چاکسازی یا......؟

Sunday, 16/08/2020, 0:38

2793 بینراوە


هەرلە سەرەتای دامەزراندنی کابینەی نۆهەم کە وەک بنەما و دەستەڵاتی بنەماڵە درێژەپێدەری کابینەکانی پێشوو بووە ،هیچ هیوایەک بۆ چاکسازی و باشترکردنی گوزەرانی خەڵکی نەبووە . کابینەکە وەک ئەوانی پێشوتر لە سەرهەمان بنەمای پەرژەوەندی بنەماڵەیی و هەندێک تاکی دەست ڕۆیشتوو دامەزراوە نەک بۆ خزمەتی هاوڵاتیان کە دەوترێت. تەنها بە گۆڕینی دەموچاوەکان ،لە گەڵ تەکاندن و بەرزکردنەوەی دروشمە تۆزاویەکەی کابینەکانی پێشوو بەردەوامی بە خەڵەتاندنی هاوڵاتیان دەدەن. کابینە لە دوای کابینە دەستەڵات بە داهێنانی نوێ لە گەندەڵیدا تەنها بۆ بەردەوامی دەستەڵاتی بنەماڵەی خۆیان لە کاردان.
بنەماڵە دەستەڵاتدارەکان و سەرکردە میلیشیایە هاوکارەکانیان دڵنیان کە مانەوەی جارەنوسیان بە گەندەڵییەوە گرێدراوە، وە یەکەم هەنگاوی چاکسازی ڕاستەقینە بە ڕاماڵینی خۆیان ودەستەڵاتەکەیان دەست پێدەکات. هەربۆیە هەنگاوەکانیان تەنها بۆ پتەوکردنی پایەکانی مانەوەیانە و شێوازی نوێ بەکاردەبەن بۆ زۆربوونی گزیر، کوڵە کوێخاکان بۆ مانەوەی خۆیان. هەر باسێکیش لە سەر چاکسازی جگە لە خۆڵ کردنە چاویی هاوڵاتیانیان هیچی ترنیە.
ڕۆژانە گەندەڵی نوێ بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا دەبێت، بەڵام مەخابن هاوڵاتیان دەست بەئەژنۆ بەبێ بەرپەرچدانەوەیەکی چالاک دانیشتوون. دەستەڵاتی بنەماڵەییش بێ غەم بەدوای شێوازی گەندەڵی نوێ لەکاردان.
هەر لەم ڕۆژانەدا مژدەی چاوپێکەوتنی سەرەکی کابینە و جێگرەکەی پاش تۆرانێکی درێژخایەن بەرگوێی ڕاگەێندرا. هەردولا هەڵگرانی دروشمی چاکسازی پاش مشتومڕێکی زۆر هەواڵی بەرزکەدنەوەی پلەی ٤ کەس لە تیمی جێگریان ڕاگەیاند. بەدڵنیاییەوە بڕیار لەسەر زیادکردنی پشک و دامەزراندنی چەند کۆمپانیای خوێنمژینی تریش بۆ ڕازی کردنی سەرکردە میلیشیایەکان دراوە.

هەروەک ئەو ژمارە زۆرە ی کۆمپانیا خوێنمژانە کە ئیستا لە هەرێمدا چالاکن کەمبن.
دەیان نوسینگەی سەر بەو جۆرە کۆمپانیایانە لە زۆربەی شارەکانی هەرێمدا مۆڵەتیان پێدراوە و کاردەکەن. نوسینگەکان لە بەرابەر بڕێک پارە (بەشێکی بۆ نوسینگەکەیە، ئەوی تری دەچێتە گیرفانی بنەماڵە یا سەرکردە میلیشیایەکان)، چەند بار، کۆنتایین بەبێ گومرگ ، یا کۆنترۆڵی کوالێتی لە هێڵی تایبەت بەناو ئاسایش هاوردەی کوردستان دەکەن. ئەمە دزی لە پارەی گومرگ بۆ گیرفانی مشەخۆران و گەندەڵکارانە هەروەها مەترسی هێنانی دەرمانی بێهۆشکەر، کاڵای ماوە بەسەرچو و خراپیشی لەگەڵدایە کە مەترسییەکی گەورەیە بۆ ئاسایشی تەندروستی و خۆراکی هەرێم.
بەرپرسی خاڵی سنووری باشماخ لەم ڕۆژانەدا ڕایگەیاند کە مانگانە لانی کەم ٢٠ ملێۆن دولار لە پارەی گومرگ تەنها لەو خاڵە سنووریەوە بۆ گیرفانی سەرکردە دەستەڵاتدارە دزەکان دەڕوات.
لە بیری نەکەین جگە لە دەروازە سنووریە فەرمیەکان چەندین دەروازەی نافەرمی هەر لە دهۆکەوە تا هەڵەبجە هەیە کە هەریەکەوراستەوخۆ لە ژێر کۆنترۆلی یەکیک لە حیزبەکانی دەستەڵات یا سەرکردەیەکی میلیشیایدان و داهاتەکەی بۆ گیرفانی خودی فیرعەونەکان دەچێت کە بە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن دولار لە مانگێکدا مەزەندە کراوە.
چاوەڕوانی کاری باش لە دەستەڵاتی خواروخێچ ناکرێت، بەڵام گەندەڵیش سنووری خۆی هەیە. هەرچەندە بە ئاسانی دیارە کە دەستەڵاتی بنەماڵەیی گشت سنوورەکانی گەندەڵی بەزاندوە ، ناچارین پەردە لە سەر ڕوی گەندەڵیە نوێیەکە و درۆی دەستەڵاتی چاکساز بۆ هاوڵاتیان لابەرین. تەنها بەراوردێک لە نێوان دزینی قێزەوونی بڕی ١٠٠ ملیۆن دولار مانگانە و سیخناخکردنی گیرفانی بنەماڵەو سەرکردەی میلیشیاکان لە بری چاککردنی گوزەرانی هاوڵاتیان و دانی موچە پێی کە هەموو لژێر باری گرانیدا دەناڵێنن.
هەر تاکێک بە سەردانی یەکێک لەو نوسینگانە بە ئاسانی دەتوانێت لە ڕاستی ئەم زانیاریانە دڵنیابێت وەڵامەکەیشی بەڕوونی بەدەست بگات. ئیتر هەر یەکەو بۆ خۆی سەرپشکی هەڵبژاردنە لە نێوان ژیانێکی بەڕێزو شیاو بۆ خۆی و سەرجەم هاوڵاتیانی تر یا لەڕیزی کۆیلەو پاسەوانی گیرفانی گەندەڵکاران و خوێنمژانی گەل مانەوە.
بە هەڵبژاردنی بژاردەی یەکەم هەموو پێکەوە دەڵێین بڕوخێت دەستەڵاتی بنەماڵە، نا بۆ گەندەڵکاران و سەرکردەی میلیشیایی مشەخۆر. نا بۆ کۆبوونەوەی چاخواردنەوەو(چاسازی)دابەشکردنی داهاتی هەرێم .

قادر حەمەکەریم
سوید ١٥ /٨/٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە