ئەستێرەیەکی نیشتمان

Tuesday, 11/08/2020, 23:11

4461 بینراوە


ڕەفیق چالاک كەسایەتییەكی دیاروناوداری كوردستانە‌ و جێدەستی خۆی لە بوارەکانی نوسین و پەروەردە و سیاسەت وهونەرو ئەدەبی کوردیدا بەجێ ھێشتووەو بووەتە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نیشتمان..
ناوی رەفیق چالاک تۆفیق مەحمود رەسوڵ ناسراو بە (ڕەفیق چالاک) ، ساڵی 1925 لە شاری سلێمانی لە خێزانێکی هەژار لەدایك بووە‌ و باوکی کارمەندی فەرمانگە بووە لە سلێمانی..
خویندنی سەرەتایی لە شاری سلێمانی تەواوکردوە و لە ساڵی 1935وە چووەتە خانەی مامۆستایان ولە ساڵی 1941 خوێندن تەواو دەکات و دەبێتە مامۆستای سەرەتایی..
چالاک لە لاوێتیەوە خولیای سیاسەت و هونەر بووە و بێژەرێکی دەنگخۆش و وتاربێژێکی بەجەرگ و ئاوازدانەرێکی بەتوانا و شانۆکارێکی لێهاتوو نوسەرو خەباتکارێکی بەردەوام بووە و وەک نووسەرو وەرگێرو دەرهێنەر خزمەتی کاری هونەری شانۆیی کردوە و لەبەر لێهاتویی وچالاکی نازناوی (چالاک)ی لینراوە..
چالاک بایەخێکی زۆرییشی بە نوسین و شانۆو پەخشان‌ وڕادیۆ دابوو و لە ساڵەکانی شەری جیهانی دووەمدا ( 1943 - 1944) ، لەگەڵ شاعیری نەمر مامۆستا (عەبدوڵڵا گۆران) و مامۆستا (رەمزی محێدین قەزاز) دا، دەچن بۆ شاری (یافا) لە فەلەستین بۆ بەڕێوەبردنی رادیۆی کوردی لەو شارەدا، کە لە لایەن ئینگلێزەکانەوە وەک دەزگایەکی راگەیاندن کە بەرنامەکانی بە ھەردوو زمانی کوردی و عەرەبی پەخش دەکرا دانرابوو.
لە نوسینیشدا لە گۆڤاری گەلاوێژ نوسینی نوسیوە و لە ژێرناوی (دێوانەی دانا) شدا لە 1971 و 1972 لە ڕۆژنامەی برایی کە پاشکۆ‌ی رۆژنامه‌ی (التاخی) بوو کۆمەڵێک وتاری بلاوکردۆتەوە. شایەنی باسە (ساڵح یوسف) سەرنوسەری رۆژنامه‌ی التاخی بوو کە لە سەرەتای ساڵی 1967 دا ئیمتیازی ڕۆژنامەکەی وەرگرتووە و پاشکۆکه‌شی (برایی) هه‌فتانه‌بوو.
وە لە بواری هونەریشدا رۆڵی دیاری لە چەندین شانۆدا بینیوە ، لەوانە: تەمسیلی چارچیە 1954 لە ئێزگەی بەغداد و، شانۆی یپیسكەی تەڕپیر 1972 کە لە شانۆی (البنجیل) وە هەردوو هونەرمەند نوری وەشتی و ڕەفیق چالاک بە كوردییان كردوەو لە سلێمانی نمایشکراوە و ، شانۆی دکتۆری دێم 1972 لە بەغدا نمایشکراوە و خەسووە یا ئەژدیها ئەکتەر و نوسینی ڕەفیق چالاک بووە و چەندانی تر، وە خاوەنی چەندین مەقام و گۆرانی‌‌ سرودی نیشتمانیە لەوانە: جەژنە جەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە و بابە و دەیانی تر.

چالاک لە لە تەمەنی 21 ساڵیدا و لەساڵی 1946 دا وەک زوربەی نوسەر و ڕۆشنبیرو ڕوناکبیرو شاعیری ئەوی ڕۆژێ پەیوەندی بە حیزبی شیوعی عێراقەوە کردووە و وەک کادێرێکی چالاک کاری بۆ سەربەخۆییی و ئازادی و دیموکراتی کردوە.
لەدوای هەڵبژاردنی يوسف سەلمان يوسف ناسراو بە ( فەهد ) لە ساڵی 1941 وەک سکرتێری حیزبی شیوعی عیراقی ، کارو چالاکی حزب گەشەدەکات وجگە لە ناوخۆی عیراق وەک حیزبێکی جیهانی (Communist International ) ڕوولەدەرەوەی وڵاتیش دەکات ، بەتایبەتی وڵاتانی (سوریا، لوبنان، فەلەستین، ئوردن، میسر، مۆسکۆ ). ئەم گەشەکردنە خێرایە دەبێتە مەترسی بۆ سەرحوکمی پاشایه‌تی ، هەروەک (بەهجەت عەتیە) سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئەوێ ڕۆژێی عیراق لە 04.1949 دا بەنوسراوێکی فەرمی نوسیوێتی حیزبی شوعی لە سەدا پەنجای گەنج و کرێکارو هاوڵاتی هەژارە و لەئێستاشدا بۆتە نابیغەی عەقڵی مرۆڤی عیراقی.
لەسەردەمی حکومەتی ساڵح جەبر و لە شەوی 18-1-1947 لە بغداد (فەهد) لەسەر کۆمەڵێک تاونی سیاسی دەستگیر دەکرێت و لە 23-6-1947 سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت.
ئەم هەواڵە دەبێتە خۆپێشاندانی سەرتاسەری لە ژمارەیەك لەشارەکانی عێراق و هەندێک وڵاتی عەرەبی و لە هەندیک لە وڵاتانی جیهان وە بەتایبەتیش لە شاری بەغداد.
یەکیک لە سەرکردەکانی خۆپیشاندەران لە شاری بەغداد مامۆستا (ڕەفیق چالاک) دەبێت. چالاکیەکەنی چالاک بە شێوەیەکی دیار زیاد دەکات و لە ڕاپەڕینی 1948.01(وثبة كانون الثاني / 1948) شیعر دژی حوکمی پاشایەتی و سەرۆک وەزیران (ساڵح جبر)و پەیمانی ( پورتسموث) دەخوێنێتەوە.
لە 1947.07.13 حکومەتی ساڵح جەبر بەناچاری سزاکە بۆ زیندانی هەتا هەتایی دەگۆڕیت. لەهەمان کاتدا کادێرە دیارەکانی حزبی شوعی دەگیرێن و زیندانی دەکرێن و ئەشکەنجە دەدرێن. مامۆستا ڕەفیق چالاکش یەکێکە لەوانە کە لەسه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه کەی لە کۆتایی ساڵی 1948دا دەگیرێت و لە سەرەتای ساڵی (1949) دا بەنهێنی دەبێتە پۆلیس و واز لە حیزبی شوعی عیراق دێنێت و ناوی چەند کادرێکی هاوڕێی لە حیزبی شیوعی ئاشکرادەکات، لەوانە:
01- هاوڕێێ خەبات و شانۆی کوردی هونەرمەند (ڕەئوف یەحیا زەنگەنەیە ) یە و سزای زیندانی سێ ساڵ بەسەریا دەسەپێنرێ.
02- بەڕێوبەری گۆڤاری گەلاوێژ (ئیبراهیم ئەحمەد) ە و گۆڤارەکەشی دادەخرێت.
شایەنی باسە گۆڤاری گەلاوێژ گۆڤارێکی خوێندەواری هەفتەیی لەلایەن کاروباری ئاڵوگۆڕی خوێنداواری ئەمەریکا دەرئەهێنرا. گۆڤارەکە لە ساڵی 1939دا لە بەغداد دامزراوەو لە 1949داخراوە.

لە 6-1-1949 نوري سعيد کە دوژمنایەتی مێژوویی بەرامبەر بە حیزبی شیوعی هەبوە حکومەتی تازە دروست دەکات و وەزیری داد جەمال بابان داوا لە دادگا دەکات دووبارە (فەهد) و هاوڕێکانی دادگابکرێنەوە. لە (1949.02.10) دا سزای لەسێدارەدان بەسەر فەهد و هاوڕێکانیدا دەسەپێنرێت و لە بەری بایانی (/141949.02.15) دا سکرتێری حیزبی شیوعی عیراقی (فەهد) و هاوڕێکانی بەنهێنی لەسێدارەدەدرێن.

