ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

دوو پرسیار له‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت

Sunday, 07.19.2020, 20:25

1575 بینراوە


له‌م نوسینه‌دا ده‌مه‌وێت دوو پرسیار له‌ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى بكه‌م و هێوادارم وه‌ڵامێكى رَونمان ده‌ست كه‌وێت . پرسیاره‌كانم ئه‌مانه‌ن : 
1- ئه‌گه‌ر به‌ڕێزتان خۆتان به‌ سه‌رۆكى حكومه‌تى كردستان ده‌زانن ، له‌ ئێستادا سنوورى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌تان ده‌گاته‌ كوێى هه‌رێمى  كوردستان ؟
 سنوورى ده‌سه‌ڵاتى  حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌  ساڵى 1992 له‌گه‌ڵ دواى ڕیفراندۆم زۆر جیاوازه‌و وه‌كو  قوماشی ناو ئاو تێ چوه‌و چۆته‌وه‌ ناو یه‌ك و به‌رده‌وام  له‌ بچوك بونه‌وه‌دایه‌ وه‌كو چۆن قوماشه‌كه‌  له‌گه‌ڵ هه‌موو شتنێكدا  كورتر ده‌بێته‌وه‌ .  له‌ سایه‌ى سه‌رى مه‌سعود بارزانییه‌وه‌  كه‌ ڕیفراندۆمى ئه‌نجامدا  نێوه‌ى زیاترى خاكى كوردسانى له‌ ده‌ست داو به‌ خه‌ڵكى ده‌گوت  هه‌ڵ ده‌په‌ڕن داده‌په‌ڕن و چى ده‌كه‌ن بیكه‌ن .
به‌ناوى سه‌ربه‌خۆیی ئابورى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ و ده‌رهێنانى نه‌وت و فرۆشتنى  و مۆركردنى گرێبه‌ستى  نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ماوه‌ى  50  ساڵ ،  هه‌رێمى كوردستانتان خسته‌ ڕه‌هنى ئه‌و گریبه‌ستانه‌ بێ ئه‌وه‌ى گوێ  بۆ قسه‌ى كه‌س بگرن و به‌ بڕیارى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى  ئه‌وه‌ كرا .له‌ ئێستادا هه‌رێمى كوردستان هیچ سه‌ربه‌خۆییه‌كى سیاسى و ئابورى  نه‌ماوه‌و له‌ لایه‌ك ڕه‌هنى توركیایه‌و له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌  ته‌سلییم به‌ به‌غدا  بونه‌وه‌ . 
ئه‌وه‌تا توركیا  به‌ بیانوى په‌كه‌كه‌وه‌ زۆرینه‌ى ناوچه‌كانى بادینانى داگیر كردوه‌ .  زۆر سه‌یره‌ حكومه‌تى عێراق هاتۆته‌ ده‌نگ . میدیاكانى وڵاتانى جیهان باسى ئه‌و ده‌ست دریٍژیه‌ى توركیا ده‌كه‌ن ، به‌ڵام ئێوه‌ هه‌ر باسیشى ناكه‌ن و مێشتان میوان نییه‌ .  ئه‌مه‌ش دوو گومان دروست ده‌كات  یه‌كه‌م : توركیا ڕازى نییه‌و پێی خۆش نییه‌ حكومه‌تى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر دۆسییه‌ى نه‌وت ڕێك كه‌وێت  بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌ر به‌ ژێر ده‌سته‌یی توركیا بمێنێته‌وه‌ و پا به‌ندبێت به‌ ڕێكه‌وتنى 50 ساڵه‌ى  نه‌وت و غاز له‌گه‌ل َتوركیا .  
دووه‌م: پارتى په‌كه‌كه‌ به‌ مه‌ترسى ده‌زانێت  بۆ سه‌ر ئاینده‌ى خۆى و گومان ده‌كرێت  پارتى  ئاسانكارى بكات بۆ ئه‌وه‌ى سوپاى توركیا قه‌ندیل داگیر بكات . گێگیركردنى هێزى پارتى له‌ زینوى وه‌رتى ، ئه‌و گومانه‌ پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌ . 
ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌رنج بده‌ین  له‌ ئێستادا سنوورى جوغرافى  هه‌رێمى كوردستان  برێتییه‌  له‌ چه‌ند شارێك و  هیچ قوڵایی جوغرافی نه‌ماوه‌ و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ به‌ دوژمن ده‌وره‌دراون و ناوشاره‌كانیش  كراونه‌  مۆڵگه‌ى جاسوسى  ئه‌و دوژمنان .
كه‌واته‌ پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى  كوێی هه‌رێمى كوردستانه‌ ؟ چما هیچ شوێنێك ماوه‌ هه‌تا ئه‌و سه‌رۆكى بێت ؟؟  له‌ هه‌موشى سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ خاوه‌نى21   وه‌زاره‌ته‌  بۆ دانیشتوانێك كه‌ژماره‌یان له‌ 5 ملیۆن  تێپه‌ڕ ناكه‌ن . 
له‌ كاتێكدا  وڵاتى چین   18 وه‌زاره‌تى هه‌یه‌ ، ئه‌مه‌ریكا 14 وه‌زاره‌تى هه‌یه‌ . سویسڕا ته‌نها 8 وه‌زاره‌تى هه‌یه‌  . به‌ڕاست ئه‌مه‌ له‌ گاڵته‌ى مناڵان ناكات ؟  خاوه‌نى دوو بست ئه‌رزماوێت  و  21  وه‌زاره‌تت هه‌بێت  و موچه‌ى  فه‌رمان به‌رانت  پێ نه‌درێت و  نانى  شیوت نه‌بێت و به‌ قه‌ده‌ر توكى سه‌ریشت قه‌رزدار بێت  . له‌و لاشه‌وه‌ به‌ حسابى لیستى موچه‌ خاوه‌نى  زیاتر له‌ 400  هه‌زار پێشمه‌رگه‌ بێت  و له‌ سه‌روى هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ 7 هه‌زار ئاواره‌ى سورى چه‌كدار كراون و مانگانه‌ بڕى سی َملیار و نیو له‌ بودجه‌ى گشتییان بۆ خه‌رج ده‌كرێت گوایه‌ بۆ رَۆژى ته‌نگانه‌ . ئاخر  ڕۆژ  له‌م ڕۆژه‌ ته‌نگانه‌تر هه‌یه‌  جه‌نابى سه‌رۆك ؟؟؟.   
پرسیارى دووه‌م : ئایا به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى  سه‌رۆكى حكومه‌تى كێیه‌ ، واته‌ خۆى به‌ سه‌رۆكى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و پارێزه‌رى مافه‌كانیان ده‌زانێت ، یان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى  بنه‌ماڵه‌و حیزبه‌كه‌ى  بۆته‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت ؟؟؟.  ئه‌گه‌ر خۆى به‌ سه‌رۆكى هاوڵاتیان ده‌زانێت ، ئه‌وه‌تا  7 مانگ تێ ده‌په‌ڕێـت  له‌ سه‌ڵى 2020  تا ئێستا موچه‌ى دوو مانگى موچه‌ خۆران دراوه‌ ئه‌ویش به‌ نێوه‌ ناچڵى .  
خه‌ڵك به‌ ته‌واوى هه‌ژار بوه‌.  ئه‌گه‌ر موچه‌ى پێ دابین ناكرێت  بۆچى واز ناهێنێت و داواى لێبوردن له‌ خه‌ڵك  ناكات  و بچێته‌ ماڵى خۆى ؟؟ كه‌ ئه‌وه‌ ناكات ماناى ئه‌وه‌یه‌  ئه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیی و بنه‌ماڵه‌ى و حیزبه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌ و هاوڵاتیان لاى ئه‌و وه‌كو میگه‌له‌ مه‌ڕ وان و به‌ته‌نگیانه‌وه‌ نییه‌ .  
 ئه‌ى كه‌واته‌  ئه‌م حكومه‌ته‌ى  هه‌رێم  بۆچى هه‌یه‌ ؟؟؟.  ئیشى ئه‌م هه‌موو وه‌زیر و گوزیر و جێگر وه‌زیر و  سه‌رۆكى ده‌سته‌و  ربه‌ڕیوه‌به‌رى گشتى  ڕاوێژكارى گاڵتینه‌ بۆ موچه‌ وه‌رگرتن و له‌شكرێك له‌ فه‌رمانبه‌رى بندیوار  كه‌ له‌و حكومه‌ته‌ كارتۆنیه‌دا جێگایان بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و بونه‌ مشه‌خۆر به‌سه‌ر بودجه‌ى گشتى هاوڵاتیانه‌وه‌  .
 هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕێگاى 4 ده‌سه‌ڵاتى  سه‌ره‌كییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت كه‌ ئه‌مانه‌ن : ده‌سه‌لاتى ته‌شریعى  . ده‌سه‌ڵاتى ته‌نفیزى واته‌ ئه‌نجمومه‌نى وه‌زیران . ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى . سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم.  هه‌موو ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ به‌ تاواى له‌ ژێر ده‌ستى پارتیدان و چۆنیان بوێت و چۆن له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا بێت ئاوا ئاشه‌كه‌ ده‌گێرن . 
پارتى له‌ په‌ڕله‌ماندا له‌ ڕوى ژماره‌وه‌ زۆرینه‌یه‌ . له‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌ماندا زۆرینه‌یه‌ . كه‌واته‌ پڕیاره‌كانى په‌ڕله‌مان له‌ ده‌ستى پارتێدایه‌. كه‌واته‌ ئه‌م په‌ڕله‌مانه‌ بۆته‌ په‌ڕله‌مانێكى كارتۆنى و چیتر نوێنه‌رى   ده‌نگده‌ران نه‌ماوه‌ و په‌ڕله‌مانى پارتییه‌ به‌ ته‌نها. 
 ئه‌وه‌تا  بڕیاریان دا كه‌ پارێز به‌ندى له‌سه‌ر په‌ڕله‌مانتارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى سۆران عومه‌ر لابه‌رن  له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باسى گه‌نده‌ڵى به‌رپرسه‌باڵاكانى پارتى كردوه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان یه‌كێتیه‌ . 
سه‌رۆكى حكومه‌ت پارتییه‌ . هه‌رچى وه‌زاره‌ته‌ گرنگه‌كان  هه‌یه‌ وه‌كو سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان و ناوخۆ و داد  و پۆسته‌ گرنگه‌كانى تر هه‌یه‌ هه‌موى له‌ ده‌ستى پارتیدایه‌ . وه‌زاره‌تى داد له‌ ده‌ستى پارتیدایه‌  داواكارى گشتى و دادوه‌ره‌باڵاكان  پارتین . 
مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێم به‌ بڕیارى خۆى  ڕیفراندۆم ئه‌نجامداو نیوه‌ى خاكى كوردستان له‌ ده‌ست ده‌دات ، به‌ڵام  داواكارى گشتى وه‌زاره‌تى داد بێده‌نگ بون  . ئه‌و هه‌موو دزى و تاڵانیانه‌ له‌ گومرگه‌كان ده‌كرێـت و به‌ یه‌رچاوى هه‌موانه‌وه‌ قاچاخچییه‌تى نه‌وت له‌ لایه‌ن به‌رپرسه‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت ، به‌ڵام داواكار گشتى نقه‌ى لێوه‌ نایه‌ت .
به‌ڵام له‌به‌ر  ئه‌وه‌ى سۆران عومه‌ر باسى گه‌نده‌ڵى به‌رپرسانى پارتى كردوه‌ ، پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر لاده‌برێت . وه‌زیرى داد بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مانى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ . ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ تیرۆر ده‌كرێـت و ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێن ، به‌ڵام داواكارى گشتى بێده‌نگه‌ . كورت و كرمانجى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى  تایبه‌ته‌  به‌ پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانى .  
 هه‌رچى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌واندابێـت ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن .  دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى به‌ناو هه‌رێمیش  به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆته‌ تاپۆى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى . دواى 29 ساڵ حوكمڕانى تا ئێستا ئه‌م هه‌رێمه‌ خاوه‌نى ده‌ستورێك نیه‌و یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم هه‌موار نه‌كراوه‌ و هۆكاره‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ : 
 بنه‌ماڵه‌ى بارزانى ده‌یانه‌وێت  یاساى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ ویست و ئاره‌زوى خۆیان هه‌موار بكرێت و خاوه‌نى زۆرترین ده‌سه‌ڵاتبن . چونكه‌ ئه‌وان پۆستى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ موڵك و تاپۆى  خۆیان ده‌زانن . 
ئه‌گه‌ر هه‌موو جومگه‌ ئه‌ساسیه‌كانى  حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ده‌ستى پارتى و بنه‌ماڵه‌ى بارزانیدا نین خۆیان به‌ حاكمى ئه‌م هه‌رێمه‌ نازانن  ، ئه‌ى چۆن  توانییان  ڕێگا  له‌ سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان بگرن بچێته‌وه‌  بۆ ناو هه‌ولێر؟  
ئه‌ى چۆن وه‌زیره‌كانى  گۆڕانیان ده‌ركرد ؟ ئه‌ى چۆن ڕێگایان له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ گرت له‌ بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌ بچێته‌وه‌ هه‌ولێر له‌ كاتێكدا ئه‌و جێگرى سه‌رۆكى  هه‌رێم بوو ؟ ئه‌ى چۆن  چه‌ندین جار له‌ بازگه‌ى دێگه‌ڵه‌   ڕێگایان له‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كان ده‌گرت بچنه‌وه‌ هه‌ولێر ؟ .   كه‌واته‌  حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان  ته‌نها  بۆ ناو هه‌یه‌و هه‌موو شتێك له‌ ده‌ستى پارتى دایه‌و  هه‌ر كاتى بیانه‌وێـت  ئه‌ندام په‌ڕله‌مان و  وه‌زیره‌كانى لایه‌نه‌كانى تر ده‌رده‌كه‌ن . 
لێره‌دا  پرسیارێكى تر دێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌ى كه‌واته‌ ڕۆڵى یه‌كێتى و حیزبه‌كانى تر چییه‌ له‌و حكومه‌ته‌دا ؟ ماوه‌ى 29 ساڵه‌  یه‌كێتى و پارتى به‌یه‌كه‌وه‌  حكومه‌ت پێك دێنن . ناو به‌ناویش حیزبه‌كانى تریش به‌شدارى ده‌سه‌ڵاتیان كردوه‌. 
یه‌كێتى خاوه‌نى هێزى تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تى و سنورێكى تایبه‌ت  به‌ خۆشى هه‌یه‌ . بۆیه‌ پارتى ناتوانێت  به‌ ته‌واوى یه‌كێتى په‌راوێز بخات و بیخاته‌ ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات . به‌ڵام  یه‌كێتى  شه‌ریكى ده‌سه‌ڵات نه‌بون ، به‌ڵكو  به‌شدارى ده‌سه‌ڵات بون . واته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌و حكومه‌ت به‌قه‌ده‌ر پارتى نه‌بوه‌ ، به‌ڵام به‌شى خۆشیان هه‌بوه‌ . 
واته‌ به‌رژه‌وه‌ندى مادى  یه‌كێتى و پارتى به‌ یه‌كه‌وه‌ هێشتۆته‌وه‌ . به‌ڵام  به‌شداری پێكردنى  حیزبه‌كانیتر  له‌ حكومه‌تدا له‌ لایه‌ن پارتییه‌وه‌  ته‌نها بۆ بێده‌نگ كردنیان بوه‌.  هیچ ڕول َو كاریگه‌رییه‌كیان له‌و حكومه‌ته‌ نه‌بوه‌.   له‌ ئه‌نجامى ئه‌و شیكردنه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌م ئه‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌ : 
1- حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ حكومه‌تێكى كارتۆنى بوه‌ . چه‌ترێك بوه‌  بۆ شاردنه‌وه‌ى دوو ئیداره‌یی یه‌كێتى و پارتى . له‌ ژێر ئه‌م چه‌تره‌دا  پارتى و یه‌كێتى به‌ جوته‌  سامانى هه‌رێمى كوردستانیان  تاڵان  ده‌كه‌ن  .
 له‌ ئێستادا  له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پڕۆسه‌ى  تاڵان كردن  له‌ گه‌رم و گوڕیدایه‌ . به‌ ئاشكرا داهاتى گومرگه‌كان  له‌ لایه‌ن هه‌ردوو حیزبى ده‌سه‌ڵات داره‌وه‌  به‌تاڵان ده‌برێت .  ئیفلاسیان به‌ هه‌رێمى كوردستان كرد .خه‌ڵكیان خسته‌ سه‌ر ساجى عه‌لى. 
2-   ئه‌و حكومه‌ته‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا  به‌ناو هه‌یه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌  پێك هێنراوه‌  :یه‌كه‌م جێكردنه‌وه‌ى زۆرترین كادیرى ئه‌و دوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌  له‌ناو دام و ده‌زگاكانى حكومه‌تدا  بۆ ئه‌وه‌ى  هه‌ر یه‌كه‌یان بتوانن زۆرترین  كادیرى حیزبى خۆیان بیده‌نگ بكه‌ن . ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ وانییه‌  5 ملیۆن كه‌س له‌ پانتاییه‌كى  زۆر كه‌مدا چ پێویستییه‌كى به‌ 21 وه‌زیر و چه‌ندین ده‌سته‌و دام و ده‌زگاى تر هه‌یه‌ كه‌ هه‌ر پێویست نین؟؟؟.
 دووه‌م : پارتى زیره‌كانه‌ سیاسه‌تى ( فرق تسد) ی له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانى تر به‌كار هێناوه‌  جارێك به‌شدارییان به‌ یه‌كگرتوى ئیسلامى كردوه‌ له‌ حكومه‌تدا . جارێكى تر جیا به‌جیا  به‌شدارییان  به‌ كۆمه‌ڵى ئیسلامى و  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان كردوه‌ . به‌ڵام  ئه‌وان  هیچ ڕۆڵێكیان نه‌بوه‌ و له‌ پێناوى وه‌رگرتنى پۆستدا  به‌شدارى حكومه‌تیان كردوه‌   . به‌و هۆیه‌شه‌وه‌  به‌رده‌وام ئه‌و حیزبانه‌ زیانیان كردوه‌و جه‌ماوه‌رى خۆیان له‌ ده‌ستداوه‌  .    
3- له‌ سه‌ره‌تاوه‌ وتمان حكومه‌تى هه‌رێم ته‌نها ناوه‌و  ناوه‌رۆكى نییه‌ . به‌ڵام له‌ ژێر ئه‌م ناوه‌دا توانراوه‌ گرێبه‌سته‌كانى نه‌وت و غاز له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان  مۆر بكرێت سامانى ئه‌م وڵاته‌ تاڵان فرۆش بكه‌ن . له‌ ژێر ئه‌م ناوه‌ كارتۆنیه‌دا  توانیویانه‌ هه‌ندى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ وڵاتانى تر دروست بكه‌ن .
 خۆ ئه‌گه‌ر ناوى  حكومه‌تى هه‌رێم نه‌بوایا ، به‌دوور نازانرێت  یه‌كێتى و پارتى وه‌كو دوو حیزب یان دوو گروپى تیرۆریستى  ناویان بخرێته‌ لیستى تیرۆره‌وه‌ . خۆ ئه‌وان له‌ په‌كه‌كه‌و حیزبوڵلاى لوبنانى گرنگتر نه‌ده‌بوو .
دڵنیام ئه‌گه‌ر هه‌مو كوردستان  له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ داگیر بكرێت و به‌ بنه‌ماڵه‌ى بارزانى بڵێن  هه‌وڵیر و دهۆك و زاخۆ بۆ ئیبڕاهیم خه‌لیل  با هه‌ر له‌ ژێرده‌ستى ئێوه‌دابێت و بازرگانیتان مسوه‌گه‌ر بێت و كۆمپانیاكانتان كارى خۆیان بكه‌ن و وه‌كو جاران نه‌وتى خۆتان به‌ قاچاخ  ڕه‌وانه‌ى توركیاكه‌ى خۆتان بكه‌ن . 
 ئه‌و كاتیش مه‌سرور بارزانى ده‌ست به‌ردارى  پۆسته‌كه‌ى نابێت . چۆنكه‌ ئه‌وان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ كاریان بۆ پاره‌ كردوه‌ . ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه‌ى من ڕاست نییه‌ ، چۆن دواى 29 ساڵ حوكمڕانى  و ئه‌و هه‌موو سامانه‌ى ئه‌م وڵاته‌ ، حاڵى هاوڵاتیان  ده‌گاته‌ ئه‌م ئاسته‌ى ئێستا .
 ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌  هیچ ویژدانیكیان هه‌یه‌ ، هیچ هه‌ستێكى مرۆڤایه‌تییان هه‌یه‌ ، هیچ عورفێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و كوردایه‌تیان  هه‌یه‌ ،  هیچ ئه‌ته‌كێتى سیاسیان هه‌یه‌ ، چۆن ئاوا ڕى َبه‌ خۆیان ده‌ده‌ن هه‌موو سامانى ئه‌م وڵاته‌ به‌ تاڵان به‌رن و خه‌ڵك هه‌ژار بكه‌ن . 
ئایا  به‌ڕاست ئه‌وانه‌  مرۆڤن  یان دڕه‌نده‌ن ، ئاخر كه‌ى تیر ِده‌خۆن ؟؟؟ . دوا قسه‌شم ئه‌وه‌یه‌ به‌ڕاستى ئه‌وان حه‌قى خۆیانه‌ ئاوا مامه‌له‌ى  ئه‌م میلله‌ته‌  بكه‌ن و شایسته‌ى ئه‌وه‌ن  زۆر له‌وه‌ خراپتریان به‌رامبه‌ر بكه‌ن .
