفەکان گەرم بوبون لەبەردەم لامپەکاندا، ساڵەکە پربو لە مۆسیقاژەنو دەفلێدەری پاریسو کەسانی تر، جێگەی کەسێکی تری نەدەبویەوە، ڕادیۆو تەلەفزوێن ئامادەبون، هەر بەهاتنیان خەڵکەکە بە چەپڵە ڕیزانێکی خێرا و کورت بە خێرهاتنیان کردن. ئینجا خەلیفە بۆ ماوەی چەند ساتێک سەری دانەواند بە بێ دەنگی، بی دەنگی خێرا باڵی کێشا بەسەر ساڵەکەدا، ئنیجا لە ژێر لێویەوە بە بێ ئەوەی زەردەخەنە لێوەکانی جی بهێلێت، چرپەچرپێکی کاردو پاشان دەستێکی هێنا بەسەرو چاویدا و دەفەکەی بە قایشێک گرت بەدەستیەوە و هەناسەیەکی قوڵی هەڵکێشاو پاسان چراندی :
یاران.........لەو ڕۆژەوە کە ڕۆشتوە تۆراوە دڵی من،
هەرچەند دەگەرێم بی سەرو سوێن ماوە دڵی من.....


خەلیفە وەک ئەوەی کە ڕۆح تینو و چاوەڕوانی دەکرد، جارە جارە لەدوای دێڕیک هۆنراوەی خۆشەوە هەر خۆی هاواری دەکرد : ئەڵا.....ئەڵا...وەک ئەوەی بەدەنگی خۆی سسەرسامبوبێت،. بیرم بۆ بلوزمانێک : John Lee Hooker دەچو کە دەیوت : زۆر جار گۆرانی هێندە خۆش دەڵێم، هێندە مەستی دەنگی خۆم دەبم، فرمێسک بە چاومدا دیتە خوارەوە.
بێ شک زۆر لە هونەرمەندان کەدەکەونە پلەیەکی بەرزی ڕۆحی لەهونورەکەیاندا دەنگی خۆیان وەک دەنگێکی غەریب دێتە بەر گوێیان وەک ئەوەی کە شتێکی تر هاندەری سەرچاوەی دەنگیان بێت، هێزێک لە دەرەوەی ئەوان، لە سەروی سروشتەوە. خەلیفە میرزا غەوزی دەڵیت : جارێکیان لەگەرمەی گۆرانی وتندا هاوارم کرد : یا عیسا...یا موسا...هەستم کرد کەدەنگی خۆم نەبو دەنگێکی تربو دەنگی حاڵبو.
لەبەشی کۆتایی ئاگهەنگەکەدا خەلیفە هەستایە سەرپی و دەف لێدەرەکانیش بەدوایدا چەند کەسێک لە سالڵکەدا کە جۆشیان تێ کەوتبو دەستیان کرد بە چەپڵە ڕێزان لەگەڵ ڕیتمەکەدا، خێرا خەڵکەکە دەنگی وس وسیان لێکردن هەتاوەکو بێ دەنگ بن. لە ودوای ئاهەنگەکە هەرکەسەو بەجۆرێک باسی مۆسیقاکەی دەکرد، هەندێک کەسیش دەیانویست شیکار بۆ مۆسیقا و دەنگی خەلیفە بکەن بە پێی ئاستی شارەزاییان لە هونەری مۆسیقا، بەلام وەک ژۆن دۆرینگ دەڵیت، مۆسیقایەکە کە ناتوانرێت بە مەنتیقی مۆسیقا شیکاری بۆ بکرێت و بەرگری لێبکرێت، مۆسیقایەکە لە خوێنو لە ڕۆحیاندایە. وەک نور ئەلی ئیلاهی دەڵێت : هەتاوەکو بیربکەیتەوە لە یاساو لەتەکنیک کاتێک کە مۆسیقا دەژەنیت ناتوانن بگەیتە ئەو حەڵەتەوە، کاتێک بیری لێناکەیتەوە و دەچیتە قوڵایی ڕۆحتەوە ئەوسا دەیگەیتێ .
بە شیوەیەکی گشت گەلانی هندۆئەوروپی بەتایبەتی لای کوردان، شتێکی نامۆ، سڕێک دەبینرێت لە نیگایاندا، سۆزێک لە دەنگیانادا کە جێگەی پرسیارە، مەبەستم لێرەدا ئەوە نیە کە گەلی کورد بە زیاتر لەوانی تر بزانم، بەلام بیرو باوەڕی زەدەشتی و مانیان تێدا نیشتەجی بوە، کاتێک خەڵکی لە سەردەمانێکدا لێیان ترساونو بەساحیرو شەیتانیان لەقەڵەم داون، تواناو هیمەتیان هێندە بەهێزبوە، هێندە بەدوای راستیدا وێڵبون کە لەتوانای مرۆڤ لای داوە، لەبەرەئەوەی کە هێندە توندو تیژنو سەرپەلن لە بیروبوەڕیاندا، کاتێک ئیمانیان بە شتێک دەبێت پەردەی سنوری خۆشەویتی دەبەزێنن و خۆیان دەکەن بەیەک لەگەل ئەودا. وەک ژۆن دورینگ دەڵێت: کورد هێندە سەرپەلو توندوتیژن لە بیروباوەریاندا کە زۆر جار خۆشەویستیان دەچێتە ئاستی ڕقەوە، بۆ نمونە لەم دێڕە هۆنراوەی ىێخودا :
قوربانی کەسێک بم کە بە قوربانی نەبی بێت
وەک بەندە سەگی بەردەمی شاهی عارەبی بێت
...
هەم موریدی شا حوسیەنم سەیدی سێحیو مەرام
جانشینی ئەو قبوڵم کا لەدەرگای خاکی پاکم
من حەقیرم وا لەدەرگای ڕۆڵەکەت پاڕامەوە
سۆفی میرزا غەزوی دەڵێت : هەر لەتەمەنی 21 ساڵیدا هەستم کرد بەوەی کە بەرەو ڕێبازی سۆفیگەری دەچم، بۆیە هەر خێرا خۆم فێری دەفو گۆرانی کردن لەتەک باوکم : حاجی غەوزی داو ڕێگەی سۆفیەتیم گرتە بەر، ڕێگەی سۆفیەتیش ئەوەیە کە دەبێت پیش هەم وشتێک تۆبە بکەیتو خۆت پوختە بکەیتەوە، گوێ رایەڵی فەرمانەکانی ئیمامی عەلی و شێخ عەبدولقادری گەیلانی هەتاوەکو شێخی کەس نەزان بیت، ئەوجا دەبیتە دەرویش، کاتێک وەک دەروێشێکی نمونەیی هەڵسو کەوت دەکەیت لە ژیانداو نوێژو سوێند بە هەژاری دەخۆیت، نێت بە لێبوردەیی و خۆ بەکەم زانینن و دڵپاکی دەهێنیت، ئەو کاتە شەهادەی خەلافەتیت پێ دەسپێردرێت کە گەورەترین پلەی دەروێشیە، دەبێت خاوەنی هێزو توانایەکی بێ هاوتا بیت، چونکە بەرپرسیاریتتێکی زۆر گەرەوەیە .
خەلیفەی مییزا گەوزی ساڵی 1928 لە شاری سنە هاتۆتە دنیاوە، خەلیفە کەریم کە لەو بە تەمەنترە ساڵی 1920 لەهەمان شار هاتۆتە دنیاوە، هەردوکیان لەکەرکوک لای شیخ عەبدولکەریمی کەسنەزان ئیچازەی خەلافەتیان وەرگرتوە، بۆ ماوەی دەسال خەلیفە کەریم ئۆستاسی خەلیفە میرزا غەوزی دەبێت، بەڵام بەداخەوە، خەلیفە کەریم بێ شک لەبەر زۆری تەمەنی، ئاهەنگی لەدەرەوەی کوردوستان نەگیڕاوە ، دەڵێن کاتێک پێکەوە گۆرانی دەڵێنو بۆ یەکتری دەسێنییەوە بەرامبەر بە یەک، دڵ نازانێت بە چ لایەکدا بشکێتەوە. هەرچەندە داوایان لێکراوە کە هەردوکیان گۆرانی بچڕن لەبەردەم کەسایەتیەکی گرنگی ئێراندا، بەلام نەمان زانی ئەو کەسایەتیە کێبوە ! هەرچەندە ڕای خۆمان لەسەر ئەوباسە هەبو.
