ئەردوغان وەک ئەتاتورک ناسنامەی تورکیا دەگۆڕێت!

Tuesday, 07.28.2020, 20:36

3127 بینراوە


گۆڕینی ناسنامەی دەسەڵاتی حوکمڕانی سیاسی و دەوڵەت لە تورکیادا بۆ بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و سەربازی بەدرێژایی مێژوو چەند جارێک ڕوویداوە. لە زەمانی دەسەڵاتی حکومڕانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا ئاینی ئیسلام کرا بوو بە ئامرازێک، بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەوڵەتانی عەرەبی و موسڵمان. دواتر کە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا ئیمپراتۆڕیەتی عوسمانی نەما و دۆخێک هاتە پێشێ کە پێویستیان بە ئامرازێکی دی بوو بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان ئینجا تورکیا بە سەڕۆکایەتی ئاتاتورک ناسنامەی بوو بە "تورکیای علمانی". لەگەڵ ڕۆژکاردا چەند جارێک ناسنامەی سیاسی تورکیا ناوی دی پێوە لکاوە وەک "تورکیای مۆدرن"، "تورکیای دیموکرات"، ئەمڕۆش دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دنیا گۆڕانی بەسەردا هاتووە لەبەرئەوە ئەردوغان ئەوجارە دووبارە دەیەوێت ناسنامەی دەسەڵاتی سیاسی بگۆڕێت بۆ "تورکیای موسڵمانی مۆدرن".
بۆ ساڵانێکی زۆرە پارتەکەی ئەردوغان پروپاگەندەی ئەوەیان دەکرد، کە گوایە ئەوان لەژێر دروشمی (نەبوونی گرفت لەگەڵ هاوسێکانیان) گۆڕانکاریان لە ستراتیژ و بیناغەی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەیان لەگەڵ وڵاتانی دنیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردوە. لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەزموونی مامەڵەی جۆری سیاسەتەکانی دەرەوەی تورکیا لەسەر ئاستی دنیا و ناوچەکەدا سەلماندویەتی کە پروپاگەندە کردن بۆ هەڵگرتنی دروشمێکی لەو جۆرە لە فریودانی خۆیان و میللەتانی دنیا و ناوچەکە بەولاوە هیچی دیکە نەبووە. تورکیای ئەمڕۆ گرفتی لەگەڵ هاوسێکانی بەدرێژای مێژوو بە ئەندازەی هەنووکە خراپ نەبووە، خاکی ئەو وڵاتانەی کە لاوازن و هاوسێی تورکییان پڕن لە سوپا و میلیشیای تورکی.
بێ گومان لە سەرەتای دوو هەزارەکانەوە گۆڕان بەسەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیادا هاتووە. هەنووکە بە ڕوونی دیارە کە ئەنقەرە پەیڕەوی فرەوان کردنی دەسەڵاتی 'جیوگرافیای سیاسی" دەکات کە بۆ ئەوەش پێویستی بە گۆڕینی ناسنامەی سیاسی تورکیا هەیە. ئەنقەرە بێوچان هەوڵدەدات کە ئەو سیاسەتە لەهەموو ئەو وڵاتانەی دنیادا کە بۆی دەلوێت بخاتە بواری جێبەجێ کردن.
ئەم جۆرە گۆڕانکاریە لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و دەرەوەی تورکیادا، کاری کردۆتە سەر دۆخی ئابووریی و سیاسی و ئاسایشی گەلێک وڵات لە دنیادا، بە تایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەوەشدا کاردانەوەی نەرێنی هەبووە لەسەر هەڵوێست و پەیوندیی زلهێزەکانی دنیا لەگەڵ ئەو وڵاتە و ناوبانگی تورکیا لەنێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەیدا. میدیای جیهانی شایەدحاڵن کە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا لە زۆربەی میدیاکاندا ئاماژە بەوە دەدەن، کە تورکیا ڕێزی یاسا و دەستوری نێودەوڵەتی نەگرتووە، لە سەر ئاستی ناوەخۆش پەیڕەوەی سیستەمی دیموکراتی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی حوکمڕانی پشت گوێ خستوە، پرۆسەی دیموکراتی لەو وڵاتەدا ئیفلیچ بووە و میللەتێکی ٤٠میلیۆنی کە کوردە دەچەوسێنێتەوە.

لە ساڵی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا تورکیا زێتر سەرقاڵی گرفتەکانی ئاسیای ناوەڕاست و بلقان و قەوقاز بوو، کە زۆربەی چاودیرانی سیاسی و شرۆڤەکاران هۆی ئەوە دەگەرێنەوە کە ئەو کات ئەو ناوچانە بۆشایی بوونی زلهێزی هەبوو، لەبەرئەوە تورکیا توانیبووی بوونی خۆی لەو ناوچانەدا بسەلمێنێت، وێرای ئەوەش ئەو کات و ئێستاش هەمیشە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تورکیا مایەی نیگەرانی بووە، ئەو هەوڵیداوە سیاسەتەکانی بەجۆرێک داڕێژێت، کە هەژموونی خۆی لەو دەڤەرەدا بسەپێنێت، بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی و پێکانی ئامانجی نەتەوەیی شۆڤێنیزم. بۆ ئەو مەبەستە یەکێک لەو سیاسەتانەی کە ئەردوغان هەوڵیدا بیگۆڕێت و پەیڕەوی بکات، تەنیا گۆڕان نەبوو لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا و هەڵکوتانە سەر ئەم وڵات و ئەو نەتەوە، ڕێکخستنی میلیشیای سەربەخۆی لە وڵاتانی دنیادا، ئەڵبەتە هەوڵدان بوو بۆ گۆڕانکاری لە ناسنامەی دەوڵەتی تورکیا و گۆڕینی لە " وڵاتێکی مۆدرن" بۆ دەوڵەتێکی "ئیسلامی مودرن"، ئەویش لە خوێندنەوەی قوڵی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و ئاینی ئەو ناوچانە هاتووە، کە ئەردوغان و نەتەوەپەرەستەکانی شۆڤێنزم لەوە گەیشتون، کە هێشتا زەمینەی هەژموونی ئاین بەسەر ئەو کۆمەڵگایانەدا زاڵە و دەتوانرێت وەک زەمانی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی وەک ئامرازێک بەکاری هێنابوو بەکاربهێنرێت بۆ داگیرکردنی وڵاتان، سەپاندنی دەسەڵاتەکانیان، بردنی خێروبێری ئەو وڵاتانە، بە کۆیلە کردنی نەتەوە و میللەتانی ژێردەست.
گۆڕینی ناسنامەی تورکیا ستراتیژێکی ڕوونی ئەردوغانە بۆ سەپاندن هەژموونی بەسەر دنیای عەرەبی و ئیسلامی و زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. ئاسانترین ڕێگە بۆ ئەردوغان کە خۆی بە زۆرینەی سادەی ئەو ناوچانە وەک کابرایەکی موسڵمان بناسێنێت، بەگڕخستنی میدیای تورکیایە لە هەڵویستی بەرامبەر بە گرفتەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دنیای عەرەبی و ئیسلامی. بۆ ئەو مەبەستە ئەردوغان هەوڵیدا هەڵوێستەکانی بە دەنگێکی بەرز بگەیەنێت بە میدیای دنیای عەرەبی و ئیسلامی، لە مێژوودا ئەوە بسڕێتەوە کە تورکیا یەکەم وڵات بوو ددانی بە کیانی ئیسرائیل نا. بە درێژای مێژوو تورکیا سوودمەند بووە لە ئیسرائیل، ئەفسەرە تورکەکان هەمیشە لەلایەن ئیسرائیل مەشقی سەربازیان پێکراوە و بە سەدان گرێبەستی ئابووریی و سەربازیی لەنێوان ئیسرائیل و تورکیادا هەبووە هەیە، هەمیشە تورکیا ناوبژیوان بووە لەنێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بە تایبەتی لەنێوان ئیسرائیل و فەلەستین و لبنان و چەند وڵاتێکی عەرەبی دی.
لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەردوغان لە کۆبونەوەی لوتکە لە داڤۆس بە ئاشکراو بە دەنگێکی بەرز و بەتوندی کشایەوە، هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی دژ بە ئیسرائیل وەرگرت، بەرامبەر بە جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین لە غەزە و پەنجەی تاوانی بۆ ئیسرائیل درێژ کرد. ئیسرئیلیش نەیهێشت ئەوە بۆ ئەردوغان بچێتە سەر، لە میدیاکاندا بە ئاشکرا وەڵامی ئەردوغانیان دایەوە و پێیان گوت: " بڕۆ لە ئاوێنە سەیری خۆت بکە ئینجا قسە بە ئیسرائیل بڵێ، جینۆسایدی ئەرمەنیەکانتان لە یاد چووە و میللەتی کورد ٤٠ میلیۆنە بەدەستی ئێوە زێتر لە سەدەیەکە دەچەوسێتەوە".
ئەردوغان بۆ هەڵخەڵەتاندنی دنیای عەرەبی و ئیسلامی هەوڵەکانی چڕ کردوە لە گۆڕینی ناسنامەی تورکیا بە وڵاتێکی "ئیسلامی مۆدرن" بۆ ئەو مەبەستە لە چوارمشقی دنیادا یارمەتی ڕێکخراوی ئەلیخوانی دا، بە تایبەتی لە میسر پشتیوانی لە مورسی کرد بۆ بوون بە سەڕۆکی میسر. بەگوێرەی هەندێک سەرچاوە کە ئاماژەیان پێداوە بە دەنگ تۆمار کراوە کە ئەردوغان لەگەڵ فاتح سەراج کە سەڕۆكی میدیای تورکی گروپ بوو بە تەلەفۆن قسەی کردوە و داوای لێکردوە کە لە میدیاکاندا ڕێگە بە ئیخوانەکان بدات و پشتیوانی لە مورسی بکەن هەروها کەناڵی ئەلجەزیرەش بۆ ئەو مەبەستە بەکاربهێنن.
بۆ درێژەدان بەو پلانەی کە تورکیا بۆ گۆڕینی ناسنامەی خۆی پەیڕەوی کرد، پارتەکەی ئەردوغان گرنگیان بە خالد مەشعەلی سەڕۆکی حەماس دا و لە ساڵی ٢٠٠٦دا میوانداریان کرد. لە ساڵی ٢٠١٩ لە هەندێک لە میدیا بیانیەکان بڵاوبۆیەوە کە، سێ لە یاساناسانی مەدەنی لە ئەمریکا تورکیایان تاوانبار کرد، بەوەی کە بانکی تورکی یارمەتی ماڵی حەماسیان داوە، کە ئەمریکا ئەو ڕێکخراوەی بە تیرۆریست بە دنیادا ناساندوە. سەرەڕای ئەوانە تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە دۆکیومێنت سەلمێنداروە کە یارمەتی ماڵی و لۆجیستی داعشی داوە.
لە ٢٠١٥دا ئەردوغان سەردانی تارانی کرد، پشتیوانی لە پلان و بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی ئیران کرد، واتە هەرچەندە ئەمە بە ڕووکەش دیارە کە گوایە ئیران وڵاتێکی موسڵمانە و دژ بە ئیسرائیلە، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگە کە ئەردوغان دەیەوێت دنیای ئیسلامی لەیەک بەرەدا کۆبکاتەوە. دواتر لە مەسەلەی سوریا و عەفرین ئیران و تورکیا لەژێر ئاڵای ڕوسیا کۆبوونەوە و هەڵوێستەکنیان لە سوچی دژ بە کوردی ڕۆژئاوا یەکخست.
تورکیا بە ئاشکرا یارمەتی ئەلقاعیدە و جبهەت ئەلنوسرەی دەدا. لە بەهاری ساڵی ٢٠١٤دا لە سوریا، ئەردوغان ڕاستەوخۆ فەرمانی دا بەهێزی ئاسمانی تورکی کە یارمەتیان بدەن بۆ کۆنتڕٶڵ کردنی شاری قەسەبی سوریا. هەر تورکیا بوو فڕۆکەیەکی سوریای خستە خوارەوە کاتێک کە دەیانویست هێڕشی ئاسمانی بۆ سەر جەبهەت ئەلنوسرە ئەنجام بدەن.
تورکیا پەیوەندیی ئابووریی و سیاسی لەگەڵ سوریا و عیراق و چەند وڵاتێکی ئەفریقی بەست و لەو ڕێگەوە بە سەدان بنکەی سەربازیی و میلیشیای تورکی لەو وڵاتانەدا دامەزراند، جگە لەوە دەزگەی هەواڵگری و قوتابخانە و دایەنگە بە زمانی تورکی لەو وڵاتانەدا بە فەرمی کرایەوە. پەیوەندیی ئابووریی تورکیا لەگەڵ سوریا و عیراق و هەرێم، کاردانەوەی دەبێت لەسەر هەڵوێست و پێگەی سیاسیی تورکیا لە ناوچەکە، یارمەتیدەری دەبێت لە بەدەستوور و بەیاساکردنی پەیوندیی و بەرژەوەندییەکانی تورکیا لە هەردوو وڵاتدا، نزیکبوونەوە لە کۆمەڵگە و میللەتانی هەردوو وڵات، بۆ سەپاندنی هەژموون و بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژیای گونجاوی کە لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی تورکیا بێت. بوونی هێزی سەربازی تورکیا لە ڕۆژئاواو و باشووری کوردستان چەند لە بەرژەوەندیی کورد نییە دە هێندە لە بەرژەوەندیی عیراق و سوریا و ئیران و بەگشتی وڵاتانی عەرەبی نییە. بوونی سوپای تورکیا لەو ناوچانە بەگوێرەی سنووری نێودەوڵەتی بێت داگیرکردنی بەشێکە لە وڵاتانی عەرەبی کە ئەردوغان دەیەوێت ببێت بە سوڵتانیان.
لە ساڵی ٢٠٠٠رەکانەوە هەوڵەکانی ئەردوغان بۆ گۆڕینی ناسنامە بۆ "تورکیای ئیسلامی مۆدرن" بۆ پێکانی بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسیەکانی لە دنیای ئیسلامی و عەرەبیدا دەرکی پێکراوە، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو وەک بەحرین، کوێت، قەتەر و ئیمارات لەژێر دروشمی بۆ بەستن و هاوکاری یەکتر کردن سەقامگیربوونی ئاسایشی ناوچەکە. لە ساڵی ٢٠٠٤دا تورکیا یەکەم وڵاتی ناعەرەب بوو، کە وەک شەریکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمەڵەی وڵاتانی کەنداو دەستنیشان کرا و ڕێککەوتن لەگەڵی بۆ بازرگانی سەربەخۆ.
ئەردوغان بۆ سەلماندنی کە لە سەداسەد موسڵمانە، بڕیاری دەرکرد کە کەنیسەی ئایا سوفیا، کە لە ساڵی ٥٣٧دا دروستکراوە و گەورەترین کەنیسە بووە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بێزەنتی دوای ڕووخانی ئیمپراتۆریەت و کۆنتڕۆڵ کردنی لەلایەن عوسمانی کرا بە مزگەوت. دوای ئەوەی ناسنامەی تورکیا لە زەمانی ئەتاتورک کرا بە ' کۆماری تورکیای عیلمانی" ئەو مزگەوتە کرا بە مۆزەخانە، ئەم ساڵ دووبارە بۆ گۆڕینی ناسنامەی تورکیا بۆ "تورکیای موسڵمانی مۆدرن" لە ٢٠٢٠دا ئەردوغان بڕیاری دا کە دووبارە بکرێتەوە بە مزگەوت.
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی، شرۆڤەکاران و نووسەر، لەسەر ئاستی دنیادا ئاماژە بەوە دەدەن، کە بە ڕێککەوت نییە تورکیا دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا فرەوان کردوە، ئەگەری ئەوە هەیە ژێربەژێر کە ئەمە یەکێک بێت لە پلان و ستراتیژی ئەمریکا، بۆ ئەوەی لە عیراق بکشێتەوە. هێز و دەسەڵاتی ئەوروپاش توانای گێرانی ڕۆڵی ستراتیژی گرنگی لە ناوچەکەدا نەمێنێت، لەبەرئەوە ئەمریکا لە ئێستاوە دەیەوێت دەستنیشانی ئەوە بکات کە ڕۆڵی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زێتر بێت بە تایبەتی دژ بە ڕوسیا بۆ ئایندە.
بە دڵنیایەوە گۆڕانی پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دنیا و زلهێزەکانی دی، ڕەنگدانەوەی دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی دەروەی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕست، ناوچەی دەریای ڕەش و پرسی کورد لەهەر چوارپارچەی کوردستاندا، بەڵام ئەوەی پێویستە بگوترێت ئەوەیە کە گۆرانکاری لە دنیادا تەنیا لەژێر دەسەڵاتی ئەمریکادا نییە، بارودۆخی سیاسیی و ئابووریی دنیا ڕۆژ دوای ڕۆژ لە گۆڕانە، مەرج نییە ئەو گۆڕانکاریانە هەمیشە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەمریکادا بێت، یان هەروا بمێنێت، لەبەرئەوە ئەگەر تورکیا بیەوێت لە میدیا سێبەرەکانی ئەو جۆرە بیرۆکانە بەنێو میللەتانی ئەو ناوچەیە پەخش بکات بۆ لێدان لە ڕوحیەت و مەعنەویاتیان، ئەوە باسێکی دیە.

گرفتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی لەنێوان تورکیا و ئەمریکا دروست کردوە، بە تایبەتی مەسەلەی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، پەیوەندیی ئەمریکا لەگەڵ یەپەگە و پستیوانی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی پەیکەری سیاسی کوردی لە باشووری کوردستان. دروستکردنەوەی ئەفغانستان و سوریا، دۆخی عیراق و هەژموونی ئێران لە ناوچەکە و بەرنامەی چەکی ئەتۆمی. بوونی ڕوسیا و چین لەو دەڤەرە، مەسەلەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئیرانەوە، خۆ یەکلایی کردنەوە لەنێوان ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوروپادا، کێشەی سعودیە کە بەرامبەر بە تورکیا سەنگەر دەگرێت. خۆڕێکخستنەوەی هێزە دەرەکییەکان و زلهێزەکانی لەو ناوچەیە، گۆڕان لە سیاسەتی ناوەوەی تورکیا، هاتنە سەر دەسەڵاتی جۆری کەسەکان و حزبەکان، ڕای گشتی جیهانی کاردانەوەیان دەبێت لەسەر دۆخی ناوچەکە، لەبەرئەوە ئەگەر تورکیا پێی وابێت ڕێگە تەختە بۆ زیندوکردنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە گۆڕێنی ناسنامەی تورکیا لە "تورکیای مۆدرن" بۆ "تورکیای موسڵمانی مۆدرن" ئەوە لە خۆهەڵخەڵەتاندن بەولاوە هیچی دی نییە.

ئەمریکا و ڕوسیا زۆر لە جاران زێتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەتی لە عیراق و سوریا هەن. پەیوەندیی و گڕژی نێوان سعودیە و ئیران دۆخێکی هەستیاری دروست کردوە، چاوەڕوانی ئەوەی لێدەکرێت کە لە ئایندەدا ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە، ببنە هۆی ناسەقامگیری ناوچکە. کێشەی نێوان سونە و شیعە، پرسی کورد کە بەبێ چارەسەر ماوە لە ناوچەکەدا، گرفت لە لوبنان، ئەو گرفتانە هەمووی لە تورکیا نزیکن و کاردانەوەیان دەبێت لەسەر ئامانجی ستراتیژی داڕێژراوی تورکیا.
مانەوەی دوو دوژمنی ئەردوغان لە دەسەڵات یەکیان بەشار ئەسەد و ئەویدیان سیسی لە میسر کە بە پشتیوانی روسیا و ئەمریکا لە دەسەڵات ماون و سعودیە پستیوانی لە سیسی کرد نەیانهێشت ئیخوان لە میسر لە دەسەڵتدا بمێنن، بە دڵنیاییەوە ئەمانە بەرەیەکی بەهێزن دژی تورکیا و لە ئایندەدا ئەم گرفتانە ڕووبەڕووی ئەو دەبێت. موحەمەد بن سەلمان لە سعودیە هەوڵدەدات کۆنتڕٶلی وڵاتەکەی بکات و سعودیە بەرەوە وڵاتێکی "ئیسلامی مۆدرن" ببات کە ئەمە لەلایەن زلهێزەکانی دنیادا پشتیوانی لێ دەکرێت، کە تورکیا ئەمە لە بەرژەوەندیی خۆی نابینێت. لەبەرئەوە ئەگەر تورکیا پێ وابێت کە زەمینەیەکی لەبار ڕەخساوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئامانجە شۆڤێنیەکانی بپێکێت هەر وەک چۆن لە کاتی بەهاری عەرەبییدا خۆی بۆ ئامادە کردبوو بەڵام بۆی نەچووەسەر چارەنووسی ناوچەکە هەر لەژێر دەسەڵاتی زلهێزەکانی دنیادا مایەوە و ئەوان بوون بە بڕیار بەدەست.
لەدەرئەنجامدا دەردەکەوێت کە تورکیا ناتوانێت ئەوەی دەیەوێت بیکات و بەردەوام بێت لە شەڕ و گێجەڵ فرۆشتن بە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، کە کۆسپ بۆ خۆشی دروست دەکات، هەروها تورکیا ناتوانێت ڕێبەرایەتی کێشانی نەخشەی سیاسی و سەربازیی تازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، ئەوە زێتر بەندە بە زلهێزەکانی دنیا. ئەگەر ئەنقەرە بیەوێت هەمان زەمینەی جاران بۆ تورکیای عوسمانی برەخسێنێت، ئەوا تەنیا بە لێدانی کورد و خۆگیڤکردنەوە لەسەر وڵاتانی لاوازی دراوسێ نایەتە دی، ئەڵبەتە ئەگەر ئەمریکا و ڕوسیاش نەبن، ئەمڕۆ لە دنیادا هێزی دیکە هەن کە نەهێڵن خێروبێری ئەو ناوچانە بچێتە گیرفانی تورکیا.



(دەنگدراوە: 17 . زۆرباشە: 5/5)