چالاک ساڵی 1949 لە زیندان دێتەدەرێ و لەبەغداد ژورێک لە ماڵی باوکی (ڕەمزییە ئەحمەد) کە دواتر دەبێتە هاوسەری دەگرێت وەک کارمەندێک تا ساڵی 1956 لە ئیزگەی ڕادیۆی کوردی بەغداد کار دەکات و تیپی نواندنی کوردییش ئیزگەکە دادەمەزرێنێت.
رادیۆی کوردی بەغدا لە بەرواری 1939.01.29 دا وەک ئیـزگـەیـەکی سەربەخـۆی کـوردی دامەزراوە ، رادیـۆکـەش بـە قـاسـپە قـاسـپی کـەو دەکـرایەوە و دادەخرا.
بەڕێوەبەری رادیۆکە کە بێژەریش بوو تا ساڵی 1958 خوالـێخـۆشبوو (کـامـیل کاکـەمین) بـوو.
رادیـۆی کـوردی بەغـدا، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکـانی رۆژانە، رۆڵێکی دیار و بەرچاوو گرنگـیشی هەبووە لە ناساندن و پێشکەوتنی فەرهـەنـگی کوردی وەک زانست و ئـەدەب وهـونـەر و کولتوور و گـۆرانی و مـوزیک..
چالاک ساڵی 1957 لەگەڵ کۆمەڵیک هاوڕێی هونەر مۆڵەتی فەرمی بۆ دامەزراندنی (کۆمەڵەی هونەرەجوانەکان) لە شاری سلێمانی وەردەگرێت و دەبێتە سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە.
ساڵی 1959 لە شاری سلێمانی تەقە لە علی حاجی شەریفی سەعات چی دەکرێت، کاتێک چالاک بەسەردان بەرەو خەستەخانە بۆ لای علی حاجی شەریفی دەچێت تەقە لە چالاکیش دەکرێت و بریندار دەبێت..
ساڵی 09.07.1963 زەعیم سدیق کە سەرپەرشتیی فیرقەی یەكی سوپای عێراق و لێپرسراوی حامیەی سلێمانی بووە، داوا لە چالاک دەکات خوێندنەوەی بەیانی حوکومەتی عیراقی بە بڵندگۆ (موکەبەرە )‌ لە ناو شاری سلێمانیدا بخوێنێتەوە، چالاک بە سدیق دەلیت " جەنابی زەعیم سدیق ئێستا ئەگەرمن ئەو بەیانە بخوێنمەوە هەموو خەڵکی سلێمانی من بە خائن ئەزانن ، باشترین شت ئەوەیە تۆ ئەوکارە بە خەتیبی سلێمانی بسپێریت ".
چالاک لە پشتی سەیارە دادەنیشێت و خەتیب بەیانی حوکومەتی عیراقی بە بڵندگۆ ‌ لە ناو شاری سلێمانیدا دەخوێنێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی 1966 دا چالاک پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردوستانەوە دەکات.
لە دوای 11ی ئازاری ساڵی 1970 پارتی دیموکراتی کوردوستان سامی عەبدول رەحمان و ساڵح یوسف وڕەفیق چالاک بۆ بەغداد دەنێرێت ، سامی دەبێتە وەزیری کاروباری باکور، ساڵح یوسف دەکرێتە سەرۆکی یەکێتی نوسەرانی کورد و سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کورد و لێپرسراوی لقی پارتی لە بغداد و جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی دۆست و هاوکارانی عیرا ق و سۆڤیەت و وەزیری وڵات. رەفیق چالاکیش دەبێتە بەرێوبەری گشتی وەزارەتی کاروباری باکور.

لە 05.1971 داو لەگەڵ کۆمەڵێک ڕۆشنبیرو هەنەرمەند مۆلەتی فەرمی بۆ دامەزراندنی (کۆمەڵی هونەرو وێژەیی کوردی) لقی بەغداد وەردەگرێت و دەبێتە ئەندامی دەستەی یەکەم بۆ بەڕێوبردنی ئەو دامەزراوە نوێیە..
پاش خزمەتێكی زۆر هونەرمەندی بەتوانای کورد لە 30.11.1973 لە نەخۆشخانەی پزیشکی شار لە بەغداد بە نەخۆشی دڵ بۆ دواجار دڵه‌ گه‌وره‌که‌ی له‌ لێدان ده‌که‌وێت دەچێتە دنیای نەمرانەوە. گـیانی پاکـی لە گـردی سەیـوان لە شـاری سلـێمانی بە خاکـیـان دەسپێردرێت
چالاک بە کارە ئەدەبی و هونەرییەکانی هەمیشە لە ناو دڵماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە..


سەرچاوە:

العراق الحزب الشيوعي وحنا بطاطو
فهد والحركة الوطنية في العراق / بيروت ديسمبر 2003
مركز الدراسات والابحاث العلمانية في العالم العربي
عەلی مەردان بیرەوەری گەڵای پایـز ئامادەکـردنی عەبدولقادر عەلی مـەردان رێکخـستن و لێکـۆڵـینەوە ئەحـمەـد سـەید عـەلی بەرزنـجی هـەولـێر 2008
wikipedia.Saleh_Yousefi

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە