خەندەیەک وەک ڕووناکی مانگ

Wednesday, 08.12.2020, 21:57

1971 بینراوە


دەستە بڕاوەکەت کوانێ ؟
هەم پتەو بوون، هەم میهرەبان
ئەوە تۆی کۆترە سپێکەی نیشتمانم
قاچەکانت لە کوێدا چاند ؟
ئەمەباجە ؟ یاخود ئەرکە ؟
لە پێناسەمان مەپرسە
دێرزەمانێک هەر لێرەدا، لە ڕۆخی ئەم ڕووبارە سەرشێتەدا
تەمی ستەم
وانەی هاوار و ترس و گوناهیان پێدەوتین
ڕایان هێناین، تەمەنێکی خەڵتانی ئاخ
بەسەر بەرین، نەوە دوای نەوە
لە ڕژانی فرمێسکماندا
خۆمان ونەکەین
بەڵام ئێستا
دەست و قاچمان لەخاکێکدا جێهێشتوە
تا سەوز بێت، دەغل و دانمان
بۆ سفرەی ماڵە هەژاران
بۆ مرۆڤی بێناسنامەی ئەم نیشتمانی کوردانە
ئەمە تۆوی جەستەی ئافرەتانی
خۆرهەڵاتە
کە دەیچێنین لەم زەویە شەقار شەقارە
لەم زەمینە ژیلەمۆیە و پڕئاگرەدا
هەی داد، هەی داد
کێ بوو دەیووت ...؟
چ بایەقوشێکی شوم بوو....!؟
لە میحرابی مزگەوتێکدا
هەر دەیقیژاند
ئا لێرەدا، لە ووڵاتی دیجلەی سەرشێت
لە ناو باخی زەیتونەکان
جێگە نییە، بۆ کچانمان، بۆ شەڕ و تفەنگی مێینەکان
پێکەنین وەک ئاوی ڕوون
وەک شەپۆلەکانی دیجلە
قاقای لێدا
بە داماوی ئەو بیرەیان
کچان ووتیان: ڕەقیب بەسە
ئێوە وەرن دەفتەری ئەم باوەڕەی ئێمە
بخوێنەوە، وەرن بە پەیژەی زام و ئازاری
نیشتمانمانا سەرکەون
وەرن ئەنیشک بنێنە سەر برینی سەردڵمان
پیاوە گۆریلاکانی سوڵتان
خاکی ژێرخۆر
خۆڵەمێشی ستەمکاری
جەندرمە، پاسدار، خاکفرۆشان
دەتانەوێت ؟ لێرە لە میسۆپۆتامیاوە
نەفرەتە گەورەکەی دونیا
بنووسنەوە
ئەوە ئێمەین زەوی وشکمان بەخوێنی خۆمان
ئاودەدەین ... نابینن ؟
هەورێک ئاوسە بە باران، تژیە لەخوێن
تینوێتی خاکی پێدەشکێ
ژیان ئاهەنگێکی بەردەوامە
گریان ئێستا ئەوکم دەگرێت بێدەنگ، بێدەنگ
دەمگرێنێت
پێکەنینێک لە دڵەوە فێرم دەکات
ئەو پێم دەڵێت، خۆم شەپۆل بم
کە قاچ و دەستمان تۆو دەکرد
هاوڕێکانمان جەستەیان دەبەخشییە خاک
باخی سەوزمان لە دڵی گێتیدا دەچاند
لەو کاتەدا
قەلەڕەشێکی زۆر بۆنخۆش
قەلەڕەشەکەی بێهرەنگی
وایەری بڵندگۆی مزگەوتێکی دەقرتاند
کە داعش و لەشکرێکی ڕیش درێژیان
بۆ فەتح تەیار دەکرد، کە بێن بۆمان
نیشتمانمان ئەنفال بکەن
قەلەڕەشە بۆنخۆشەکە
پێی دەوتین : من هاوڕێ ماسیە ڕەشە بچوکەکەی بێهرەنگیم
هاتووم بڵێم ... شەڕڤانەکان

تۆوکردنی ئەندامانی جەستەی لەشتان
لەناو خاکێکی سوتاودا
دەبێ بەهیوای داهاتوو
لە ناو جەستەی مرۆڤگەلی بێناسنامە و بێ ووڵاتدا
کچان ووتیان : لە کۆرسێکدا
کۆبانی ئەمڕۆغەمگینە
ژیان کاتێک مانا داربوو
کە تفەنگمان کردە شانمان
بۆ ناسنامە، لەدوای ئەوە خەبات
دیوە ڕاستەقینەکەی خۆی پیشان داین
نیگامان نوقمی فڕێنی کۆترەکان دەکەین
چ نیعمەتێکە؟
کاتێک حەواڵەی خوایان کردین
ئەوکاتەی مەرگ دەست بە ناوچەوانمانا دەهێنێت
لە دارزەیتونی باخچەکانی ووڵات دەڕوانین
دیجلەمان دەدی ....کە چۆن
کۆڵێ هەواڵی دابوو بەشانیا
لە بەرەکانی شەڕەوە
سەربەرەو خوار
بۆ بەغدادی ڕەشپۆش دەچوو
هەنوکە
توڕەبوون تا سنوری شێتی بەکێشمانکات
جانی جانان، کچەکانی بەرخۆرهەتاو
ئێوە بوون ڕێگەتان نەدا
چاوی گوڵەگەنم کوێرکەن
دەزانن چۆن
ئەم دنیایە سەرەو ژێرە ... چوکە
مشکەکانی ئێرە دەنوسن، کاغەز ناخۆن
دەنوسن تا مێژوو لاپەڕەکانی بەدرۆ پڕکەنەوە
فڕینی باڵندەکان
خەندەی ڕێبواران
جوڵەی هەورە سپێکان و
داشماڵی شەترنجی جەنگ
نانووسنەوە، مشکەکانی ناو زێرابەکان
لێرە لە بەردەم پەیکەری پاڵەوانی ئازادیدا
وەڵامی نائومێدیان وەرگرتەوە
هەمووشتێک بۆنی نەگبەتی لێدێت
دڕندەی جەنگ
گەردەلولێک لە مێشولەی خوێنمژ
مێروولەی باڵداری دوای باران
نووسینەوەی مێژووی شەڕ و تەقینەوە
دەستکردن بە کوانی ئاگردا
هەڵنشینی سیسرکە کەچەڵە، بەدیارتەرمی نوزە لەبەربڕوادا
واق وڕماون
ئەو تەرمانەی گۆڕیان نییە
تەنها ڕیش ناسنامەیانە
دایکانیان حاشایان لێدەکەن
وەک ژنە سەرکزەکەی گەڕەک
کە باسی کوڕە ونبۆکەی ناکات بۆ کەس
لێرە لەم مەنفایەدا
لە چاوەڕوانیدا پیر دەبین
حیزبەکان سەروەرییان مۆرانە لێیداوە
چڵە دار زەیتونەکەی دەستی گاندی
سەرئاو کەوتووە
باران بەسەر جەستەی ناسۆرەکاندا دەبارێت
هەنگاوەکان ڕێگەی خۆیان وونکردوە
مردۆکان لە زیندۆکان بەختەوەرترن
گۆڕێکی عەتراوی
ڕەنگەکانی پەلکە زێڕینە
دەگرنە ئامێز
لێرە فرمێسک بۆ پیاوەتی دەڕێژین
ژیان لەژێر ڕەشماڵی ترسا
فێری کردین
داهێنان لە ڕیسواکردنی مرۆڤ
بەرجەستەکەین
ئێمە .... کەی بەختەوەری دەدۆزینەوە
لە دەرەوەی چەرمەسەرێکان ...؟
دەماویست دنیا بگۆڕین، گەرچی ئیستا
لە وەرزی پایزی ساڵدام، بەڵام
بشمرم، خۆ کۆرپەی باوەڕی کچانی ڕۆخی دیجلە دەمێنێ
بە بەرگی شەڕڤانەوە
شەقامە تەڕ و شۆراوەکانی دوای باران
خوێندنەوەی ئەندێشەکان
کانی فرمێسکی پێ ڕشتین
لە ونبوونی خۆم دەترسام
بەڵام ئێستا خۆم دۆزێوە
بەم پیریە
کە ئێوەم دی
بێ دەست، بێ قاچ
لە خۆری هەڵهاتوو دەڕوانن
پێدەکەنم بەو گوڵە گەنمە پوچانەی
بە باڵا بەرزیی خۆیان دەنازن
کچەکانی میسۆپۆتامیا
هەڤاڵانی ڕۆژئاڤاکەم
خۆشمدەوێن



(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 3.5/5)