وانەی دەروێشەکان بۆ شۆڕشگێڕە خەواڵوەکان

Thursday, 16/07/2020, 17:47

4156 بینراوە


لە پاشكۆی رووداوی سنوورشکاندنی دەروێشەکان بۆ بەشداریکردنیان لە پرسەی شێخی کەسنەزانی سەر بە تەریقەتی قادری، نەمانبینی کەسێك لە بونیاتی دیاردەیەکی ئاوها بدوێت و نەکەوێتە هەڵەی بڕیاردان و قسەکردن لەسەر شتی ناسەرەکی و لاوەکی وەکو ئەوەی: 1- ئایا دەروێشایەتی راستە یان چەوت؟ 2- شتێکی نوێیە یان کۆن؟ 3- بۆچی و چۆن دروست بووە؟، بەڵکو بێتو لە جەوهەری دیاردەکە بکۆڵێتەوە، ئایا چی ئەو جورئەتە دەبەخشێت بە کەسانێك گوێ بە هیچ سنوورێکی دەسکرد و چەك و دەسەڵات نەدەن و هەر بە پێ سنووری دوو دەوڵەت ببڕن؟
ئایا ئەگەر ئەو شۆڕشگێڕە خەواڵوانەی لای خۆشمان کە زیاد لە ٢٠ ساڵە بەنگەوازی گۆڕانکاری و راماڵینی گەندەڵکاران لێدەدەن ئاوها بە دڵسۆزی و مەبدەئەوە خەباتیان بکردایە ئێستا رزگارمان نەدەبوو لەو دوو تاقمە مافیاییەی بارزانی و تاڵەبانی؟ ئایا ئەگەر مستەفا سەلیمی جوانەمەرگیش ئاوها بهاتایاتە ناو سنووری هەرێمی کوردستان، ئەوسا جەماعەتی خیانەتی لاهور دەیانتوانی ئاوها بێ شەرمانە وەکو مەڕی قەساب لەگەڵ شەرەفی خۆیاندا تەسلیمی ئیتلاعاتی بکەن؟
با بزانین ئەو وانانە چین کە لەو دەروێشانەی فێر دەبین کە رەنگە کەسانێك بن نە خوێندەوارییان هەیە و نە لافوگەزافی شۆڕشگێڕێتی لێدەدەن، کەچی ئێـمەش بۆ نموونە تازە دێین گاڵتە بە وتەیەکی عارف تەیفوور دەکەین کە بە مەسرور دەڵێت گێژ، ئەگەر ئێمە میللەتێکی بونیاتنەر و پۆزەتیڤ بین دێین هانی کەسانی ئاوها دەدەین تاکو ببێتە رەمزێکی راپەڕین و پێش میللەت بکەوێت لە رووخاندنی هەیکەلی ستەمی دەسەڵاتی بارزانیەکان کە لەسەر جەهل و خیانەت بونیاتنراوە.
ئەمەش لە کاتێکدا روودەدات وا یەکێتی بە شێوەیەکی کردەیی و ناراستەوخۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان راگەیاندووەو هەر بۆ نموونە {رۆژنامە}، کە زمانحاڵی حیزبە وا دایانخست و وردە وردە کەناڵە ئاسمانیەکانیش دەگرێتەوە، چونکە ئەوان ئیتر بروایان بەوە نییە بەو زیادە مەسرەفە و بە پروپاگەندەی سۆشیال دیموکراتە جەماوەر بخەڵەتێنن، بەڵکو ئێستا هیچ حساب بۆ جەماوەر ناکەن و بوونەتە نووسینگەیەکی نۆکەرایەتی و بازرگانی زەبەلاح و هەر مەسئولە و پشکێکی تێدا هەیە و سەری گوریسەکەش بەدەست هێرۆ و لاهورەوەیە ، ئیتر خۆتان بیربکەنەوە و بپرسن کە تاڵەبانی چۆن ٤٠ ساڵ زیاتر بەناوی خەباتەوە خەڵکی بێ تاوانیان کوشت یان بە کوشتدا و ماڵی خەڵکیان وێران کرد، ئێستاش میللەت بووە بە مەڕی مردوو ، کەس جورئەتی ئەوەی نییە ئەو لەیاسا یاخیانە بە سزای گەل بگەیەنێت، لەکاتێکدا ئەوان بۆ گیرفانی خۆیان هەوڵ دەدەن و میللەتیش بۆ مافە رەواکانی خۆیان، تەنانەت ئەو پۆلیسەی فەرمانی تەقەپێکردنی پێ دەدەن بێزارەو بێ موچەیە، کەواتە بە هیمەتی مەردانە تەنها چەند رۆژێك ناخایانەێت تا بەتەواوی پاکتاو بکرێن و بە تۆڵەی خۆیان بگەن، ئیتر ئەم کارە هیمەتی دەروێشانەی دەوێت و بەس، کە زۆرێك لە خەڵك گاڵتەیان پێ دەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە