بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە مەچنە دەرەوە.


كورسی ده‌سه‌ڵات و ململانێی ئامۆزاكان

Sunday, 08.16.2020, 0:17

2401 بینراوە


ئاشكرایه‌ كورسی دەسەڵات كێشە و ناكۆكییه‌كانی نێوان مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی بەرەو ئاڵۆزبون بردووه‌ ، هاتنە ناوەوەی مەسرور بارزانی بۆ ناو مه‌كته‌بی سیاسی و سەركردایەتی پارتی كێشه‌ی نێوان ئامۆزاكانی قوڵتر كردووه‌ته‌وه‌ ،له‌ قۆناغێكی تردا هاتنە ناوەوەی مەسرور بارزانی بۆ ناو گۆڕەپانی سیاسی وكایه‌ی حوكمه‌تداری ئیدی نێچیرڤان بارزانی هەستی كرد دەسەڵاتی لەناو حیزب و حكومه‌تدا بەرەو كاڵ بونەوە دەچێت ،له‌و سۆنگەیەشەوە هەموو هەوڵەكانی خستە گەڕ بۆ مانەوەو درێژە پێدان له‌ ناو حیزب و دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا به‌ڵام ورده‌ ورده‌ پاشه‌كشه‌ی پیده‌كریت ، ئیستا مه‌سرور بارزانی چاوەڕوانی هەلی زێڕینه‌ بۆ ئەوەی لە دواى كۆنگرەى چوارده‌ی حزبه‌كه‌ی ئەو شوێنە نانە پربكاتەوە كە نیچیرڤان بارزانى دەستى بەسەرداگرتووە و هه‌ژموونی به‌سه‌ریه‌وه‌ هه‌یه‌ ، هاوكاتیش مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان گرنگیەكی تەواو بە مەسرور بارزانی كوڕە گەورەكەی دەدات وهەمیشە وەك چاودێر بەسەریەوە وەستاوە و هەڵەكانی بۆ ڕاست دەكاتەوە.
له‌سه‌ره‌تایی ده‌ستبه‌كاربوونی مه‌سرور بارزانی وه‌كو سه‌رۆكی كابینه‌ی نۆیه‌م كاری بۆ دورخستنه‌وه‌ی زۆرێك له‌ به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانی نێچیرڤان بارزانی ئامۆزای كرد ،به‌ڵام هێشتا تارمایی ئامۆزاكه‌ی به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ ماوه‌ ،هێشتا دۆسیه‌ی نه‌وت ڕاده‌ستی كابینه‌ی نۆیه‌م نه‌كراوه‌و وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان بێ وه‌زیره‌ ! خاڵێكی تر كه‌ هۆكاری ناكۆكی نێوان ئامۆزاكانه‌ ده‌زگای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی كابینه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بووه‌ ، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی کوردستان ‎‎‎‎‎‎‎‎به‌ بڕیاری ژماره‌( ٦۸ ) له‌ ۳۰/ ٤/ ۲۰۱۲ له‌ بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تدا به‌ به‌شداری و بڕیاری مه‌سعودبارزانی سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی هه‌رێم دامه‌زرا ،له‌گه‌ڵ ئه‌‌وه‌ی ئه‌وه‌ دامه‌زراوێکی زۆر هه‌ستیاره ،كه‌چی بێڕێکه‌وتن و بێگوێدانه‌ لایه‌نه‌كانی تر له‌ په‌رله‌مان په‌سندکرا.
دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ ده‌خاته‌ ژێرچاودێری خۆی و له‌سه‌روی یاساییه‌و خۆی بودجه‌ بۆخۆی پێشنیار ده‌کات،‌ ده‌توانێ هه‌ر کردارێک ئه‌نجام بدات و په‌رله‌مانیش ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات ، دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم وه‌کو وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌کانی دیکه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌وه‌ نییه‌ ، راسته‌وخۆ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ، به‌ڵام مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم‌ بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بگوازێته‌وه‌ ،له‌كاتێكدا نێچیرڤان بارزانی له‌ كابینه‌ی هه‌شته‌م هه‌ولێكی زۆریدا كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم بگوازێته‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڵام مه‌سرور بارزانی ئامۆزای به‌ توندی دژی وه‌ستایه‌وه‌ ،ئه‌وه‌ش خاڵێكی تری ناكۆكی نێوان ئامۆزاكانه‌ ، ململانێی نێوان ئامۆزاكان پارتی به‌سه‌ر جه‌مسه‌ری ( براگه‌وره‌) و ( ده‌وڵه‌تمه‌دار) دا دابه‌ش كردووه‌ ، به‌ڵام بوونی مه‌سعود بارزانی وه‌كو سێبه‌رێك ئه‌م ململانێیه‌ی داپۆشیوه‌ .
پارتی به‌ سیفه‌تی ئه‌وه‌ی حیزبی حوكمرانه‌ بڕیاروو كێشەو ململانیەكانی ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر ژیان وئایندەی میله‌ت هه‌یه‌ ، ململانێی نێوان ئامۆزاكان له‌ دوای پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستێك كە دور نیە بەشێكی قەیرانەكان خوڵقێنراوودەستكردی ئامۆزاكان بێت ، له‌ ناو ململانێی ئامۆزاكاندا كابینه‌ی نۆیه‌م و ئاشتی و سەقامگیریی و كوردستانێكی بەهێز لە مەترسیدایە،له‌م ململانێیه‌دا ئامۆزاكان ناتوانن یه‌كتری بسڕنه‌وه‌ به‌ڵام ده‌توانن پێكه‌وه‌ خێرو بێری كوردستان بخۆن و بەرژەوەندییەكانیان بپارێزن.