ئەشیرەتگەری و تاک

Tuesday, 21/07/2020, 1:04

3968 بینراوە


ئەشیرەتگەری لە کوردستان بە شێوازی جیاواز بووەتە ڕێگر لە گەشەکردنی کۆمەڵگا و پشکی شێری دەرهاوێشتەکانی بەر تاکی کۆمەڵگا دەکەوێت. هۆکاری جیاواز هەن بۆ لەسەرکارمانەوەی ئەم سیستەمە ماوەبەسەرچووە, بەلام بەراست پەیوەندی مێژوو و سایکۆلۆژیای مرۆڤ چیە لەگەڵ سازەی کۆمەڵایەتی؟

مرۆڤی ژیر

بە پێی بەڵگە زانستیەکان، مێشکی مرۆڤ لە دەوروبەری پەنجا هەزار ساڵ لەمەو پێش تا ئێستا هیچ گۆرانکاریەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە. ئەمەش لەمەوە زانراوە کە ئەم کاسە سەرانەی مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئەو ماوەیە، پێ ناچیت جیاوازیەکی وایان هەبێت لەگەل کاسەی سەری مرۆڤی ئێستا. جیا لەوەش، هیچ داهێنانێک و بەرهەمێکی فکری پێشکەوتوو کۆنتر لە پەنجا هەزار ساڵ نەدۆزراوەتەوە. بۆیە بەلای کەمەوە لەو کاتەوە، واپێدەچێت مێشكی مرۆڤی ژیر وا پەرەی سەندووە کە ئەولەویەتی تاک ئەوە بێت خۆی لە دەردەسەریەکان بپاڕێزێت وە بۆ مانەوە لە ژیان بەدوای خۆراک بکەوێت. بەڵام بە هۆی سروشتی مەژیەکەیەوە وە بۆ دڵنیایی خۆی مرۆڤ نایەوەێت وەک پڵنگەکان و وورچەکان بە تەنیا بژیت. ئەمەش لەبەر نەبوونی توانایی ڕوبەرووبوونەوەی مەتڕسیەکان و دەست کەوتنی سەرچاوەکانی ژیانە.
هەر بۆیەش پەنجا هەزار سال پێش، مروڤ لە نێو گروپی بچوکی سێ بۆ چوار کەسی دەژیا تاوەکو پێکەوە بەدوای خۆراک بگەرێن و بەرەنگاری مەتڕسی ببنەوە. هەستێکی قوول لە نێو ئەم گروپە گەشەی دەکرد و هەموو کەسانی تر لە دەرەوەی گروپەکە، بە مەتڕسی لە قەلەم دەدران. سەڕنج بدەن کە پەنجا هەزار سال پێش لە ئێستا، ئەو مرۆڤە پشتی بە سایکۆلۆژیای مێشکی خۆی دەبەست بۆ ژیانی ڕۆژانە، نەک زانست و کتێب.