لە خانەگادا پیش ئەوەی دەوروێشان بکەونە زکرو حاڵ، وەک هەمو کۆمەڵە سۆفەیکانی تر دەبێت پشتاو پشت ناوی هەمو شێخەکانی ڕێبازەکەیان بهێنن لە ئیمامی عەلیەوە هەتاوەکو شیخی کەسنەزان، بۆ ئەوەی کە ئەوانیش بەشداری لە سێرەمۆنیەکەدا بکەنو بیان پارێزن. لە کۆنفراسنێکدا کە ژۆن دۆرینگ کردی لەسەر مۆسیقای سۆفی کورد بەبۆنەی دەرکردنی سیدیەکەوە لەسەر قادریەکان لە پاریس، کوڕێکی کورد پرسیارێکی ئاراستەی کرد و وتی : ئێمە چۆن ئەوانە ( قادریەکان ) بە کورد بزانیم لەکاتێکدا ئەوان پشتاو پشت خۆیان دەبەستنەوە بە پێغەمبەری ئیسلامو عەلیەوە کە عارەبن ؟
لەوەڵامدا ژۆن دۆرینگ وتی : من ڵیڕەدا وەڵامی ئەو پرسیارەت نادەمەوە لەبەر ئەوەی کە ئەگەر لەهەر کوردێکی هاوڕێت بپرسیت وەڵامی ئەو پرسیارەت باش ئەداتەوە.
مێژونوسەکان هەمیشە دەلێن کە کورد یەکێکە لەو گەلە ئێرانیانەی کە کولتوری ئێرانی خۆی پاراستوە، هەموشمان دەزانین کە مۆسیقاو گۆرانی لای سۆفیەکان دەورێکی گرنگی هەس، مێژوی سۆفیەکانیش زۆر کۆنەو لە پێش ئیسلامدا بونیان هەبوە، مۆسیقا و گۆرانیش لای ئیسلام قەدەغەبوە، دەلێن گوایە کەناوی زەدەشت براوە وەک ئەوە وابوە کەناوی گۆرانی و مۆسیقا برابێت وەهابوە، بەڵام کە لەشکری ئیسلام هاوتوە و دینو گۆرانی و مۆسیقای لێ زوت کردون ئیتر چۆن بتوانن بەردەوامی بدەن ئەگەر ناوی شێخەکانیان نەگۆڕن و خۆیان نەبەستنەوە بە ئیسلامەوە ؟ هەروەک چۆن ئیراقو ئێرانو تورکیا ناوی لادیکانیان گۆڕی هەر ئاوا پاش چەند سەردەمێکی تر پێ دەچێت کە ناوە رەسەنەکەیان لەبیر بەرینەوە.
ڕۆژێک جەلالەدینی رۆمی بە شاگردەکانی دەڵیت : مۆسیقا وەک جیڕەی دەرگای بەهەشت وایە، شاگردەکانیشی دەڵێن : جیڕەی دەرگا ناخۆشە، ئەویش لەوەلامدا دەڵێت : من مەبەستم لە کردنەوەی دەرگای بەهەشت بو، ءیوە بە داخستنی دەرگای بەهەشت تێگەشتیتن .
لەدوای ئاهەنگەکە لەدەرەوەی ساڵەکەد خەلیفە و دەفلێدەرەکانی لە کونجوڕێکدا لەبەردەم دیسکەکانیاندا چاوەڕوانی مشتەریەکانیان دەکرد، خەلیفە بە خۆیی و مۆرەکەیەوە وەستابو، هەرکەسێ کە دیسکێکی لێ بکڕیایە ، مۆرێکی تایبەتی خەلیفەی لە دیسکەکە ئەداو دەستی دەگوشی و کاتێکیش دەیزانی کە فۆتۆگرافێک رەسمی دەگرێت بەرانبەری دەوەستا و دەستی دەخستە سەر پشتێنەکەی و زەدەزەنەیەکی خۆبەکەم زانینی دەخستە سەر لێوانی و لەبەردەمیا دەوەستا بەوپەڕی دڵخۆشیەوە.
****

لەدوای خوێندنەوەی وتارەکی خۆم کە بیست سال لەمەوبەر نوسیومە، تێدەگەن بۆچی من هێندە دژی بەختیار عەلی ئەدوێم لە وتارەکانمدا کاتێک لە ڕۆمانی: مۆسیقارە سپیەکاندا بەختیار عەلی بە ئاوازی فلوتێک پێشمەرگەیەک و جەلادێکی عارەب بە هۆش خۆیاندا دەهێنێتەوە، فلوتێک کە زۆر نامۆیە بە کولتوری کوردی. چۆن نوسەرێکی وەها توانیویەتی کوفرێکی وەها گەورەبکات ؟ خۆ ئەگەر یەک تۆز شارەزایی هەبوایە لە کولتوری مۆسیقای کوردی هەرگیز شەکری وەهای نەدەشکاند .





(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 3.5/5)