 په‌ندێكى كوردى هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت :خوا تا كێو نه‌بینێت به‌فرى تێناكات . ئێ كه‌واته‌ ئه‌م په‌نده‌ ڕێك  به‌ قه‌دوو باڵاى گه‌لى كوردا ده‌بڕێت . تا میلله‌ت ئاوا بێت ، ده‌بێ سه‌ركرده‌ى ئاواى هه‌بێت . ئه‌لبێرت كاسۆ ده‌ڵێت : كاتێك خۆت بڕیارت دابێ كۆیله‌بیت، ئیتر من چۆن شه‌ڕى ئازادێت  بۆ بكه‌م . 
له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌   جێی پرسیاره‌ سه‌باره‌ت به‌و بێده‌نگییه‌ى له‌ لایه‌ن ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و زۆرێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ى كه‌ پێشتر خۆیان  به‌ خه‌مخۆرى ئه‌م نیشتمانه‌ ده‌زانین و هه‌میشه‌ ڕه‌خنه‌یان ده‌گرت و به‌ نوسیه‌نه‌كانیان  جه‌ماوه‌ریان هوشیار ده‌كرده‌وه‌ . سه‌رده‌مانێك ئه‌وانه‌ خاوه‌نى قسه‌و بۆچونى  خۆیان بون . خه‌ڵك گوێ ی لێده‌گرتن و ده‌سه‌ڵاتیش لێیان ده‌ترسا .
به‌ڵام سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ به‌ یه‌ك جار هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ نه‌مان . چ هۆكارێك  له‌ پشتى بێده‌نگ بونى  ئه‌و هه‌موو ده‌نگه‌ ناڕازیانه‌ى  ئه‌و خاوه‌ن قه‌ڵه‌مانه‌یه‌ له‌م كاته‌ هه‌ستیاره‌دا كه‌ :  هه‌رێمى كوردستان له‌ سایه‌ى ده‌سه‌ڵاتى پارتى و یه‌كێتیدا  به‌ قۆناغێكى زۆر مه‌ترسیداردا گوزه‌ر ده‌كات . ناكۆكیه‌كانى یه‌كێتى و پارتى گه‌یشتۆته‌ ئاستێكى زۆر خراپ و وه‌كو دوو دوژمن مامه‌له‌ى یه‌كترى ده‌كه‌ن .
 هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان   له‌گه‌ڵ یه‌كترى نه‌ماوه‌ . سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌  هه‌ردوكیان پێكهاته‌ى سه‌ره‌كى حكومه‌تى  هه‌رێمى كوردستانیشن  .   كار ئاوا بروات  هه‌رێمى كوردستان  به‌ فیعلى دوو  له‌ت  ده‌كه‌ن و  ئه‌میان به‌ره‌و به‌غداو ئه‌ویان  به‌ره‌و توركیا ده‌ڕوات .  قه‌واره‌ى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌كه‌نه‌ قوربانى به‌رژه‌وه‌ندى و ناكۆكیه‌كانى خۆیان. 
 ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن ، كه‌ له‌ ڕاستێدا زۆرینه‌ى خه‌ڵك ئه‌وانه‌ به‌ نوێنه‌رى خۆیان نازانن و زۆریش  ناڕازین لێیان  . 
بۆیه‌ كاتى ئه‌وه‌ هاتوه‌ هه‌موو دڵسۆزانى ئه‌م هه‌رێمه‌ بێنه‌ ده‌نگ و چیتر ڕێگا نه‌ده‌ن  یه‌كێتى و پارتى  به‌  ویست و ئاره‌زوى خۆیان  له‌ ژێر ناوى حكومه‌تى  درۆینه‌ى  هه‌رێمى كوردستان  سازش بۆ دوژمنانى كوردستان بكه‌ن و قه‌واره‌ى سیاسى هه‌رێمى كوردستان له‌ناو به‌رن . 
باشترین كارێك كه‌ له‌ ئێستا بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و پارتى ئاسایی بكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌كو یه‌ك تیم  كار بكه‌ن بۆ به‌ده‌ست هێنانى ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى  هه‌رێمى كوردستان . 
 ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى  ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن ، نابێ هاوڵاتیان بێده‌نگ بن و پێویسته‌  هه‌ڵوێستى توندیان  هه‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌ردوو لایه‌ن و چیتر قبوڵى پێ شێلكاریه‌كانى  یه‌كێتى و پارتى نه‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به‌م گه‌ل و نیشتمانه‌ 




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)