ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

پێكهاته ‌و میكانیزمى كاركردنى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان (به‌شى یه‌كه‌م)

Saturday, 07.25.2020, 20:33

173 بینراوە


پێكهاته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان 

  له‌ سه‌اڵى 1992 هه‌ڵبژارندنى په‌ڕله‌مانى كوردستان ئه‌نجامدرا  .پارتى له‌ سه‌دا 51  و  یه‌كێتیش له‌ سه‌دا  49  ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ست هێنا ، ئه‌وه‌ش شۆكێكى زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ یه‌كێتى و كه‌س چاوه‌ڕوانى ئه‌و ئه‌نجامه‌ى نه‌ده‌كرد . 
له‌و كاته‌دا  كاك نه‌وشیروان بۆچونى وابو كه‌ یه‌كێتى به‌شدارى حكومه‌ت نه‌كات و ببێته‌ ئۆپۆزسیۆن . به‌ڵام له‌ ناو یه‌كێتێدا پشتیوانى له‌ بۆچونه‌كه‌ى نه‌كرا.  دواجار له‌گه‌ڵ پارتى ڕێك كه‌وتن  په‌نجا به‌ په‌نجا  واته‌ به‌ شه‌ راكه‌ت حكومه‌ت پێك بهێنن . شكست و سه‌رنه‌كه‌وتنى  پرۆسه‌ى سیاسى و دێموكراتى له‌ هه‌رێمى كوردستان  لێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات .  
ئه‌وه‌ى ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕو ده‌دات هه‌ر به‌رهه‌مى ئه‌و په‌نجا به‌ په‌نجا یه‌یه‌  ، چونكه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌كو مناڵێكى تاساو و كه‌م ئه‌ندام له‌ دایك بوو . له‌و كاته‌وه‌ پارتى  به‌رده‌وام  هه‌وڵى داوه‌  و كارى بۆ ئه‌وه‌  كردوه‌  كه‌ هه‌موو جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ده‌سه‌ڵات بخاته‌  ژێر ده‌ستى خۆیه‌وه‌و خاوه‌نى هه‌موو بڕێارێك بێت  دوور له‌ ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هاولاِتیان .
  ئه‌وان حوكمڕانییان  بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گه‌ل و نیشتمان نه‌ده‌ویست و  هه‌میشه‌ بیریان له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حیزبه‌كه‌ى خۆیان و به‌نه‌ماڵه‌ى بارزانى  كردۆته‌وه‌  ،  له‌ ئه‌نجامدا هه‌رێمى كوردستانیان توشى قه‌یرانى دارایی و  سیاسى گه‌وره‌ كردوو هه‌موو ئاواته‌كانى  میلله‌ت بون  به‌  خه‌ون و  گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ خاڵى سفر.  
ئه‌گه‌ر چى ڕیژه‌ى ده‌نگه‌كانى  یه‌كێتى له‌ پارتى كه‌متر بوو ، به‌ڵام یه‌كێتى چ له‌ ڕوى بنكه‌ى جه‌ماوه‌رى و چ له‌ ڕوى هێزه‌وه‌ له‌ پارتى لاوازتر نه‌بوو . هۆكارى زۆرى ده‌نگه‌كانى پارتى له‌ ڕێگاى فرت و فێل و ته‌زویر و  ڕاكێشانى  ده‌نگى   چه‌كداره‌ كورده‌كانى  سه‌ر به‌ حكومه‌تى به‌عس بوو به‌لاى خۆیدا . پارتى زۆر باش ئه‌م ڕاستییه‌ى ده‌زانى هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ به‌ په‌نجا به‌ په‌نجا  ڕازى بوو . ئه‌گه‌ر بیزانیایه‌ئه‌وه‌  ئه‌و ده‌نگانه‌  ، ده‌نگى ڕاسته‌قینه‌ى خۆنى ، هه‌رگیز ڕازى نه‌ده‌بوو یه‌كێتى به‌شداردارى ده‌سه‌ڵات بكات . 
ئه‌گه‌ر  له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا یه‌كێتى ئۆپۆزسبونى هه‌ڵبژاردایه‌ ،  پارتى  ناچار ده‌بوو  كارى زۆر باش بكات  ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى  میلله‌تدا ده‌بوو . ئه‌و كات پارتى  نه‌یده‌توانى ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵى و تالانیه‌ بكات . ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى بكردبایه‌ ، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى دواییدا شكستى ده‌هێنا . 
 له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا جگه‌ له‌ پارتى و یه‌كێتى  یه‌كگرتوى ئیسلامى و كۆمه‌ڵى ئیسلامى  و حیزبى سۆسیالیست و شیوعى  و چه‌ندین حیزبى  ترى بچوك هه‌بون  و  دواجار بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش دروست بوو .
 ئه‌گه‌ر یه‌كێتى جارێك له‌ جاران  ئۆپۆزسیۆن بونى هه‌ڵبژاردایه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبانه‌ جۆرێك له‌ هه‌ماهه‌نگییان پێك بهێنایه‌ ، ده‌یانتوانى  پارتى له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لابه‌رن . یان هیچ نه‌بێ  ڕێگاى نه‌ده‌ن به‌ ئاره‌زوى خۆى  بڕیار بدات .  
بۆچى یه‌كیتى ڕێگاى ئۆپۆزسبونى هه‌ڵ نه‌بژارد؟؟. 
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌  پارتى  وه‌كو شه‌ریكى  ده‌سه‌ڵات  حسابى  بۆ یه‌كێتى كردبێت ، به‌ڵام به‌ تێپه‌ڕبونى رۆِژگار و به‌ دیاریكراوى دواى ئه‌وه‌ى  كه‌ به‌ڕێز مامجه‌لال  خولیاى بون به‌ سه‌رۆك كۆمار بونى كه‌وته‌ مێشكه‌وه‌    ، ته‌نازولى زۆرى بۆ به‌ڕێز مه‌سعود بازانى كرد و هێواش هێواش  یه‌كێتى له‌ شه‌ریكى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ بوو به‌ به‌شدارى ده‌سه‌ڵات .
چۆنى مه‌مجه‌لال بۆ به‌غدا ، واته‌  ڕاده‌ستكردنى  هه‌رێمى كوردستان به‌ مه‌سعود بارزانى و بنه‌ماڵه‌و حیزبه‌كه‌ى. ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌بوو كه‌ هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌ . ئه‌و بارودۆخه‌ى ئێستا هه‌رێمى كردستانى تێكه‌وتوه‌ ،به‌رهه‌مى ئه‌و بڕیاره‌ى مه‌مجه‌لال بوو . 
ئه‌وه‌ى واى له‌ یه‌كێتى  كرد هه‌موو شتێك قبوڵ بكات و به‌رده‌وام له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت  به‌رژه‌وه‌ندى شه‌خسى و حیزبی بوو .  ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌ى  چوار ساڵ یه‌كێتى ئۆپۆزسیۆن  بونى هه‌ڵبژاردایه‌ ،گومانى تێدا نه‌ده‌بوو پڕۆسه‌ى سیاسى  به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا گه‌شه‌ى نه‌ده‌كرد .  له‌و كاته‌دا  به‌رپرسانى حیزبى كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ، به‌رپرسانى حیزبیش بوون  ، ئه‌وه‌نده‌ى بیریان  له‌ به‌رژه‌وه‌ندى حیزبى و شه‌خسى ده‌كرده‌وه‌ ، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌مى  دامه‌زراندنى حوكمڕانییه‌كى باشدا نه‌بون بۆ هه‌رێمى كوردستان . 
یه‌كێتى و پارتى ڕێكه‌وتنى ستراتیجییان له‌ نێوان خۆیاندا مۆركردو  به‌ جوته‌ هه‌رێمى كوردستانیان به‌ڕێوه‌ برد . ئه‌م ڕیكه‌وتنه‌ ستراتیجییه‌ى نێوان یه‌كێتى و پارتى  وه‌كو ڕێكه‌وتنه‌ 50 ساڵیه‌كه‌ى بنه‌ماڵه‌ى بارزانى و توركیا وایه‌ له‌سه‌ر نه‌وت و غاز كه‌ تا ئێستا  خۆیان نه‌بێت كه‌سى تر نازانێت   ناوه‌رۆكى ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ چییه‌و چۆنه‌ . 
كه‌ باسى ڕێكه‌وتنى ستراتیچى نێوان پارتى و یه‌كێتى ده‌كرێت ، هه‌ندى كه‌س وه‌كو ڕێكه‌وتنى نێوان  ڕوسیاو ئه‌مه‌ریكاى وێنا ده‌كه‌ن  له‌سه‌ر چه‌كى ئه‌تۆمى .
هه‌ندێك  واده‌زانن یه‌كێتى و پارتى به‌رنامه‌یان داناوه‌  روِژئاواى كوه‌ردستان و خواروى كوردستان لێك بده‌ن و هه‌موو ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان  به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ ، بگیڕنه‌وه‌  بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و  به‌رنامه‌ دانێن بۆ ئه‌وه‌ى كوردستانى گه‌وره‌ دروست بكه‌ن و ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ستراتیجییه‌  به‌ نه‌هێنى بهێڵنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دوژمنانى كورد پێی نه‌زانن و  له‌ بارى به‌رن . 
به‌ڵام ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ ستراتیجیه‌  نه‌هێنییه‌  هه‌موى له‌ پێناوى ئه‌وه‌دابوو  وه‌كو جوته‌ براو به‌ یه‌كه‌وه‌ و به‌ بێ  حیزبه‌كانى تر و دوور له‌ چاوى میلله‌ت  سامانى ئه‌م وڵاته‌ به‌یه‌كه‌وه‌  له‌ نێوان خۆیاندا به‌ش بكه‌ن . 
تا ماوه‌یه‌ك  ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ به‌ باشى  و  بی َكیێشه‌ به‌ڕێوه‌ چوو . به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى پارتى به‌ ته‌واوى باڵا ده‌ست بوو  ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ نه‌ماو ئه‌وه‌ش به‌ ماناى ئه‌وه‌ دێت ڕێكه‌وتنه‌ ستراتیجیه‌كه‌ش نه‌ما . 
ئه‌وه‌تا به‌ چاوى خۆتان ده‌بینن كه‌ هه‌موو دۆسیه‌ى نه‌وت له‌ ده‌ستى پارتیدایه‌و  به‌رپرسانى یه‌كێتى ئاگایان  له‌ ورده‌كارى گرێبه‌سته‌ كان  نیه‌. واته‌ هاوكێشه‌كه‌ به‌ تاواى تێك چوه‌و و دوو  تاى  ته‌رازوه‌كه‌ لاسه‌نگ بون  .  

ڕۆڵى حیزبه‌كانى تر له‌ حكومه‌تدا 

وه‌كو له‌ سه‌ره‌وه‌ باسمكرد ماوه‌ى 29 ساڵه‌ پارتى و یه‌كێتى پێك هاته‌ى سه‌ره‌كى حكومه‌تى هه‌رێمن . واته‌ له‌ ماوه‌ى ئه‌و 29 ساڵه‌دا ئه‌و دوو حیزبه‌ به‌رده‌وام له‌ حكومه‌تدابون ، ئه‌گه‌رچى  هاوسه‌نگ نه‌بون له‌ ده‌سه‌ڵاتدا . به‌ڵام جگه‌ له‌ یه‌كێتى و پارتى  حیزبى تریش به‌شدارى ده‌سه‌ڵاتیان كردوه‌ ، به‌ڵام له‌ كاتى جیاوازدا .
یه‌كگرتوى ئیسلامى ، كۆمه‌ڵى ئیسلامى ، حیزبى شییوعى ، حیزبى سۆسیالیسَت . دواى ساڵى 2009 بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیش به‌شدارى حكومه‌تیان كردوه‌ . به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ چۆن ؟؟. 
 زۆربه‌ كه‌مى هه‌موو ئه‌م حیزبانه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ و له‌ یه‌ك كاتدا به‌شدارى ده‌سه‌ڵات بووبن . پارتى زۆر ژیرانه‌ كارى له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كردووه‌ و ڕێگاى نه‌داوه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌شدار بن له‌ حكومه‌تداو  دواجار بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ جه‌بهه‌یه‌ك  له‌ دژى پارتى دروست بكه‌ن .   
ئه‌گه‌ر سه‌ر نج بده‌ن  ئه‌و كاته‌ى  یه‌كگرتوى ئیسلامى به‌شدارى ده‌ه‌سه‌ڵات بوو ، كۆمه‌ڵى ئیسلامى  به‌شدار نه‌بوو .له‌م كابینه‌یدا كه‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان  به‌شدارى حكومه‌تى كردوه‌ ، یه‌كگرتوى ئیسلامى ئۆپۆزسبونى هه‌ڵبژاردوه‌ . 
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى ئیسلامى زۆر له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ نزیك بوو ، پارتى  ڕێگاى نه‌دا ئه‌وان یه‌شدارى ده‌سه‌ڵات بكه‌ن و هه‌ر فه‌رموشى نه‌كردن . به‌ڵام حیزبى سۆسیالیست به‌ ده‌نگى زۆر كه‌مه‌وه‌ به‌رده‌وام  وه‌زیریان هه‌یه‌ .  كه‌واته‌ پارتى به‌ به‌ردێك  دوو نیشان ده‌شكێنێـت :
یه‌كه‌م : به‌ باشى نازانێت هه‌موو حیزبه‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن  و كۆده‌نگییه‌ك پێك بهێنن و پارتى ناچار بكه‌ن  كه‌ به‌ ئاره‌زوى خۆیان بڕیار نه‌ده‌ن .
دووه‌م: بۆ ئه‌وه‌ى ناكۆكى بخاته‌ نێوان ئه‌م حیزبانه‌وه‌و  نێوانیان تێك بدات له‌ ڕێگاى ئه‌وه‌ى  له‌گه‌ڵ ئه‌م حیزبه‌ ڕێك ده‌كه‌ون و  به‌شدارى ده‌سه‌ڵات ده‌بێت . به‌ڵام له‌ولاوه‌ حیزبێكى تر په‌راوێز ده‌خه‌ن.
 له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و حیزبه‌ى به‌شدارى ده‌سه‌ڵات ده‌كات  ، له‌وه‌ زیاتر چه‌ند پۆستێكى بی َبایه‌خ وه‌ر ده‌گرێت ،  هیچى بۆ جه‌ماور پێناكرێت  به‌و هۆیه‌وه‌  جه‌ماوه‌ره‌كه‌شى له‌ ده‌ست ده‌دات . 
له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و حیزبه‌ له‌ناو جه‌ماوه‌ردا سه‌نگ و قورسایی نامێنێت و به‌ره‌و پۆكانه‌وه‌ ده‌چێت  و هیواخوازن زوو هه‌ڵبژاردنى تر بكرێت  بۆ ئه‌وه‌ى  له‌ ده‌سه‌ڵات دوور كه‌ونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جه‌ماوه‌ر ئاشت بكه‌نه‌وه‌ . زۆر جاریش  هه‌ر زوو نوێنه‌ره‌كانیان له‌ حكومه‌ت ده‌كشێننه‌وه‌ . 
 به‌ڵام تازه‌ كار له‌ كار ده‌ترازێت و  زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بێت بتوانن جه‌ماوه‌ر ئاشت بكه‌نه‌وه‌ . باشترین نمونه‌ یه‌كگرتوى  ئیسلامییه‌ كه‌ له‌ كابینه‌ى  8  به‌شدارى  ده‌سه‌ڵاتى كرد . له‌ ئه‌نجامدا ده‌نگه‌كانى زۆر كه‌مى كرد و له‌ به‌رامبه‌ردا كۆمه‌ڵى  به‌ره‌و هه‌ڵكشان چوو .
سه‌یركه‌ن ئه‌م جاره‌یان  گۆڕان  به‌بێ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتو به‌شدارى  ده‌سه‌ڵاتى كردوه‌و هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ دیاره‌   ئه‌م به‌شدارى كردنه‌ باجه‌كه‌ى قورس ده‌بێـت  .  ئه‌گه‌ر  له‌ ڕابوردودا یه‌كێتى خاوه‌نى بڕیار بوبێت ،له‌ ئێستادا ئه‌ویش بۆته‌ حیزبى پله‌ دوو . واته‌ هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان  له‌ ده‌ستى پارتێدا قۆرخ كراوه‌ . به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كێتى خاوه‌نى هێزه‌ ، پارتى ناتوانێت به‌ ته‌واوى په‌ڕاوێزى بخات .
به‌ڵام هه‌موو حیزبه‌كانى تر ئه‌وانه‌ى ناو به‌ناو به‌شدارى ده‌سه‌ڵاتیان كردوه‌ ، ته‌نها پاشكۆبون و له‌وه‌ زیاتر چه‌ند پۆستێكیان بۆ ئه‌ندامه‌كانیان وه‌رگرتوه‌ ، هیچ سودێكیان به‌ هاوڵاتیان  نه‌گه‌یاندوه‌ . كه‌واته‌ ده‌كرێ بڵیێن ئه‌مانه‌ بونه‌ بارگرانییه‌كى قورس  به‌سه‌ر بودجه‌ى  هاوڵاتیانه‌وه‌. 
وه‌زێرێك ، جێگر وه‌زیرێك ، به‌ڕێَوه‌به‌رێكى گشتى هه‌تا ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانى  ئه‌و حیزبانه‌ش  كه‌ خاوه‌نى هیچ بڕیارێك نه‌بن ، نه‌توانن هیچ بۆ میلله‌ت  بكه‌ن و هیچیان به‌ده‌ست نه‌بێت  ، بون و نه‌بونیان وه‌كو یه‌ك وایه‌ . ئه‌و پۆستانه‌ى وه‌ریان گرتوه‌  ته‌نها بۆ ڕازیكردن  و بێده‌نگ كردنیان بوه‌ . 
به‌ درێژایی 29 ساڵى حوكمڕانى  ئه‌گه‌ر به‌ وردى سه‌لانج بده‌ین  هه‌موو پۆسته‌ گرنگه‌كان . ده‌سه‌ڵاتى   ته‌شریعى و ته‌نفیزى و دادوه‌رى و  پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم  له‌ ده‌ستى پارتیدا بوون  . كه‌واته‌ چى مایه‌وه‌ بۆ ئه‌وانیتر . 
ئه‌وه‌ى بۆیان ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌  به‌رده‌وام ڕه‌خنه‌ بگرن ، به‌یاننامه‌ ده‌ركه‌ن  ئه‌وه‌ش دادیان نادات و پارتى گوێی به‌و شتانه‌ نییه‌و سه‌رچاوه‌ى ئاوه‌كه‌ له‌ ده‌ستى خۆیدایه‌ . 
كه‌ى ویستى ده‌یبڕێت و هه‌موان له‌ تینویه‌تیدا ده‌یان ده‌خنكێنێت  . كه‌ى ویستى وه‌زیره‌كانیان ده‌رده‌كات ، په‌رله‌مان داده‌خات ، ڕێگاى چونه‌ هه‌ولێریان لێ ده‌گرێت . كه‌واته‌ ئه‌مه‌ حكومه‌ته‌ حكومه‌تیكى میزاجییه‌و به‌ كه‌یفى پارتى به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئیداره‌ ده‌كرێت . 
 به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تێك كه‌ له‌ ده‌ستى پارتیدابێـت له‌ خۆخه‌ڵه‌تاندن و خه‌ڵك گه‌وجاندن  زیاتر نییه‌ . ته‌نها سودێك كه‌ هه‌یبێت ئه‌وه‌یه‌ هه‌ندێك به‌رژه‌وه‌ندى  شه‌خسى به‌ده‌ست دێت . دواجار هه‌موو خه‌ڵك بی َئومێد ده‌بن له‌ حیزبه‌كان  و ڕقیشیان له‌ سیاسه‌ت ده‌بێته‌وه‌ . به‌ یه‌كێتیشه‌وه‌ . به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى یه‌كێتى  خاوه‌نى هێزى خۆیه‌تى پارتى نه‌یتوانیوه‌  وه‌كو حیزبه‌كانى تر به‌ ئاره‌زوى خۆى یارییان پێ بكات . 

پۆخته‌ى باسه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌ :

له‌ ماوه‌ى 29 ساڵى حوكمڕانێدا   یه‌كێتى و پارتى حوكمران بون و خاوه‌نى بڕیار بون ، هه‌رچه‌نده‌ زوربه‌ى جومگه‌ ئه‌ساسیه‌كانى  حوكمڕانى له‌ ده‌ست پارتیدابون و   ئه‌وان زیاتر خاوه‌نى بڕیار بون , به‌ڵاَم یه‌كێتى هه‌میشه‌ سه‌نگو قورسایی خۆى هه‌بوه‌ .
به‌ڵام حیزبه‌كانى تر ئه‌گه‌ر به‌شداریى ده‌سه‌ڵاتیش بوبن ، هیچ ڕۆڵێكیان نه‌بوه‌و  ته‌نها ده‌سكه‌وتیان هه‌ندى به‌رژه‌وه‌ندى حیزبى و شه‌خسى بوه‌ .   كه‌واته‌ هه‌موو به‌رپرسیاریه‌تى  هه‌رێمى كوردستان و  هاولاتیانى هه‌رێمى كوردستان  له‌ ئه‌ستۆى  ئه‌ودوو حیزبه‌دایه‌ .  
له‌ كاتێكدا بارودۆخى سیاسى و ئیدارى و ئابورى هه‌رێمى كوردستان له‌و په‌رى خرپیدایه‌ ، هه‌رێمى كوردستان توشى قه‌یرانى ئابورى  گه‌وره‌ بوه‌  به‌ هۆى بڵاوبونه‌وه‌ى  ڤایرۆسى كۆڕۆناو دابه‌زینى نرخى نه‌وت و  گه‌نده‌ڵى و تاڵانى یه‌كێتى و پارتى ، په‌یوه‌ندى نیوانیشیان   له‌وپه‌ڕى خراپى دایه‌ . ئه‌گه‌ر كار هه‌ر ئاوا بڕوات ، هاوڵاَتیان توشى كاره‌سات ده‌بن و  دوو چارى هه‌ژارى بێ وێنه‌ ده‌بنه‌وه‌ . له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان  رو به‌ ڕوى ئه‌م نه‌هامه‌تیانه‌ بۆته‌وه‌ :
1- له‌و كاته‌وه‌ یه‌كێتى كۆنگره‌ى به‌ستوه‌  سه‌ركردایه‌تى نوێیان هه‌ڵبژاردوه‌ ، ئه‌و دوو حیزبه‌ سه‌ره‌كیه‌ى پێكهاته‌ى حكومه‌ت  به‌یه‌كه‌وه‌ كۆنه‌بونه‌وه‌و نێوانیان زۆر خراپه‌ .    2- خه‌ریكه‌ هه‌رێمى كوردستان  به‌ عه‌مه‌لى بكرێته‌ دوو ئیداره‌ . 3- یه‌كێتى و پارتى به‌ ئاشكرا  داهاتى گومرگ و باجه‌كان له‌ سنوره‌كانى خۆیان بۆ ده‌به‌ن و خۆیان به‌ برپرسیار نازانن  به‌رامبه‌ر به‌ هاوڵاتیان .  
3-خه‌ریكه‌ په‌ڕله‌مانیش به‌ ته‌واوى په‌كى ده‌كه‌وێت و ئه‌وه‌تا سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان جارێك  به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كان ده‌كات و  جارێك بایكۆتى كۆبونه‌وه‌كان ده‌كات له‌سه‌ر داواى حیزبه‌كه‌ى .  له‌ ڕاستیدا  ئه‌م خوله‌ى په‌ڕله‌مان  وه‌كون نه‌بوو وایه‌ هیچ ڕۆڵێكیان نییه‌ .  4- ئه‌ندامان و به‌رپرسانى ئه‌م دوو حیزبه‌ به‌رده‌وام قسه‌ له‌سه‌ر یه‌كترى ده‌كه‌ن . تۆمه‌ت بۆ یه‌كترى  دروست ده‌كه‌ن و به‌وهۆیه‌وه‌  ئاگرى نێوانیان خۆشتر و خۆشتر ده‌كرێت. 
ئه‌گه‌ر سه‌یركه‌ى كه‌سێكى وه‌كو ئه‌حمه‌د كانى به‌رپرسى لقى دووى پارتى له‌م كاته‌دا باسى ته‌قینه‌وه‌كه‌ى  زاخۆ ده‌كات و كاى كۆن به‌ با ده‌كات ، كه‌ ئه‌وه‌نده‌ كۆنه‌ له‌ یاده‌وه‌رى زۆر كه‌سدا نه‌ماوه‌ . 
له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ سه‌یرى لێدوانه‌كانى جه‌عفه‌ر ئێمنكى و  ئاسۆ حه‌سۆ میرخان  بكه‌ن كه‌ بۆنى شه‌ڕِیان لێدێت. دیاره‌  ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى لێدوانه‌كانى  به‌رپرسانى  یه‌كێتییه‌ .
كه‌واته‌ مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌  ئه‌م دووحیزبه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن و  په‌یوه‌ندیشیان  به‌م شێوه‌یه‌ بێت ، ده‌بێ خه‌ڵك چاوه‌ڕوانى چ ئاینده‌یه‌ك  بكات بۆ خۆی و ماڵ و مناڵى و  وڵاته‌كه‌ى ؟ 
به‌ بۆچونى من چاره‌سه‌ر ئه‌مه‌یه‌ :
یه‌كه‌م : ئه‌گه‌ر یه‌كێتى خۆى به‌ حیزبێكى دڵسوزى  هاولاِتیان و  هه‌رێمى كوردستان ده‌زانێت ، با ده‌ست به‌ردارى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆى ببێت و له‌ حكومه‌ت بكشێته‌وه‌و هه‌وڵ بدات له‌گه‌ڵ هه‌موو حیزب و لایه‌نه‌كانى تر  كۆ ده‌نگییه‌ك پێك بهێنن   بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگرى له‌ تاك ره‌ویه‌كانى پارتى  بگرن .ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ نه‌كرێت بارودۆخه‌كه‌ هه‌ر وه‌كو ئێستا ده‌ڕوات و یه‌كێتى و پارتى هیچیان ناتوانن یه‌كترى له‌ناو به‌رن و له‌ ئه‌نجامدا به‌ هه‌ردوكیان  به‌ ته‌واوى   ئاگر له‌ هه‌رێمى  كوردستان  به‌رده‌ده‌ن .
دووه‌م:ئه‌گه‌ر یه‌كێتى و پارتى نێوانیان چاك نه‌كه‌ن و بارودۆخ هه‌ر ئاوا بمێنێته‌وه‌ ، تۆپه‌كه‌ ده‌چێته‌ گۆڕه‌پاتى جه‌ماوه‌ره‌. ئایا جه‌ماوه‌رى ئه‌م هه‌رێمه‌ لێده‌گڕێن  پارتى و یه‌كێتى   یارى به‌ داهاتوى خۆیان و مال َو مناڵ و هه‌رێمه‌كه‌وه‌ بكه‌ن له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا ، یان ده‌نگى ناڕه‌زایی به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ خۆپیشاندانى سه‌رانسه‌رى .
ئه‌گه‌ر  ئه‌وه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌بوو  باشتر وایه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ ڕاپه‌ڕێنى سه‌رانسه‌رى چونكه‌ ڕێگا چاره‌یه‌ك نامێنێته‌وه‌ ڕه‌چاوى بكه‌ن . ئه‌گه‌ر هیچ له‌مانه‌ش نه‌كه‌ن ده‌بێ  به‌م بارودۆخه‌ى ئێستا ڕازیبن و  گله‌یش له‌ كه‌س نه‌كه‌ن  و چاوه‌ڕوانى  ئاینده‌یه‌كى نادیار بكه‌ن  بۆ خۆیان و ماڵ و مناڵیان و هه‌رێمه‌كه‌یان .




(دەنگدراوە: 0)