وه‌زیری دارایی ئاگای له‌داهاتی هه‌رێم نیه‌؟

Saturday, 08.01.2020, 21:06

1020 بینراوە


ئه‌وه‌ی له‌ دوا دانیشتنی ئه‌م وه‌رزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان گوزه‌را، نامه‌وێ له‌ كۆباسی دانیشتنه‌كه‌ بدوێم، هه‌موومان له‌رێی په‌خشی راسته‌وخۆی ( تی ڤی)یه‌كانه‌وه‌ وردودرشتی گواستنه‌وه‌ی ئه‌ودانیشتنه‌مان بینی، وه‌لێ ته‌نها شتێ سه‌رنجی راكێشام ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیری دارایی كه‌ دوای سرۆك و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گه‌وره‌ترین ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسی یه‌كه‌می كۆكردنه‌وه‌ی ته‌واوی داهاته‌كانی هه‌رێمه‌ له‌ فرۆشی نه‌وت و خاڵه‌ سنووریه‌كان و داهاتی ناوخۆیی و. .. هتد.
كه‌چی وه‌زیری دارایی له‌مه‌ڕ خۆمان له‌به‌رده‌م چاوی كامێرا و هه‌موو هاوڵاتیانی هه‌رێم باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ نیه‌و ئه‌وه‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تێكیان هه‌یه‌ به‌ناوی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی جووڵه‌ی دراو ئه‌وان خشته‌ی دابه‌شكردنی مووچه‌ داده‌ڕێژن.
كه‌چی له‌هه‌مان رۆژ هه‌مان به‌رێوه‌به‌رایه‌تی جووڵه‌ی دراو ئاماژه‌یان به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بریاری خودی وه‌زیری دارایی نه‌ك ئه‌وان.
ئه‌وه‌ی له‌م دوو لێدوانه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌:
1-به‌گوێره‌ی وته‌ی وه‌زیری دارایی بێت، وه‌ك وه‌زیر ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنووردارو دیاریكراوه‌، ته‌نانه‌ت ناتوانێ بڕیار له‌سه‌ر خه‌رجكردنی مووچه‌ بدات تا ئیعاز وه‌رنه‌گرێ، ئه‌وه‌ش له‌ هه‌یبه‌ت و هه‌یمه‌نه‌ی ئه‌و وه‌زیره‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پۆستێكی ئاوا گه‌وره‌ی هه‌یه‌و ناتوانێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌كار بێنێ.
2-له‌هه‌موو دونیا هه‌ر وه‌زاره‌تێك چه‌ندین به‌رێوه‌به‌رایه‌تی هه‌یه‌و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌م و كۆتایی ده‌سه‌ڵات خودی وه‌زیره‌ بڕیار له‌سه‌ر شته‌كان ده‌دات، كه‌چی وته‌كانی وه‌زیری دارایی ئه‌وه‌ی سه‌لماند ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌و ناتوانێ بیدات به‌ڵكو ئه‌وانه‌ ده‌یده‌ن كه‌ ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌من له‌ هه‌رێم.
3-لێدوانی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی جووڵه‌ی دراو بۆ ئه‌و قسانه‌ی وه‌زیر ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌وه‌زیر ده‌ڵێ: تۆ نابێ ئه‌وقسانه‌ بكه‌ی ،ده‌بێ تۆ بڵێی هه‌موو شت وه‌ك وه‌زیر منم، هه‌ر من له‌وشتانه‌ به‌رپرسیارم، به‌ڵام وه‌زیر له‌لای ئێمه‌ شتێكی ره‌مزیه‌و هه‌موو شت نییه‌.
4-دوو لێدوانی دژ به‌یه‌كی یه‌كوه‌زاره‌ت ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ: له‌و وه‌زاره‌ته‌ كه‌س به‌كه‌س نیه‌ یان ئه‌وه‌ته‌ بڕیاره‌كان پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كاننوه‌ ئه‌گینا یه‌كتر تۆماتباركردن چ واتایه‌ك ده‌به‌خشێ.
كه‌واته‌ ده‌توانین بڵێین: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ حاڵ و باری وه‌زاره‌تێك بێ، ره‌نگه‌ هه‌مان شت بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی تر راستبێ.
هاوڵاتیانی كوردستان له‌م رۆژگاره‌ وه‌ها چاوی كراوه‌ته‌وه‌ ئه‌وها به‌ئاسانی خۆڵی له‌چاو ناكرێ، عه‌یبه‌یه‌ تۆ وه‌زیربی و نه‌زانی چی له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ت ده‌گوزه‌رێ یان شته‌كان بزانی و هیچت له‌ده‌ست نه‌یه‌ت و نه‌توانی هیچ بكه‌یت یان شته‌كان بزانیت و له‌پێناو كورسی ده‌سه‌ڵات خۆت بێده‌نگ بكه‌یت.
سه‌ربه‌رزی مرۆڤ له‌سه‌ربه‌رزی كردارو وته‌كانیه‌تی، ئه‌گه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ شانازیه‌ك تۆمار بكات هه‌قه‌ بوێری وجوامێری ئه‌وه‌ی تێدا هه‌بێ چاو له‌ ئاست ناهه‌قیه‌كان دانه‌گرێ و پله‌و پاره‌و پۆست به‌قوربانی ئه‌وه‌ نه‌كات ته‌نها كار بۆ مانه‌وه‌ی خۆی بكات و خه‌ڵكی له‌ سه‌رگه‌ردانی راستیه‌كان بهێڵێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر مێژوویه‌كی شوومه‌، ته‌نانه‌ت ره‌نگدانه‌وه‌ی خراپیشی بۆ خودی ئه‌وحزبه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وی پاڵاتووه‌و ناتوانێ راستیه‌كان وه‌ك خۆی به‌هاوڵاتیان بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ش چاره‌نووسی ئه‌و حزبه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی دیكه‌ موه‌فه‌ق ناكات.



(دەنگدراوە: 1)