مێژوویەکی شاراوە: ڕادەستکردنی زیرۆک هەرکی لەلایەن مەلامستەفاوە بە ئێران (بەشی دووەم)

Monday, 08.17.2020, 0:56

1428 بینراوە


کاتێک کە رەزا شا لەلایەن ئینگلیسەکانەوە دورخرایەوە بۆ هندستان و لەوێ کۆچی دوایی کرد دواتر محمد رەزا شا لەلایەن ئەمریکا و ئینگلیس پشتگیری کرا و بە شای ئێران ناسێنرا کە ئەوەش مەبەستیان دژایەتی روسەکان بوو. وتیان ئێران دەبێت یەک پارچە بێت و نابێت هیچ شوێنێک جیا ببێتەوە کە ئەو بریارە دەرچوو لەلایەن ئەمریکا و ئینگلیسەکانەوە، کوردەکان زۆر تەنگاو بوون و لە شنۆ کۆبوونەوە لە مالی (قازی محمدی خدری) نەک مالی پێشەوا ( قازی محمد ) مەهاباد، لە کۆبوونەوەکە ئەوە باس کرا کە نابێت رێ بدەن ئارتەشی شا دووبارە بێتەوە ناوچە کوردیەکان دەنا هەموویان قەتلو عام دەکەن بۆیە بریاریان دا ئەو هۆزانەی سەر سنوورن لەگەل دەولەت هەمیشە لە ئامادەباشی دابن ئەگەر ئارتەشی ئێران هات لێیان بدەن و گەر ئارتەشیش زۆر بوو ئەوان هۆزەکانی تر یارمەتیان بدەن، تا چوار سال بەردەوام بوو ئەو بارودۆخە، زێڕۆبەگیش کەوتە جەبهەی سەرەکی کە نزیکی چل کەس لە پیاوەکانی شەهید بوون یەکێک لەوان برای زێڕۆبەگ بوو ناوی (قەندۆ عارس ئاغا هەرکی بوو) کە تەمەنی لە نێوان29-30 سال بوو و دوو سال بوو هاوسەرگیری کردبوو و وە ئامۆزایەکی زێڕۆبەگ یش شەهید بوو کە ناوی (شەمسەدین) بوو، سالی 1945 دوای ئەوەی هەردوو کورد و ئازەر خۆیان رێکخست و جولانەوەی سیاسیان دامەزراند و ئارتەشی حوکمەت لەوێ دەرکران کوردەکان هێشتا رێکنەکەوتبوون لەسەر هەلبژاردنی کەسێک، سێ را هەبوون دوای مناقەشەیەکی زۆر زێڕۆبەگ موخەیەر کرا لە دەسنیشانکردنی کەسێک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار، زێڕۆبەگیش قازی محمدی هەلبژارد و وتی :(من جەنابی قازی هەلدەبژێرم چونکە ئەو کەسێکی بێ لایەنە و ناوداریشن بنەمالەیەکی زانان و چەند پشتیشە قازی مهابادن و کەسێکی شیاوە) هەموویان لەگەل رایەکەی زێڕۆبەگ بوون و قازی هەلبژێردرا وەک سەرۆک کۆمار. دوایش هێز و پێشمەرگە رێکخران و ئەفسەر و جەنەرال دیاری کران و زێڕۆبەگ یەکێک بوو لە 5 جەنەرالەکەی کۆمار کە لەلایەن قازیەوە ئەو پلەیان پێدرابوو، زێڕۆبەگ بە 700چەکداری پیادە بەشداری کۆمار ببو فەرماندەی بەرەی سەردەشت بوو، لەو کاتیش دا زێڕۆبەگ داواکرا بۆ یەکێتی سۆڤیەت و پلەی سەربازی (مارشال) ی پێدرا کە بەرزترە لە پلەی جەنەرال لەگەلی دا شمشێرێک و دەمانچەیەکی 14 خۆری پێدرا .لەگەل هەویەی(پێناس) مارشالی .لە سالی 1945 بارزانیەکان بەهۆی هەبوونی ناکۆکیان لەگەل حوکمەتی عێراق روویان کردە سنورەکانی رۆژهەلات و لە سێکوچکەی سنووری نێوان عێراق-ئێران-تورکیا،لە (کوێستانەکانی بنلیس )بون رووسەکان نەیان هێشت داخلی شاری ئورمیە ببن و تورکەکانیش سنوریان لێداخستن، شێخ احمدی بارزان نامەیەکی بۆ زێڕۆبەگ نارد لە رێی (اسحد خۆشەوی مزیوری و رەئیس عزەت ئامێدی)نوسیبووی ئەوە ئاخر نەفەسی ئێمەیە لە برسان و سەرمادا، ئەوەش دەزانین کە تۆ دەسەلاتت هەیە لەناو سوپای رووسەکان و یارمەتیمان بدە .زێڕۆبەگیش زۆر نئارام بوو کە نامەکەی خوێندەوە یەکێک لە ئامۆزاکانی کە ناوی (میرخان) بوو راسپارد کە بە لۆری (گەلابە) بچێت بۆ شار و خۆراک وپێداویستی بکرێت و 10 باریش نانی پاتی بکرە بۆ بارزانیەکان و ئەو گوندانەی دەوروبەریش ئاگادار بکەوە کە 70 بۆ 80 ئەسپ و دەوار حازر بکەن بۆ ئەوەی سبەی بۆ نیوەرۆ ئەوخواردن و پێداویستیانە ببەن بۆ بارزانیەکان و منیش دەچمە تەورێز رەزامەندیان بۆ لە رووسەکان وەردەگرم بۆ ئەوەی داخلی ئورمیە ببن .زێڕۆبەگ چوە تەورێز و شەو لەوێ مایەوە و بۆ سبەی هاتەوە و بە (اسحد خۆشەوی و رەئیس عزەتی )وت : بە شێخ احمد بلێن خۆ گیرۆ نەکات و زوو بێتە گوندی (بێنار) من دێمە ئەوێ و بارزانیەکان دابەشی شوێنەکان دەکەین،زێڕۆبەگ بانگەوازی دایە هەموو سەرۆک عەشیرەتە نزیکەکان و پێی وتن کە وا بارزانیەکان ئەوەی هەیان بوە لە دەستیان داوە بەهۆی شەرەوە و ئەوانەش کوردن و لێقەوماون بۆیە هەر یەکێک لە ئێوە 50 مالی بارزانیەکان بگرێتە خۆ، منیش 200 مالی بارزان ومالە شێخی بارزان لە خۆ دەگرم ). بۆ سبەی زێڕۆبەگ گەیشتە بێنار و ئەو جۆرەی کە رێکەوتبوون دابەشکران . سێ ژووری مالی زێڕۆبەگ چۆلکران بۆ مالی شێخ احمدی بارزان،وە شەریفی مەلا حسن ئەویش 50 عئیلەی تری بارزانی دابەشی مالەکانی گوندی کوکێ کرد، دواتر 150 عائیلەی تر لەگەل حمد ئاغای مێرگەسۆر دابەشی گوندەکانی تری زێڕۆبەگ کران .هەتا دوو سال و سێ مانگ مانەوەی بارزانیەکان بەو شێوەیە بوو تا روخانی کۆمار .دواتر کە کۆمار روخا (عمرخان شکاک) چوە سەقز و خۆی رادەستی حوکمەتی ئێران کردەوە، حمە رەشید خانی بانە هاتە پێنجوێن و خۆی رادەستی حوکمەتی عێراق کردەوە،مەلا مستەفاش هاتەوە بۆ شنۆ، زێڕۆبەگیش هاتەوە گوندی (کوکێ و بالانیش )، دواتر مەلا مستەفا داواکرا بۆ تاران و چەند شەوێک لەوێ ماوە و ئەفسەرە بالاکانی ئێران بە مەلا مستەفایان وت بە مەرجی دانانی چەک و تەرک کردنی عێراق وەرتان دەگرین لە ئێران ئەگەر نا دەبێ ئێرەجبێلن، دوو ئەفسەر لەگەل مەلا مستەفا هەتنەوە شنۆ بۆ قسە کردن لەگەل شێخ احمد بەلام شێخ احمد رازی نەبوو وتی ئێمە نە چەک دادەنێن نە تەرکی خەلکی خۆشمان لە عێراق دەکەین ئەگەر مەجالمان بدەن تا بەهار لێرەبین ئەوا هیچ حەرەکەتێک ناکەین،بەهۆی ئەوەی زێڕۆبگ خۆی تەسلیم نەکردو بەردەوام بوو لە شەرکردن بۆیە هێزی زیاتر دەهاتە شنۆ و سەردەشت بەنچاریش بارزانیەکانیش داخلی شەرەکە ببون و لەگەل زێڕۆبەگ دەستیان کرد بە شەر دژی ئێران لە سەرەتای پایز تا مانگێکی دوای نەورۆزیش هەر بەردەوام بوو،دواتر زێڕۆبەگ ومەلا مستەفا و شێخ احمد هاتنەوە سنوری عێراق، لە گەلێ ( گادەر)ی سەر سنوور بارزانیەکان دەیان ویست بچنە سنوری عێراق و خۆیان تەسلیم بکەن لەوێ یەکێک لەفەرماندەکانی سوپای عێراق بەناوی (عەزارا بەگ)کە ئامر فەوجی (قوات سیار) بوو نامەیەکی وەکو نوشتە لەرێی سەربازێکەوە بۆ بارزانیەکان دەنێرێت و سەربازەکەش نامەکە دەخاتە گیرفانی شێخ احمدی بارزانی دوایی کە نامەکە دەخوێننەوە نوسرابوو کە نەکەن هەمووتان بەیەکەوە خۆتان تەسلیم بکەن چونکە حوکمی سێدارەتان بۆ دەرچوە لەگەل چەند سەرکردەیەکی بارزانیەکان بەلام ئەگەر هەندێکتان خۆیان تەسلیم نەکەن ئەوا ئەوانی تریش ناکوژن،شێخ احمدیش دەلێ کێدەمێنێتەوە و لێرە دەبێت مەلا مستەفاش دەلێ من و لەگەل 500 بارزانی مانەوە و زۆربەی بارزانەیکان لەگەل شێخ احمد خۆیان تەسلیمی عێراق کردەوە، بەلام مەلا مستەفا لەگەل 500 کەس خۆیان تەسلیم نەکرد . زێڕۆبەگیش چوەوە (گەلێ گاردەر) دواتر مەلا مستەفاش هاتەوە ئەوێ و سێ شەو لەمالی زێرۆبەگ مایەوە . زێڕۆبەگیش لێی پرسی بەتامی چی بکەی ؟ ئەویش وتی دەچمەوە مەنتیقەی بارزان ئەگەر حوکمەتی عێراق حوکمی سێدارەم لەسەر لاببات ئەوە خۆم تەسمیل دەکەن ئەگەر سجنیش بکرێم رازیم . ئەگەر قبولیشیان نەکرد ئەوا پەیوەندی بە تورکیا و سوریاوە دەکەم کام دەولەت وەرمان بگرێت دەچینە ئەوێ . بەلام حوکمەتی عێراق رازی نەبوو وتی بەبێ مەرج خۆتان بەدەستەوە بدەن وادیاریش بوو کە تورکیا و سوریاش مەلا مستەفایان وەرنەگرت بۆیە لە رێی ئێرانەوە چوە روسیا. لە (گاردەر)یش فرۆکەکانی ئێران دەسورانەوە لە ناوچەکە کە زێڕۆبەگ و 400 مال لە پیاواکانی لە ھۆزی ھەرکی لەگەلی بوون، جا رۆژێک تەیارەی عێراقی هاتن کە 17 تەیارە دەبون نوسراویان فرێدا خوار و نوسیبویان دەبێت تا سبەی سەعآت 12 یان خۆتان تەسلیم دەکەن یان بۆمبەبارانتان دەکەین .هەندێک لە ریش سپیش هاتنە لای زێڕۆبەگ پێان وت چارەنەماوە خۆت تەسلیم بکەن لەبەر ئەو ژن و مندالانە، زێڕۆبەگیش بە ناچاری لەگەل دوو پیاو دەچنە (خنێرە) کە فەوجێکی لێبوو پێیان دەوت (قوات صیار) ئامر فەوجەکە ناوی (عزرا بەگ بوو) فەلە بوو،لەوێ خۆی تەسلیمی ئەوان کرد، راستەوخۆ زێڕۆبەگ گواسترایەوە بۆ بەغدا بۆ زیندانی (ئەبو غرێب) دوو سال و شەش مانگ زیندان بوو لە چوار مانگی کۆتای گوسترابۆوە بۆ زیندانیەک لە (سامەرا) . احمدخانی کورە گەورەی زێڕۆبگ و مجیدخان ی برای زێڕۆبەگ لە ماوەی ئەو دوو سالەدا زۆر هەولیان کە ئازادی بکەن زۆر پارەشیان سەرف کرد بۆ ئەو مەبەستە بەلام سودی نەبوو،هەتا رۆژێک احمدخان پێشنیاز بۆ مجیدخانی مامی دەکات کە وا بچنە لای شێخ محمودی حەفید ئەو هاوکاریان بکات بۆ ئازادکردنی زێڕۆبەگ، ئەوانیش چوون بۆ گوندی (داریکەلی ) لەناحیەی بازیان کە مالی شێخ مەحمود لەوێ بوو سێ شەو میوانی شێخ مەحمود بوون زۆر رێزیان لێگیرا لەوێ، کە بابەتەکە بۆ شێخ مەحمود باس دەکەن شێخ مەحمود برایەکەی خۆی کە ناوی (شێخ قادر) بوو لەگەلیان دەنێرێت و پێێ دەلێت تۆ لەگەل ئەو دوو پیاوە دەچیە بەغدا و ئەو نامەیەی من بدە مەلیکی عیڕاق وتی پێیان بلێ :(ئەوان دەلێن حوکمەت هی کورد و عەرەبانە ئەی بۆچی کوردێکی ئێرانیان گرتوە، ئەو لە ئێران هەر جولەیکی کردبێت بۆچی لە عێراق سجنی دەکەن و لەبەر دلی ئێران دوو سال و نیوە گرتوتانە ئەوە کەی هەقە . کور و براکەی هاتوون بۆلای من من داواتان لێدەکەم بەریدەن،ئەگەر بەریشی نەدەن چەند پارەی زەریبە بێت من دەیدەم ئەگەر نا بە من دەلێن محمود وەلاهی بیدات لە سەرم لە هەر کوێبێت لە سجن دەریدێنم ). ئیتر شێخ قادر و احمدخان و مجیدخان چوون ۆ بەغدا بۆ کۆشکی مەلیک و مەهاجە وەرگیرا و چوونە ژوورەوە و مەلیک و وسیەی عبدالالە لەو بوون و بەخێرهاتنێکی گەرمیان کردن .شێخ قادریش نامەکەی دایە دەستی مەلیک(وەسی),مەلیکیش کە نامەکەی خوێندەوە پێکەنی وتی (وادیارە مامم لە من تورەببوە) مەبەستی شێخ مەحمود بوو، شێخ قادریش وتی بەلێ تورە بوەو جگە لەو نامەیە ئەو قسانەشی بە من وتوە پێتان بلێم.مەلیک وتی جا پێویستی نەدەکرد نامە بۆ من بنێرێت یەکسەر هاتبا و لەگل خۆی بردبایەوە.شێخ قادریش وتی ئاخر جەنابت مەلیکی عێراقی دەبێ ئیرادەی مەلەکی واتە ئەمری بۆ دەربکەی . ئەویش یەکسەر ئەمری بۆ دەرکرد . وتی بیبەن بۆ لای سەرۆک وەزیران کە (سالح جەبر )بوو . ئەویش ئیمزای کرد وتی بیبەن بۆ لای وەزیر داخلی، احمدخانیش بە شێخ قادر وت جەنابت برۆوە ئیشەکانی تر ئێمە دەتوانین بیکەین زۆر سپاس بۆ ماندوببونت .ئیتر شێخ قادر رۆیشتەوە گوندی داریکەلی و احمدخانیش چوە لای وەزیری داخلی و ئەویش ئیمزای کرد وتی بیبەنە لای موتەسەرفی هەولێر .دواتر چوە قەزای رواندز و دواتر بۆ مدیر ناحیەی هەریر دواتر دیسانەوە ئەمرەکەی بردەوە بەغدا بۆ لای وەزیری داخلی،وەزیری داخلیشی پەیوەندی بە مدیری شورتەوە کرد وتی ئێستا کەسێک دێتە لاتان ئەفسەرێکی لەگەل سەیارە لەگەلی بنێرن بۆ سامەرا بۆ ئەوەی باوکی ئازاد بکرێ . شەو لەوێ مانەوە و بەیانیەکەی زێڕۆبەگ ئازاد بوو و لەگەل احمدخانی کورە گەورەی چونەوە مالی خۆیان لە گوندی (کەلەکین ھەرکی)سەر بە ناحیەی هەریر.

لە سایتی تەڤدەپرێس وەرگیراوە

شەهید قەندۆ عارس ئاغا هەرکی، برای ژەنەرال زێڕۆ بەگ هەرکی




(دەنگدراوە: 11 . زۆرباشە: 4.5/5)