ئەینشتاین و بەناوبانگترین هاوکێشە لە مێژوودا

Friday, 24/07/2020, 1:31

8766 بینراوە


«ئێمە ئێستە بووینە بە خاون کۆمەڵێک ئامرازی وەک، تەلسکۆپ و تیشکی لەیزەر و هی دیکە کە وایان لێ کردووین، بتوانین ژمارەیەکی زۆر لە پێشبینییەکانی بەر لە دەیان ساڵی بسەلمێنین، بلیمەتییەکەی تا ئەو ئاستەیە کە زاناکان ئەمرۆکەش بە پاشماوەی بیروڕاکانی ئەو نۆبڵ بەدەست دەهێنن.» میچیۆ کاکو*

---------------------------------

بەشی یەکەم: ژیانی ئەینشتاین و کارەکانی

زێدەڕۆیی ناکەین ئەگەر بڵێین ئەینشتاینی خاوەن هۆشی ئەفسانەیی، یەکێکە لە زیرەکترین و بلیمەتترین زاناکانی مێژووی مرۆڤایەتی و بە هێمای زانستی هاوچەرخ دەناسرێت. گشت بوارە جۆراوجۆرەکان ژمارەیەکی زۆر لە زانایان بەخۆوە بینیووە، بەڵام هیچ یەکێکیان هێندەی ئەنیشتاین کاریگەرییان نەبووە لەسەر هزری زانستی، چونکە ئەمەیان تێڕوانینی مرۆڤی بە بیرۆکە و بیردۆزە زانستییەکانی بۆ گەردوون بەتەواوەتی گۆڕی. دەکارین ببێژین کە زانستی فیزیای سەرلەنوێ داڕشتەوە، چونکە بە دەرەنجامی کارەکانی ئەینشتاین، توانرا چییەتی زۆربەی ئەو دیاردانە ڕوون بکرێنەوە کە فیزیای کلاسیکی پێی نەکرا ڕاڤەیان بکات. ئەینشتاین گەلەک پێش سەردەمی خۆی کەوتبوو، لەبەر نەبوونی ئامراز و کەرستە زانستی و تەکنەلۆژییەکان لەو دەمەدا، وای لێ کرد نەتوانی گشت بیروڕا زانستییەکانی بە کردارەکی و بە ئەزموون یەکلایی بکاتەوە، بەڵام خۆشبەختانە زۆربەی پێشبینییەکانی پاش دەیان ساڵ هاتنەدی.
دۆزەوەکانی ئەینشتاین و بیردۆزەکانی، بەتایبەتیش دەرەنجامە مەترسیدارەکانی هاوکێشەکەی بۆ پێوەندی نێوان وزە و ماددە، هەموو جیهانی سەرسام کرد. ئەینشتاین وای بۆ دەچوو کە هاوکێشەکەی لەبری سوود، زیانی بە مرۆڤایەتی گەیاند، چونکە لەژیانیدا تەنیا لایەنە تۆقێنەر و تاریکەکەی بینی، نەی زانی کە هاوکێشەکەی ڕووێکی دیکەی ڕۆشنی هەیە و دەتواندرێ وزەی ناوەکی بۆ بەرژەوەندی مرۆڤ ئاراستە بکرێت. بیردۆزەکانی یارمەتییەکی زۆری پێشکێش بە زاناکان کرد، بۆ دۆزینەوەی وەڵام و ڕاڤەی گەلەک دیاردەی ئاڵۆز و شاراوە وەک، سەرهەڵدانی گەردوون لەئاکامی وزەیەکی یەکجار مەزن و پەیدابوونی ئەستێرە و تەقینەوەیان و گۆڕانیان بۆ بارستایی و پێکهاتنی هەسارەکان، لەبەرئەوەی لەم سروشتەدا بەبەردەوامی وزە دەبێتە بارستایی، بە پێچەوانەوەش.
پێویستە هەر لەسەرەتاوە بڵێین کە هەوڵ دەدەین لەم بەشەدا کورتەیەکی ژیانی ئەینشتاین و کارەکانی بخەینە بەردەست، لەگەڵ بایەخدان بە پێوەندی نێوان ماددە و وزە و ئەزموونی گۆڕینی وزە بۆ ماددە.
لە بەشی دووەمیشدا ئاماژە دەدەین بە هاوکێشە بەناوبانگەکەی ئەینشتاین لە گۆڕینی ماددە بۆ وزە، هەروەها لە چۆنەتی کاری بۆمبی ئەتۆمی دەدوێین، وەک یەکێک لە دەرنجامە مەترسیدارەکانی ئەو هاوکێشەیە. 

کورتەی ژیانی ئەینشتاین

ئەلبرت ئەینشتاین (Albert Einstein) لە ساڵێ ١٨٧٩ لە شاری ئولم لە وڵاتی ئەڵمانیا لە خێزانێکی جوو لەدایکبووە، پاشان ئەڵمانیای جێهێشتووە و لە سویسڕا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژیانی بەسەر بردووە و ڕەگەزنامەی ئەو دوو وڵاتەی پێبەخشراوە. لە ئەڵمانیادا دەستی بەخوێندن کردووە و پاشان لەگەڵ دایک و باوکی بەرەو ئیتاڵیا چووە، لەدوای ئەوەش لە سویسڕا بەردەوامی بە خوێندن داوە، لە ساڵی ١٩٠١ بڕوانامەی مامۆستایی بۆ وانەکانی ماتماتیک و فیزیا بەدەست هێناوە، بەڵام نەیتوانیووە وەک مامۆستایەک کار بکات، پاش ماوەیەک وەک یاریدەرێکی پیشەیی لە نووسینگەی (بەڵگەنامەی داهێنان) دامەزراوە، بە خوێندنی پتر لە ساڵێ ١٩٠٥ بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرتووە. هەر لەو ساڵەدا ئەینشتاین چوار پەڕاوی تۆژینەوەکانی، لە ناسراوترین گۆڤاری فیزیکی ئەو سەردەمە بڵاو دەکاتەوە دەربارەی: کارگەریی کارۆڕووناکی، جووڵەی بڕاونی، بیردۆزی ڕێژەیی، پێوەندی نێوان ماددە و وزە، بەمانەوەش دەروازەیەکی واڵا لەبەردەم ڕەوتی زانستی فیزیا کرایەوە.
لە ساڵێ ١٩١٥ بیردۆزی ڕێژەیی گشتی کە بە شاکاری تۆژینەوەکانی ئەینشتاین دەژمێردرێت تەواو کرا، ئەوەی توانی ڕاڤە و پێشبینی یەکجار ورد بکات بۆ خولگەکانی سووڕانەوەی هەسارەکان بەدەوری خۆر و چۆنەتی کارکردنی هێزی بەکێشکردن. ئەو گریمانانە پاشان لەلایەن دوو زانای ئینگلیزی ناودار (فڕانک دایسۆن و ئارتور ئێدینگتۆن)، لەکاتی خۆرگیرانی ساڵی ١٩١٩ بە دەستنیشان کردنی شوێنی ئەستێرەکان و تێپەڕبوونی تیشک نێزێک لە تەنێکی مەزنی ئاسمانی، بە کردارەکی سەلمێندرا، بەمە ناوبانگی ئەینشتاین لە هەموو جیهاندا وەک هێمایەکی زانستی دەنگی دایەوە. لە ساڵی ١٩٢١ خەڵاتی نۆبڵی فیزیای پێدەدرێت بۆ تۆژینەوەکەی سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کارۆڕووناکی، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە پاش تێپەڕبوونی ساڵێک، ئینجا وەری دەگرێت، لەبەرئەوەی بیروڕاکانی دەربارەی بیردۆزی ڕێژەیی جێی مشتومڕییەکی زۆر بوو لەو دەمەدا. لەگەڵ ئەوەش ئەینشتاین پێداگری لەسەر ڕاستییەتی زانستی ئەو بیردۆزە کرد و لە وتاری وەرگرتنی خەڵاتەکەیدا، لە بیردۆزەکەی دوا و ڕوونکردنەوەی پتری دا بە ئامادەبووان. ئەینشتاین لە کارکردنی بۆ پەرەپێدان بە بیردۆزی ڕێژەیی گشتی، گەیشتە ئەو بۆچوونەی کە گەردوون جێگیر و چەسپاوە، بەڵام پاش ماوەیەک پاشگەزبووەوە و گوتی، دەشێ گەردوون لە فەرەوانبووندا بێت، ئەمەش زانای ناودار هابڵ سەلماندی و دووپاتی کردووە کاتێک (١٩٣٠) لە ڕوانگەی ئاسمانی لە لۆس ئەنجلۆس یەکدییان بینی.
لەو ماوەیەی کە ئەینشتاین خەریکی گەشتی وڵاتان بوو بۆ ناساندنی کار و کردەوەکانی، پارتی نازییەکان بە سەرکردایەتی هیتلەر ڕۆژ بەڕۆژ بەهێز دەبوو و پتر لە دەسەڵات نێزیک دەکەوتەوە. لەبەرئەوەی ئەینشتانیش وەک گوتمان جوو بوو، بۆیە کەوتە بەر هێرشی ناوزڕاندن و دژایەتیکردن، تا وای لێهات مەترسی ڕاستەخۆ لەسەر ژیانی پەیدا ببێ. هەر لەو ڕۆژانەدا بوو (١٩٣٣) پەیمانگەی تۆژینەوە پێشکەوتووەکان لە نیوجەرسی ئەمریکا، پلەیەکی بەرزی زانستییان بە ئەینشتاین بەخشی، بەمەش جێگیر بوو و هەموو ژیانی لەوێ بردەسەر، لەتەک ڕەگزنامە سویسراییەکەی، ئەوەی ئەمریکایشی پێدرا و هەرگیز نەگەڕایەوە نیشتمانەکەی خۆی.
وەک گەلەک لە زانایانی ئەوروپایی کۆچکردووی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی هەرەشەی نازییەکان، دەنگۆی ئەوە بەتەواوی بڵاوبووەوە کە نازییەکان زۆر هەوڵ دەدەن ببنە خاوەن بۆمبی ئەتۆمی. لەڕاستیدا ئەینشتاین خۆی لەو باوەرەدا نەبوو کە بکرێ هاوکێشەکەی بەکردارەکی ئەنجام بدرێت، چونکە هەموو هەوڵەکان شکستیان دەهێنا، بەوەی ئەگەر بمانەوێ بڕێک وزە لە ماددەوە بەدەست بهێنین، ئەوا پێویستمان بە وزەیەکی زۆر زیاترە لەوەی دەمانەوێ بەبەرهەمی بهێنین. بەڵام لە ساڵی ١٩٣٩ هاوڕێیەکی ئەینشتاین زانای فیزیکی (لیۆ زیلارد) گەیشبووە شێوازێک بۆ لەتکردنی ئەتۆم و بەدەستهێنانی وزەیەکی مەزن لە بارستاییەکی گەلەک بچووک، وەک ئەوەی لە هاوکێشەکەی ئەینشتایندا هاتبوو. زانای ناوبراو، ئەینشتاینی ئاگادار کردەوە لە ئەگەرێکی یەکجار ترسناک، لە کاتێکدا ئەڵمانیای نازی ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی! پاش هەوڵێکی زۆر، زیلارد توانی ئەینشتاین قایل بکات، بۆ ئەوەی پێکەوە نامەیەک ئارستەی سەرۆکی ئەمریکی فڕانکلین ڕوزفێڵت بکەن. ئەوە بوو پێی ڕادەگەێنن کە نازییەکان زۆر نێزیکن لە گەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا دەستبەجێ هەوڵی دروستکردنی بدات، لەڕێی پڕۆژەیەک کە بە مانهاتن ناسرا.
ئەینشتاین کەسێکی مرۆڤدۆست و دژەجەنگ بوو، بۆیە ڕاستەوخۆ بەشداری ئەو پڕۆژەیەی نەکرد، بەڵام هەمیشە هەستی بە ناخۆشی و پەژارەیەکی زۆر دەکرد، کاتێک زانی ئەو بۆمبانە چی کارەساتێکی گەورەیان بەسەر خەڵکانی بێتاواندا هێناوە. هەر ئەمەش بوو وای لێ کرد لەگەڵ زاناکانی دیکەدا، بەردەوام هەوڵ بدات بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی جەنگ و بەکارهێنانی چەکە ئەتۆمی و کۆمەڵکوژەکان.
پاش جەنگی جیهانی، ئەینشتاین خۆی بۆ تەواوکردنی کارە سەرکییەکانی بیردۆزی ڕێژەیی تەرخان کرد بۆ بابەتەکانی وەک، چاڵە کرمییەکان، ئەگەری گەشتکردن بە کاتدا، بوونی چاڵە ڕەشەکان، پێکهاتە و پەیدابوونی گەردوون، هەموو ئەوانە بوونە هۆکاری ئەوەی داببڕێت لە زاناکانی ئەو سەردەمە کە زۆربەیان بەوردیی خەریکی فیزیای تەنۆلکەیی (Quantum mechanics) بوون. لە دواساتەکانی ژیانیشیدا بەتەواوی کشایەوە و دوورەپارێز بوو، گشت کاتەکانی لەگەڵ هاوپیشەکانی بەسەر دەبرد لە برینستۆنی شوێنی ئیشکردنیدا.
ئەینشتاین لە ساڵی ١٩٥٥بە هۆکاری خوێنبەربوونێکی ناوەکی کۆچی دوایی کرد، لەسەر ویستی پێشینەی خۆی، لاشەکەی سوتێنرا و خۆڵەمێشەکەشی لە شوێنێکی نادیار وەشاندرا. بەبێ ئەوەی کەسوکاری پێی بزانن، لەلایەن ئەو پزیشکەی کە توێکاری لاشەکەی کرد، بۆ ئەنجامدانی چەند ئەزموونێک دەربارەی نهێنی زیرەکی ئەینشتاین، مێشکی جیا دەکرێتەوە و دەپارێزرێت لەناو گۆزەیەکدا. 
ئەوەی پێویستی بگوترێت، ئێمە لەم بابەتەدا پتر دەڕوانینە کارە زانستییەکانی ئەینشتاین، بۆیە نامانەوێت بەدرێژی ئاماژە بە بیروباوەڕی ئاینیشی بدەین. بەڵام لەبەرئەوەی هەندێک لە بیروبۆچوونە زانستییەکان، بەتایبەتیش لە فیزیای کوانتەمیدا، پێوەندییان هەیە بە پرسە فەلسەفی و ئاینییەکان، بۆیە ناچارین زۆر بەکورتی لێیان بدوێین.
ئەینشتاین دەبێژێت، "بیردۆزی ڕێژەیی توانی تێگەیشتنمان گەلەک قووڵتر بکات بۆ گەردوون، کەچی پێی نەکرا نێزیکمان بکاتەوە لە نهێنی بوونی گەردوون." لەگەڵ ئەوەی ئەینشتاین ژمارەیەکی زۆر گوتەی ناسراوی هەیە دەربارەی ئاین، بەڵام دەبێ بزانین کە هیچ کاتێک خۆی وەک کەسێکی ئایندار نیشان نەداوە، گەرچی هەندێ جار باوەڕدارییەتی بە بوونی خوایەک بۆ ئەم سروشتە دەربڕیووە. کاتێکیش گوێبیستی بیروڕا سەیروسەمەرەی زاناکانی فیزیای تەنۆلکەیی دەبووەوە، بە گوتە بەناوبانگەکەی «خوا یاری زارهەڵدان ناکات» وەڵامیانی دەدایەوە. فیزیای بەر لە بیردۆزی کوانتەمی، بەبوونی پێوەندییەکی پتەوەی یەک بەدوای یەکی کار و دەرنجام، لە دۆخێکی چەسپاو و هاوسەنگدا بوو، واتە تۆ ئەگەر کارێک ئەنجام بدەیت، ئەوا بەبێ هیچ گومانێک کاردانەوەکی دیارکراوی ناسراوت دەست دەکەوێت. بەڵام لە فیزیای تەنۆلکەییدا مەرج نییە، بە بەجێهێنانی هەمان کردار، گشت کاتێک بگەینە هەمان دەرنجام، بگرە هاتنەدی ئەو دەرەنجامە دەوەستێتە سەر هەلومەرجە ئەگەرییەکان، یانیش جیاواز لەوەی چاوەڕێی دەکەین. بۆیە زانا ماکس بۆڕن دەی گوت، کڕۆکی فیزیای کوانتەمی لەسەر ناجێگیری و هەڕەمەکی دامەزراوە، وەک نەخۆشێک وایە کە کێشەی ناڕێکی لێدانی دڵی هەبێت. ئەمەش بەتەواوی دژی باوەڕی ئەینشتاین بوو، بەوەی خوایەک هەبێ ڕێ بدات لەو ڕەهەندە بچووکانەدا، هاوسەنگی و ڕێکوپێکی سروشت دابڕمێت و دەروازە واڵا بێت بۆ شتگەلە هەرمەکی و گوماندارەکان، بۆ ئەو دەرنجامانەی کە نەتواندرێ بە پشتبەستن بە هۆکارەکانیان، بەوردی پێشبینی بکرێن.
خواکەی ئەینشتاین فەلسەفەیی بوو نەک ئاینیی، ئەو دەمەی پرسیاریشی لێ کرا ئایە باوەڕی بە خوا هەیە؟ دەیگوت: من باوەڕم بە بوونی خوای سپینۆزا هەیە، ئەوەی هاوئاوازە و بەڕێوەبەری ڕێکوپێکی هەموو بوونەوەرەکانە لەڕێی یاساکانی سروشت، نەک ئەو خوایەی دەستی بەسەر چارەنووسی مرۆڤەکان گرتووە و بایەخ بە ڕەفتار و بیرکردنەوەیان دەدات.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش ئەینشتاین لە دواساتەکانی ژیانیدا (١٩٥٤) بە نامەیەک وەڵامێکی یەکلاییکەرەوەی گشت ئەوانە دەداتەوە کە پێیان وابوو کەسێکی بێباوەڕ نییە، تێیدا دەڵێت: وشەی خوا لای من جگە لە دەربڕین و دەرئەنجامێک بۆ نەزانین و بێدەسەڵاتی مرۆڤ هیچی دیکە نییە، کتێبی (پیرۆز) هەرچەندە لە کۆمەڵە ئەفسانەیەکی چاکیش پێک هاتبێت، بەڵام دیسانەوە بابەتگەلەکانی سادە و ساویلکانەن، ئاینەکانیش گشتیان نیشاندەری چەند بیروباوەڕێکی پڕوپووچی منداڵانەن.

داهێنانەکانی ئەینشتاین

پوختەی کار و کردەوەکانی ئەمانەن؛
- بیردۆزی ڕێژەیی تایبەت، ئەم بیردۆزە لە کات، شوێن، بارستایی و وزە دەدوێت.
- دەری خست کە تیشک دەتوانێت بجووڵێت بەبێ بوونی نێوەندێکی وەک ئاو، یان هەوا بۆ گواستنەوەی.
- سەلماندنی ئەوەی تیشک خێراییەکی نەگۆڕ و جێگیری هەیە و لە هیچ بارێکدا گۆڕانی بەسەردا نایەت، واتە ڕێژەیی نییە، تا لەگەڵ جووڵەی چاودێر بگۆڕێت.
- بیردۆزی ڕێژەیی گشتی، بەم بیردۆزە چەمکی چەمانەوەی بۆشایی، یاخۆ شوێن سەری هەڵدا، ڕوونی کردەوە کە دەشێ تیشک بچەمێتەوە، ئەگەر بە تەنیشت تەنێکی مەزنی ئاسمانی تێبپەڕێت.
- مەزنترین داهێنانەکانی ئەینشتاین، دۆزەوەی شەپۆلەکانی بەکێشکردنە کە نابیندرێن، بەڵام دەکرێ شوێنەوار و کاریگەرییەکەی دەربکەوێت، ئەو دەمەی تەنە فرەمەزنەکان لە بۆشایی ئاسماندا بە گوڕێکی یەکجار زۆرەوە دەجووڵێن.
- ڕاڤەکردنی کارتێکردنی کارۆڕووناکی، ئەم بیردۆزەش ڕۆڵیکی سەرەکی دەگێڕێت لە فیزیای هاوچەرخ، بەمەوە سەلمێندرا کە تیشک تایبەتمەندییەکی دووانەیی هەیە، هەم تەنۆلکەیە و هەم شەپۆل (نۆبڵی پێ وەرگرت). 
- هاوتابوونی ماددە و وزە، لەڕێی هاوکێشە بەناوبانگەکەی ئەوەی خستە ڕوو کە ماددە و وزە یەک شتن و دەکارین بۆ یەکدییان بگۆڕین.
ئەینشتاین لە دەرەنجامی کار و بیردۆزەکانیدا، توانی چەند پێشبینییەک بخاتە بەردەست وەک: چەمانەوەی تیشک، هاوێنەی بەکێشکردن، کشانی کات، لادانی تیشک بەرەو ڕەنگی سوور، شەپۆلی بەکێشکردن. تەنیا ئەوەی یەکەمیان وەک پێشتر ئاماژەمان پێی کرد کە ئەینشتاین لە ژیاندا بوو هاتەدی، ئەوانەی دیکە هەموویان بەدەیان ساڵ پاش مردنی سەلمێندران. ئەمانەش هەموویان بەڵگەی ئاشکران لەسەر بلیمەتی و بێهاوتایی ئەو زانا مەزنە.
داهێنان و هاوکێشە یەکجار سادە و ساکارەکەی بەتەواوی پێناسە و چەمکی وزەی لەلاماندا گۆڕی، گەلەک پێشکەوتنی جۆراوجۆریان پێمان بەخشی، ئەوانەی گرینگییەکی یەکجار زۆریان هەیە بۆ مرۆڤ وەک؛
- وێنەگرتنی بڕگەیی لەڕێی پۆزیترۆنەکان (PET)، ئەم تەکنیکە چالاکی تیشکاوەری بەکار دەهێنێت بۆ دیتنی ناوەوەی لەش.
- هاوکێشەکەی وای لێمان کرد، پەرە بدەین بە پەیوەندی کردن بە مانگە دەستکردەکان و گەڕۆکە هەسارەییەکان (rover).
- زانینی مێژوو و تەمەنی شوێنەوار و تەنە کۆنەکان، لەڕێی تیشکاوەرییەوە (تەمەنی نیوە).
- وزەیەکی ناوەکی دەتوانێت سەرچاوەیەکی پاک و کارا بۆ کۆمەڵگەکانمان دابین بکات.

پێناسەی ماددە و وزە

سەرلەبەری ئەم گەردوونەمان لە وزە و ماددە پێک هاتووە، کۆی بڕی ئەم دووانە لە گەردووندا کە سیستەمێکی داخراوە، چەسپاو و جێگیرە و نە لەناو دەچن و نە دروستیش دەکرێن لە هیچەوە، تەنیا ئەوەندەیە دەکرێ بۆ یەکدی بگوڕدرێن. لەبەرئەوەی لەم بابەتەدا پتر لە ماددە و وزە و پێوەندییان بەیەکەوە دەدوێن، بە پێویستی دەزانین بە چەند دێڕێک پێناسەیان بکەین.

بارستایی

ئەگەر تۆپێکی لاستیکیمان هەبێت، دەتوانین بیپەستینەوە بۆ بچووککردنەوەی قەبارەکەی، ئەم تۆپە وەک هەموو تەنەکانی دیکە بڕێک لە ماددە دەگرێتەخۆ کە خاوەنی پێناسە و تایبەتمەندییەکی دیارکراوی هەیە. ئەو بڕەش چەسپاوە و بەگۆڕانی قەبارەکەی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نایەت، واتە کاتێک تۆپەکە ببەینە سەر چیایەک، یان بۆشایی ئاسمان، یاخۆ ناخی زەوی، ئەوا بڕەکەی هەر وەک خۆی دەمـێنێتەوە و ناگۆڕێت. بڕی ماددەی (ژمارەی گەردیلەکان) لە شتگەلەکاندا هەیە بارستایی پێی دەگوترێت کە دەتوانین بپێوین و بەراوردی بکەین لەگەڵ بارستاییە دیارکراوەکانی دیکە لەڕێی تەرازووەکانەوە، یەکەیەکەشی گڕامە. هەرچەندە ئەو پێوانە کردنە ناو دەنرێت بە کێشان، بەڵام لەڕاستیدا پێوانەی بارستاییە نەک کێش، چونکە کێش هێزی بەکێشکردنی زەویە بۆ تەنەکان و بە یەکەی نیوتن دەپێورێت. لەبەرئەوەی کێش پێوەندی بە هێزی بەکێشکردنەوە هەیە، بۆیە بە جیاوازی شوێن گۆرانی بەسەردا دێت. کێشی تەنێکی ٥٠ کیلۆیی، لەسەر زەوی یەکسانە بە ٤٩١ نیوتن، کەچی لەسەر مانگ دەکاتە ٨١،٥ نیوتن.
هەرچەندە گوتمان، بڕی بارستایی گۆڕانی بەسەردا نایەت، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین، ئەو دەمەی جووڵەی بارستاییەکان نێزیک دەبێتەوە لە خێرایی تیشک، ئەوا دەچنە بارودۆخێکی دیکە. خێرایی بارستاییەکان لە هەلومەرجی ئاساییدا هێندە کەمە کە نەتوانین بەچاکی بیپێوین، یان هەستی پێبکەین. کاتژمێرێکی وەستاو قورسایی کەمترە لەوەی کاتێک ئیش دەکات، بەمەش دەبێتە خاوەن جووڵەوزەیەک لە کاری بەشە جووڵاوەکان و گەرمبوون بەهۆی لێکخشاندن و چەند هۆکاری دی. باشە ئەگەر وایە بۆ ئێمە هەست بە پتربوونی بارستاییەکەی ناکەین؟ لەبەرئەوەیە ئەم بڕە زیادە هی ئەوە نییە پێی بزانین، چونکە دەکاتە بەشێک لە ملیار ملیاری کۆی گشتی بارستایی تەنەکە لە باری وەستاودا. بەڵام کە جووڵەیان لەڕادەبەدەر خێرا دەبێت، زۆر بەچاکی گۆڕانی بارستاییمان بۆ بەدەر دەکەوێت. لەو ئەزموونانەی لەسەر ئەلیکترۆن کران، بینرا کە بە پترکردنی خێراییان تا نیوەی خێرایی تیشک، بارستاییان بە بڕی ١،١٥ جار زیاتر دەبوو.

وزە

هەرچەندە وزە تەنیا جوولەیەکی لەرەلەردارە و هیچ تایبەتمەندییەکی ماددەیی نییە، بەڵام لە فیزیادا دەکرێ پێناسەی بکەین، بەو توانایەی ماددە هەیەتی بۆ ئەنجامدانی کارێک. واتە ئەگەر ماددە بووە خاوەن وزە، ئەو دەمە دەتوانێت ئیشێک بکات، وەک ئەوەی بەرزی بکاتەوە لە شوێنێک بۆ یەکێکی دی، یان وای لێ بکات بیخاتە جووڵە. بۆ نموونە، با وزەدارە و دەکرێ کەشتی پەردەدار و ئاشی بایەوانی بجووڵێنێت، شەپۆلی بەرز و مەزنی دەریاش لەوانەیە گەلەک کاولکەر بێت لەبەر بوونی ئەو وزەیەی کە هەیەتی. وزە دەشێ مات و وەستاو، یان جووڵاو بێت، بە یەکەیەکیش دەپێورێت پێی دەگوترێت، جول.
وزە چەندان شێوە و جۆری جیاجیا وەردەگرێت وەک، میکانیکی، کیمیایی، گەرمیی، کارەبایی، ناوەکی، موگناتیسی ... هتد. هەریەک لەمانە دەکارین بۆ هی دیکەیان بگۆڕین.

گۆڕینی وزە بۆ ماددە

لە ئەزموونگەی بلاکت (Blackett) لە زانکۆی شایانە لە لەندەن، سێ زانای فیزیکی گەیشتنە شێوازێک بۆ بەبەرهەمهێنانی ماددە لە تیشکەوە، بەگوێرەی ئەو بیردۆزەی کە پێش پتر لە هەشتا ساڵ داڕێژرا (١٩٣٤)، لەلایەن زانایان برەیت (Breit) و ویلەر (Wheeler)، ئەوەی هەرگیز بیری لێ نەدەکرایەوە بەکردارەکی بسەلمێندرێت. کاتی خۆی برەیت و ویلەر پێشنیاری ئەوەیان کرد کە دەشێ تیشک بگۆڕدرێت بۆ ماددە، لەڕێی پێکدادان و هاڕێنی دوو فۆتۆن پێکەوە، بۆ بەدەستهێنانی ئەلیکترۆنێک و پۆزیترۆنێک، ئەمەش ئاسانترین شێواز بوو بۆ گۆڕینی تیشک بۆ ماددە. هەرچەندە ئەمە بەگوێرەی هاوکێشە ماتماتیکییەکان سەلمێندراو بوو، بەڵام هەردوو زانا لەو باوەڕەدا نەبوون، کەسێک بتوانێت بە ئەزموونێکی فیزیکی ئەو پێشبینییەی ئەوان بهێنێتە دی.
ئێستە پێکدادەری فۆتۆنەکان (photon-photon collider) بە پشتبەستن بەو تەکنەلۆژیایەی لەبەردەستە، هەڵدەستێت بە گۆڕینی تیشک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ ماددە، بەمەش دەکرێ ئەزموونە فیزیکییە وزەباڵاکان جارێکی دیکە بێنە کایەوە. ئەم ئەزموونە دەبێتە هۆی سەرلەنوێ دروستکردنی ئەو هەلومەرجەی، لە ١٠٠ چرکەی یەکەمی تەمەنی گەردووندا هەبوو، دەتواندرێت تەقینەوەکانی تیشکی گامای تێدا ببیندرێتەوە کە بە مەزنترین تەقینەوە لە گەردوون دادەندرێ، هاوکات یەکێکە لە گەورەترین ئەو مەتەڵانەی لە فیزیادا هەڵنەهێندراون.
ئەو پێکدادانەی فۆتۆنەکان بە دوو هەنگاو دەکرێ: یەکەمیان، زاناکان لەیزەرێکی یەکجار بەهێز و چڕی بەرز، بەکار دەهێنن بۆ خێراکردنی ئەلیکترۆن کە نێزیک بێت لە خێرایی تیشک. پاشان ئەو ئەلیکترۆنانە دەگرنە تەختەیەکی لە زێڕ دروستکراو، بۆ بەدەستهێنانی گورزێک لە فۆتۆنەکان کە وزەکەی ملیار هێندەی وزەی تیشکی بینراو بێت. هەنگاوی دووەم، زاناکان دیسانەوەی لەیزەرێکی خاوەن وزەیەکەی زۆر بەرز، دەگرنە ڕووی ناوەوەی قوتووەکی زێڕین بۆ دروستکردنی کایەیەک لە تیشکی گەرمیی، هاوشێوەی ئەو تیشکەی لە ئەستێرەکانەوە دەردەچێت. پاشان دێن و گورزی فۆتۆنەکانی هەنگاوی یەکەم ئارستەی چەقی قوتووەکە دەکەن، بۆ ئەوەی فۆتۆنەکانی کە لە دوو سەرچاوەی جیاوازەوە هاتوون پێکدا بدەن، بۆ بەبەرهەمهێنانی ئەلیکترۆن و پۆزیترۆنەکان، دواجاریش پێکهاتنیان تۆمار بکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە