ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

ڕێککەوتن یانیش گرێبەستی(25) ساڵەی نێوان ئێران و چین؟

Saturday, 07.25.2020, 20:16

801 بینراوە


حیکایەتی ڕێکەوتنامەی نێوان ئێران و چین لە حەوتی مانگی جوڵای 2020))دەستی پێکردوە.ئەو رۆژی کە"مەحموود ئەحمەدی نەژاد"لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند؛"دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی نهێنی خەریکی واژۆکردنی گرێبەستێکی 25))ساڵەیە لەگەڵ وڵاتێکی دەرەکی و هەر ڕێکەوتنێک بەشێوەیەکی نهێنی و بێ خۆاست و ئیرادەی گەلانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی بەیانی ببەسترێ،ئەوە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی وڵات و گەلی ئێرانە و بڕواپێکراو نییە و گەلانی ئێران هیچ مەشرووعیەتێکی پێ نادەن."
ئەو لێدوانانەی(مەحموود ئەحمەدی نەژاد) پرسیاری زۆری لەسەر ئەو ڕێککەوتنەی نێوان و ئێران و کۆماری چین دروستکرد و بۆ هۆی ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندا بەگشتی کاردانەوەی خەڵکی ناڕەزای ئێرانی لێبکەوێتەوە و ببێتە مژاری سەرەکی ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆیی و دەرەوە بەگشتی و لەو بارەیەوە کۆمەڵێک لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت،بۆ نموونە هاتنی پێنج هەزار سەربازی چینی بۆ ناوخۆی ئێران،چین نەوتی ئێران بەبەڵاش دەکڕێ و یانیش وڵاتی چین دەبێتە خاوەنی دوورگەی کیش لە کەنداوی فارس لە باشووری ئێران و تەواویی داهاتی دەریایی و وشکایی ئەو ناوچەیە.

ئابووری ئێران؛ نانێک کە بۆنی نەوتی لێدێت!

بەدرێژایی شۆڕشی گەلانی ئێران و ڕووخانی دەسەڵاتی "ستەم" شایی و سەڵتەنەتخۆازەکان و دوای دەستبەکار بوونی حکوومەتی ئیسلامی دەوڵەت تەواویی هەوڵەکانی خۆی بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی داهاتی ناوخۆیی و بەهێزکردنی ئابووری وڵات گڕێداوە بەفرۆشتنی نەوت و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان.ئەوەش کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی لەسەر بەرهەمی ئابووری ناوخۆیی جیاواز لەنەوت هەبووە و هەتا ئێستاش دەوڵەت ناتووانی سێکتەرەکانی تری ئابووری سەربەخۆ و ئازادی غەێرە نەوتی دروست بکات،چۆن لەئێران هەمیشە ئابووری وەبەرهێنان ڕاستەوخۆ پێوەندی بەدەوڵەتەوە هەبووە و کۆمپانیا ودامەزراوە ئابوورییە ئەهڵیەکان مافی ئەوەیان نەبووە،کار لەسەر پرۆژە گەورەکانی وەبەرهێنان بکەن.دەوڵەت لەڕێگای دەرهێنان وفرۆشتنی نەوتەوە پارەی پێویستی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات فەراهەم کردوە،بەڵام ئێستا کە دەبینین ئابووری‌ پشتئەستوور بەنەوت ناتووانی بۆ هەمیشە وەڵامدەرەوە بێ و بەبچووکترین قەیرانەکان دەتووانی خەسارێکی گەورەی بەربکەوێت و ستوونەکانی ئابووری‌ وڵات بخاتە لەرزاندنەوە.وەک چۆن گەمارۆ و نەخۆشی کووشەندەش دەتووانی ڕاستەوخۆ کاریگەری دابنێ لەسەر کەرتی ئابووری وڵات و ژیان و بژێوی خەڵک و چینی هەژاری کۆمەڵگە بخاتە مەترسیەوە.هەر بۆیەش ئابووری نەوتی یانیش بەدەستەواژی ئەمرۆیی نانی نەوتی هێواش هێواش بەرەو کۆتایی دەرۆات و ئێستاش ئەو قۆناغە سەختە لەناوخۆی ئێران دەستی پێکردوە.نەمانی کڕیاری نەوتی ئێران لەبازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی گەمارۆ بەربڵاوەکانی ئەمریکا و هاتنی ڤاێرۆسی کۆرۆنا ڕاستەوخۆ بۆشاییەکی ئابووری و نەختینەیی خووڵقاندوە و زۆربەی بەشەکانی ئابووری وڵات بەرەو مایەپووچ بوون دەرۆن و دەوڵەت و بانکی ناوەندیش تەنیا و تەنیا کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی دراوی نەتەوەیی دەکەن،لەبەرابەر دۆڵاری ئەمریکی،چۆن یەک لە کێشە هەرە گەورەکان لەدەستدانی بەهای دراوی نەتەوەیی ئێرانە لەو قۆناغەدا و خەریکە شەپۆڵی ناڕەزایەتی لەناو جەماوەری ئێراندا دروست دەکات.قەیرانی بێ پارەیی و نەبوونی دەرفەتەکانی کار کردن و بازاڕ بۆ خەڵکی کەم داهاتی وڵات بۆتە مەترسییەکی هەر مەزن و هەموو خەڵک لە ئێستادا لە ناو ترس و دڵڕاوکێ بەردەوامدا دەژین.هەر بۆیە لە ئێستەدا ئەو ڕێکەوتنامەیەی نێوان وڵاتی ئێران و چین لەو قۆناغە دژوارەدا دەنگدانەوەی زۆری دروست کردوە،لەناو ڕای گشتی کۆمەڵگەی ئێراندا،کە ئاخۆ دەوڵەت ناچارە بۆ دابینکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەم کردنەوەی خەرجیەکان و قەرزە نێودەوڵەتیەکان و کەم هێنانی بودجەی ساڵانەی پەنا بۆ فرۆشتنی سەرچاوەکانی دەریایی و وشکایی وڵات بەڕێت.یانیش تەنیا شتێکی فۆرماڵیتەیە وەک هەموو پرۆتۆکۆڵە نێودەوڵەتیەکان و هیچکات ناکەوێتە ئاراستەی بەرژەوەندی و باشتر کردنی دۆخی بژێوی خەڵکی ئێران دایە.

بەڵام ناوەرۆکی حەقیقی ڕێکەوتنامەی نێوان ئێران و چین چییە؟

ئەو ڕێککەوتنامەیە چ بەرژەوەندییەکی بۆ وڵاتی ئێران تێدا مسۆگەر دەبێ و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووری نێوان ئێران و چین دەبێت؟لەو نووسینەدا ڕێکەوتنامەی (بیست و پێنج ساڵەی) نێوان ئێران و چین شرۆڤە دەکەین و لایەنەکانی کاریگەری لەسەر بەرژەوەندی ئابووری دەخەینە بەرباس،بۆ ئەوەی خوێنەرانیش زیاتر و ڕونتر تێبگەن،لە ئاکام و دەستکەوتەکانی ئەو ڕێکەوتنامە بیست و پێنج ساڵەی نێوان چین و ئێران.ئەو ڕێکەوتنە بۆ یەکەم جار پێنج ساڵ پێش ئێستا لە دیداری نێوان ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران (عەڵی خامنەیی)لەگەڵ(شی جین پێنگ)سەرۆککۆماری گەلی چین و لەژێر ناوی "ڕێکەتنی ئێران و چین بۆ پەرەپێدانی پێوەندی ستراتیژی و ژئۆپۆلۆتیکی بیست و پێنج ساڵە"ٚئاشکرا کرا،ئەو چاوپێکەوتنەش یازدە رۆژ پێش ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام لەنێوان ئێران و گروپی پێنج کۆ یەک ئەنجامدرا بوو.
ڕێککەوتنی نێوان ئێران و چین چۆن دەستی پێکرد؟
ڕاگەیاندنەکانی ئێران بەگشتی لە رۆژی سێ پووشپەڕی(1399ی)هەتاوییدا،لەو بارەیەوە نووسیویانە؛وەفدێکی باڵای دەوڵەت بەنوێنەراتی سەرۆککۆماری ئێران (حەسەن ڕووحانی) ناوەڕۆکی ڕەشنووسی کۆتایی ئەو پرۆژە(25 (ساڵەی هاوکاری ستراتیژی نێوان دوو وڵاتی ئێران و چینی هەڵەسەنگاندوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر داوە و هەموو خاڵەکانی ناو ڕێککەوتنامەکەیان قەبووڵکردوە.لەو دانیشتنەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرپشک کراوە،کە چاوپێکەوتن و گفتوگۆی کۆتایی بەبەشداری نوێنەری باڵای هەر دوو وڵات ئەنجامبدات و لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی درێژخایەنی هەر دوو وڵات و واژۆی کۆتایی لەسەر بکەن،لە دوای ڕەزایەتی هەر دوو وڵات.دیارە بارودۆخی ئەو کاتی ئێران لەدوای ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی ناسراو بە(بەرجام )جیاواز بوو و بڕیار وابوو،کە لەدوای ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی جیهانی تەواویی بڕیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر پرسی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان لەسەر ئێران هەڵبوەشێتەوە و ڕاستەوخۆ هەموو وڵاتانی جیهان بتووانن بکەونە پێوەندی سیاسی ودیپلۆماسی و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی جیهانی بتووانن دەربازی ناوخۆی ئێران بن و کاری وەبەرهێنان و گەشەپێدان لە سێکتەری ئابووری ئێراندا دەست پێبکەن.بەڵام دوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە و دەرکەوتنی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنامەیە و هێنانەوە سەر میزی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی و مووشەکی و یارمەتیدانی ڕێکخراوە میلیشیاکانی شیعە لە قووڵایی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،دوبارە ترس و دڵەڕاوکێ زۆری بۆ تەواویی وەبەرهێنەرانی دەرەکی دروست کرد،لەوی بتووانن بەئازادی و بێ هیچ بەربەستێکی یاسایی سەرمایەی خۆیان لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا لەبازاڕی ئێران وەگەڕ بخەن،هەر بۆیە ئێرانیش دوبارە کەوتەوە ژێر کاریگەری بڕیار و گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەوەش دەوڵەتی ڕووحانی ناچار کرد،بۆ گەشەپێدانی ئابووری نەوتی پشت بە وڵاتی چین و ڕووسیا ببەستێ و لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە کە بەنەیاری ئەمریکاش ناسراون بکەوێتە دانووستاندن و پێوەندی زیاتری پێشەسازی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی.هەتا بتووانی لە ڕێگای ئەو دوو وڵاتەوە گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر تەواویی سێکتەرەکانی ئابووری ناوخۆیی بێ کاریگەر بکات.بەڵام چین وەک بژاردەیەکی هەمیشەیی لەسەر میزی بەرپرسانی ئێرانی ئامادەیی هەیە و ئێرانیش لەو قۆناغەدا بۆ ساغکردنەوە و بازاڕ دۆزینەوە و فرۆشی نەوتەکەی پێویستی بەیارمەتیدان و تەکوزی ئەو دوو وڵاتە هەبوو.هەرچەند پێوەندی نێوان ڕووسیە و ئێران بەسەڵانە بەردەوامی هەیە و ئێران یەک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین کەل و پەلی پێداویستی رۆژانەی خۆی لەو وڵاتە دەکڕێ و دابیندەکات.بەڵام بەرپرسانی باڵای ئێران هەمیشە بیریان لای دەور لێدان یانیش شکاندنی گەمارۆکان بووە،هەر بۆیەش ناچار بوون لە چوارچێوەیەی ئەو ڕێکەوتنە ستراتیژییە بۆ ماوەی(25) ساڵ لەگەڵ وڵاتی چین ئەو گرێبەست واژۆ بکات،بۆ ئەوەی بتووانی نەوتی خاو بەنرخێکی هەرزانتر لە نرخی رۆژانەی بازاڕی جیهانی بفرۆشێت بە وڵاتی‌ چین.

ئێران لە قۆناغی گەشەپێدان پێویستی بەچ کەرەستەیەک هەیە.؟

بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕێکەوتنامەی پێوەندی و هاوکاری هاوبەشی ستراتیژی ئێران و چین چوار ساڵ پێش ئێستا بەزمانی ئینگلیزی لەسەر ماڵپەری فەرمی سەرۆککۆماری ئێران(حەسەن ڕووحانی)،بڵاو کرایەوە و دوای ئەوەش لە ڕێکەوتی 23ی ژانویەی(2016 (دا،کە هاوکات بوو،لەگەڵ یەکەم سەردانی فەرمی سەرۆککۆماری چین بۆ ئێران.بەڵام لە ناوەڕۆکی نووسراوەکەدا ئاماژە بەهیچ زانیاری و داتا و ژمارەی تایبەتی خاڵی ناو ڕێکەوتنامەکە نەکراوە و تەنیا لەسەر وەردەکارییەکان و چوارچێوەی گشتی ئەو پرۆژەیە بەشێوەیەی نووسراو بەسەندە کراوە.
هەروەک لە ناونیشانی بابەتەکە و هەروەها لە دەقی ڕەشنووسی بڵاوکراوە لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاشکرایە،ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ئێران و چین لەڕاستیدا "گرێبەستە"و لە چوارچێوەی "ڕێکەوتنامە" تێپەڕیووە.چۆن هەروەک هەموومان دەزانین ڕێکەوتنەکان هەمیشە پێش واژۆی کۆتایی لەسەر گرێبەست دروست دەبن.لە ڕێکەوتندا هەر دوو لایەن لەسەر ڕەوتی گشتی هاوکاری کردنی یەکتری پێکەوە دەگەنە کۆدەنگی و ڕێکەوتن و پێشنیار و ڕێنماییەکان لەچوارچێوەی دەقی ڕەشنووسێکەدا دەنووسن.هەر لەبەر ئەوەشە ڕێکەوتن هیچ مەرجێکی بۆ جێبەجێکردن تێدا نییە،تەنیا ئەو کاتەی ڕێکەوتنێک دەتووانری بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە،کە کۆمەڵێک گرێبەست لەنێوان هەر دوو لایەندا پێشتر واژۆی لەسەر کرابێ.لە ڕاستیدا،قۆناغی پێش گفتوگۆ کردن سەرەتایەکە بۆ دەستپێکردنی بیرۆکەکانی نێوان هەر دوو وڵات کە بەشێوەیەکی فەرمی هەنگاویان ناوە بۆ ڕێکەوتن و واژۆکردنی ڕێکارەکانی بەجێگەیاندنی ئەو بیرۆکەیەی لەنێوان هەر دوو وڵاتدا سەریهەڵداوە.لەبارەی ئێران و چین ـ یش،بەشێوەیەکی گشتی تەنیا ڕێکەوتن نەکراوە،لەسەر فرۆشتن یانیش بەکڕێدانی دوورگەی( کیش) بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ،چۆن بابەتەکە زیاتر پێوەندی بەمەسەڵەی قەیرانی ئابووری و گەمارۆکانەوە هەیە،هەر‌ بۆیەشە ئێران زیاتر لە ئاشکرا کردنی وردەکارییەکانی خۆی دەبوێری و ناخۆازی زیاتر بەمیدیایی بکرێت.هەروەها بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی زیاتر ئەو بابەتە لەچوارچێوەی ڕێکەوتنامەدا شرۆڤە دەکەن و دەڵێن بەهیچ شێوەیەک ئەوە ئەساسی نییە،کە دوورگەی (کیش) بەتەواویی فرۆشرابێت بەچینیەکان.هەرچەندە ئەوان لەو مەسەڵەیەدا پەیڕەوی لە سیاسەتی دوژمنی دوژمنەکەم دۆستی منە،دەکەن و بەهۆی کێشەی زاڵی نێوان دوو ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزمی چینی و لیبراڵیزمی ئەمریکایی،بەڵام ئەو بابەتە زیاتر دەکەوێتە چوارچێوەی دژایەتی و ڕەکابەڕی نێوان دوو جیهانی سەرمایەداری لیبراڵیزم و سەرمایەداری کۆمۆنیزم لەدژی ئیمپریاڵیزمی پاوانخۆازی ئەمریکایی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

چ لەبارەی ڕێککەوتنی نەوت و غازی ئێران دەزانین؟

رۆژنامەی "پێترۆڵیووم ئیکۆنۆمیزم" لە ڕێکەوتی سێ سێپتەمبەری(2019 (دا،لە ڕاپۆرتێکدا باس لە وردەکارییەکانی ئەو ڕێکەوتنامەی نێوان ئێران و چین دەکات و کۆمەڵێک زانیاری وردی لەسەر ئەو ڕێکەوتنامەیە بڵاو کردۆتەوە و پێوایە بەپێی ئەو ڕێکەوتنامەیە وڵاتی چین نزیکی (280)ملیارد دۆڵار لە پێشەسازی نەوت وغازی ئێراندا و(120)ملیارد دۆڵاریش لە پێشەسازی گواستنەوەی ئێراندا سەرمایەگوزاری دەکات.لەبەرابەردا کۆمپانیاکانی چینی سەرەتا و کۆتایی هەموو پرۆژە زەبەڵاحەکانی وەبەرهێنانی ئابووری ئێران پێکدێنن و نزیکی (5000)سەربازی چینی بۆ پاراستن و پاسەوانیکردن لە ئاسایش و ئارامی کۆمپانیا و کارخانەکانی ئەو وڵاتە دەربازی ناوخۆی ئێران دەبن.ئەو ژمارە و داتایانە بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەو رۆژنامەیەوە بڵاو کراوەتەوە و هەتا ئێستاش لە دەقی ڕێکەوتنامەکەدا کە لەلایەن ماڵپەری ڕەسمی سەرۆککۆماری ئێران بەزمانی ئینگلیزی بڵاو بۆتەوە،هیچ ئاماژەیەک بەو خاڵانە نەکراوە لە ناوەڕۆکی ڕێکەوتنامەکەدا.هەتا ئێستاش لەناوەندەکانی فەرمی ڕاگەیاندنی ئێراندا ئاماژە بەو بڕە پارەیە بۆ سەرمایەگوزاری چینەکان نەکراوە،بەهۆی ئەوەی کە ئێستا گرێبەستی کۆتایی لەسەر دەقی ڕەشنووسی کۆتایی ڕێکەوتنامەکە نەکراوە.هەرچەند چەند رۆژ پێش ئێستا پەرڵەمانی ئێران لە کۆبوونەوەی ڕەسمی خۆیدا بەبانگهێشتی وەزیری دەرەوی ئێران (محەممەد جەواد زەڕیف)کرد، بۆ ناو هۆڵی پەرڵەمان و لەو بارەیەوە تەواویی ئەندامانی پەرڵەمانی ئێران لێپرسینەوە و پرسیار و وەڵامیان هەبوو،لەسەر ڕەشنووسی ڕێکەۆتنامەی بیست و پێنج ساڵەی نێوان ئێران وچین..بۆچی ژمارەکان گرنگ و شاراوە بوون؟لە کاتێکدا ئێستا بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران و بەتایبەتی وەزیری دەرەوی ئێران (محەممەد جەواد زەریف)بەئاشکرا نکۆڵی لەو بابەتە دەکات و دەڵێ؛بەهیچ شێوەیەک ئێمە ڕێکەوتنامەی لەو شێوەیەمان لەگەڵ وڵاتی چین واژۆ نەکردوە.ئەو ڕێکەوتنامەیە تەنیا لە ئاستی گفتوگۆدا ماوەتەوە و ئێستاش نەگەیشتووینە ئەنجامی کۆتایی لەبواری جێبەجێکردنی و تەنیا بەڵگەیەکی هاوکاری و پێوەندی و دۆستایەتی گشتی نێوان هەر دوو وڵاتە و ژمارە و داتاکانی پێوەندیدار بەو ڕێکەتنامەیە دوای بڕیاری کۆتایی و لێک تێگەیشتنی بەرپرسانی هەر دوو وڵات پێشکەشی تەواویی ناوەندەکانی بڕیاربەدەستی هەر دوو وڵات دەکرێت.دەتووانری لەسەر کاغەز بنووسرێت،بەڵام لەئێستادا هیچ پرۆژەیەک لە ئارادا نییە و باس کردن لە ژمارە و ئاستی تێچووی وەبەرهێنانی کۆمپانیا چینیەکان لەناوخۆی ئێراندا تەنیا پرۆپاگەندەیە.بەڵام هەندێک لە ئەندامانی مەجڵیسی شووڕای ئیسلامی ئێران (پەرڵەمان)ئەوە ڕەتدەکەنەوە و پێانووایە ئەو ڕێکەۆتنامەیە بەنهێنی واژۆی کۆتایشی لەسەر کراوە،بێ گەڕانەوە بۆ مەجڵیسی ئێران و کۆمیسیۆنەکانی یاسادانەری بواری ئابووری گشتی وڵات.

پازڵی زێڕی ڕەش؛ئاکامەکانی گەمارۆی کەرتی نەوتی ئێران و کاریگەری گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر جێبەجێکردنی ڕێکەتنامەی نێوان ئێران و چین؛

دەنگۆی بڵاو بوونەوەی ڕێکەوتنامەی نێوان ئێران و چین دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ڕێکەوتنامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ گرووپی پێنج کۆ یەک،لێرەدا ئاشکرا نییە،بەدروستی ڕۆڵی دەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمیی ناسراو بە (بەرجام)و دوبارە گەڕاندنەوەی گەمارۆکان لە ساڵی)2019)دا،ئایا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ئەو ڕێکەوتنامەیە هەبووە،یانیش نەخێر؟هەتا پێش دەرکەوتنی ئەمریکا لە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمیی،ئێران و چین بەلانیکەم سێ ساڵ دەرفەتیان لەبەردەم دابووە بۆ کۆتایی هێنان بەواژۆکردنی گرێبەستی 25))ساڵەی نێوانیان.بەڵام بەهەرحاڵ ئێمە ناتووانین لایەنەکانی گەمارۆکانی نێودەڵەتی لەسەر هاوکاری ئابووری نێوان ئێران و چین بەشتێکی بێ کاریگەر پێناسە بکەین.بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدایە،دوای دەستپێکردنی گەمارۆ نێۆدەلەتیەکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران تەواویی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چینی خاکی ئێرانیان بەجێ هێشت و دەرچوون لە ڕێکەوتن و جێبەجێکردنی پرۆژە گەورەکانی وەبەرهێنان لەناوخۆی ئێران.بەدەرکەوتنی تەک لایەنانەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنامەی ئەتۆمیی دوبارە تەواویی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا کەوتنە ترسی لەدەستدانی سەرمایەکانیان،ئەگەر بیانەوەی سنوورەکانی یاسایی و گەمارۆکانی نێودەوڵەتی ئەمریکا لەسەر ئێران پێشێڵ بکەن.گەورەترین کۆمپانیای چینی بۆ وزە و وەبەرهێنانی نەوت بەناوی (سی ئێن سی پی)لە پرۆژەی گەشەپێدانی قۆناغی یازدەی پارسی رۆژئاوا پاشەکشەی کرد و دەستی لە کارکردن لەسەر ئەو پرۆژەیە هەڵگرت.دوای ساڵێک کۆمپانیای چینی ڕایگەیاند؛بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا سەرمایەی خۆی لە کەرتی نەوتی پارسی رۆژئاوا کشاندۆتەوە.پێش ئەوەش کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی لە کۆنسرسیووزمی ئێرانی ـ فەڕەنسەیی ـ چینی قۆناغی یازدەی پارسی رۆژئاوا پاشەکشەی کرد و تەواویی کارەکانی ڕاگرت.سەرەڕای هەموو ئەوانەش،پێنج ساڵ بەر لە ئێستا،(شی جین پینگ)سەرۆککۆماری گەلی چین،لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران،لەسەر ئەو خاڵە ڕێکەوتبوون کە ئامادەیی ئەوەیان هەیە،هەروەک چۆن لەسەردەمی گەمارۆکان وڵاتی چین بەهەموو هێزی خۆی پشتیووانی لە ئێران کردوە،لەدوای ڵابردنی گەمارۆکانیش هەروەها درێژە بەپێوەندی و هاوکارییەکانی خۆی بدات لەگەڵ وڵاتی ئێران،لە هەموو بوارەکاندا.

ڕێگای یەکەم:

رێگای ئاورێشمی نوێ وەک پشتێنەی دڵنیایی و تەک ڕێگا؛. یەک پشتێنەی دڵنیایی و یەک ڕێگای ڕێکەوتنی ئێران و چین،پرۆژە ڕێگای ئاورێشمی نوێ یانیش پرۆژەی یەک پشتێنەی دڵنیایی و یەک ڕێگایە،ئەویش پرۆژەی سەرمایەگوزاری لەژێرخانەکانی ئابووری زیاتر لە شەست وڵاتی جیهان و گەشەپێدانی دوو ڕێگای بازرگانی (پشتێنەی ئابووری ڕێگای ئاورێشم)و (ڕێگای ئاورێشمی دەریایی)ییە،کە لەلایەن وڵاتی چینەوە لە ساڵی((2013دا،پێشکەش کراوە و پشتیووانی ئەو پرۆژە بەهێزە پێشەسازی ئابووری چین و توانایی سەرمایەگوزاری ئەو وڵاتەیە.هەرچەند ئەو پرۆژەیە دەتووانی هاوکات بێ لەگەڵ بەهێز بوونی دەسەڵاتی بەرگڕی چین و هەژموونی زیاتری وڵاتی چین بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە کۆتاییدا بە زاڵبوونی بەسەر شادەماڕەکانی ئابووری وشکایی و دەریایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا،ئەو وڵاتە بەرەو بەهێزترین وڵات لەبواری ئابووری جیهانی ڕێنمایی بکات.خەونی بوژاندنەوەی ڕێگای ئاورێشم تەنیا ڕێگایەک نییە،بۆ بازرگانیکردن،بەڵکوو خەونی زیندو کردنەوەی ئیمپراتۆرییەتی چینیە بۆ داگیرکردنی هەموو جیهان لەژێر ئاڵای سووری کۆمۆنیزمی نوێ.چۆن بۆ ماوەی نزیک بە دوو هەزار ساڵ رێگای ئاورێشمی چین گەورەترین و گرنگترین رێگای بازرگانی جیهان بووە، قوماشی ئاورێشمی دروستکراوی چین بە حوشتر لە چینەوە دەگەیشتە رۆما و ئیسپانیا و میسر،شازادە و بازرگان و خاوەن موڵکە گەورەکانی ئەوروپا و باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە لەبەرکردنی جلی ئاورێشمی چینەوە پۆزیان لێ دەدا.رێگای ئاورێشم تەنیا رێگەیەک نەبوو بۆ بازرگانی، بەڵکو لەڕێی ئەم رێگایەوە گەلان بە کوڵتوری یەکتر ئاشنا دەبوون،ئاماژەیە بۆ کاریگەری رێگای ئاورێشم لە گواستنەوەی کوڵتوری چینی بەسەر هەموو جیهاندا،بەڵام لەدوای پێشکەوتنی پێشەسازی کەشتی،ڕێگای دەریایی بۆ بازرگانیکردن جێگەی بە ڕێگای وشکایی و ڕێگای ئاورێشم لەق کرد و ڕێگای ئاورێشم تەنیا وەک بەشێک لە مێژوودا مایەوە.ئەو بەشە لە مێژوو کە نۆستالیژیای هاوبەشی زۆربەی گەلانی ئاسیا و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە،بەڵام لە ئێستادا چیتر رێگای ئاورێشم تەنیا بەشێک نییە،لە مێژوو و نۆستالیژیا،بەڵکو بووەتە پڕۆژەیەک بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی نوێ مێژووی داهاتووی جیهان.لە ساڵی(٢٠١٣)دا،چین پەردەی لەسەر خەون و رۆئیایەکی گەورە خۆی لادا،خەونی بوژاندنەوەی رێگای ئاورێشم،کە بە ڕێگای ئاورێشمی نوێ ناسراوە،رێگای ئاورێشمی نوێ لەوانەیە گەورەترین پڕۆژەی ئابوری مێژوو بێت،کە جارێکی دیکە لەڕێی وشکانی و دەریاییەوە بەپێی ئەو نەخشەیەی چین دایڕشتووە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەفریقا پێکەوە دەبەستێتەوە.
هاوکات لایەنگرانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە وەک تەنیا ڕێگایەک بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی ئابووری ژێرخانەکانی نێوان وڵاتانی پێشکەوتوو و وڵاتانی نیمچە گەشەساندو و هەروەها وەک یارمەتیدانێک بۆ گەشەی خێرای ئابووری ئەو وڵاتانە و پێشکەوتن و بەرز بوونەوەی بازاڕی بازرگانی نێودەوڵەتی پێناسەی دەکەن.بەڵام دژبەرانی ئەو پرۆژەیە،وەک پرۆژەیەکی کولۆنیالیزمی چاو لێدەکەن،چوونکە زۆربەی وڵاتانی مەبەست،توانایی گەڕاندنەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکانیان نییە و گرێبەستەکانی بەناڕوون دەزانن.وڵاتی چین پرۆژەیەکی بەبڕی(900)ملیارد دۆڵار بۆ سەرمایەگوزاری لەژێرخانەکانی ئابووری جیهاندا بەمەبەستی پەرەپێدانی بەجیهانیبوونی کەل و پەلی چینی و پێشکەوتنی لە بازاڕەکانی جیهاندا لەئێستادا سەرمایەگوزاری کردوە و ئەو پرۆژەیەش بەیەک لە گەورەترین پرۆژەکانی سەرمایەگوزاری هەژمار دەکرێت،کە هەتا ئێستا لەلایەن ئەو وڵاتەوە بەرنامەرێژی بۆ کراوە.کۆنفرانسی ڕێگای ئاورێشمی نوێ یانیش دانیشتنی یەک پشتێنە و یەک ڕێگا،گەورەترین کۆنفرانسی دوو رۆژەی زیاتر لە سەد وڵاتی جیهان بوو،کە بە بەشداری بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانە لە شاری پێکەن بەمیوانداری وڵاتی چین بەڕێوەچوو لە ناوەڕاستی مانگی مەی ساڵی(2017)دا.لەو کۆنفراسەدا (شی جینگ پینگ)،سەرۆککۆماری چین داوای لەهەموو وڵاتان کرد،دەست لە کولتووری پشتیووانیکردنی زارەکی هەڵبگرن و بەڕاستی هەنگاو بنێن بەرەو تێکەڵاو بوون،لەگەڵ پرۆسەی بەجیهانیبوون و قەبووڵی بکەن،دونیا بەسنوور کێشان و داخرانی سنوورەکان ناتووانی پێش بەپرۆسەی بەجیهانیبوونی ئابووری و کوڵتووری بگرێت.لە کۆتاییدا ئەوەش دەرخەری ئەو حەقیقەتەیە کە وڵاتی چین تەنیا دەتووانی بەپێشکەوتنی ئابووری و داگیرکردنی بازاڕەکانی جیهانی سێیەم بەگشتی شوێن پێی ئەمریکا لێژ بکات و چیتر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکدا ناتووانن تەنیا خۆیان تەواویی سەروەت و سامانی جیهان بەدەستەوە بگرن و چیتر دۆلاری ئەمریکایی هەژموونی زاڵی هەبێ وەک ڕابردوو.هەر ئەوەش بوو کە لەو کۆنفراسەدا کۆمەڵێک لە سەرکردەکانی جیهان واژۆیان لەسەر جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕێگای نوێ ئاورێشم کرد.چین هەر لە سەرەتاوە بڕی (٩٠٠)بۆ (١١٠٠)ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لەو پڕۆژەیەدا تەرخان کرد،پڕۆژەکە نزیکەی (٧٠) وڵاتی جیهان پێکەوە دەبەستێتەوە و سێ ڕێگا لە خۆ دەگرێت،رێگای باکوور کە لە چینەوە دەست پێدەکات بە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وەک ئەفغانستان و تاجیکستاندا تێپەڕ دەبێت.هەتا دەگاتە مۆسکۆ و لەوێشەوە بە باکووری ئەوروپادا تێپەڕ دەبێت هەتا دەگاتە رۆتەردام لە هۆڵندا.

رێگەی دووەم:

ئەویش هەر رێگەی وشکانییە و رێگەی ناوەڕاستە لە چینەوە دەستپێدەکات لقێکی لەڕێی پاکستانەوە دەگاتە کەنداو و لقەکەی دیکەشی لەڕێی ئەفغانستان و ئێرانەوە دەگاتە عێراق و تورکیا،لە تورکیاشەوە بە دەروازەی یۆنانەوە دەگاتە ئەوروپا.

رێگەی سێیەم:

 رێگای دەریاییە لە باشوری چینەوە دەست پێدەکات و وڵاتانی باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەگرێتەوە و لەوێشەوە بەرەو ئەفریقا، لە ئەفریقا دوبارە دەبێتەوە بە رێگای وشکانی تا دەگاتە میسر و باکوری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە ئێستا ئێران وەک تەنیا دەروازەیەک بۆ چووونە ناو بازاڕەکانی جیهانی بۆ چین گرنگە و هەر بۆیەشە مەسەڵەی ڕێکەوتن یانیش گرێبەستی بیست و پێنج ساڵە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەنگدانەوەی زۆری دروست کردوە لە ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا.بەڵام ئەوەش بەمانای ئەوە نییە،کە لەو ناوەندەدا ئەمریکا دەست وەستان ڕاوەستاوە و سەیری پێشهاتەکانی دوارۆژی ئەو پرۆژەیە نەکات.چۆن ناکۆکی نێوان ئەمریکا و چین هەر رۆژ زیاتر قووڵتر دەبێتەوە و هەتا کار گەیشتۆتە داخستنی کۆنسووڵخانەی چین لە وڵاتی ئەمریکا و گەمارۆ خستنە سەر بەرهەمەکانی چینی لەڕووی کەل و پەلی ئەڵێکترۆنیەوە بەتایبەتی،کۆمپانیا زەبەلاحەکانی چینی لەبواری بەرهەمهێنانی کەرەستەی زیرەک لەلایەن ئەمریکاوە گەمارۆیان خراوەتە سەر و هەموو تووشی پێژماردن بوونە،چۆن ئەمریکا پێوایە چینەکان تەنیا خەریکی سیخوڕیکردنن بەسەر هەموو جوومگەکانی ئابووری و پێشەسازی و تەکنۆڵۆژیای کەرەستەکانی جەنگی و دەیانەوەی ئایدیا و بیرۆکەکانی زاناکانی ئەمریکایی بدزن و بۆ مەبەستی دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە جیهاندا و لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکاری بێن.بۆ نموونە مەسەڵەی شکاندنی گەمارۆ نێودەوڵەتیەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و پێدانی کەرەستەکانی زیرەکی چەکی پێشکەوتوو و یارمەتیدانی ئێران لەڕووی بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیی و پێشخستنی ئەو وڵاتە لەڕووی دەست پێڕاگەیشتن بەبۆمبی ئەتۆمیی و هەروەها بوژاندنەوەی ئابووری ئێران لە ڕێگای فرۆشتنی نەوت و غاز و بەنزینەوە.
هەرچەند دەتووانین ئاماژە بەچەندین لایەنی پۆزەتێڤی ئەو ڕێکەوتنامەیە بۆ وڵاتی چین بکەین،وەک سەرقاڵکردنی ڕاستەوخۆی ئەو وڵاتە بەپێشکەوتن و بەهێزکردنی ژێرخانەکانی ئابووری ئێران،کە لە ئاراستەی جێبەجێکردنی خاڵەکانی پرۆژەی دروستکردنی پشتێنەی ڕێگای سەرەکی ئاورێشم جێگای گرتووە.هەروەها مەسەڵەی کەمکردنەوە و یانیش نەهێشتنی رێژەی بێکاری لەناوخۆی وڵاتی ئێران،ئەویش بە کەڵک وەرگرتن لەهێزی کاری ئێرانی بۆ چاوەدێری و دروستکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لەژێر چاوەدێری کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بەرهەمهێنانی چینی لەناوخۆی ئێراندا.چۆن لە ئێستادا تەنیا بەڵگەی بەهێزی دەوڵەتی ئێران بۆ پاساو هێنانەوەی بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی خەڵکی ئێران لەچوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنامەیدا ئاماژەی پێدەکرێت.هەروەها لە مەسەڵەی بەهێزکردن و پێشخستنی ژێرخانەکانی کەرتی گواستنەوەدا،کە وەک یەک لە خاڵە جەوهەرییەکانی ناو ئەو ڕێکەوتنامە(25)ساڵەیەدا ئاماژەی پێکراوە و دەبی کەل و پەلی بەرهەمهێنراوی ئێرانی ـ چینی پێکەوە بەهاوبەشی لەناو بازاڕەکانی جیهاندا بڵاو بکرێنەوە و بازاڕیان بۆ پەیدا بکرێت و تەنیا ڕێگای هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی بەو ڕێگایانەدا تێدەپەڕێت،کە لەلایەن وڵاتی چین و بەدەستێوەردانی زۆری چین لەژێرخانەکانی هێڵی گواستنەوەی ئێراندا ئەوەش مسۆگەر دەکرێت.
یەک لەو پرۆژە گەورانەی هێڵی گواستنەوە،پرۆژەی شەمەنەدەفەری(900)کیلومەتەری نێوان تاران و باکووری رۆژهەڵاتی شاری مەشهەدە کە ئاماژەی بەدروستکردنی شەمەندەفەرێکی خێرای نێوان تاران و قووم و ئیسفەهان کە بتووانی بەستێنی پێکەوە لکاندنی بەهێڵی باکوور و رۆژئاوا کە بە شاری تەورێزدا تێدەپەڕێت فەراهەم بکات.ئەوەش پرۆژەیەکی ترانزێتی نێودەوڵەتی دەبێت،کە دەتووانی داهاتی ئێران زیاتر بکات.چوونکە تەورێز ناوەندی جێگیر بوونی زۆربەی پرۆژە ستراتیژییەکانی نەوت وغازی و پێترۆکیمیاوی ئێرانە وخاڵی دەستپێکی هێڵی گواستنەوەی بۆری غازی تەورێز بۆ ئەنکارایە،کە بڕیارە بەخاڵی وەرچەرخان لە ڕێگای(2300)کیلۆمەتەری نوێ ئاوڕێشم لەنێوان ئۆرومچی ناوەندی ئۆستانی رۆژئاوای شین جیانگ چین بۆ تاران بگۆڕدرێت.ئەو ڕێگایەی قەزاقستان،قەرقیزستان،ئۆزبەکستان و تورکەمەنەستان بەئێرانەوە پێوەست دەکات و لەڕێگای تورکیەوە بەئەوروپا دەگات.چین بۆ دەستڕاگەیشتنی بەبازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕووسیە دەبێ لەئێرانەوە گوزەر بکات.لەڕاستیدا،ئێران ستراتیژیترین بەشی یەک پشتێنەکەیە و تاکە ڕێگایە وەک دەروازەی چوونەناوەی وڵاتی چین بۆ بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕووسیە.لە ئێستادا چین ڕێگایەکی درێژی 25ساڵەی هاوکاری لەگەڵ ئێرانی لەتەواویی سێکتەرە ئابوورییە جیاوازەکاندا لەبەردەم دایە و بێگومان کۆمەڵێک دەستکەوت لەو ڕێکەوتنامەیەدا لەلایەن ئێران وەک ئیمتیازاتی تایبەت دراوە بەچینیەکان،بەشێوەیەک کە بتووانی دوا بزماری خۆی لەسەر تابووتی ئابووری ئێران پتەوتر بکات و پێگەی خۆی زیاتر جێگیر بکات،بێ ئەوەی هیچ ترسێکی لە گەمارۆکانی وڵاتی ئەمریکاش هەبێت،کە ئەو وڵاتە لە ئێران دوور بکاتەوە.

قازانجەکانی ئێران لەو ڕێکەوتنامەیەدا چییە؟

گرێبەستی ستراتیژی((25ساڵەی نێوان ئێران وچین،سێ تایبەتمەندی کلیڵی بۆ ئێران هەیە؛یەکەم ئەویکە چین یەک لە پێنج وڵاتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە،کە ماڤی ڤێتۆی هەیە،ڕووسیە یەکی تر لەو وڵاتانەیە کە خاوەنی مافی ڤێتۆیە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکاندا،کە لەو ڕێکەوتنەشدا کۆمەڵێک ماف و دەستکەوتی تایبەتی بۆ دیاری کراوە.هەر بویەش ئێران خاوەنی پاڵپشتی دوو ئەندامی خاوەن مافی ڤێتۆیە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووکاندا،کە لەو ڕێکەوتنامەیەدا کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورەش بۆ ئەو دوو وڵاتە لەبەرچاو گیراوە و ئەگەری هەیە،بەمزووانە هاوشێوەیەی ڕێکەتنامەی بیست و پێنج ساڵەی نێوان چین و ئێران،ڕێکەوتنامەیەکی لەو شێوەیەش لەگەڵ وڵاتی ڕووسیە تایبەت بە وزە و بەشی بەرگڕی و سەربازی واژۆ بکات.
تایبەتمەندی دووهەمی ئەو ڕێکەۆتنامە بیست و پێنج ساڵەی نێوان ئێران و چین ئەوەیە،کە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و غازی ئێران لە سێ ناوەندی سەرەکی وڵاتدا،چوونکە وڵاتی چین لەسەر ئەوە ڕێککەوتووە ڕەوتی گەشەپێدانی قۆناغی یازدەی پاڵاوگەی پارسی رۆژئاوا بەخێرایی کۆتایی پێبێنی و کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی چین (سی ئێن پی سی)،ئەو کاتەی کە کۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسا بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا وڵاتی ئێرانی جێ هێشت،پشکی پەنجاە لەسەر سەدی کۆمپانیای تۆتاڵی بەپشکی سی لەسەر سەدی بۆ خۆی خستە سەر پرۆژەی گەشەپێدانی پاڵاوگەی پارسی رۆژئاوا.
قازانجی کۆتایی ئێران لە ڕێکەوتنامەی درێژخایەندا لەگەڵ وڵاتی چین لەو شوێنەدایە،کە چین قەبووڵی کردوە و هاوردەکردنی نەوت لە ئێران زیاتر بکات،هەروەها کۆمەڵێک ئامار و زانیاری تریش،لەو ڕێکەوتنامەیەدا ئاماژەی پێکراوە کە بۆ نموونە بریتین لە ڕاگرتنی بەرمیلی نەوتی زیاتر لەسەر سەکۆکانی نەوتی دەوروبەری وڵاتی چین بێ ئەوەی پێویست بەکۆگاکردنی لە گۆمرۆکدا هەبێت.ئەوەش یانی شاردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی داتا و رێژەی هەناردەکردنی نەوت و کڕینی نەوتی خاوی ئێران،بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەش دەبێتە بەشێکی زۆر لە پاشکەوتی ستراتیژی نەوتی چین.جگە لەوانەش کۆمەڵێک کەرتی سەرمایەگوزاری تری چین لە ئێراندا هەتا کۆتایی ساڵی((2020کۆمەڵێک بواری جیاوازی تریش لەخۆ دەگرێت و بێگومان ئەوەش کۆمەڵێک دەستکەوت و قازانج و ئیمتیازی تایبەتە کە لەچوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنامەیە بیست و پێنج ساڵە دایە،کە لە ئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران پێشنیاری کردوە،بەشێوەیەک کە بزماری چین زیاتر بتووانی لەناو خاکی ئێراندا برۆاتە خۆاری،بێ ئەویکە هیچ ترسێکی لە هەڕەشە و گەمارۆکانی ئاسمانی و زەوینی ئەمریکاش هەبێت وبخۆازی پاشەکشە بکات لە واژۆ کردنی تەواویی ماددەکانی ناو ئەو ڕێکەوتنامەیە بۆ ماوەی بیست و پێنج ساڵ.
بەڵام ئاکامەکانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێکەوتنامەیە بۆ ئێران تەنیا دەربازبوونە لەو بارودۆخەی ئێستا پێدا گوزەر دەکات و لە درێژخایەنیشدا تەنیا دەتووانی وەک هەمیشە خۆی لە نەیارانی ئەمریکا نزیک بکاتەوە بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان و مانەوەی ئەو فۆرمە لە حوکمڕانی ئایدۆلۆژی ئیسلامی،بەڵام هیچکات ناتووانی هاوشێوەیەی چین خەون بە سەرۆکایەتی جیهانیەوە ببینی و بتووانی لەناوخۆی وڵاتدا گۆڕانکاری بنچینەیی دروست بکات،لە ئاراستەی پێشکەوتن و بەرزکردنەوەی کواڵیتەی ژیانی تاکەکانی ئەو وڵاتە لەڕووی بوژانەوەی داهات و ژیانێکی ئاسوودە،چۆن لە ئێستادا ژمارەی کۆی دانیشتووانی ئێران ئەگەر(81)میلیۆن کەس مەزندە بکەین،ئەوە پێی سەرچاوەکانی وەزارەتی کار و باری کۆمەڵایەتی زیاتر لە سەدا شەستی دانیشتووانی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا و بەسەختی ژیان دەگوزەرێنن،کەواتە کەوتنە بواری پراکتیکی ئەو ڕێکەوتنامە بیست و پێنج ساڵەیە دەتووانی هەتا چەند کۆتایی بەو قەیرانە گەورەیە بێنی.
بەڵام بۆ وڵاتی چین ئەو ڕێکەوتنامەیە تەنیا سەرمایەگوزاری نییە،بەڵکوو زاڵبوونی هەژموونی چینە بەسەر دونیای مودێرن و تێپەڕاندن و شکاندن و کۆتایی پێهێنان بە سنوورەکانی هەژموونی زاڵی ئەمریکایە لە دونیادا.چۆن وەک پسپۆرانی سیاسی و ئابووری جیهان لەئێستادا شرۆڤەی ئەو پرسە دەکەن،لە سی ساڵی داهاتوودا،زۆربەی وڵاتانی زلهێزی جیهانی ئەو وڵاتانە دەبن،کە ئەمرۆ وەک وڵاتانێک لە قۆناغی گەشەسەندن دانە پێناسە دەکرێن و ئەو وڵاتانەش دەتووانن وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا و ژاپۆن و ئەڵمانیا بەئاسانی تێپەڕێنن و جێگای ئەو وڵاتانە بگرنەوە کە لەهەر دوو حاڵەتی دەسەڵاتی نەرم و ڕەقدا یەکەمی بێ ڕەکابەر بوون.پێشکەوتنەکانی وڵاتی چین لە هەموو بەشە جیاوازەکانی سیاسی،ئابووری و سەربازی لە نیو سەدەی ڕابردوو زۆر خێراتر لە چاوەڕوانیەکان بووە و پێشبینی ئەوەش دەکرێت،کە ئەو وڵاتە تەواویی هەوڵ و ئیرادەی خۆی خستۆتە سەر ئەو خاڵەی،کە دەبێ زلهێزی نوێ جیهان بێت.ئەو بابەتەش هەتا ئەو شوێنەی پێشکەتووە کە سەرۆککۆماری چین،بەشێوەیەکی ئاشکرا لە ڕاگەیاندنەکاندا ڕایگەیاندوە،کە وڵاتی چین هەتا ساڵی( (2050دەبێ ببێتە سەرۆکی سیستەمی نوێ جیهان.بەهێزبوونی دەسەڵاتی چین تەنیا قازانجی بۆ ئەو وڵاتە نییە،بەڵکوو دەبێتە هۆی دروستکردنی جۆرێک لە هاوسەنگی نوێ لە جیهاندا و دەتوانری کاریگەری لەسەر پێشکەوتن وگەشەساندنی زۆربەی وڵاتانی دیکەی جیهانی سێهەم و لەو ناوەندەدا دەسەڵاتی وڵاتانی ئەفریقیاش هەبێت،بۆیە هەژموونی زاڵی چینیەکان بەسەر جیهانی سەرمایەداری دوای ئەمریکا دەتوانی کۆتایی بەڕۆڵی پۆڵیسی جیهانی ئەمریکایی بێنێ و ئەمریکاش بەهۆی قەیرانی ئابووری و لەدەستدانی پێگەی یەک سەدەی پێشووی بەتەواویی بکەوێتە پەراوێزەوە.بەڵام ترسێکی گەورە سەبارەت بەبەهێزبوونی وڵاتی چین ئەوەیە،کە بەهۆی ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم و سیستەمی ئیداری سۆسیاڵیزمی مودێرنی ئەو وڵاتە هەموو ناوچەکە و وڵاتانی جیهانی سێهەم بخاتە ژێر‌ کاریگەری خۆیەوە و ئەوەش یەک لە گرفتە سەرەکییەکانی نزیک بوونەوەی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیە لە چینیەکان بەگشتی،بۆیە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەم تەنیا مەسرەفگەڕای کەلوپەلی چینیەکان و زۆریش بەئاسانی ناخۆازن دەرگاکانی ئابووری و وەبەرهێنان واڵا بکەن،بەسە‌ر ئەو وڵاتەدا.ڕەنگە چین وەک وڵاتی زلهێزی ئەمریکا زۆر لە هێزی(هارد پاوەێر)یانیش هەمان هێزی ڕەق وەک بکارهێنانی بۆمب و سەرباز کەڵک وەرنگرێت،بۆ داگیرکردنی وڵاتانی جیهانی سێهەم،بەڵام ئەوەش ناێتە ئەو مانایەی کە ئەو وڵاتانە بەحاڵی خۆیان ڕەها بکات.بەڵکوو زیاتر بۆ بەهێز کرنی پێگەی خۆی کەڵک لە هێزی نەرم و هێزی زیرەک یانیش هەمان (smart power)وەردگرێت و ئەوەش دەتووانی لە درێژخایەندا کاریگەی زۆر بەهێزتری هەبێت،بۆ کۆنترۆڵ و داگیرکردنی سەروەت و سامانی نیشتمانی ئەو وڵاتانە.بۆ نموونە لە ئێستادا وڵاتی چین لە ڕێگای بکارهێنانی هێزی زیرەک دەست بەدروستکردنی قووتابخانەی پێشکەوتوو لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەمدا و بەتایبەتی لە وڵاتانی ئەفریقیا کە خۆازیاری دەستڕاگەیشتن بەسیستەمی پەروەردە و خوێندن و پێگەیاندنی خوێندکارانی بەهێزی بەشە جیاوازەکانە و لەو ڕێگایەوە زۆرترین خوێندکار و مامۆستای خوێندن بۆ ئەو قووتابخانانە دەنێریت و هەتا مامۆستا و خوێندکارانی خۆشی بۆ فێربوون و زاڵبوون بەسەر کوڵتور و زمانی نەتەوەکانی تردا،ڕەوانەی قووتابخانەکانی ئەو وڵاتانە دەکات.لە کۆتاییەدا دەوڵەتی چین زۆرترین سەرمایەگوزاری لەسەر ڕاکێشانی مرۆڤە زیرەک و بەهێزەکانی وڵاتانی جیهانی سێهەمە،بۆ ئەوەی لەناوخۆی چین درێژە بەخوێندن بدەن و لەوێش دابمەزرێن و دەست بەکار بن،لە بەشی تایبەت بەپسپۆرایەتی خۆیان.لە ئێستادا زیاتر لە(1500 )قووتابخانەی کۆنفیسیۆس لە(140)وڵاتی جیاوازی دونیادا چاڵاکی دەکەن و لەناو تەواویی ئەو قووتابخانانەشدا مامۆستای چینی لەسەر پرۆژە و وانەکانی خوێندنی" مۆدیڵی پێشکەوتنی چینی"و "ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی خەیاڵاتی هەڵەی رۆژئاوایی لەبارەی وڵاتی چینەوە"لە قووتابخانەکاندا وانە دەڵێنەوە.هەموو ئەوانەش ئەو گریمانە بەهێزە پشتڕاست دەکەنەوە،کە چین دەیەوەی دوبارە مێژوو بنووسێتەوە و خۆی ئامادە کردوە بۆ نووسینەوە و تۆمارکردنی مێژووییەکی نوێ جیهانی لەژێر هەژموونی کوڵتوری خۆیدا.هەر بویەش وڵاتانی رۆژئاوایی بەتایبەتی لەدوای ساڵی(2000)وە،تەواو کەوتوونەتە پەرواێزەوە وتەنیا وەک خۆپارێزی ڕەفتار دەکەن و لەناوخۆیاندا تووشی گۆشەگیری بوونە،لەکاتێکدا وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی پێشکەوتن و زاڵبوون بەسەر کەرتی ئابووری و سێکتەرەکانی تر دانە.بەڵام یەکێتی ئەوروپا خەریکە بەهۆی خۆپارێزی و مووحافیزەکاری زیاتر تووشی ناکۆکی و لێکترازانی وڵاتانی ئەندام لەو یەکێتیەدا دەبن و وەک چۆن بینیمان بەریتانیا دوای کێشمەکێشی زۆر لەکۆتاییدا بڕیاری خۆی دا و لە یەکێتی ئەوروپا جیابووە.ڕەنگە هەتا چەند ساڵی تر چەندین وڵاتی تریش لەو یەکێتیە دەربکەون و سنوورەکانی خاک و جۆگرافیای خۆیان بەشێوەیەکی سەربەخۆتر لە یاسا و ڕێساکانی یەکێتی ئەوروپا ئیدارە بکەن.
هەرچەندە سیستەمی سیاسی و بەڕێوەبەری وڵاتی چین هەڵگری کۆمەڵێک ناکۆکی و پارادۆکسی گەورەیە و ئەوەش وەک خاڵێکی نێگەتێڤ چاو لێدەکرێت،چۆن ئێستا سیستەمی تەک حیزبی دەسەڵاتدارە و لە هەڵبژاردنەکانیشدا هەر یەک حیزب و یەک ئایدیا زاڵە و ئەوەش هیچ شوێنێک بۆ هەناسەکانی دیمۆکراسی و هەڵبژاردنی ئازاد ناهێڵیتەوە،چۆن ئەو مۆدیڵە لە قامووسی سیاسی جیهانی مودێرندا بە دیکتاتۆرییەتی حیزبی بەناوبانگە و کاردانەوە و لێکدانەوەی زۆر نەرێنی دروست کردوە لە بیرکردنەوەی خەڵکیدا.ئەوەش وایکردوە کە زۆربەی وڵاتانی جیهان زیاتر بەپارێزەوە خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتی چین نزیک بکەنەوه.بەڵام قۆناغی ئێستای چین قۆناغی بکارهێنانی هێزی زیرەکە کە تێکەڵاوێکە لە هەر دوو هێزی‌ ڕەق و نەرم بۆ ڕاکێشان و زاڵبوونی بەسەر ئابووری وڵاتاندا بەگشتی،هەتا ئەو شوێنەی کە وڵاتانی تری زلهێزی جیهانی تەنیا لە دوو هێزی‌ نەرم و ڕەق کەڵکیان وەرگرتووە،بۆ نموونە لەو شوێنەی زمانی دیالۆگ و گفتوگۆ وەڵامدەر نەبووە،بۆ چاڕەسەری کێشەکان،ئەوە ڕاستەوخۆ لە هێزی ڕەق یانیش هەمان هێزی بۆمب‌ و فرۆکە و سەرباز کەڵکیان وەرگرتووە.




(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4.5/5)