ئاگامەندی و ژیانی مۆدێرن

Saturday, 07.25.2020, 20:28

1099 بینراوە


کتێک تۆ سەیری تابلۆیەک دەکەیت، دڵفڕێنە بەلاتەوە، بەلام نازانیت بۆچی، خۆ ئەگەر کەسێک بۆت رونبکاتەوە و شیکارت بۆ بکات، دەستخۆشی لێدەکەیت لەبەر ئەوەی کە ئەوەی لە دڵی تۆدا قەتیس مابو ئازادی کرد، کاتێک تامی شەرابێکی بۆردۆ دەکەیت دەڵێیت : خۆشە، بەلام نازانیت باسی بکەیت کە بۆچی خۆشە بەلاتەوە، کەسێکی لێ زان دەتوانێت فێرت بکات کە چۆن ئاگامەند بیت بە تامەکەی: کاتێک شەرابەکە دەخلیسکێت بەسەر دیواری دەمو پێستی زبانتا، فێرت دەکات کە چۆن ئەو هەستە بەخەبەر بکەیتەوە لە زەینتا. سۆفیەکان دەلێن : ڕۆح وەک باڵندەیەک لە قەفەسێکدایە ، کاری تۆ ئەوەیە کە چۆن بتوانیت ئەو باڵندەیە ئازاد بکەیت . ئازادی ئەوە نیە کە تۆ بە فڕۆکە بتوانیت لەمپەڕی دنیاوە بگەیتە ئەو پەڕی دنیا.
کاتێک کتێبێک دەخوینیتەوە، کتێبی کەسێک کە ئارەزوی ئەوەی نیە دەستپەڕ بە وشەوە بکات، هەر خێرا دەڵییت: دەستخۆش، لەبەر ئەوەی کە تۆش بیرت لەهەمان دیاردە کردبویەوە و وەک تابلۆکە هەستی جوڵاندبوی بەلام نەدەبونە وشەو رستەو شیکار، هەتاوەکو خۆتی تێدا بدۆزیتەوە، وەک ئەو باڵندەیە لە ناختا گیری خواردبو، ئەو کتێبە توانی باسی ناخی دەرونی تۆ بکات.
جیاوازی لە نێوان مرۆڤو ئاژەڵدا ئاگامەندیە، ئاگامەندی لای مرۆڤ بەوە دەست پێ دەکات کە کاتێک تۆ دەچیتە دەرەوەی خۆتو سەیری خۆت دەکەیت چۆن هەڵسوکەوت دەکەیت ؟ چۆن ئەدوێیت ؟ لە چ کۆمەڵگەیەکدا دەژیت ؟ ئەمە سەرەتای هەمو شتێکە. لێرەوە مێژوی تۆ دەست پێدەکات، ئیتر لەو کاتەوە تۆ دەبیت بە دادیارو لە هەمان کاتا تاوانبار لە ناو ساڵۆنی مەحکەمەدا. هەر ئەم خاسیەتەیە کە پێمان دەڵیت ئێمەی مرۆڤ توانای هەڵبژاردنمان هەیە لە ژیانادا لە نێوان ئەگەرەکاند، هەرچەندە ئەم بیرۆکەیە جێی مشتومڕە و هەندیک کەس وای بۆدەچن کە ئێمەی مرۆڤ توانای هەڵبژاردنمان سنوردارە، چونکە کاتێک تۆ برسیتە دەبێت بەدوای ناندا بگەڕییت.
ئەگەر ئێمە لە سیستەمی پاشایەتی ناڕازی بوین ئەوا شۆرشی فەرەنسیمان هەڵگیرساندو سیستەمێکی ترمان هێنایە کایەوە هەتاوەکو بتوانین سیستەمەکەمان لەگەڵ گۆڕانکایەکاندا بگونجێنین، بەلام دواجار کەوتینە کۆمەڵگەی ئەمڕۆ کە دەبێت ئێمە خۆمان لەگەڵ سیستەمەکەماندا بگونجێنین هەتاوەکو نەکەوینە دەرەوەی کۆمەڵگە. ئەگەر ئێمە لەسیستەمی تۆتالیتاریسمی وەک سەدام حسەیندا شەوان خەبەرمان دەبویەوە بە ترسو لەرزو ئارەقکردنەوەوە لە ترسی پیاوانی سەدام کە بێن بەدوامانا و بمان بەنە ژوری ئەشکەنجە، لەگەل ئەوەشدا ئێمە لەو سیستەمەدا توانای خۆ دەربازبونمان هەبو، بۆ نمونە دەمان توانی ببینە پێشمەرگە یان لەگەل ئەو سیستەمەدا هاوکاری بکەین یان هەر واز لەو رێگەیە بێنین کە بەهیچی نەدەگەیاندین، توانای هەڵبژاردنمان هەبو، ئەمان توانی ژیانێکی تر بژین دور لەو ترسو لەرزەی شەوان، بەلام ئەمڕۆ لەداوی چەند دەیەها سالێک کە گەشتیتە ئەوروپا شەوانە بەخەبەر دەبێتەوە بە ترسو لەرزەوە، کە ئایا تۆ وەک بەرپرسێک ئەتوانیت ئەو کارە بکەیت کە پێت سپێردراوە لە سیستەمێکی ئابوریدا کە هەمیشە لە کێبڕکێدایە و دەبێت تۆش لە وکیبڕکێیەدا بەشدار بیت دەنا دەبیتە کەسێکی بێ لانە و دەکەویتە دەرەوەی کۆمەڵگە، هیچ هەڵبژاردەیەکی ترت نیەو دەبێت دواکاریەکان قبوڵکەیت دەنا دەکەویتە دەرەوەی کۆمەڵگەکەت. ئەمڕۆ بۆ تاکەکانی ئەوروپی تەنها ئەوە بەس نیە کە ببیتە سەرۆکی شەریکەیەک یان ئاستێکی بەرزی بەرپرسیاریەتی یان شەهادەیەکی بەرز، ئەبێت تۆ هەمیشە دەوری خۆت بسەلمێنێت لەو کێبرکێیەدا. پێ دەچیت لە داهاتویەکی نزیکیشدا خەتابارت بەکەن بەوەی کە تۆ بۆیە کەوتویتەتە دەرەوەی کۆمەڵگە لەبەر ئەوەی کە تۆ هیشتا دی ئای ئێنەکانت هی سەردەمی مرۆڤی کۆکەرەوە و راوکەرن بۆیە ناتوانیت دوای ئەم ژیانە خێرایە بکەویتو لەم کێبڕکێیەدا شوێێک بۆخۆت بدۆزیتەوە، کەواتە ئەگەر دەتەوێت ببیتە کەسێکی بەرهەمهێنەرو کارا، دەبێت دەستکاری ئای دی ئێنەکانت بکەین هەتاوەکو ببیتە مۆسیقارێکی کارا، ژمێریارێکی بە توانا....تاد، وەک مانگایەک کە هەمو ژیانی بەستراوەتەوە لە ژورێکدا هەتاوەکو زۆرترین بەرهەمی شیرمان بداتێ، وەک مریشکێک سیانزە خولەک لەژێر گڵۆپێکدا هەتاوەکو زۆرترین هێلکەمان بۆ بەرهەم بهێنێت.
ئەگەر لە رابوردودا خەڵکی دژی دیانەتی مەسیحی دەوەستانەوە لەبەر ئەوەی کە دینی مەسیحی تاکەکانی کۆمەڵگەی هەمیشە بە خەتابار دەناساند و هەستی خەتاباری تیایاندا دەچاند، بەڵام هەر هەمان دین بەلایەنی کەمەوە دڵخۆشیشی ئەدایەوە. ئەمڕۆ لەم سیستەمە مۆدێرنەدا لە روی ئێتیکەوە تۆ ئازادیت، کەس بەسەرتا ناسەپێنێت کە چی بکەیت، باوەڕت بەچی هەبێت، چۆن بژیت، چۆن بیر بکەیتەوە و چیت خۆش بوێت، لەگەڵ کێ بژیت، بەڵام لەهەمان کاتا پاڵەپەستۆیەکی بێ ئەندازەت لەسەرە وەک مۆتەکە هەمو ڕۆژێک سوارت دەبێتو هەناسەت لێدەبڕێت بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی ئەوروپیدا کە کارەکانی ڕۆژانەت هەمیشە لەژێر کاریگەریەکی راستەوخۆی دەروەی تۆدایە، بۆ نمونە دەبێت هەر ئێستاکە بچم بۆ کار، ئەبێت وەرەقەی تاکسەکەم سبەینێ پڕ بکەمەوە، ئەبێت ئاگاداری تەندروستی خۆم بم، ئەبێت خۆم فێری زمانێکی بێگانە بکەم، ئەبێت کەلوپەلی ئەنتەرنێتو ئەلکترۆنیەکانم تازەبکەمەوە، ئەبێت هەمیشە ئاگادار روداوەکانی ڕۆژانە بم.......تاد، لیستەکان زۆرنو دەبێت پشوش بدەمو ئاگاداری خۆشمبم دەنا پێ دەچێت دڵم لەوەستان بکەوێت یان توشی دێپرێشنو خەمۆکێ ببم بەهۆی هیلاکیمەوە. وەک Kenneth Gergen دەلێت : ژیانی ڕۆژانەمان بۆ تە ئۆقیانوسێک لە ئەرک ، هەروەها Robinson Godby دەڵێت : ئەبێت هەمو سالێک خێراتر بڕۆین تەنها بۆ ئەوەی لە جێی خۆماندا نەجوڵیین .
پێش ساڵانی حەفتا باپیرە و باوکو کوڕ هەمان کاریان دەکرد، لە سالانی حەفتادا لەدوای مردنی کەپلێک مۆدێلەکەیان بەسەر دەچو و کوڕەکەیان هەمان ئیشی وەک باوکی نەدەکرد، ئەمڕۆ کەسێک کە خوێندنێکی باڵای خوێندبێت لەئەمەریکا، لە ژیاندا نزیکەی یانزە جار کاری دەگۆڕێت، ئەوەشی لە شەریکەی میکرۆسۆفت کاردەکات نازانێت بەیانی چی بەسەر دێت .
ئاگامەندی مرۆڤ بە ژیانو دەوروبەری هەمیشە سنوردارە، خۆ لەبەر ئەوە نیە کە تۆ چاوت کراوەیە کەواتە تۆ ئاگامەندیت، زۆر ڕێی تێ دەجیت کە تۆ هیچ نەبینیت و لە پرخەی خەودا بێت، ئەوەی کە وای دەبینیت بەختیاریە جۆرێک بێت لە بەندیخانە.
هەندێک لە زانیاریەکان لە کتێبی : Aliénation et accélération ، نوسەر : Hartmut Rosa وە وەرگیراوە.



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 3.5/5)