مەسعود بارزانى ده‌زگاى پاراستن به‌ باره‌گاى بارزانى ده‌به‌ستێته‌وه‌


ڕۆڵی ئێران و حه‌شدی شه‌عبی له‌ كاولكاریه‌كانی عیراقدا

Wednesday, 07.15.2020, 9:48

5410 بینراوە


       له‌دوای ڕووخاندنی رژێمی به‌عس له‌ساڵی (2003) و هاتنی ئه‌مریكا بۆ عیراق، ده‌ستی ئێران واڵا بوو بۆ ده‌ست خستنه‌ ناو كاروباری عیراق و یارمه‌تیدانی شـیعه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات و كۆنترۆڵكردنی جومگه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی حكومه‌ت و سـوپا، سـه‌ره‌تا له‌ حكومه‌ته‌وه‌ ده‌ستیان پێكرد و توانیان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران (كه‌ گرنگترین پۆستی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردنه‌ به‌پێی ده‌ستوور) بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ تاپۆ بكه‌ن بۆ شـیعه‌، پاشان ده‌ستیان خسته‌ ناو سـوپا و ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌وه‌، توانیان له‌ڕووی ژماره‌ی سه‌رباز و پۆستی ئیدارییه‌وه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری جومگه‌ گرنگه‌كان كۆنترۆڵ بكه‌ن، دواتر كه‌ شه‌ڕی تایفی نێوان سـونه‌ و شـیعه‌دا هه‌ڵگیرسـا، له‌وه‌شدا توانیان شـه‌ڕه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی شـیعه‌ كۆتای پێ بێنن و زۆربه‌ی شاره‌ تێكه‌ڵه‌كان له‌سـونه‌ و شـیعه‌ بكه‌نه‌ شاری شـیعه‌ و پێناسی شیعێتی به‌به‌ردا ببڕن، به‌ به‌غدادی پایته‌ختیشه‌وه‌.
      دوای هاتنی داعش بۆ عیراق و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌ی سـونه‌ نشینه‌كان، عه‌لی سـیسـتانی مه‌رجه‌عی باڵای شـیعه‌كان فه‌توای (الدفاع الكفائی) دا  و له‌ (13) حوزیرانی (2014) هێزی حه‌شدی شه‌عبی له‌عیراق پێكهات، بۆ به‌رگریكردن و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، له‌مه‌شدا ئێران ڕۆڵی گه‌وره‌ و گرنگی بینی له‌ ڕێكخستن و چه‌كداركردنی ئه‌م هێزه‌دا، كه‌ ئێسـتا ژمـاره‌ی گروپه‌كانی ئه‌م هێزه‌ خۆی له‌ زیاتر له‌ (100) گـروپ  و نزیكه‌ی (150.000) چه‌كداردا ده‌دات، كه‌ (67) له‌و گروپانه‌ شـیعه‌ن، زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری گروپه‌ شـیعیه‌كان وه‌لائیان بۆ عه‌لی خامنه‌یی ڕابه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌، له‌ڕووی رێكخراوه‌یی و ده‌سته‌ی ئیدارییه‌وه‌ (80%) سـه‌ركرده‌ و ئیداریه‌كانی  حه‌شدی شه‌عبی سه‌ربه‌و گروپانه‌ن كه‌ وه‌لائیان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران هه‌یه‌، كار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌جێندا و ئامانجه‌كانی ئێران ده‌كه‌ن، ئه‌م گر‌وپانه‌ له‌ زۆر كاری قێزه‌ونه‌وه‌ تێوه‌گلاون هه‌ر له‌ له‌ناوبردن و تیرۆركردنه‌وه‌ هه‌تا به‌ كۆمه‌ڵ كوشتن و به‌ زۆر كوچ پێكردنی سـونه‌ و كه‌مینه‌كانی تر، له‌ ئێسـتادا ئه‌م گروپانه‌ كاریان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌ن و ده‌سته‌ و گروپێك ده‌ربكه‌وێت كار بۆ به‌رقه‌راركردنی یاسـا و دادپه‌روه‌ری بكات، ببێته‌ ڕێگر و له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م كاره‌ نایاساییه‌كانی ئه‌ماندا، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م گروپانه‌وه‌ ناچار به‌ وازهێنان و په‌شیمان بوونه‌وه‌ یان هه‌ڵهاتن بۆ ده‌ره‌وه‌ی ووڵاتی ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ سـوودی نه‌بوو ئه‌وه‌ تیرۆر ده‌كرێت.
          ئه‌گه‌ر به‌ نمـوونه‌ تیرۆركردنی هیشـام هاشـمی شـرۆڤه‌كاری دیاری عیراقی وه‌ربگرین، به‌ڕوونی ئه‌وه‌ هه‌ست پێ ده‌كه‌ین كه‌ كاره‌كانى هاشـمی دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی  گروپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ ئێران بووه‌، چونكه‌ هاشمی لایه‌نگری سه‌روه‌ری یاسـا و ده‌وڵه‌ت بووه‌، كاری بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه‌ و بخرێته‌وه‌ سه‌ر سـوپا، وه‌ چه‌ك ته‌نهـا به‌ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بێت، ، هه‌ربۆیه‌ ده‌بینین دوای تیرۆركردنه‌كه‌ی ڕاسـته‌وخۆ په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ گروپێكی چه‌كدار له‌ كه‌تائیبی حیزبوڵای عیراقی نزیك له‌ ئێران ڕاكێشـا، به‌دیاریكراوی ناوی ئه‌بو علی عه‌سكه‌ری دێت كه‌ فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی دیاری حیزبوڵایه‌، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی هاوڕێ و كه‌سه‌ نزیكه‌كانی هیشـامه‌وه‌ زانراوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن حیزبوڵای عیراقیه‌وه‌ كه‌ گروپێكی حه‌شدی شه‌عبیه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی  كوشتنی لێكراوه‌.
        هه‌موو ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه‌ ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێن كه‌ ئێران به‌ ڕاسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ حوكمی عیراق ده‌كات، هه‌ر كه‌س و لایه‌ن و حیزبێك ده‌ربكه‌وێت كاره‌كانیان دژ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان و لایه‌نگره‌كانیان بێت، ئه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ فه‌رمانیان له‌ دژ ده‌رده‌كرێت، ئینجـا له‌ڕێگه‌ی لایه‌نگرانیانه‌وه‌ چ له‌ حكومه‌ت یان له‌ سـوپا بێ، یاخوود له‌ حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ بێت  فه‌رمانه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و ته‌سـفیه‌ حساباتیان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.