لەدایک بوونی کۆمەڵگا

دوای هەزاران ساڵ ، هەرچەند گروپێکی بچوک رێک دەکەوتن تا لە یەک شوێن بژین و بێجگە لە هاوبەش بوون لە سەرچاوەکانی ژیان، لە بەرامبەر هێرشی کت و پڕی گروپەکانی بێگانەش بەرگڕی لە خۆیان بکەن. تاوەکۆ لە خالێک لە مێژوو، مروڤ دەستی کردووە بە داهێنانی یاسا و رێسا بۆ ئەوەی بتوانن ژمارەیەکی زیاتر لە گروپی بچوک، بەناوی "خێزان"، لە یەک شوێن کۆبکەنەوە. ئەوە هەم سوودی ئابووری هەبووە، هەم سوودی ئەمنی. بەڵام هەمووی بۆ بەرژەوەندی تاک بە تاکی نێو کۆمەڵگاکە بووە.دەکرێت بلێین تاک بۆ بەرژەندی خۆی، بەرژەوەندی گشتی رێساوە. بەم شێوەیە پەیکەری کۆمەلگەی مروڤ لە دایک بووە و لە درێژایی مێژوو گەشەی کردووە. هەرچی بەرەو سەردەمانی هاوچەرخ دێیت، بۆ پێشخستنی بەرژەوەندی گشتی پەیکەرەکە سەدان جار تووشی داڕوخان و نۆژەنکرانەوە دەبێت. هەرکاتێ بابەتێک لە بابەتەکانی پێکهاتەی پەیکەری کۆمەڵگا ڕێگری کردبێت لە گەشە کردنی کۆمەڵگاکە، بابەتەکە لە نێوبراوە. یاساکان و کەلتورەکانی نێو کۆمەڵگاش بە پێ پێداویستیە مروویی و کۆمەلایەتیەکانی تاک گۆراون. بۆ نموونە؛ کاتێک جیاوازی ئایینی لە ئیمپراتوریەتی فارس بووە هۆی کێشە لە نێوان خەڵکی ناوچەکە، یاساکان بۆ نەهێشتنی ئەم جیاوازیانە تووندتر بوون، تا رادەیەک کە مێژووناسان باس لە بوونی شێوازێکی سەرەتایی سکولاریزم دەکەن ـ واتە جیابوونەوەی دەسەلات و ئایین. هەروەها، سەرهەڵدانی ئەدیانی جیاجیا لە ناوچە جیاوازەکان بۆ ڕۆخاندنی چوارچێوەی کۆمەلگایەک بووە کە ژیان و سەرچاوەکانی بەو پەری نایەکسانی دابەش دەکران. هەرچەند ئەمە ڕەنگە ووتەیەکی ناکۆکی ئامێز بێت، بەڵام وا پێدەچێت کە مرۆڤەکان لەگەل پەیدا بوونی ئایینەکانی ئەسمانی، دەستیان کردووە بە بیرکردنەوە لە بەهای گیان و ژیانی تاکەکەسی.کەواتە، جیا لە خوودی دروست بوونی کۆمەلگا، هەموو دیاردەکانی تریش وەک ئایین و مەزهەب و ئادیۆلۆژیای تر کە هەوڵی دستێوەردانی کۆلەکەلانی کۆمەڵگایان داوە، درووست یا هەڵە، چاک یا خراپ، ئامانجیان کێشدار کردن و نەڕم کردنی چوارچێوەکانی بونیادی کۆمەڵگا بووە بۆ ئەوەی تاک تێیایدا گەشە بکات و بە سەربەستی بژیت. هەروەها تەنانەت پاش کۆ کردنەوەی گروپەکانی بچوک لە یەک شوێنیش، سایکۆلۆژیای مرۆڤ هەر نەگۆرا و هەرچەند کۆمەڵگا بەڕینتر دەبوو، مرۆڤ هەر بڕیاری داوە لە نێڤ گروپی بچوکی سێ بۆ چوار کەسی ژیان بەسەر ببات.

بەلام پەیکەری ئەشایری و خێلەکی کوردستان چۆن دروست بووە؟

پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردی هەر ئەشایر بووە لە سەدان ساڵەوە تا ئێستا. دەکرێت بە میراتی سیستەمی میرنشینی هەژمار بکرێت کە کاتی خۆی هاوشێوەی ئەشیرەتگەری خزمەتی رەگەز و ناسنامەی کوردی کردووە. کوردستانیەکان توانیویانە بە درێژایی مێژوو بە پەیکەری تووند و تۆڵ و پەیتێنەبراوی ئەشیری ، لەبەردەم دەسەلاتی فارس و ئوسمانیەکان وهتد، رەگەز و زمان و کەلتووری خۆیان بپارێزن لە لەناوچوونی هەرەمەکی یا خۆد پیلان بۆ دارێژراو. توانیوویانە بەم پەیکەرە ڕێ بگرێن لە دزە کردنی هەر بیروکەیەکی بێگانە و دوژمناوی کە دەکرا هەوڵی دەست تێوەردانی ناسنامەیان بدات. سەختی و درێژخایەنی ئەم پەیکەرە گوزارشت لە مێژووی پڕ لە زۆردەستی حاکمانی ناوچەکە دەکات. واتە ئەگەر سەختی ئەم پەیکەرە نەبووایە کورد ڕزگاری نەدەبوو لە پیلانەکانی حاکمانی سەردەمی جیاجیا.سیستەمی ئەشایەری کوردستان لە ڕووی زەمەنیەوە هاوتەریب بووە لەگەڵ مەتڕسیەکانی سەردەم و لە ڕووی چەمک و مێکانیزمەوە هاوشێوەی سیستەمی کۆنی نەتەوەکانی ترە کە زۆربەیان هەر زوو پێش سەدەی نۆزدە و بیست بنەبڕکران; وەک فیودالیزم و چەمکی سامورایی لە یابانی دەرەبەگ.
بە کورتی؛ چی دیکە بیروکەکان لەبەر دەرگای کۆمەڵگا ناوەستێن، بەڵکو بە پۆرتاڵەکانی ئەنتەرنێتی و سەتەلایت راستەوخۆ بۆ ناو گیرفان و ژووری دانیشتنی تاکەکان دەچن. ئێستا زۆر زیاتر لە جاران ووشەی بێگانە هاتووەتە نێو زمانی کوردی وە زیاتر لە جاران کەلتوور و هزری بێگانە کار لەسەر شێوازی ژیانی کورد دەکات، کە دەکرێت بەشێک لە پرۆسەی پۆزەتیڤی هاوچەرخی گەردونی بوون (globalisation) هەژماربکرێت. جیا لە بیروکەکان، دوژمنەکانیش ئەگەر هەر هەولێک بدەن بۆ هێرش کردن سەر کورد، چیدیکە ئەم پەیکەرە دەرەقەتی بەرگڕی نابیت بە تایبەت کە بە ڕوونی بووەتە هۆی لێکپچڕان و هاوئاهەنگ نەبوونی هێزەکانمان .کەواتە ئەم پەیکەرە کە زیاتر لە ماوەی پێویست لە سەر کار ماوەتەوە، ڕێگری لە چی دەکات؟ دەکرێت بلێم ئەشیرەتگەری لە کوردستان بە هۆی هاوئاهەنگ نەبوون لەگەل جیهانی هاوچەرخ و خواستە مرویی و کۆمەڵایەتیەکانی تاکی نێو کۆمەڵگا ئەوەتا ڕێگری دەکات لە گەشەکردنی بیروکە و فکری پێشکەوتنخواز و چاکسازی خوازی تاک و کۆی جڤاک. سیستەمێکی ماوەبەسەرچوو کە هەرچی دەمێنێتەوە، زیانی زۆرترە لە سوودەکانی.
هەر لەبەر ئەم پەیکەرەیە کە فەرهاد پیرباڵ بە هەموو نووسینە پڕ بەهاکانی بە “نووسەری هەولێر”ی ماوەتەوە، وە بەختیار عەلی بە نووسەری زۆنی سەوز. موسیقای دڵگیری زۆر لە هونەرمەندانی سلێمانی لای خەلکی ناوچەی بادینان نامۆیە و ئاهەنگی رەسەنی بادینانیش بۆ گوێی زۆرێک لە خەلکی سلێمانی نەناسڕاوە. قسەی لۆژیک و چاکی هیچ کامیان لە شوێنی ئەوەی تر کار ناکات. کەسێکی ئەشیرەتی سندی لە زاخو، هەرچەند رۆشەنبیرێکی بلیمەت بێت، لە دهوک جێی نابێتەوە. جیا لە بابەتی فکری و ئەقلی، لە ڕووی ئابوریشەوە کەسێک کە خەلکی کۆیە بێت، بە خەیالیشیدا نایێت هەڵێکی کار لە ئاکرێ بەدەستی بکەوێت. تاک لە نێو ئەم شەبەکە ئەشیریە، بە هەست و جەستەوە، گیری خواردووە. بێجگەلەوەی بیر کردنەوە و لێکدانەوەکانی تاک لە ناو ئەم تۆڕە ناچەگەریە سنووردار کراوە، وە سەرچاوەکانی ژیانیشی سنووردار کردووە. هەر بۆیەش، کوردستان کە هەرێمێکی ستراتیجی گرینگ و زەنگینە لە سەرچاوەکانی مروویی و سروشتیەوە، دابەش کراوە بە سەر چەند گوندێکی بچوکی لێکدابڕاو.

پرۆسەی گیشتگڕی نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگا

ئەمە لە پرۆگرامی مێشکی گەشەسەندووی مرۆڤ نیە کە سنووردار بکرێت. ئەوەی سەدان جار تووشی گۆرانکاری بووتەوە، کۆمەڵگایە. ئەگەر نا جەوهەری سایکۆلۆژیای مروڤ نەگۆراوە. ئێستاش کاتیەتی ئەم پەیکەرە کە بە درێژایی مێژوو خزمەتی ناسنامەی کوردی کردووە نۆژەن بکرێتەوە و ئاسارە کۆنەکانی لە موزەخانەکان و هۆلەکانی وانەی مێژوو رێزی لێ بگیرێت.
لە وڵاتانی پێشکەوتوو، دوای سەدان جۆر گۆرانکاری لە پەیکەری کۆمەڵگا، وە سەرەڕای دەیان یاسا و رێنەمایی تووند و دیراسە کڕاو کە تاکی ناچار کردووە کە لە کۆمەلگایەکی چەند ملیونی بژیت، بەلام مێشکی تاکەکە، هەروەک مێشکی مروڤەکانی پەنجا هەزار سال پێش، بەرێژەیەکی بەرچاو تەنیا سەرقاڵی سێ بۆ چوار کەسی دەوروبەری خۆیەتی. ئەوەی جیاوازە لەگەل پەنجا هەزار سال پێش ئەوەیە کە تاکی ئەمرۆی ئەم ولاتانە باشتر لەوە تێگەیشتووە کە هەرچی بەرژەوەندی گشتی گەورەتر بێت، تاک زیاتری بەر دەکەوێت. لە کۆمەلگا قەرەبالغەکەیان تاکەکان بیروباوەری کەسانی تری کۆمەلگە بە هیچ شێوەیەک کاریان تێناکات و شێوازی ژیانی تایبەت بەخۆیان هەیە و سەرچاوەکانی ژیانیش لە بەردەستیانە ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن. هەروەها هەرچەند تاکی کۆمەلگای پێشکەوتوو (نۆژەنکراو) تەنیا خۆی پێ گرینگە، واتە خۆی سەنتەری گەردوونی خۆیەتی، دواتر سێ بۆ چوار کەسی دەورووبەری، لەهەمان کاتدا، هەموو چەشنە رێز و خزمەتێکی تاکیش بۆ کەسانی تر هەر بۆ بەرژەوەندی (هەستی و جەستەیی) خۆیەیەتی. لە سەرەتادا ڕەنگە وا لێک بدرێتەوە کە بۆ بەرژەوەندی گشتیە بەڵام لە دەرەنجامدا هەر بۆ بەرژەوەندی خودی خودی تاکەکەیە. هەروەها تاک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان “سی ڤی”ـەکەی پێیە کە زیاتر لە بڕی پێویست شانسی کار کردن و ژیانی پێدەدات.
ڕەنگە بلێین کۆمەڵگا تاک پەروەردە دەکات بەڵام راستی ئەوەیە کە بە کردار تاک کۆمەڵگا دادەتاشێت تا بتوانێت تێیایدا هەست بە سەربەست بوونی “تاک”ـەکەسی خۆی بکات. ئەگەر نەتوانێت کۆمەڵگا بگۆڕێت، یا بەجێی دەهێلیت، یاخود ژێر بە ژێر زیانی پێدەگەینێت. زیانەکەش بە سوودی خۆی دەبێت و گرینگ نابێت بەلایەوە ئەگەر ئەندامانی تری کۆمەڵگا زیانیان پێبگات. ئەم زیان گەیاندنانە بە کۆمەڵگاش هەر مێکانیزمی سایکۆلۆژیای مرۆڤە بۆ دابین کردنی ژیان و ئێمناهی تاکەکە. شێوازێکی ئاسانە بۆ ڕاهاتن لەگەڵ زەمینەکانی ژیان. بەداخەوە دەرەنجامەکە جڤاکێک دەبێت کە بەتاڵە لە بەهاکانی پێکەوە ژیان و رێزگرتن. رەنگە حیزبەکانی سیاسی یاخود گروپە ئایینیەکانیش سوود لەم کەش و هەوایە وەربگرن، و تەنانەت بۆ بەرژەوەندی خۆیان سپۆنسەری بکەن ، بەلام ئەوان ئەم بارەیان نەخوڵقاندووە و بە تەنیا پێیان ناگۆردرێت.
مێشکی کۆرپەیەکی کورد کە لە سکی دایکی دا گەشە دەکات، نازانێت سالی 2020 ـە یا هێشتا پەنجا هەزار ساڵ پێشە. نازانیت کە دەبێت بیروباوەر و شێوازی ژیان و هەڵسوکەوتی خۆی لەسەر بنەمای هۆزچیاتی و بنەمالەیی بونیاد بنێت. راستیەک کە رێک دژی بووارەکانی سایکۆلۆژیای ئەوە. مێشکی ئەم کۆرپەیە ئاگادار نیە کە سەرچاوەکانی ژیان بە پێی دەڤوک و لەهجە و ئەشیرەت دابەشکراون. مێشکی ئەم کەسە، تەنیا بە شێوەیەک گەشە دەکات کە خۆی پێ گرینگ بێت ئینجا چەند کەسێکی دەوروبەری (کەئەویش هەر بۆ بەرژەوەندیەکانی دەروونی و کۆمەڵایەتی خۆیەتی). دێتە سەر دونیا کە بە پێی تێروانینی خۆی و پێویستیەکانی خۆی هەوڵ بدات، راهێنان بکات و بگەرێت بەدوای دۆزینەوەی مانا بۆ ژیانەکەی ، هەروەک ئاموزاکەی کە پێش پەنجا هەزار سال لە شاخەکانی ئەفریقیا دەژیا. بەڵام کە لە دایک دەبێت ڕووبەرووی راستیەکی تر دەبێتەوە.
مێژوو و زانستی مرۆڤناسی بە زەقی پێمان دەلێن کە لە کۆتایی ئەم پەیکەرە بە چەکوشی سایکۆلۆژیای تاکەکان هەر دادەرۆخێت، بەڵام پرسیار ئەوەیە؛ بۆچی ئەم داڕۆخاندنە بەشێک نەبێت لە پرۆسەی چالاکی نۆژەنکردنەوەی کۆمەڵگا بۆ بەرژەوەندی هەموو لایەنێک. هەر هەموو ئەو لایەنانەی ئێستا سوود لەم سیستەمە کۆنە وەردەگرن، دەتوانن بەشدار بن لەم پروسەیەدا و سوودمەند بن لە دەرەنجامەکانی. خۆ دزینەوەی تاک و کۆ لەم بابەتە تاوانێکی مێژوویە و سزاکەش چڕکە بە چڕکە لەسەرمان دەسەپێنرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە