کورتە نامەی شیعریی بەشی سێیەم

Thursday, 16/07/2020, 22:05

3220 بینراوە


یادەوەرییە تاڵەکانت
لە شیرینەکانی من خۆشترن
کەی دێیتەوە .
***
گەر ئاشق بوون، روو زەردیی بێت
دەبا وەك بەی، من روو زەردبم.
***
کە تەمەنی ئیشق .. کورتتر بێت
لەتەمەنی پەپولە
دەبێت ژیان.. مانای چی بێت؟!
***
ئاشق وتی، تۆبە لە ئیشق
بڕوات هەبێ، درۆدەکا
گەر درۆ نەکا
درۆ دەکا بڵێ ئاشقم.
***
خۆزگە وەك شەمەندەفەر دەبووم
کە، چاوەڕوانی کەسێك ناکا
ئەگەر چاوەڕوانی نەکا.
***
هەرکەسێك بمکوژێ .. سەوز دەبێ دەستی
ئەی خودایە ..
ئاشقی کەسێك بووم
مانای خۆشەویستی نازانێ.
***
لەناخمدا گڵۆڵە بوم
بەدەوری خۆمدا هەر خولدەخۆم
بەدەردێك چوم
سەری گڵۆڵەی خۆم نابینمەوە.
***
هەر کات ماسی ..
زانی چۆن فێری مەلە بووە
مەلەوان
روبەری دەریای زانی
ئەوکات .. دەزانم
بۆ ..
خ ۆ ش م دە و ێی ؟!
***
تاجە گوڵینەت .. لەسەرناوە
دەربەست نایەیت ..
چاوەڕوانی گوڵی منی
کە بۆخۆم .. بیدەمە دەستت.
***
بڕیاربوو تەنها
بایکۆتی ماچم بکەی ..
ئەی هەش بەسەرم
ئەمڕۆ
پێکەنینیشی هاتەسەر.
***
شەوانە، وەك( لالۆ عەباس )*
پێچراوەم و تۆ ببینم
هەروەکو ڕۆژ دەکرێمەوە
کە تۆم هەبێ، .. چیمە لە رۆژ
دەبا هەمو دەمم شەو بێ.
.
لالۆ عەباس ، جۆرە گوڵێکە شەو خۆی دەپێچێتەوە و بەرۆژ دەکرێتەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە