دالیای شەڕڤان و خیانەتێکی تری بنەماڵەی بارزانی بۆ مێژوو

Monday, 20/07/2020, 21:10

7040 بینراوە


(درۆزنترین مرۆڤی سەرزەوی بە درێژایی تەمەنی، هێندەی یەک ڕۆژی سیاسەتمەدار بچوکترین درۆی نەکردوە "مشێل فۆکۆ")

---------------------------
دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەو تۆپەڵە خائینانە، کە هەرێمێکیان لەماوەی ٣٠ساڵدا لە ژێر دەستایە، پەیتا پەیتا ڕووداوی سەیرو سەمەرە تێیدا ڕوودەدات، مرۆڤ ناتوانێت هێندە بینەری ئەو هەموو تاوانە قێزەونە بێت کە ڕۆژانە وەک ژار دەرخواردمان دەدەن. هار لەلەشکرکێشی و کۆڵوانەسوری پێش سوپای داگیر کەرانەوە، تا شاردنەوەی جەلاد و تاوانبار و فڕۆکەوانی بەعس و تورک و ئێرانی و سەدان هەڵهاتوی بەردەم دادگا و شاردنەوەیان، تا دەگات بەتیرۆرکردنی سەدان کورد لەبەشي داگیر کراوەکانی ترەوە ڕوویان لەهەرێمە دەکەن، ژنکوژیی و ڕۆژنامەنووسکوژ و ئۆپسیزۆنکوژ و کردنەوەی دەیان دەزگا و مۆڵی دەزگا تیرۆریستەکانی جیهانی، کە لە ژێر کۆمەڵێک ناوی سەیرو سەمەرەدا بوونیان هەیە.
لەدوێنێوە هەواڵی تەسلیم کردنەوەی " دالیای شەڕڤان" بۆتە باسی ڕووداکانی هەرێم. باوکی دالیا ڕوونکردنەوەی داوە و دەڵێت : دالیا لەڕێگەی پارتییەوە تەسلیمی تورکیای فاشی کراوەتەوە. وەزارەتی ناوخۆ ئەمڕۆ ڕونکردنەوەی داوە. باسنویسی پاراستنیش دەستە خوشکەکەی میت لەماوەیەکی کورتا چیرۆکێکیان هۆنیەوە و دالیایان کردە دڵدارێکی عاشق و لەتاو مەعشوقەکەی خۆی تەسلیمی تورکان کردوە و ناوێکیشیان داتاشیوە گوایە گەریلاکە لەگەڵ دالیادا خۆشەویستی یەک بوون، گەریلاکە تەسلیم بۆتەوە بە تورکیا و دالیاش دوای کەوتووە بەقاچاغ جۆتە ناو تورکیا و دوایش خۆی تەسلیمی دەسەڵاتدارانی تورک کردوە، باسنیوس ڤیدیۆ کلیپێکیشی لەڕێگەی دەزگای میتەوە بۆ دروستکراوە و ڕاستەو خۆ لە ماڵپەڕەکەیدا دایان ناوە. دالیا لەگەڵ سێ ژاندرماریدا لەئۆتۆمۆبێلێک دادەبەزێت و دوایش بۆ نادیاری دەبەن.
باسنویس دەڵێ: سەیرکەن دالیا نە کەلەپچە کراوە، نەهیچ جێگەیەکی ئەشکەنجەی پێوە دیارە، پاراستن هێندە بەکرچ و کاڵی ئەم سیناروێیەی داڕشتوە لەگەڵ تورکاندا، هێندەی دیکە رووی رەشی بۆ خۆیان و بنەمالەی بارزانی تۆمارکردووە، ئەگەر ئەو چیرۆکە راست بێت، گەر وایە ئەی بۆ میت ئەو ئەرکەشی نەکێشاوە کە ڤیدیۆی گەریلا تەسلیم بووەکەی بۆ نەناردون؟ گوایە گەریلاکە ناوی "سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان".
ئەم سینارویە بێتامە، هەر ئیلهامی دراما تورکییەکان و لەوێوە هەڵهێنجراوە. پاراستن و دەزگا قەشمەرەکەی زانیاری هەموو جارێک سیناروێکەتان کە پێشانمانی دەدەن ئابڕوتان لەکەدارتر ئەکاتەوە، دەیسلمێنن کە ئێوە کۆمەڵێک کەسانی منداڵ و بێ ئەقڵ، تەنانەت لەکارەکانی خۆتاندا نازانن بە جوانی درۆ هەڵبەستن، درۆکان وا رێکبخەن، خەڵکی بکەوێتە گومانەوە و بڕواتان پێ بکەن! بۆ جاری چونکە ئێوە ٣٠ساڵە ئێمە لەناو ئەو هەموو لیک و دومەڵە پیسەی ناو مێشکەی ئێوەی خائیندا گنگڵ دەدەین.
گەر دالیا خۆی چۆتە تورکیا و وازی لەخەباتکردن هێناوە، بۆچی لەجێگەیەک وێنەی دەگرن کە ژاندرمە و زریپۆش و سەدان جاسوس و پۆلیس و سەرباز دەبینرێت ؟ بۆچی ئازاد ناکرێت و ئازادانە بەڕێگەدا بڕوات؟. پاراستن هێندە داماوە وادەزانێت بەم شێوەیە وێنەی گیراوە، و میت کەلەپچەی نەکردۆتە دەست، ئیتر ئەوە چیرۆکەی دروستیان کردووە بە راستی خەڵکی بڕوای پێ دەکات!؟ وەک خۆیان کە بەرخورد لەگەڵ گیراوەکانیاندا دەکەن.
دالیا سەر بە یەكینەكانی پاراستنی گەل بووە، یەکێک بووە لەشەڕڤانەکان، ئەو شەڕڤانە لەناو وانەکانی ئەخلاقەوە گەورە کراون، بەبەرچاوی دالیاوە سەدان دالیای وەک خۆی لەشەڕدا گیانیان بەخشیوەتە نیشتمان و کەرامەتی هەموو کوریان پاراستوە، باوکی دالیا دەڵێت: دالیا نەخۆش کەوتووە، بۆ چارەسەر ڕووی لەهەرێم کردوە، من هیچ گومانم لەم لێدوانەی باوکی دالیا نییە، بەڵام دەکرا باوکی یان یەکینەکانی پاراستنی گەل ئاماژەیان بە نەخۆشییەکەی بدایە، ئەو دەم هیچ گومانیان نەدەهێشتەوە. خاڵێکی تریش کە دەبوو ئاماژەی پێبدەن لەکوێ هەرێمدا بووە و لە کامە خەستەخانە چارەسەری وەرگرتوە؟
باوەڕم وایە کە لەداهاتویەکی نزیکدا وەڵامی ئەم شتانە وەردەگرین، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، وەزارەتی ناوخۆ کە زیاتر لە وەزارەتێکی سیخوڕی میت دەچێت، روودەکاتە پەکەکە و دەڵێت ئێوە تۆمەت دەبەخشنەوە، لەکاتێکدا دەبێت ئێوە لەهۆکاری ئەوە بکۆڵنەوە کە بۆچی گەریلاکان هێزەکانتان جێدەهێڵن ؟ ئەمە قەشمەرترین پرسیارە، کە وەزارەتێک بیکات. چونکە چوار چەتەی داعش ڕووی لەشەنگال کرد، هێزێکی ١٥٠٠٠چەکداری پارتی نەک گوللەیەکیان نەتەقاند، بەڵکو هەموویان ڕایانکرد و گەلی ئێمەیان تەسلیمی چەتەکانی داعشکرد، ئەی بۆکەس نەی پرسی ئەرێ مەسعود بەرازی قارەمانەکەی ئێوە، چ بەشەرێک بوو، کەوا ئەم بێحورمەتیەی پێ کردن و ئێوەش ئەم جاشایەتییەتان قبوڵ کرد ؟
هەر لەو سەرو بەندەدابوو ڕووداو پەیامی داعشەکانی لەناو موسڵەوە دەدا بەگوێمانا و باسی جەوامێری دەوڵەتی تازەی دراوسێی بۆ پەخش دەکردین. پرسیاری لەژیان و گوزەرانیان دەکرد.
خاڵێکی لێک چوون هەیە لە نێوان تەسلیم کردنی "مستەفا سەلیمی" بەدەستی یەکێتی و دالیای شەڕڤان بەدەستی پارتی، بۆیە ئێستا یەکێتی زۆر پێداگری ناکات، بەڵکو لەمێدیا سێبەرەکانیشیەوە تەنها ڕوونکردنەوە قەشمەرەکەی وەزارەتی ناوخۆ یان بڵاوکردۆتەوە، بۆ ئەوەی بە پارتی بڵێت: ئێستا ئێمە فیفتی فیفتیین، ئێمە مستەفا و ئێوەش دالیا.
ئەو ڕونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لەڕوونکردنەوەی دەزگا بەدناوەکەی پاراستن یان زانیاری دەچێت : دەڵێن دالیا شەڕڤان بووە، بەقاچاغ خۆی گەیاندۆتە تورکیا. ئێمەدەڵێین لەکاتێکدا بەدرێژایی سنورەکان شەڕە و سوپای تورک و جاشەکانی لەهەموو جێگەیەکن، لەکوێوە ئەم شەڕڤانە رایکردوو چووە ناو تورکیا ؟ بۆ چیش ؟ بۆ ئەوەی دوای کوڕێکی نادیاری گەریلا بکەوێت چوونکە حەزی لێکردووە و ئاگری جگەر هەڵیگرتووە، وازی لە هەموو شتێک هێناوە! پاشان گەر نیازی خۆ تەسلیم کردنی هەبێت بەتورکان، بۆ دەچێتە ناو قوڵایی باکور ؟ لەکاتێکدا سەدان گەجەرو گوجەری تورک لەهەموو چیزەیەک لەهەرێم تەراتێن دەکەن، بۆ خۆی نەکرد بەناو یەکێک لەو هەموو بارەگاو ئاخوڕانەیا کە تورک لێی ئاسودانە نیشتەجێن ؟
مەسعود بارزانی پێی وایە دالیای برازای ساڵح موسلم، وەکو نەبیلەی کچی خۆی وایە، کە لە پاریسەوە بە گریانەوە گەڕایەوە، ئیتر بە زۆر بەسەر نێچیریاندا ساغ کردەوە! (تێبینی: ئەوە دانپێدانانی نێچیر خۆیەتی، کە لای یەکێک لە خزمەکانی دایکی باسی کردووە، وتبووی ئەگەر وام نەکردایە دەیانکوشتم).
وەزارەتی ناوخۆ کە وەکو بەشێک لە دەزگای میت و پاراستنە، با ناوی چوار شەڕڤانمان بداتێ، کە ڕیزەکانی شۆڕشیان جێهێشتبێت، ئەمە جگە لەشەرمەزاریی و خزمەتکردن و کۆیلایەتی بۆ تورک هیچ نییە.
ئەوەی جێگەی نیگەرانی منە هەموو مێدیاکانی باشوور، بە ئەهلییەکانیشەوە وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کونە سەگدا دۆزیبێتەوە ڕاستەوخۆ ڕوونکردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ بڵاودەکەنەوە، بە بێ ئەوەی ووشەیەک لەسەری بڵێن!، لەکاتێکدا ئەم میدیاکارە خوێڕی و خائینانەش شەرمنانە ڕوونکردنەوەی باوکی دالیا بڵاودەکەنەوە، یان هەندێکیان هەر بڵاویان نەکردۆتەوە. ئەمە دواجاریش نییە کە دەسەڵاتی خائین هەستابێتن بەخیانەتێکی تر بۆ ئەوەی خەرمانی خیانەتیان باڵابەرزتربێت.
دالیا شەڕڤان :
خاوەنی ئیرادە و باوەڕێکە، کە لە ئیماندارێک دەچێت لەناو ناکۆکێکاندا خۆی ئامادەکردووە، مرۆڤی خاوەن باوەڕ یاری بەکەرامەت و مێژووی خۆی ناکات. ئەو عەشقی خاکی خۆیەتی، نەک کوڕێک کە پاراستن و میت لە هەناوی درامای تورکیەوە هەڵیان هێنجاوە، پاراستن بۆ ئەوەی تاوانەکەیان لەبیر خەڵک ببەنەوە، دالیایان کردووە بەعاشق، چونکە ژنان لای بنەماڵەی مالامستەفا هێڵی سورە، نەک نیشتمان. دالیا لە چیرۆکێکەوە دەگلێنن کە پارتی و پاراستن سەدان تاوانیان لە سەر کردووە. سەردەشت عوسمان زاوا خەیاڵیەکەی مەسعود بارزانی هەر لەبەر خەیاڵی ئەو گەنجە ڕۆژنامەنوسە تیرۆرکرا. دالیا دوا دیاری پارتی نییە بۆ تورکان وەک چۆن مستەفا سەلیمی دوا دیاری ماڵی تاڵەبانی نەبوو بۆ کۆماری خوێن و سێدارە. یەکێتی هەرچی دەکات بۆ تورکان و ئێرانییەکان، بەپارتی ناگاتەوە، ئەوان هەرزان کارەکانیان دەکەن، بەڵام پارتی وەک ئەرک چیان بوێت وەک سەربازانی تورک و پاسدارانی ئێرانی فەرمان جێبەجێ دەکەن. چ شەرمەزاریەکە وەزارەتی ناوخۆت هەبێت، کە هەڵگری ئەو هزرە داماوەیە.

سیمۆن دیبۆڤار دەڵێت: "زیرەکانەترین ڕێگە بۆ زاڵبوون بەسەر هەر کۆمەڵگەیەکدا، سووککردن و سنووردارکردنی ژنانی ئەو کۆمەڵگەیەیە. چونکە ژنانی دیل هەرگیز ناتوانن مرۆڤانی بە ئاگا و ئازادیخواز پەروەردە بکەن". 

پاراستن و وەزارەتی ناوخۆ وا دەکەن، بەبێ ئەوەی" سیمۆن دیبۆڤار" یان بیستبێت.
ئەمەش ڕونکردنەوەی باوکی دالیای شەڕڤان. بەهیوام تیشکی زیاتر بخاتە سەری. . .
------------------------------

(لێدوانێک بۆ ڕای گشتی)

کچەکەمان (دالیا مەحمود موسلیم) وەک سەرجەم کچان و کوڕانی باکورو ڕۆژهەلاتی سوریا پێش شەش سال پەیوەندی کردوە بە (یەکینەکانی پاراستنی ژن YPJ ) بەمەبەستی بەرگریکردن لە خاك و گەلەكەی لە دژی ڕێکخراوی داعش و چەتەكانی، لەبەر چەند هۆکارێکی تەندروستی پێش شەش مانگ دەستبەرداری هەڤالان و ئەرکەکانی بو، بەمەبەستی چارەسەرکردن ڕویکردە هەرێمی باشوری کوردستان، لەوێ بەردەوام لە پەیوەندیدابو لەگەڵ خانەوادەکەی، پێش ماوەیەكی كەم لەمەوبەر پەیوندی کرد بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ناو خانەوادەکەی لە ڕۆژئاوا بەڵام سەرمان سوڕما بە ڕادەستکردنی بە دەسەڵاتدارانی تورکیاو دەزگا هەواڵگرییەكانی ئەو وڵاتە.
بۆیە ئێمە پێمانوایە دەسەڵاتدارانی هەرێمی باشوری كوردستان بەرپرسیارەتی بێ سەروشوێنکرنی لەباشور یان ڕادەستکردنی بە دەزگای هەوالگری تورکیایان لە ئەستۆیە.
هەر وتەیێک لەسەر زاری كچەكەمان دەوترێت یان پێی دەوترێ لەژێر فشاردا، دورە لە ڕاستی و مەبەست لێی ناشیریكردنی ئابڕوی خانەوەدەکەی و دەزگاکانی خۆبەڕێوەبەرییە لە ڕۆژئاوا.
داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی دەکەین دەستوەردان بکەن بەمەبەستی ئازادکردنی کچەکەمان لە چنگی هەواڵگری تورکیاو گرەنتی گەڕانەوەی بکەن بە سەلامەتی بۆ ناو خانەوادەکەی.
مەحمود محەمەد موسلیم
باوکی دالیای ونکراو - کوبانێ
١٩ ی تەمموزی 2020


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە