مەلا عوزێر: سەرۆکجاشی بکوژ و قوربانیەکانی لەوێنەیەکی بڵاوکراوەی کوڕی تاوانباردا

Monday, 03/08/2020, 14:45

12877 بینراوە


لەم ڕۆژانە وێنەیەکم کەوتەبەرچاو کە لەلایەن کوڕێکی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، لەم وێنەیەدا کە لەساڵی ١٩٨٠دا گیراوە، مەلا عوزێر بەرلەوەی ببێتە جاش و کۆمەڵێ پیشمەرگەی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیستی کوردستان هەن، لەوانە ئیبراهیم شورتە و ڕەمەزان عەبدولڕەحمان کە هەردووکیان بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون. واپێدەچی وێنەکە بەمەبەستی پیشاندانی لایەنی شۆڕشگێڕیی مەلا عوزێرەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام سەیرەکە لەوەدایە دوو لە پێشمەرگەکانی ناو وێنەکە بەدەستی مەلا عوزێر خۆی کوژراون.
---------------------------------
عەزیز حەمەد مەولود شێخانی ناسراو بە مەلا عوزێر یەکێ لەو سەرۆکجاشانەیە کە کۆمەڵێ تاوانیان دژی پێشمەرگە و هاوڵاتیان ئەنجامداوە و لە تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا بەشداریکردووە. بەپێی لیستێکی دادگای باڵای تاوانەکای ئێراقی کە ناوی تۆمەنبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی گرتبووەخۆی، ژمارەی تۆمەتباران ٤٢٣ کەس بوون لە لیستەکەدا و لە ژمارە ٢٢٩ دا ناوی مەلا عوزێر هاتووە. لە دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقدا ١٠ سکاڵای لەسەردا تۆمارکراوە. لەلایەن دادگاوە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە.
دادگای باڵای تاوانەکانی ئێراقی لە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانی گەلکوژی ئەنفالدا کە لە ساڵی ٢٠٠٨ دا دەستیپێکرد، تەنها چەند تاوانبارێکی دادگاییکرد، ئەوانیش سەدام حوسێن، عەلی حەسەن مەجید، سوڵتان هاشم، سابر عەبدولعەزیز و فەرحان موتەلگ بوون. سەدام حوسێن لەسەر کەیسی دوجەیل سزای کوشتنی بۆبڕایەوە و زوو کوشتیان، بەمجۆرە لەسەر تاوانی ئەنفال سزای بۆ نەبڕایەوە. هەروەها عەلی حەسەن مەجید کە لەدوای سەدام حوسێندا تاوانباری هەرە گەورە بوو ئەویش لەسەر تاوانی شەعبانیە سزای مردنی لەساڵی ٢٠١٠ دا بەسەردا سەپێندرا. سوڵتان هاشم کە چوار سزای مردنی لە سەر تاوانی گەلکوژی ئەنفال بۆ دەرکرابوو، بەهۆێ نکۆلی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی بەسەرپەرشتی مام جەلال لە واژوکردنی سزاکە، سزاکەی مردنی لەسەر جێبەجێ نەکرا و لە زیندانێکی ناسریەدا لە ساڵی ٢٠٢٠ دا بە مردنی خۆی مرد. سەرۆکجاشەکان و زۆر لە تۆمەتبارەکان هەرگیز ڕاپێچی دادگا نەکران، ئەو تۆمەتبارانە لەلایەن دەسەڵاتی ناوەند و کوردیەوە پەنادران. دەسەڵاتی کوردی بەشبەحاڵی خۆی دژی دادگایی سەرۆکجاشەکان وەستایەوە لەگەڵ ئەوەی بەفەرمی لە ساڵی ٢٠١١ دا لە دادگای باڵای تاوانەکانەوە داوای ئەو تۆمەتبارانە کرا. هەروەها لەگەڵ ئەوەی کەسوکاری قوربانیان دەیان سکاڵایان لەسەر ئەو سەرۆکجاشانە تۆمارکردبوو، بۆنمونە ٤٧ کەیس لە دژی سەرۆکجاش عەباسی بالو ئاغا تۆمارکرابوو بەڵام لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پارێزگاری لێکرا و ڕادەستی دادگا نەکرا. پارتی و یەکێتی لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١یان کردۆتە بەڵگەی یا بیانووی ڕەتکردنەوەی دادگاییکردنی سەرۆکجاشەکان. بەبێ گوێدانە مافە یاسایەکان یا گەورەیی تاوان لە ئاستی تاوانی گەلکوژیدا.
جێگەی بیرخستنەوەیە سەرۆکجاش مەلا عوزێر لەساڵی ١٩٨٠ دا دەچێتەوە ناو ڕژێم و دەبێتە جاش، هەندێ دەڵێن مەلا عوزێر پیاوی ڕژێم بووە و بۆ سیخوڕی ڕەوانەی ناو پێشمەرگە کراوە و دواتر گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم. مەلا عوزێر سەرەتا سەرۆکی مەفرەزەخاسە و دواتر سەرۆکی فەوجی ١٣٠ بووە، لەو ساتەوەی کە گەڕاوەتەوە ناو ڕژێم دەست دەکات بە ڕاوە پێشمەرگە بەتایبەتی ڕاوی پیشمەرگەکانی حزبی سۆسیالیستی کوردستان. مەلا عوزێر بارەگای لە قوشەتەپە هەبووە، هەروەها لەگەڕەکی مەنتکاوەی شاری هەولێر بارەگای جاشایەتی هەبوو، دەیان تاوان لە مێژووی جاشەیەتیدا ئەنجام دەدات و بێگومان یەکێ لە سەرۆک مەفرەزەخاسە هەرە دڕندەکانی شاری هەولێر بووە. تاوانەکانی زۆرن و نازاندرێ ژمارەی تاوانەکانی چەندن، زۆر لە کەسوکاری قوربانیان یا لەڕێگەی سولحی عەشایەری بێدەنگکراون یا بەبەرتیل ڕازیکراون، یا لەبەر مەترسی لەسەر ژیانیان ناوێرن دەنگ بکەن، یانیش لەناو یەکێتی و پارتی بەرژەوەندیان هەیە و بێدەنگیان هەڵبژاردووە. دەگوترێت دەوروبەری نزیکەی ٧٠ پێشمەرگە و ئەندامی حزبی سۆسیالیست لەیەن مەلا عوزێرەوە یا بەهۆی ئەوەوە لەناوچووین، ئەوجا یا ئەو گرتوونی و ڕادەستی کردوون و دواتر لەسێدارە دراون یا ڕاستەوخۆ لە بۆسەکانی ئەودا کە بەتایبەتی هەندێجار لەگەڵ معاون ئەحمەدی ئەمنی قوشتەپەدا لە دەشتی هەولێر دایدەنان کوژراون. ئەوە جگە لە قوربانیەکانی دیکەی دەستی ئەو.
لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بەرەی کوردستانی لێبووردن بۆ جاشەکان دەردەکات، لەژێر ئەو بانگاشەیەی کە وابکات بەڵکو بەشداری یا هاوکاری خەڵک لە ڕاپەڕین لە دژی ڕژێمی بەعسدا بکەن. بەڵام لەراستیدا پارتە گەوەرەکان بەرژەوەندی خۆیان لەم هەنگاوەدا هەبوو. لە ڕاپەڕیندا هەندێ سەرۆکجاش هاوکاریان کرد بەڵام زۆریان نەیان کرد. لەڕاستیدا کە خەڵک ڕاپەڕین ئەو لێبووردنە نەشبایە هیچی لە بارەکە نەدەگۆڕی، چونکە زۆربەی چەکدارەکانی سەرۆک جاشەکان ڕاکردووی سەربازی بوون یا لە ناچاری چەکی جاشایەتیان هەڵگرتبوو، ئەوانە خۆیان سروشتی دژایەتی خەڵکیان نەدەکرد ئەگەر نەشهاتبانە ڕیزی گەل، هەندێ لەو چەکدارانە کۆنە پێشمەرگە بوون و لە دەرفەتێک دەگەڕان دژی ڕژێم بوەستنەوە. سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی لە واقیعی بارەکە نەشارەزا بوون و ماوەیەک بوو لە شارەکانی ئێران کەوتبوون و دووربوون لە رووداوەکان. بۆنموونە لە خوارووی ئێراق خەڵک ڕاپەڕی و توانیان دامودەزگاکانی ڕژێم ڕاماڵن، هیچ سەرۆکجاشیش نەبوو "هاوکاریان" بکات. لەلایەکیتر دەکرێ ئەو لێبووردنەی بەرەی کوردستانی بە زیانبەخش لێکدرێتەوە، وەکو لانیکەم بووەهۆی پاراستنی سەرۆکجاشەکان لە سزای گەل (دەکرێ لەسەر ئەو بابەتە زیاتر بنوسرێت).
لە دوای ڕاپەڕین پارتەکانی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتیمانی کوردستان پیشبڕکێیان بوو لەسەر وەرگرتنی سەرۆکجاشەکان و پەنادانیان لە ڕق و تۆلەی کەسوکاری قوربانیان. حزبی سۆسیالیستی کوردستان ئەویش هەندێ لەو سەرۆک جاشانەی گرتەخۆی. پێشبڕکێی پارتی و یەکێتی لەسەر سەرۆکجاشەکان لەبەر بەرژەوەندی خەڵک و کوردستان نەبوو بەڵکو لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی حزبەکانیان بوو، وەکو دواتر دەرکەوت بۆ چی بوو. لەوساوە هەرجارێ گوتن لەدادگایی سەرۆکجاشەکان دەکرێت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لێبووردنەکەی ساڵی ١٩٩١ دەهێننەوە بەرگوتن. ئاشکرایە بەرەی کوردستانی دامەزراوێکی یاسایی نەبوو بەڵکو بەرەی چەند پارتێکی بەرهەڵستکاربوو، ئەگەر ئەو دامەزراوە ناهەڵبژێردراوە لێبووردنیش دەرکات، لێبووردنەکە تەنها دەکرێ مافی گشتی ئەو پارتانە بگرێتەوە کە ئەوان لەڕێگەی ئەم لێبووردنەوە لێخۆشبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە. بەڵام ئەوان ناتوانن لێبووردن لەجیاتی کەسوکاری قوربانیان دەرکەن، چونکە مافی کەسیی کەسوکاری قوربانیان مافێکە تەنها ئەوان خۆیان لێی بەرپرسیارن، لەلایەکیتر لێبوردن ناتوانی لە بوونی تاوانی دژبەمرۆڤایەتی یا گەلکوژیدا وابکات گەلی قوربانی لە تاوانباران خۆش بێت. هیچ دامەزراوێکی سیاسی توانای ئەوەی نییە لێبوردن بۆ تاوانبارانی گەلکوژی دەرکات. تەنانەت پەرلەمان ئەگەر ڕەواش بێت ئەو توانایەی نییە ئەو جۆرە لێبووردنە دەرکات، چونکە ئەو بابەتە چارەنوسسازە و پەیوەندی بە هەموو گەلەوە هەیە. بۆیە ڕەتکردنەی بەدادگاگەیاندنی سەرۆکجاشەکان سیاسیە و نایاساییە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا یەکێتی نیشتیمانی کوردستان مەلا عوزێر وەکو زۆر سەرۆکجاشیتر پەنا دەدا و دەگرێتەخۆی، یەکێتی موچەی باڵای بۆ دەبڕنەوە، دواتر بۆ وڵاتی هۆڵاند دەربازی دەکەن. مەلا عوزێر لە هۆڵاند دادەنیشێ و جار جارە دەگەڕێتەوە کوردستان و لەلایەن یەکێتیەوە دەپارێزرێت و پێشوازی گەرمی دەکرێت. دەگوترێت زەوی وەرگرتووە و خانووی گەورەی لەسایەی یەکێتیدا هەیە.

هەندێ لە تاوانەکانی مەلا عوزێر:

ئیبراهیم بەکر سۆفی محەمەد ناسراو بە ئیبراهیم شورتە لە ساڵی ١٩٧٧ ببووە پێشمەرگە کە ٣ کلاشینکۆفی ڕژێمی بەعسی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو کە بووە پیشمەرگە، ئەوسا چەک زۆر کەم بوو و نرخی بۆ پێشمەرگە زۆر بوو، ئیبراهیم شورتە لە ڕێککەوتی ٢١/٤/١٩٨١ دا لە گوندی مورتکەی قوشتەپە بەدەستی مەلا عوزێر سەرۆکی مەفرەزە خاسە دەکوژرێت.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی قۆپە قوڕان لە ساڵی ١٩٨٢ دا، سێ پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستی کوردستان دەکوژێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە بۆسەیەکدا کە لە شەوی ١٥/١/١٩٨٣ لە دەشتی هەولێر کە لەگەڵ ئەمنی قوشتەپە بۆ پێشمەرگەکانی دەشتی هەولێری حزبی سۆسیالیست دایانابوو ١١ پیشمەرگە دەکوژن. ناوەکان: ڕەمەزان عەبدولڕەحمان، ڕەشاد بەردێنە، شێرزاد هەینی، ئەکرەم مەولود، موزەفەر عوسمان، نوری خورمەلە، ڕەمەزان ئەحمەد، ڕەحمان ئیسماعیل، سالم عومەر، ئیسماعیل نوەردین و ڕەحمان سەعید. تەرمەکانی پێشمەرگە هەمووی دەکەونە دەستی جاش و ئەمنەکان و دەیانبەن بۆ قوشتەپە. دەگوترێت ئەکرەم مەولود بەبرینداری گەیشتۆتە قوشتەپە، مەلا عوزێر لەوێ گولەبارانی دەکات.
لە ڕێکەوتی ٣١/٧/١٩٨٢دا بۆسەیەک بۆ کۆمەڵێ ئەندامی ڕێکخستنەکانی حزبی سۆسیالیست دادەنێ و ٩ کەسیان دەستگیر دەکات، لە نێویاندا ئەبوبەکر عومەر ڕەشید ناسراو بە دیار هەروەها نەجمەدین ... کە دواتر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە لە ڕێکەوتی ١٤/٤/١٩٨٥دا لەسێدارە دەدرێن. دیار بەرپرسێکی بەتوانا و باڵای ڕێکخستنەکانی سۆسیالیست بوو لە شاری هەولێر و دەوروبەریدا.
لە بۆسەیەکدا لە گوندی سابلاغی سەربە شارۆچکەی قوشتەپە لە ٢١/١٠/١٩٨٢ پێنج پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەناوەکانی نادر سمایل (نالە قەشقەیی)، محەمەد غەفور ئەحمەد، عوسمان عەلی محەمەمەد، محەمەد مەحمود قادر و حەمید سەعید حەمەدئەمین دەکوژێت. نالە قەشقەیی فەرماندەیەکی ئازا و ناودار بوو. مەلا عوزێر بە شۆفرلێتەکەی تەرمئ کوژراوەکان بەبەرچاوی خەڵکی گوندی سۆربەش و مورتکەدا دەبات و ڕادەستی ڕژێمیان دەکات.
خالید عەزیز و حەمەدئەمین عەزیز کە دوو کوڕی عەزیز قەمبەر بوون و ڕاکردووی سەربازی بوون، لەلایەک کەسێکی سەربە مەلا عوزێرەوە ڕادەستی مەلا عوزێر دەکرێن، کە ئەویش وەکو دەستکەوتێک یەکسەر ڕادەستی دائیرەی ئەمنیان دەکات و دواتر لە سێدارە دەدرێن. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
عەریف ئەکرەم پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بۆسەیەکی هاوبەشی جاشەکانی مەلا عوزێر و هەندێ مەفرەزە و فەوجی دیکەدا لە نزیک گوندی کەردز لە ٢٨/٢/١٩٨٢ دا دەکوژرێت. (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە)
لە گوندی نێرگین ١٤ کەسی گرتووە و رادەستی ڕژێمی کردووە (پێویستی بە پشتڕاستکردنەوە هەیە).
بەگوتنی یەکێک لە کەسوکاری قوربانیان کەناوی خۆی ئاشکرانەکردووە، برایەک و دوو مامی ئەو کەسە کە خەڵکی گوندی نێرەگینن لە دوای ئەنفالدا لەلایەن مەلا عوزێرەوە ڕادەستی ڕژێم کراون و دواتر گولەبارانکراون.
مەلا عوزێر وەکو هەر سەرۆک جاشێکی دیکە بەشداری تاوانی گەلکوژی ئەنفالی کردووە، چەند جار و لە کوێ و کوێ زانیاری تەواوم نییە، بەڵام بەپێی زانیاریەکان لەگەڵ جاشەکانی مامەند قەشقە (یەکێ لەو سەرۆکجاشانەی کە پارتی گرتیەخۆی و پەنایدا) لە ئەنفالی گوندەکانی بەستی شەرغەی دەشتی هەولێر وەکو سێگرتکان و نێرگین یا دەشتی کۆیە بەشداری کردووە، خەڵکیان کوشتووە یا گرتووە و ڕادەستکردووە.
لە ٧/٥/١٩٨٨ دا لەهەڵەمەتێکدا لە شارۆچکەی قوشتەپەدا مەلا عوزێر و جاشەکانی ٥٤ کەس دەستگیر دەکەن، هەندێکیان ڕاکردووی سەربازی دەبن. مەلا عوزێر خۆی هەندێ لەوانە ڕادەست دەکات. لە گیراوەکان ١٢ ئازاد دەکرێن، ١٢ دەنێرنەوە بۆ سەربازگەکانیان، ئەوانیتر فەرمانی کوشتنیان بەسەردا دەسەپێندرێت و گولەباران دەکرێن.
ئەوانەی ئاماژەمان بۆ کردن بەشێکن لە تاوانەکانی مەلا عوزێر، بێگومان تاوانی دیکەش هەن کە ئێمە زانیاریمان لەسەریان نیە. بۆیە گومان لەوەدا نییە کە ئەو تاوانبارە و دەبێ بدرێتە دادگا.
مەلا عوزێر لە کوردستان نییە تاکو دەسەلاتی کوردی بتوانن بیپارێزن، ئەو لە وڵاتی هۆڵاند دەژی، کەیسی لەسەر هەیە و پۆلیسی هۆڵاندی دەزانن ئەو تۆمەتباری تاوانی گەلکوژیە، بەڵام پۆلیس پێویستی بە شایەدحاڵ و دەکومێنتی کۆنکریتی هەیە تاکو بتوانێ کەیسی لەسەر دروستکەن. کەسوکاری قوربانیان دەتوانن چاڵاکانە سکاڵاکانیان پێشکەش بە پۆلیسی هۆڵاندی بکەن، یا شایەدەکان دەتوانن شایەدی لەسەر تاوانەکانی بدەن.
لەنێو هەموو گەلێکدا تاوانباران دەدرێنە دادگا، ئەو تاوانبارانەی کە لەڕیزی ڕژێمدا بوون و تاوانی دیار و گەورەیان ئەنجامداوە بەپێی یاسای تاوان دژ بە مرۆڤایەتی و گەلکوژی دەگیرێن و ڕادەستی دادگا دەکرێن، بەپێی یاسا دادگاییدەکرێن و سزای خۆیان وەردەگرن. تاوانی واگەورە کۆن نابێت و هەمووکات دەکرێ تاوانبار ڕاپێچی دادگا بکرێت. بۆنمونە لەسەر تاوانی گەلکوژی هۆلۆکۆست کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا لەلایەن نازیەکانەوە دژ بە جووەکان ئەنجامدرا، لە هاوینی ٢٠١٥ دا دادگایەکی ئەلمانی لە شاری لونەبۆرگ کۆنە نازیستێکی ئەڵمانی بەناوی ئۆسکار گرۆنینگ تەمەن ٩٤ ساڵەی بە چوار ساڵ سزادا، ئەو کەسی نەکوشتبوو، تاوانی ئەو ئەوەبوو شمەکی وەکو پارە، سەعات، چاویلکە و شتیتری زیندانیەکانی کۆدەکردەوە. دوای نزیکەی ٧٣ ساڵ لەدوای تاوانکە سزای دادوەرانەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم ساڵ تاوانبارێکی دیکە دۆزرایەوە بەناوی برونۆ دێی کە لەکاتی تاوانەکەدا پاسەوانی زیندان بووە و ئەوسا تەمەنی ١٧ ساڵ بووە، دوای ٧٥ ساڵ درایە دادگا و دادگای هامبۆرگ سزای دوو ساڵ زیندانی بۆ بڕیەوە.
لە باشوری کوردستاندا لەسایەی دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا بەپێچەوانەی هەموو گەلانی جیهان، سەرۆکجاشە تاوانبارەکان پەنادران، قەڵە و بەهێزکران، پێگە و دەسەڵاتیان زۆر لەوە بەرزتر و زیاترە کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا هەیانبوو. خەڵکی باشوری کوردستان دەبێ لەچاوەڕوانیدابن تاکو ئەو ڕۆژەی خەڵکی باشوریش وەکو گەلانیتر دەبنە خاوەنی دەسەڵاتی نیشتیمانی ڕەوا و تاوانباران ڕاپێچی دادگا دەکەن. ئەوە ئەمڕۆ خەونە بەڵام دەکرێ بێتەدی.

تێبینی:

هەندێ لە زانیاریەکان سەبارەت بە تاوانەکانی مەلا عوزێر بەپێی سەرچاوەی بڵاوکراوە کە لە خوارەوە داندراون نوسراون. دەکرێ زانیاریەکان تەواو نەبن. ئەگەر زانیاری گونجاوتان لەسەر ڕووداوەکان هەیە ئاگادارم بکەنەوە، سوپاستان دەکەم.

سەرچاوەکان:

l 

وێکپیدیا: ئیبراهیم ئەحمەد سۆفی ناسراو بە ئیبراهیم شورتە

   https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20141005101458116586&lng=12;

ئەحمەد عەبدولعەزیز عەبدولکەریم زەمان، کوردۆپێدیا

https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20150609203011121533&lng=14

یەکێتی ئەگەر دەیەوێ دڵسۆزی خۆی بۆ خەلکی کوردستان بسەڵمێنی با مەلا عوزێر بداتە دادگا

https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=48443

تاوانبار بە ژینۆساید، بەڵام سەربەست لە هولەند

http://www.derbendixan.net/kurdish/item_detail.php?id=391#.XyXDzCgzbIU

پیاوێکی کۆمەڵکوژ لە هۆڵەندا سەربەست کرا

https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=77393&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

مام ئۆمەر پیشمەرگەیەکی دێرین، "دەستخۆش بۆ دەسەلاتی کوردی کە دەیان تاوانباری وەک مەلا عوزێر و قاسم ئاغا لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا ئەحەوێنێتەوە"

https://www.kurdistanpost.nu/?mod=news&id=63983&skeyword=%D9%85%DB%95%D9%84%D8%A7+%D8%B9%D9%88%D8%B2%DB%8E%D8%B1

Former Nazi Guard Is Convicted in One of Germany’s Last Holocaust Trials

https://www.nytimes.com/2020/07/23/world/europe/holocaust-trial-nazi-guard-germany.html

Oskar Groening, ‘Bookkeeper of Auschwitz,’ convicted of war crimes, dies at 96

https://www.washingtonpost.com/local/obituaries/oskar-groening-bookkeeper-of-auschwitz-convicted-of-war-crimes-dies-at-96/2018/03/13/49517c5a-26ce-11e8-b79d-f3d931db7f68_story.html

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە