کاتێک قەڵەمی خیانەت جوانی لە گەلێک دەسەنێتەوە

Thursday, 08.13.2020, 17:24

3478 بینراوە


  لە کۆتایی ساڵی ١٩٨١ کاتێک بە خۆم و خێزان و منداڵێکی ساواوە، کوردستانمان جێ هێشت، بە نیازی داواکردنی مافی پەنابەریی بەرەو سوید بەڕێکەوتین. سەرەتا لە تارانەوە دەستمان پێ کرد، ڤیزەی تورکیا و بولگاریا و رۆمانیامان وەرگرتبوو، هەر گەیشتینە کوردستانی باکور لە (تورکیا) بە وان، ئامەد و چەند شارێکی دیکەی کوردییدا تێپەڕین. بۆ پشوودان لە پاسەکە دابەزین، لەگەڵ هەر کەسێکدا بە کوردی قسەمان دەکرد، لێمان دوور دەکەوتنەوە، وەڵامیان نەدەداینەوە، یان بە تورکی وەڵامیان دەداینەوە، سەرباری کۆڵێک خەفەتی تر، کە لە سەفەرەکەماندا هەڵمان گرتبوو، هیلاکیی دووری رێگا و دوور کەوتنەوە لە نیشتیمان، هەروەها ئەو چارەنووسە نادیارەی، کە نەماندەزانی بۆ بەیانییەکەی چی روودەدات، ئەم خەفەتە گەورەیەشی هاتە، هەستم بە تەنیایی و تێکشکانی خۆم کرد.
هەواڵێکی دوو ساڵ پێشترم هاتەوە یاد، کە ساڵی ١٩٧٩ لە خۆپیشاندانەکانی شاری تاران، کاتێک خوێندکاران و ئێرانییەکان پەلاماری باڵوێزخانەی ئەمەریکایان دا و داگیریان کرد، بیستمان سەدان نامە و بەڵگەی گرنگ وەک گەڵای دار بەو ناوەدا بڵاوبووبوونەوە، یەکێک لەو نامە و بەڵگانە، وەک باسیان دەکرد راپۆرتێکی باڵیوزخانەی ئینگلیز بوو لە ئەنقەرە، گوایا وێنەیەکی لە باڵیوزخانەی ئەمەریکا بووە، تێیدا هاتووە، کە کێشەی کورد لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە، کورد نەماوە، هەموو خۆیان بە تورک دەزانن. کاتێکیش گەیشتینە سوید، باسی سەفەرەکەم بۆ چەند برادەر و دۆستێک کرد، ئەوەی دیبووم بۆم گێڕانەوە، کە چۆن بەو شارە کوردییانەدا تێپەڕیوین، کەس نەیدەوێرا بە کوردی وەڵاممان بداتەوە، یەکێک لەو برادەرانە باسی ئەو بەڵگەیەی کرد، وتی: من بە فاکس بۆیان ناردووم. لەبەر ئەوەی منیش تازە گەیشتبوومە سوید، زۆر گوێم پێی نەدا، تا داوای بکەم و بیخوێنمەوە، تەنیا بە بیستنەکەی بێدەنگ بووم.
ساڵی (١٩٧٩): کاتێک خۆپیشاندەران لە تاران پەلاماری باڵیوزخانەی ئەمەریکا دەدەن
 پاش تێپەڕبوونی سێ - چوار ساڵ، کە دەکاتە ساڵی ١٩٨٤ بۆ یەکەم جار ناوی (پەکەکە)م کەوتە بەرگوێ، ئەم هەواڵە کەمێک خەمی منی رەواندەوە. هەرچەندە دروستبوونی ئەو پارتە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەفتاکان، بەڵام لە ساڵی ١٩٨٤ بە دواوە، خەڵکی زیاتر بە ناوەکەی ئاشنا بوون. سەرەتای دروستبوونەکەشیان بۆ گێڕامەوە، کە ئۆجەلان لە ئەنقەرەی شاری نامرۆڤایەتیی و پایتەختی شۆڤێنیستەکان، لەگەڵ هاوڕێکانیدا، پرسیار لەسەر خوێندنەوەی مێژووی کورد دەکەن، دەڵێن مێژووی کورد هەمووی خیانەت و تێکشکاندن بووە، ئۆجەلان بە هاوڕێکانی دەڵێت: (مادام وەکو گەڵ و نەتەوە، ئێمە مێژوومان نییە، وەرن با لێرەوە هەستین بە نووسینەوەی مێژوو.). 
ئەگەر ئێمە لێرەدا تەنیا ئەو قسەیە وەربگرین و نەچینە نێو لێکدانەوەیەکی قوڵ بۆ قسەکردن لەسەر بوون، یان نەبوونی مێژووی کورد، تەنیا بیبەستمەوە بە ساڵی (١٩٨١)ەوە، ئەو کاتەی لە باکور کەس نەیدەوێرا بە زمانی کوردی قسە بکات و ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن، دەتوانم بڵێم، بە بەراوردکردن لەگەڵ قسەکانی ئۆجەلان دروستبوونی پەکەکە! خوێندنەوی دوا لاپەڕەی ئەو مێژووە رەشە بوو، کە کوردی باکور ئاهێکی پێدا هاتەوە، کەم تا زۆر توانی بە زمانی زگماکی خۆی قسە بکات،  بەڵام ئەگەر ناچاربین قسەش لەسەر مێژووی دوای راپەڕینی ساڵی (١٩٩١) بکەین، کە دوو جار لە باکورەوە بۆ باشوور گەڕامەوە، لەو ماوە کورتەدا بە چاوی خۆم بینیم، خەڵکەکەی بە پێچەوانەی ساڵانی هەشتاکان بە تەواویی گۆڕابوون، ئەمجارە بە کوردی قسەیان دەکرد و لێمان نزیک دەبوونەوە. 
بە بەراوردکردنی ئەو دوو سەردەمە جیاوازەوە، کە خۆم پێیدا تێپەڕیوم،  دەتوانم بۆ ئەو کاتە و قسەکردن لەسەر پەکەکە  نووسینەوەی مێژووەکە قسە بکەم، کە دروستبوونی پەکەکە وەک پێویستییەکی مێژوویی بەرز بنرخێنم،  لێرە بەدواوە باس لە مێژووی دواتریان ناکەم، وەک هاتنی پەکەکە بۆ باشوور... پەیوەندیی خۆش و ناخۆشیان بە دەسەڵاتدارانی هەرێم! ... یان شەڕ و پێکدادان و ئاشتیان لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی، چونکە مێژووی پارتەکانی باشوور هەمووی پڕە لە خیانەت و ناپاکیی و ملشکاندنی کورد. ئەگەر قسە لەسەر ئەوانەش بکەین، ئەوا دەبێت مێژووەکە بە شێوەیەکی تر هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، لاپەڕەیەکی پڕی تێکشکان و شەرمەزاری بۆ کوردی باشوور، پارت و دەسەڵاتدار و بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی بنووسینەوە، واز لە قسەی ئۆجەلانیش بهێنین، کە ئایا راستی وتووە یان نا! بە ناچارییەوە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هەڵدانەوە و خوێندنەوەی ئەو هەموو یادەوەریی و بیرەوەرییە پڕ لە درۆیینانەی، سەرکردە و بەرپرسەکان کە نووسیویانەتەوە، مێژووەکەش رات دەکێشێت بۆ قسەکردن لەسەر راپەڕین و ئەو سی ساڵەی، کە چۆن ئەم پارتانە کوردییان بەم رۆژە گەیاندووە، هەرچەندە ئەوەی پارتیی و یەکێتی وەک وەڵامدانەوەیەکیش بوو، بۆ قسەکەی ئۆجەلان، تا بڵێن، ئێوەش خۆتان ماندوو مەکەن، ئەگەر بە نیازن وەکو گەڵ و نەتەوە، مێژوو بۆ کورد بنووسەوە و پێناسەی بکەن، ئەوا ئێمە لێرەوە درێژە بە نووسینەوەی مێژووی تێکشکانی کورد و خیانەتی خۆمان دەدەین.
لەم نووسینەدا مەبەستم درێژەدان نییە بۆ  قسەکردن لەسەر ئەو مێژووە، بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەو رووناکبیر و نووسەرە دەربارانەی، کە ئەمڕۆ وەکو میت و پارتییەکی خۆفرۆش هەڵسەنگاندن بۆ (پەکەکە) دەکەن. مێژووئ ئەم رووداوانەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، کە زۆربەی رۆشنبیر و نووسەرانی باشوورسواری عەقڵی خۆیان بوون! لە بەرامبەر پارتیی و یەکێتیی و داگیرکەرانی کوردستاندا، بۆ پارتەکان بیردەکەنەوە، بە دڵی تورکیاش دژی پەکەکە دەنووسن!
عەقڵی رووناکبیری کورد  وەک پێناسەی پارتەکان، عەقڵیکی پەروەردەکراوی جاشایەتییە، سەرچاوەی هزر و بیرکردنەوەیان وەکو دەسەلاتی پارتەکانە، بەوە راهێنراون، کە پرۆپاگەندەی دوژمن بکەنە سەرچاوە، وەک بەڵگە بەکاری بهێنن. نمونەیەکی بچوک کە زۆریان پێیان وایە کوردی رۆژئاوا لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە تورکیاوە هەڵهاتوون، روویان کردۆتە سوریا،  لەوێ نیشتەجێ بوون. ئەمە نمونەیەکە لە پەروەردەی جاشایەتیی نووسەر و رووناکبیری کورد.
ئەم نووسەر و روناکبیر و رۆژنامەنووسانە لە لایەن دەسەڵاتەوە پێناسە و مەدالیای رۆماننووس و رۆشنبیر و مامۆستای زانکۆییان پێدراوە، بۆیە کاتێک کەسێکیان دەڵێت: (من ئۆجەلان ناناسم و بە روناکبیریشی نازانم). ئەم قسەیە لە دەنگی فیشەکەکەی مەسعود کۆمێدیا ترە، کە بە دەنگی مۆسیقای دەچوێنێت! یان کەسانێکی خاوەن دکتۆرا و مامۆستای زانکۆ، یەکێتیی و گۆڕان و زۆر حیزبی تری تاقیکردۆتەوە، ئیستا بۆ ئەوەی پارتیی وەری بگرێت، لە سوید و دانیمارک سیمینار دەکات، هێرش دەکاتە سەر پەکەکە، بەڵام چونکە تۆوی خیانەت لە هزریاندا چێنراوە حەز بە مردنی گەل و سەرکەوتنی دوژمنەکەیان دەکەن، بەداماوی دالێکیان ناوە بە خۆیانەوە، بە (د.)ـەکەش رازیی نییە، کە بۆ کوردستان دەچێتەوە، ناوی عەشرەت و ناوچەکەی (سلیڤانی) بە پاشگری ناوی خۆیەوە دەنووسێنێت.
لێرەدا پێویستە بەبیر خۆمانی بهێنینەوە، کە دوای راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـە، کاتێک تالەبانی و مەسعود بارزانی لە لایەن ئێران و سوریا و وڵاتانی تر بۆ کۆنترۆڵکردنی جەماوەری راپەڕیوی کوردستان، ناردیاننەوە، هەروەها دوای دیاریکردنی زوون و ناوچەی ئارام و دروستبوونی هەرێم، کە پارتیی و یەکێتی دەستیان بەسەردا گرت، هاتنی هێزەکانی پەکەکە بۆ باشوور و جێگیربوونیان لە چیای قەندیل، چەندین پێکدادان لە نێوانیاندا رووی داوە. ئەوەندەی پارتیی و یەکێتیی لە گەریلاکانی پەکەکە و هەودارانیان شەهید کردووە، نیوەی ئەو ژمارەیە لە بەرەی شەڕ و بەرەو رووبوونەوەی سوپای تورکیا بە دەستی ئەو دوژمنانە شەهید نەکراون، هەمیشە پارتیی و یەکێتیی بە وەکالەت بۆ دوژمن و ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە کاریان کردووە، لەو نێوەندەدا ئەوەی فەرامۆش کراوە، نووسەری خۆفرۆشی کوردە، کە زۆربەی قەڵەمبەدەستەکانی باشوور هێرشیان کردۆتە سەریان و روویەکی ناشرینان بە پەکەکە داوە. ئەگەر جاشێکی چەک بە شان، بە گوللە کوردێکی کوشتبێت، ئەوا نووسەر و روناکبیری قەڵەمبەدەست، بە قسە و نووسینەکانیان گیانی بەرگریان کوشتووە، قەلەم لە چەک ترسناکتر و کاریگەرترە، تەنیا جاش و خۆفرۆشێکی نەخوێندەوار بە گژ پەکەکەدا نەچۆتەوە، ئەمڕۆ رەوەیەک قەڵەمبەدەستی وەک، دکتۆر، پرۆفیسۆر، مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەنووس، لە ئامادەباشییدان کە بەدڵی پارتیی و میتی تورکیا سیمینار و نووسین و چاوپێکەوتن بکەن، لە دەرەوەی پارتیی و یەکێتیی هێرش بکەنە سەر رۆژئاوا و شەڕڤانان، ئەمانە لە پارتیی و یەکێتی زیاتر زیانیان بە کورد و نیشتیمانەکەی گەیاندووە، کە مێژوو نابێت لێیان خۆش بێت، ئیستا قەلەمفرۆشی رووناکبیر و خاوەن بڕوانامە بەرزەکان، بۆ رازییکردن و دەستکەوتی تایبەتی خۆیان، مۆدێلێکی نوێیان دۆزیوەتەوە بۆ رەخنەگرتن، رەخنە لە پەکەکە دەگرن، بە تامی میت و فاشیستێکی تورک. ئەگەر لە گوگڵدا ناوی پەکەکە بنووسیت، لەپاڵ کاریکاتێری ناشرینی تورکەکان، نووسینی زۆری ئەم نووسەرانە لە سایت و پەیجەکان دێنە بەرچاوت.

 من وەکو مرۆڤێکی کورد، جگە لە خۆشەویستییم بۆ گەل و نیشتیمانی کورد، هیچ پەیوەندییم بە رێکخراو و لایەنێکی سیاسیی کوردییەوە نییە، ئەم نووسینەشم لە کوردبوونی خۆمەوە نووسیوە، خەونی من ئەو رۆژەیە، کە ببینم بنەماڵە و دەسەڵاتدارانی پارتیی و یەکێتیی و گۆڕان و پارتەکانی تر دەسەڵاتیان نەمێنێت، نیشتیمانی کورد لە خیانەت و خۆفرۆشی خاوێن بکرێتەوە، ئەو بەرپرسانە لەسەر خیانەتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی دادگایی بکرێن، ئەگەر لە ژیانیشدا نەمێنن، لە گۆڕ و لە گردەکان دەربهێنرێن، هەر وەکو گەلی ڤێتنام چۆن بەرامبەر بە خائینەکانی خۆیان مامەلەیان کرد، ئاواش میللەتی کورد وشیاربێتەوە، قەڵەمی ئەو نووسەرانە لەگەڵ ئیسقانی ئەو خائینانە تێک بشکێنێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم، کە بۆ قسەکردن لەسەر راستییی رووداوە مێژووییەکان پێویستمان بە بڕیاردان نییە بۆ ئەوەی مێژووی کورد بنووسینەوە، دەشێت بۆ داهاتوو تەنیا پێشبینی بۆ بکرێت، ئەویش لەسەر راستیی رووداوە مێژووییەکان و قسەکردن گفتوگۆ و رای جیاواز لە کاتێکدا روویان داوە،بۆ رابردوو ناکرێت،  مێژوش بە بیرکردنەوە نانوسرێتەوە، وەک (د. کەمال مەزهەر) و هەندێک لە مێژوونووسەکانی کورد بۆیان نووسیوین، تێیدا خائینی کردووە بە نیشتیمانپەروەر، گەلی کوردی کردووە بکوژ و ژینۆسایدی ئەرمەنەکان و تورکی لەو تاوانە خاوێن کردۆتەوە، یان وەک بەرپرسەکان بە عەقڵی حیزبیانەیان بیریان کردۆتەوە و لە بیرەوەریی و یاداشتەکانیاندا مێژوویان بۆ نووسیوینەتەوە..
ئەو نمونانەی سەروە بڕیاری پێشوەخت نیین، بەڵکو راستیی دوای رووداوەکانن، لەوێدا دەکرێت زانست بکرێتە دەستپێک و تەواوکەریی گەیشتن بەراستیی تا مێژوویەکی شکستخواردوو تێیدا دووبارە نەبێتەوە. . کاتێک مرۆڤ زانستیانە رووداوەکان دەگێڕێتەوە، راستگۆیی لە گێڕانەوەکەدا  دەبێتە بڕوا و متمانە بوون بە مێژوو، نووسینەوەی بە پێی مەرجەکانی زانست، فەلسەفەیەکی فیکری قوڵی لێدروست دەبێت، هەڵەی مێژووویی دووبارە نابێتەوە.
ئەزمون و لێکدانەوەیەکی قوڵ گەلانیان گەیاندۆتە ئەو راستییە، تا کەڵک لە رابردوو وەربگرن، بەردەمی داهاتووی خۆیان پێ رۆشن بکەنەوە.
ئەو عەقڵەی کە دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور لە کوردیان سەندۆتەوە، تا مرۆڤەکان بڕیاڕدەر نەبن و کۆیلە بن، تەنیا عەقلەکە نییە، بەڵکو لە گەڵیدا ئازادیشی لێسەندۆنەتەوە، عەقلی جاشایەتیشی داوە بە نووسەر و روناکبیرەکانی خۆی، چونکە دەزانێت ئەم رووناکبیر و نووسەرانە  سنوری خۆیان نابەزێنن، بە دڵی دەسەڵات بیردەکەنەوە و دەنووسن.
-----------------

وێنەی سەرەکی وتارەکە:

کەو: سیمبوڵی کەویکردنی کەوێک تر بۆ راوچی. ئەو دوو کەوەی سەرەوە پارتیی و یەکێتیی، وەک چاودێرێک بەسەر گەریلا و شەڕڤانان، نووسەری کەویکراو لە پاڵ پارتیی و یەکێتیی بە باڵی کەوێک خیانەت دەنووسێتەوە بۆ کەویکردن.




(دەنگدراوە: 17 . زۆرباشە: 5/5)