دەروێش لەبیرەوەری منداڵیمدا

Wednesday, 29/07/2020, 9:58

5184 بینراوە


ساڵی حەفتاکانی چەرخی ڕابردووبوو ، ژیان لە شاری سلێمانیدا پڕبوو لە شتگەلی سەیرو سەمەرە و هەر ماوەیەک جۆرێک لە ڕووداوی سەیر لەشەقامی مەولەوی و ناو مزگەوتی گەورەی ئەو شارەدا ڕووی دەدا ، ئێمە چونکە ماڵمان لەسەر پردە تازەکەی شەقامی مەولەوی بوو، بەشێک بوو لەکڕۆکی شار، شەقامەکە لە شاشەی ڕووداوەکان دەچوو هەموو ڕووداوێک لەبەردەمی ئێمەدا گوزەری دەکرد. بیرمە گەراجێکی تاکسی لێبوو ناوی "بەهار" بوو چەند تاکسیەک بەدوای یەکدا دەوەستان دیمەنێکی زۆر جوان بوو ، کە شار دەقڵیشایەوە ، حەوشی ماڵەکەمان پڕدەبوو لەخەڵک. شەقامی مەولەوی زۆر تایبەتمەندبوو. دوای نیوەڕوان دوو کرێکاری شارەوانی ئەم بەروئەو بەری شەقامەکەیان دەماڵێ بەگەسکە درێژەکانیان و دوایش لۆریەک دەهات سەربەرەو خوار ئاوشێنی شەقامەکەی دەکرد ئاو لە پشتەوەی لۆرێکەوە دەپرژا ، زۆری ئێوارانیش جێبی دوکەڵی مێشەکە دەهات، ئێمەی منداڵیش دوای دەکەوتین تا لای باخی گشتی و دوکەڵمان هەڵدەمژی .ئەو کاتانە شەقامەکە لە باخچە دەچوو، ئەم بەرو ئەو بەری داری سەوز بوو، هەرچی ڕووی بدایە لەشار بەم شەقامەدا گوزەری دەکرد، وەکو جێژنی کرێکاران ، ئاهەنگی نەورۆز ...هتد
هەمووڕۆژێک پیاوێکی باڵاکورت کە یەشماخێکی بەسەرەبوو دارێکی پێبوو ئەم دیو ئەو دیوی وێنەی ئەو فیلمەبوو کە لەسینەماکان لێدەدرا و باوەشێک پەڕەی وێنەی فیلمەکانی پێبوو دەیدا بە ڕێبوارانی شەقامەکە، ئەوە پڕوپاگەندەی ئەوسابوو ، ئێمەش لێمان وەردەگرت ، بیرمە چێشت هەنگاوێک لاشەی "شیخ لەتیف"، کە کوڕی شیخ مەحمودی حەفید بوو لە شەقامەکەوە بە مارشێک لەگەڵ ئاپورەی خەڵک و دەروێشاندا بە بەر ماڵی ئێمەدا گوزەریان کرد، بۆ یەکەمین جار دەروێشم دی زکریان دەکرد ، دەیان بەیداخ و شمشێر و ڕم و جبەخانەیان پێبوو، بەدەف ڵێدانەوە نمایشیان دەکرد و بەشەقامەکەدا دەڕۆیشتن ودەنگیان لەگەڵ دەفەکاندا ئاسمانی تەی دەکرد، ئەوە یەکەمین جارم بوو کە پیاوانی قژدرێژ ببینم، دیمەنێکی سەیربوو لە لام ...! منیش لەگەڵیاندا بە پێڕێکەدا هەتا لای قەسرەکەی میزا تۆفیق لەگەڵیاندا ڕێم کرد، بەرامبەر دەبۆکە لای باتە کە دوکانێکی پێڵاوفرۆش بوو چووم و تۆزێک وەستام دوایش کە ئەوان بەرەو مزگەوتی گەورە ڕۆیشتن گەڕامەوە بەرەو ماڵ . 
 بیرمە ئەو نیوەڕۆیە لەماڵی ئێمە باسی دەروێش بووە باسێکی سەیر...! خاڵێکم هەبوو ئەو کاتانە ئەو عاشقی خواردنەوە بوو، گاڵتەی بەو هەڵبەزوو دابەزە دەهات و ئەو نمایشی دەروێشانەی بە مەهزەلە دەشوبهان ، پێدەچوو خوماری شەو بێت وهێشتا بەری نەدابێت . دایکم نزای دەکرد کە خوا لە قسەی براکەی ببورێت و بیهێنێتە سەر ڕێگەی ڕاست، ئەو خاڵەم کە ئێستا لە ژیاندا نەماوە زۆر تایبەتمەند بوو ، بۆ نمونە لەگەڵ کچێکی جولەکەدا حەزێکی خەج و سیامەندیان دەبێت.
بیرمە دەیان ووت : خاڵم تا سنور چووە لەگەڵیاندا و کچەی هاوڕێی ویستویەتی کە لە دین وەرگەڕێت و لای خاڵم بمێنێتەوە ، یان پێچەوانەکەی خاڵم ویستوێتی ببێتە جولەکە و لەگەڵیادا بۆ نیشتمانی کچەکە کۆچ بکات بۆ ئیسرائیل، بەڵام چیرۆکەکەیان بێئەنجام بوو هیچ ڕووی نەدابوو . زۆر بەداخەوەم کە نەمتوانی لەگەورەبووندا ئەو چیرۆکە لە دەمی خاڵمەوە ببیستم . بیرمە ئەو کاتانە،  کە شەودادەهات سەربان وسەربان دەڕۆیشتین تا دەگەشتینە لای" حەوشی گەورە" لەوێ شانۆگەری "پێ بەقەد بەڕەکەی خۆت ڕاکێشە" نمایش دەکرا، ئێمەش لەگوێسەبانەکە دا بەڕیز دادەنیشتین و لەو شانۆیەمان دەڕوانی، نازانم ئەو ماڵە چی بوو؟ بەڵام گەر بەهەڵەدا نەچوبم لقێکی بارەگای پارتی بوو، بیرمە هەموو قسە و گفتوگۆی نا شانۆگەرییەکەمان لەبەر کردبوو ، چونکە زۆربەی شەوان ئەوە پیشەمان بوو. ئەو دەم خەڵکی شار زۆر بە تامزرۆوە دەهاتن بۆ بینینی ئەو شاانۆگەریە ، هەموو شەوێک باخچەکە پڕ دەبوو لەبینەر، بەو شەوانەشەوە کە ڕەشەبای شار گاڵەی بەشار دەکرد، ئەو کاتانە هەموو هاوینێک چەند ڕۆژێک لە شاری سلێمانی ڕەشەبا دەبوو، کە جاری واهەبوو چەرداخی دوکانەکانی دەبرد یان تەنەکەی خۆڵەکان بەشەقامەکاندا وەردەبوون .
چایخانەیەکی گەورە لەشەقامی مەولەوی بوو ناوی "چایخانەی گەڵاڵە" بوو لەوێ دومبەڵە دەکرا ، دومبەڵە وەک یاری " بینگۆ" بوو، یان هەر یاری بینگۆبوو، بۆ یە هەمیشە جمەی دەهات ، ئێوارانیش تەلەفیزۆنێکی گەورەی هەبوو یان فیلمی کارتۆن بوو ، "پاپای" و دێوەکە کەهەموو ئێوارەیەک دەچووین لەجامخانەی چایخانەکەوە سەیری تەلەفیزۆنمان دەکرد ، ماوەیەکیش بوو، کە یاری "عەدنان قەیسی" پیشان دەدا ، ئێمەش بە تامزرۆوە لەو بەرنامەی یاریەمان دەڕوانی ، بیرمە عەدنان قەیسی لە جۆنفرێری بردەوە ، دەتگووت ئێمە بردومانەتەوە شاگەشکە بووین ، تەنەکەچیەک هەبوو لەژێر پردەکەدا بەتەنەکە پشتێنی عەدنان قەیسی دەروست دەکرد، نازانم بۆیان کڕیم یان نا ، بەڵام لە کۆڵانە درێژەکە زۆری منداڵەکان لەو پشتێنەیان لەپشت کردبوو، ئەو کۆڵانەی کە کچانی گەڕەگ خەت خەتێنیان تێدا دەکرد ، منیش خوشکێکم هەبوو خەت خەتێنی دەکردو گڵی دیوارەکەی دەخوارد ، خویەکی سەیربوو، هەموو جارێک سیخوڕیم بەسەرەوە دەکرد و چینێک لێدانی لەسەر گڵ خواردن دەبووە نسیبی  .
 ڕۆژێکی هەینی بوو ووتیان "عەدنان قەیسی" هاتوە بۆ سلێمانی و لە مزگەوتی گەورەیە ، ئێمەش بەڕاکردن بێمۆڵەت وەرگرتن بەرەو بینینی عەدنان قەیسی چووین ، بۆ مزگەوتی گەورە ، عەدنانمان نەدی، نەمان زانی پیشتر هاتبوو ، یان پڕوپاگەندەبوو ؟ بەڵام کەوتین بەسەر ڕووداوێکی تردا کە زکری دەروێشەکان بوو ، دەرگا گەورەکە مێشولەی پێدا نەدەچوو ، بۆیە چوینەسەر سەربانی ئاودەستی مزگەوتەکان ، ئەوکاتانە دیواری ئاودەستەکان چەند ماڵۆچکەی بەلەوح لەسەر شەقامەکە دروستکرابوو کە دەرۆزەکەرەکانی تێدا دەژیا ، لەسەربانەکەوە کە هەرچۆنێک بوو سەرکەوتین لەدیمەنی حاڵلێهاتنی دەروێشەکان و دەفلێدانەکان و پرچە درێژەکەیان و خواردنی گڵۆپی سپی و کراماندنی موس و زرک کردن بەگوپەقوپاوە ڕیشە بۆزەکانیان سەمەرەیەکی تری ڕووداوەکانی شار بوون ، دەروێشەکان حاڵێکی سەیریان لێهاتبوو..! ئەووت ماسی ناوقتوون شانیان دابوو بەشانی یەکەوە و یەک ڕیتم دەنوشتانەوەو هەڵدەسانەوە و هاواریان دەکرد و دەنگیان تێکەڵی قەرەباڵغێکە دەبوو، چەند شمشێری ژەنگاوی خوارو خێچیان هەڵکێشابوو ، هەموو شتێک لەو بەر منارەیەدا لە حەوشەکەدا دەجوڵایەوە ، لەمەیدانی شەڕ دەچوو ، بەڵام خوێنت نەدەدی ، هەرچی لەوێدابوو سەری دەلەقاند ، تا دەروێشێکی منداڵ کاریان لەناوەندی خۆیان داناو دێوانەیەکی پیر خەنجەرێکی چەقاندە سەری ، دێوانەکە زۆر سامی هەبوو درێژێکی لاواز بوو ،کەف بەدەمیا دەهاتە دەرەوە . لەهەژیدهاکان دەچوو کە ئاگر فڕێ دەدەن . دیمەنێکی چەند ترسناک بوو ..!؟ بەڕاستی من لەسەربانەکە کەزۆر بەرز نەبوو بازم دا و بەخێرای چومەوە بۆماڵەووە ، هەستم دەکرد جادوم لێکراوە بەڕاستی ترسام ...!
دایکم هێندە سادەبوو کە زانی من لەنمایشی دەروێشەکان ترسام نهێنیەکی بۆ باسکردم و ووتی : دەزانی تۆزۆر درەنگ پێیەکانت گرد ؟ تۆ ماوەویەک قسەی زۆر زلزلت دەکرد بەڵام پێت نەگرتبوو هەربۆیە ڕۆژێکی هەینی هەردوو پەنجەگەورەکەی قاچتمان بە موفەڕکی "کاک ئەحمەدی شێخ " بۆ بەستیو لە بەردەم مزگەوتی گەورە دامان نای تا پیاوچاکێک قاچەکانت بکەنەوەو پێ بگری ، لەناکاو "دەروێش ئەمین" هات قەڵەمبڕکەی دەرهێناو موفەرکە سەوزەکەی بڕی ، پاش ماوەیەک کەزۆر نەبوو پێتگرت و بەدارو دیواردا هەڵدەگەڕایت . دەروێشەکان پیاوی چاکن نێتیان پاکە هەرچی بیانەوێت خوا بۆیان دەکات ، دایکم وای ووت : کوڕم مەترسە لێیان ئەوان کەرامەتیان هەیە ئازاری کەس نادەن و خۆشیان ئازاریان پێناگات . بیرمە بەدایکمم ووت: ئەی بۆ تۆ نابی بەدەروێش ؟ تۆش وەک ئەوان قژت درێژە ؟
کەگەورەبووم بەزەیم بەسادەیی دایکما دەهاتەوە ، ئێستا هەرچی بڵێم ڕەنگە خوێنەر بڵێت : ئەوە 'سوهراب'یش ئاوا باسی سادەیی دایکی دەکات. بەڵام دایکم دڵێکی هێندە پاکی هەبوو ، جارێک بەرگی لێفەکان کەشتوێتی تێاندەگرێتەوە ، کات دەمەو نیوەڕۆ دەبێت دەچێت خۆراک دروستکات ، بۆەئەوەی دەرزێکەی لێ وون نەبێت ، دەیکات نەکونی پلاکی ژوورەکەدا ، من ئەوپلاکەم دیبوو کەلەژوورەکەمان بوو پلاکێکی خڕبوو ڕەش و سپی بوو ، دایک لەبەرخۆیەوە دەڵێت: لەم جێگەیە باشتر نابینمەوە کەدەرزێکەی پیادەکات کارەبا لێیدەدات . لەژوورەکەدا دەکەوێت ، تا باوکم دێتەوە بەئاگا نایەتەوە . بەدایکمم دەگێڕایەوە پێدەکەنی دەیووت : کوڕم سەرو ژێری ژوورەکەم کرد دەرزیم نەدۆزاێوە نەدۆزێوە بەئێستاشەوە . دایکم تاماڵئاوای لێکردین نەخۆش نەکەوت، کێ ناڵێ ئەوکارەبالێدانە بەرگری لەشی بۆدروستنەکردوە ، بەردەوام فەقیانەی قۆڵی چەپی مستێ وردەی تێدا دەشاردەوە هەر دەرۆزەکەرێکی بدیایە لەوردەی فەقیانەکەی دەداێ .
لەم ڕۆژانەدا لەگەڵ برای ئازیزم کاک" کەمال جەمال مختار"دا باسی ئەوەم کرد کە خەریکی بیرەوەریەکم لەسەر دەروێشەکان ووتی : تۆ دەزانی منیش لە سەرکارێز ڕۆژێک کە دەروێشەکان زکریان دەکرد ، گڵۆپیان دادەکرمان ، من بێئەوەی دەروێش بم لەژێر کاریگەری ئەواندا دەستم کردە داکرماندنی گڵۆپێک . کە چوبۆوە ماڵ و باسی کردبوو کە گڵۆپێکی خواردوە ،لەگەڵ زکری دەروێشەکاندا ، لەماڵەوەو لێیان پرسیوە باشە تامی چی دەدات ؟ لەوەلامدا کاک کەمال دەڵێت : تامی هێلکەی کوڵاو، دەڵێت بەڕاستی ئەو کاتەوام تام کرد .
هاوڕیەکم کە باسی دەروێشەکانمان کرد بابەتێکی خۆشی بۆگێرامەوە ووتی: بیرتە لەمزگەوتی گەورە دەروێشە سورێک هەبوو ؟ ووتم بەڵێ سور نەبوو بەس هەموو گیانی لەخەنە دەگرت ، بەوە ناوی دەرکردبوو کەسورە شمشێرێکی کولی پێبوو بێکار دەسوڕایەوە ، ووتی : ئەی بیرتە دوو ئاودەست جیاکردبۆوە بۆ ژنان ؟ ئا بەڵێ بۆچی ؟ ڕۆژێک پایزبوو بەڵام هەتاوبوو ئەو دەروێشەم دی ڕاکشابوو بەرامبەر ئاودەستی ژنانەکان منیش لەگەڵ هاوڕیەکم بوو کە چوو بۆ ئاودەستەکە ، منیش لەوێ چاوەڕێم دەکرد ، بێپلان بەرچاوی دەروێشم گرتبوو ، دەرویش ووتی : خۆتلادە گەنجۆ . سێبەرەکەت هەڵگرە بۆ هاوین . هاوڕێکەم لادەچێت لەو کاتەدا پیرێژنێک لەئاودەستەکە دێتەدەرەوە . دەروێش دەهری دەبێت ، لەهاوڕێکەم دەڕوات ...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە