‌بەدیل چیە؟

Sunday, 16/08/2020, 2:51

4184 بینراوە


مناڵەکان!

با ئەو جۆگەیە بگۆڕین/ کە خوێنمانی پێدا دەڕوات/ بائەو زەمینەش بگۆڕین/ کە چاو کاسەسەر دەخوات /
ئەوجا کێڵگەی ڕووناکیتان نیشان دەدەم/ ئەو جا وەرزی دروێنەتان بۆ ڕست دەکەم
(پەشێو)
بێگومان زۆر ناخۆشە کاتێک رەخنە لە دەسەڵاتیک دەگری کە لە هەموو تاقیکردنەوەکاندا سەرکەوتوو نەبووە و هەموو شتێکی دۆڕاندوە.. کەسێک بێت و لە سەدەی بیست و یەک و لە ناو ئەو هەموو پێشکەوتنە گرنگانەی ڕۆژانە لە جیهان وەبەرهەم دێن لێت بپرسێ ئەرێ جێگرەوە چیە؟ یان چارەسەر چیە؟ ئەوە نیشانەی ئەوەیە ئەو کەسە دوای ئەو هەموو ماڵوێرانییەی بەسەریدا هاتوە نایەوێ خۆی لەو دەسەڵاتە جودابکاتەوە! سەرەتا دەبێ ئەوە بزانی بۆ ئەوەی بە دوای جێگرەوەدا بگەڕێی پێویستە خاوەنی کەسایەتیی خۆت بی، واتە دەبێ تاکێك بی لە واتا و گرنگیی ناسنامە بگەی چونکە کێشەی تۆ لە نەبوونی ناسنامەدایە.

خەباتی چەکداریی:

ناچمە ناو ئەو مێژووە دوور و درێژەی خەباتی چەکداریی بەڵکو بە خێرایی چاوێک بە قۆناغی هەشتایەکاندا دەخشێنین، چونکە ئەو قۆناغە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە، هەرچەندە وا پێویستە کە وەک قۆناغێکی بەسەرچوو خوێندنەوەی بۆ بکرێ، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک ئەو مێژووە بە چەندین خوێندنەوەی "ئەگەریی"ی زۆر هەڵە هەڵدەسەنگێنن کە لە خویندەوەی مێژوودا ئەو رێبازە بە تەوایی رەتکراوەتەوە، تەنها ئەو جۆرە ئەگەرە ئەندێشەییانە لە دەقە ئەدەبیەکاندا دەبیندرێن و ئاسایین 'ئەگەر ئەوهامان بکردبا و خۆزگە ئەوهامان بکردبا و... تد'، یان بە زانیارییەکانی ئێستا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو کات بکەین، یان بەراوردی وڵاتە داگیرکەرەکان بە وڵاتی خۆمان بکەین کە لە خانەی وڵاتە داگیرکراوەکانین، (لە کاتێکدا بەراودکردن ئیدی ناچێتە خوێندنەوەی مێژوویی) بێگومان ئەگەر مرۆڤ سەیری ئەو وڵاتە داگیرکراوانە بکا کە بەرگرییان نەکردوە ئەوجا لە گرنگیی خەبات و جیاوازییەکان دەگا، راستە خەباتی چەکداریی بە شادەماری ئەو قۆناغە هەژماردەکرێ بەڵام شێوازەکانی دیکەشمان تاقیکردنەوە، خەباتی نهێنیی، خۆپیشاندان، بەبەعسی نەبوون، لەبەرنەکردنی بەرگی جەیش شەعبی، نافرمانیی گشتیی، بایکۆت بەو سادەییەی کە دەمانزانی و.. تد، بێجگە لەو نەریتە چەکدارییەی پشتاوپشت بۆمان مابۆوە ئەدەبێکی باویشمان هەبوو هەمیشە بە نووسینە ناوخۆیی و وەرگێڕدراوەکانیەوە هانیدەداین بە زەبروزەنگ کێشەکانمان چارەسەربکەین، بە داکۆکیی وەرمەگرە لەسەر ئەو قۆناغە.. دەزانم لە نێو هێزەکانی باشوور کەموکووڕیی هەبووە تا رادەی ناپاکییش جا چ لە نێوان خۆیان چ لە بەرانبەر هێزەکانی پارچەکانی دیکە، پێش ئەوەی لێکدانەوەی بۆ بکەی دەبێ لەو راستییە تێبگەی کە ناپاکیی و یەکدی کوشتن و چاڵ هەڵکەندن بۆ یەکدی کارێکی ئاسایی بووە لە مێژووی خەباتی کوردایەتی، وەک گوتم ئەوە پەیوەندیی بە ئاستی رۆشنبیریی میللەتەکەمانەوە هەیە. پاشان ئێمە قسە لەسەر جێگرەوە دەکەین، ئایە ئێمە چ بژاردەیەکەمان لە پێش بووە، سەربازیی، چەکداریی خۆفرۆش، راکردن لە سەربازیی، پێشمەرگایەتی، کەمبوون ئەوانەی ڕێگای هەندەرانیان هەڵدەبژارد ئەویش بە هۆی ئەوەی کەمتر ئاشنایەتییمان لەگەڵ دەرەوەی سنووری خۆمان هەبوو، پێم بڵێ کامەمان هەڵبژاردبایە؟
حیزبی بەعسی دڕندە دەیویست لە ڕێی بەعەرەبکردن و بەبەعسیکردن و ڕاگواستن ناسنامەی نەتەوەییت بسڕێتەوە، ئایە چۆن شکۆی خۆت بەرانبەر ئەو دڕندەییە دەپاراست؟ ئەوانەی ئێستا رێگەچارەی دیکەیان پێیە پێویست ناکە دوێنی بە چاوی ئەمڕۆ بخوێننەوە.
لایەنگران و خەباتکارانی ئەو قۆناغیش کە باوەڕیان وایە ئەوەی ئەوان کردوویانە بێجگە لە پێناو پاراستنی شکۆمەندیی خەڵکەکەیان هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە، ئەوانیش بە چەندین ئەگەر وەڵامدەدەنەوە، یەکێک لەو ئەگەرانەی بە بڕوای خۆم زۆر لۆژیکییە ئەوەیە کە ئەگەر خەباتی چەکداریی نەبووایە ئەوە دەبووایە زۆرینەی گەنجەکانمان ببنە سوتەمەنیی شەڕی عێراق و ئێران، ئەگەر ئەو کات دەتتوانی لە سەربازیی رابکەی یان ببیە جاش یان سەربازییەکەت لە شوێنێکی گونجاو بێ.. ئەوە هۆیەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەباتی چەکدارییت هەبووە، کێ دەڵێ ئەگەر خەباتی چەکداریی نەبووایە بەرەیەکی جەنگ لە کوردستان نەدەکرایەوە، بۆ تێگەیشتن لەو ئەگەرە، مرۆڤ دەتوانێ چاوێک بە مێژووی ئەو گەلانەدا بخشێنێ کە بەرەنگارییان نەکرد بەرانبەر بە هێزی داگیرکەر.
لە گێڕانەوەی قۆناغی خەباتی چەکداریی مەبەستم ئەوە نییە لەسەر سێ مەرجە سەرەکییەکەی "گێڕانەوە" قسە بکەم: ١- راستگۆیی. ٢- زمانێکی ئەدەبیی. ٣- پاشخانێکی زانستیی و زانیاریی. دەبێ بڵیم بەداخەوە بە دەگمەن "گێرانەوەکان" ئەو مەرجانە پڕدەکەنەوە. ئەوەی دەمەوێ وەک دژێک قسەی لەسەر بکەم پتر خاڵی هاندان و جوانکردنی زەبروزەنگە، پێویست ناکا بەو شێوەیە وا لە نەوەی نوێ بکەین هێندە ئەشقی چەک و زەبروزەنگ ببن، ئەو هەموو بیرهێنانەوە ناپیشەیی و نەشارەزاییەیە وایکردوە کاریگەرییەکی نەرێنیی پتر هەبێ لە کاریگەرییە ئەرێنییەکە، ئەوە وایکردوە مرۆڤ پتر باوەڕی بەوە هەبێ کە زەبروزەنگ چارەسەرە، ئایە مەبەست لە گێڕانەوە چیە؟ خۆزگە ئەو گێڕانەوانە ئەزموونێکی کەسیی بان و نەوەی نوێ لە ژیانی رۆژانەیان سوودێکیان لێوەرگرتبان.
بۆیە سەرەتا بۆ خۆم داوای لێبووردن دەکەم ئەگەر کاریگەرییەکی نەرێنییم لەسەر کەسێک هەبووبێ و واملێکردبێ زەبروزەنگی پتر وەک چارەسەرێک دیتبێ یان زەبروزەنگم لە لای جوانترکردبێ، گەڕانەوە بۆ چەک گەڕانەوەیە بۆ کوشتنی مێژوو، ئێمە هیچ پێویستییەکمان بەوە نییە بیر لەو چارەسەرە بکەینەوە بەڵکو پێویستە واز لەو میراتە بهێنین و لەگەڵ سەردەم و جیهانبینیی نوێ خۆمان بگونجێنین. زۆر هەڵەیە کاتێک کە ئەو هەموو رێگەچارەیەمان لەبەردەستە بیر لەو چارەیە بکەینەوە، کە پێشوەختە دەزانین هەرچی هەمانە دەیدۆڕێنین، ئەوەش کۆششێکە بۆ خۆی و یەکلاکردنەوەی خاڵی گرنگی مژارەکەی منە، چەک تەنها ماڵوێرانییە، ئەوانەی کە دەشڵین رووخانی دەسەڵاتی کوردی تەنها بە چەک دەکرێ.. بە بڕاوی من ئەو خەڵکانە کێشەیەکی دەروونییان هەیە و هەم چێژ لە کوشتن وەردەگرن هەم لە بەکوشتدانی ئەوانیدی. جێگرەوەی ئەو دەسەڵاتە تەنها پێویستی بە هۆشیاریی تاک هەیە و ‌هێندە ئاڵۆز نییە، ئەگەر زۆرینە هاوڕابن دەبێ لە شوێنێک دەست پێبکەین، کە چیدی خوێن نەڕژێ، بۆ ئەوەی دووبارە باوەڕی خەڵک بەدەست بێنینەوە دەبێ بە وردیی کار لەسەر خاڵی جیاوازی نێوان بەرژەوەندیی دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکەین، گرنگە خەباتکردنمان بەو ئاراستەیە بێ کە ئێمە خاوەن ئەو نیشتیمانەین نەک ئەو دز و گەندەڵانە. بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵک نەکەین بە سووتەمەنی ئەوە دەبێ دروشمی رووخانی دەسەڵات و ئەو سیستەمە بگۆڕین بۆ گۆڕین و چارەسەرکردنی بەڵام بە مەرجێک نەچینە ناو سیستەمەکە چونکە هەرگیز ناتوانین گۆڕانکاریی و چاکسازیی تێدا بکەین بە بێ ئەوەی گۆڕانکاریی لە ناو کۆمەڵگەدا بکرێ، بە کورتییەکەی با تاوانی ئێستا نەخەینە ئەستۆی رابردوو، ئەوەی گرنگ و پرسیارە ئەوەیە کە ئایە لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا چیمان کردوە دژ بەو دەسەڵاتە؟

دوو بەڕێوەبەرایەتی و یەک سیستەم:

لە دوای ٣١ی ئابەوە ئەو هەرێمە بۆتە دوو ئیدارە، پاش ئەوەی هێزە دەرەکییەکان ناو ماڵی حیزبە کوردییەکانیان رێکخستەوە (کە ئەوان بۆ ئەوەی سۆزی خەڵک بورووژێنن دەڵێن ناو ماڵی کورد) دیارە زۆرینەمان ئەو راستییە دەزانین کە ئەوان مەبەستیان چیە و ئەو لێکنزیکبوونەوەیە چۆن بەکاردەهێنن، چونکە ئەگەر مرۆڤ لە کێشەی نێوانیان تێبگا کە دەسەڵات و ئابوورییە ئەوە لەوەش تێدەگا خاڵی هاوپەیمانیەتیەکە و ئاشتبوونەوەشیان هەر لەسەر ئەوەیە.
هێشتنەوەی دوو دەڤەر یان دوو بەڕێوەبەریی ئەگەر بە شێوەیەکی ڕووکەشیش بێ ئەوە بۆ ئەوان سوودێکی زۆری هەیە، دیارە لەو یارییەش پارتی لە دوای چەندین ڕێکەوتن و ململانێی پاوانکاریی گرەوەکەی لە یەکێتی بردەوە.. جا ئەوە چ بە یارمەتیی دۆست و لایەنگرانەکانی بێ لە ناو یەکێتی و گۆڕان کە بەشێکی لێیان کڕیوە و هەمیشە کار لەسەر کڕینی ئەوانیدیکەش دەکا.. چ بە هۆی ئەوەی هەر لە سەرەتاوە جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتیی عێراقی هەڵبژارد لە جیاتی هەرێم و گۆڕەپانەکەی بە بێ کێشە رادەستی پارتی کرد، هاوکاتیش پشتیوانە دەرەکیەکەی پارتی زۆر بەهێزترە چونکە ئەوەی هێزە دەرەکییەکان لە پارتی بەدەستیان دەکەوێ لە لایەنانی دیکە بەدەستیان ناکەوێ، ئاخر پارتی هەمیشە دۆستێکی بەئەمەک و سوودمەندتر بووە بۆ دەسەڵاتە نەیارەکانی ناوچەکە، هەر بۆ نموونە با یەکگرتووی ئیسلامییتان بەبیر بهێنمەوە؛ هەرچەندە لەگەڵ (ئەکەپە) لە ناو یەک بازنەی (ئیخوان موسلیمین) دان بەڵام هێشتا هێندەی ئەردۆگان سوود لە پارتی وەردەگرێ لە یەکگرتووی وەرناگرێ، یەکگرتوو تەنها لە رووە ئیسلامییەکەیەوە سوود بە ئەردۆگان دەگەینێ کەچی پارتی لە هەموو رووەکانی ئیسلامیی، کوردایەتی، ئابووریی و جوگرافیاییش.
سەرەڕای ئەوانەش ململانێیەکانی ناو دەڤەری سەوز تا دەهات یەکێتی لاوازتر دەکرد، گەرچی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتا وەک جێگرەوەی هەردووکیان دەرکەوت بەڵام پاشان بۆ زۆرینەی خەڵک ئاشکرابوو کە نەک هەر ئەوە نییە بەڵکو بەشێکیشە لە پڕۆسەی پاراستنی سیستەمەکە، ئیدی مەترسییە گەورەکانی زوو لە پارتی دوورکردەوە و ململانێیەکەی پتر گواستەوە ناو گۆڕەپانی دەڤەری سەوز تا بەرە بەرە مەرجەکانی خۆی بخاتە سەر هەردووکیان، بەوەش پارتی کاژێکی دیکەی فڕێدا، ناکرێ ئەوەشمان لەبیربچێ کە هەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان دژی هەردووکیان بوو بەڵام هەرگیز دژی سیستەمەکە نەبووە، تێنەگەیشتن لەو خاڵە گرنگە ئێمەی خستەوە ناو گەمەی ململانێی حیزبیی نەک وەستانەوە دژ بە سیستەمێک کە ئەستەم بوو گۆڕانکاریی تێدابکرێ.
مانەوەی ئەو هەموو ململانێیە لە دەڤەری سەوز بارودۆخەکەی خراپ و خراپترکرد و وای لە پارتی کرد بەهێزتر ببێ و وردە وردە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی بازرگانەکانی دەڤەری سەوزیش بگوازێتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی (بازرگانەکان و خودی سیاسییەکان لە هەردوو دەڤەر) ئەوەش دەرفەتی کاری بۆ دەڤەری زەرد پتر کرد، لە لایەکی دیکەوە کۆمەڵێک نووسەر و چالاکوانیان کردە ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەوەی کۆی یارییەکانیان داپۆشن و لە دەڤەری سەوزەوە هێرش بکەنە سەر پارتی تا بەرپرسیارییەکە لەسەر بەڕێوەبەرانی دەڤەری سەوز دوورخەنەوە و تاوانەکە بخەنە ئەستۆی یەک لایەن و بە دانیشتوانەکەی بڵێن هۆی ماڵوێراینە پەراوێزخستنی دەڤەرەکەتان دەکەوێتە ئەستۆی پارتی، بێگومان بەشێک لە ڕاستییشی تێدایە، بەڵام ئەوە واتای ئەوە نییە ئەو کاولکارییەی لە دەڤەری سەوز هەیە تاوانی سەر ئەستۆی بنەماڵەی تاڵەبانی کەم بکاتەوە و بتوانن هێندە بە ئاسانیی لێیدەربچن.. بەداخەوە کە ئەو تاوانبارییە لە ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام دەرناکەوێ و ئەوەی بەشێک لە شەقامی سەوزیش ناشیرین دەکا پەیامە شارچیێتی و ناوچەگەرییەکەیانە، لە کاتێکدا ئەوەی کەمێک لە سیاسەت بزانێ درک بەوە دەکا کێشەی دانیشتوانی دەڤەری سەوز لەگەڵ بنەماڵەی تاڵەبانی چارەسەر دەبێ و هەر ئەوانیشن ماف و خزمەتگوزارییەکانیان دەدزن، بێگومان دانیشتوانی دەڤەری زەردیش كێشەکەیان لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی چارەسەر دەبێ، تا دانیشتوانی هەر یەک لەو دوو دەڤەرە راستەوخۆ داوای مافەکانیان لە دەسەڵاتی دەڤەرەکەی خۆیان نەکەن هیچ گۆڕانکارییەک روونادا، ئەگەر هەولێر وابزانێ قەڵاچۆڵان رێگرە لە مافەکانیان و هەبوونی حکومەتێکی بێ کێشە و سلێمانیش دوای مافەکانیان لە سەری رەش بکەن ئەوە بە دڵنییایەوە نەک هەر هیچ روونادات بەڵکو هەردوو دەسەڵات زۆریشیان پێ خۆشە.. وەک دەڵێن ''ئاگرە سوورە.. لە خۆم دوورە''! بە کورتییەکەی مەبەستم ئەوەیە دواکارییەکانی خەڵكی هەردوو دەڤەر یەکێکن بەڵام ئەو دوو بەڕێوەبەرییە جیاوازە گەمە بە داواکارییەکان و چارەنووسیان دەکەن و هاوکاتیش هەولێر وەک چەقی قورسایی بەرژەوەندییەکانیان دەپارێزن و هەموو هێزەکانی نێو هەردوو دەڤەریش هاوڕا و هاوکارن لەو پاراستنە و هەر لایەنێکیش دژایەتی بکا ئەوە پووچی دەکەنەوە! 

دەسەڵاتی ئەدەبی:

پێوەرەێکی ئاسان هەیە کە دەڵێ وڵاتی پێشکەوتوو و دواکەتوو بە توێژە رۆشنبیرەکەی دیاری دەکرێ، ئەگەر کۆیلەکان بێ باک و ملکەچ بوون ئەوە دەسەڵاتێکی دواکەوتووی وەک ئەوەی خۆمان بەرهەمدێنن، لە کوردستان چونکە تۆ دەسەڵات و کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییت هەیە توانیان بە یەک راگەیاندن کۆی بارودۆخەکە بە بەرژەوەندیی خۆیان بگۆڕن، راگەیاندنێکیان بە ناوی ''لێبووردنی گشتیی'' دەرکرد و کۆی ئەوانەی هەتا دوێنێ دژ بە بەرژەوەندیەکانی گەل دەجەنگان خستنیاننە ژێر کۆنترۆڵی خۆیان و نەشیاندەتوانی جێگرەوەیەک بۆ سیستەمەکەی بەعس دابنێن، بۆیە پێویستیان بەو کادیرانە هەبوو چونکە نەیاندەزانی بۆ خۆیان ئەو سیستەمە کۆنەش بەڕیوەببەن، جا ئەوانەی تا دوێنێ پێماندەگوتن ''پێنووسفرۆش و کۆنە بەعسی و راپۆرتنووس'' لەگەڵ هەندێک نووسەری هەلپەرست و هەندێک نووسەری ناودار کە هیچیان لە هەگبەدا نەماوە هەروا نووسەرانێکیش کە حەز و توانای رووبەڕووبونەوەیان نییە.. هەموویان پێکەوە ئەو دەسەڵاتە ئەدەبییەیان دروستکرد!
بێگومان کاری ئەو دەسەڵاتە ئەدەبییەش تەنها پاراستنی ئەو سیستەم و کۆمەڵگەیە نییە بەڵکو هەمیشە کۆشش دەکەن بۆ کۆپیکردنی تاکەکانی ناو کۆمەڵ تا بتوانن خەڵکەکە پتر لەگەڵ سیستەمەکە رابهێنن و بگونجێنن، ئەوان زۆر لەوە زیرەکن چۆن مەعریفە بکوژن.. دەرفەت نادەن دەسەڵات و تاکێک دروستببێ لە دەسەڵاتی بەڕێوبردنی هەرێم زیرەکتر و تێگەیشتووتر بێ، جا لەو بارەدا رێژە و ئاستی ''بێ شەرمیی'' پێگە و پلە و پایەکەت دیاریدەکا.. هەر چۆنێک دەتوانی خەڵک لە بازنەی ملکەچیی نزیک بکەیەوە.. ئەوە دەسەڵاتی ناوەند هەموو شتێکت بە تێروپڕیی دەخاتە بەردەست ئەگەر پڕۆژەیەکی سەرکەوتووت هەبێ بۆ لە خشتەبردن، واتە تەنها شکۆمەندیی خۆت لەدەست بدە و لە بەرەی گەل داببڕێ ئەوە دەسەڵات پارە، زەوی، فیستیڤال، ڤیزە، خەرجیی گەشت، خەڵات، کۆمەک و هەموو ئەو شتانەی نووسەرێک خەونی پێوە دەبینێ بۆت دابین دەکا!
ئەرکێکی دیکەیان شێواندنی کۆمەڵگە و سەرلێشواندنی نەیارەکانی ئەو ئەزموونەیە، ئەوەمان لەبیرنەچێ ئەوانە زۆربەیان لە سیستەمێکی ئاساییدا شیاوی ئەوە نین بەرپرسیارییان بدرێتێ؛ ئاخر هۆزانڤان، چیڕۆکنوس، لێکۆلەر و رەخنەگری ئەدەبیی، بێژەر و پێشکەشکار کەی هی ئەوەن دەزگەیەکی گرنگ بەڕێوەبەرن ئەگەر بابەتەکە سووکایەتیکردن نەبێ بە مەعریفە و رۆشنبیریی! ئەوان هەست بە باڵادەستیی خۆیان دەکەن کاتێک کە خەڵکێک دەڵێن ئێمە رۆشنبیرمان نییە.. چونکە ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئەوان کە توانیویانە ئەو توێژە لە ناو دەسەڵات و کۆمەڵ هەڵکەنن کە خاوەن فەرهەنگێکی پوختن.. لە جیی ئەوانیش مامۆستا دینیی و هەندێک مامۆستای زانکۆ و دکتۆر و پیشەکاری دیکە کە تەنها بڕوانامەی سەر کاغەز و بێ کار و کردەوەیان هەیە دەهێننە ناو نێوەندەکە، بە کورتییەکەی ئەوان تا ئێستا پێیانگوتووین ئەدەب و هونەرەکەت هەرچیەک هەیە ئەوە ئێمەین بڕیاردەدەین نەک تۆ کە جوان و پڕ داهێنان یان نا! چەندین رێ و شێواز بەکاردەهێنن تا دەتکەنە یەکێک لە خۆیان، دەبێ بەشانوباڵیاندا هەڵبدەی و هیچ بیانووگرتنێک یان رەخنەگرتنێکیشت لێوەرناگرن، بۆ نموونە تۆ هەڵسەنگاندنێک یان رەخنەیەک لەسەر کتێبێکی راپۆرتنووسێک دەنووسی.. کە پرسیان ''بۆ لەسەر ئەو راپۆرتنووسەت نووسیوە؟'' زۆر ئاساییە ئەگەر لە وەڵامدا بڵێی ''ئەمن پەیوەندییم بە کەسایەتیی ئەو نییە بەڵکو لەسەر دەقە ئەدەبیەکە دەنووسم'' ئەوە بۆ ئەوان گرنگە چونکە تۆ بەو کارەت چەند گەنج و نووسەرێکی دیکە لە تۆڕەکە نزیکتر دەکەیەوە.. هەروەها بەویش دەڵێی نووسەر، شاعیر، جواننووس... جوان بیردەکەنەوە و هەستێکی ناسکیان هەیە،...
بێگومان کەسانێکی زۆر پاش ئەوەی شکۆمەندیی و هونەری جوانیی نووسینیان لەبەر دادەماڵدرێ لە پێناو بەرهەم و ناوبانگ هەڵدەخزێنە ناو ئەو زەلکاوە، قسەم لەسەر نووسین نییە وەک پڕۆسەی نووسین، مەبەستمە بڵێم زۆر گرنگە نووسینەکانت ئامانجی ئەوە بێ شکۆ و جوانییەکانت بپارێزێ نەک پێچەوانەکەی، نووسین ئەو کاتە جوانە کە چۆن بۆ خۆت دەتەوێ ئەوها بنووسی نەک چۆنیان دەوێ، هەرچەندە ئەمن زۆر جار گومان دەکەم ئەو جۆرە مرۆڤانە کار و بەرهەمەکانی خۆیان هێندە خۆشبوێ.. دەنا ڕێگایان نەدەدا کار و بەرهەمەکانیان بەر لە خۆیان بمرن.. ئێ خۆ زۆر بە ئاسانی دەتوانن لە رێی ''سۆشیال میدیا''وە بە خوێنەرانی خۆیان بگەن و شکۆی خۆشیان نەدۆڕێنن.
دوورکەوتنەوە لەو توێژە زۆر پێویستە ئەگەر لەو بارودۆخە ناڕازیی، ئەو توێژە بوونەتە گەورەترین پەرژین بۆ مانەوە و پاراستنی دەسەڵات و کارکردن بۆ کۆپیکردنی کۆمەڵگەیەک لەسەر شێوەی ئەو دەسەڵاتە، ئەوانە هەردەم پەیامی ئەوە بە گوێچکەمان رادەدێرن کە ''ئەوە خەڵکەکەیە ئەو دەسەڵاتەیان دەوێ''! بۆ ئەوەی وەک یاخییەکیش قسەبکەن هەمیشە جنێو بەو خەڵکە دەدەن و قەیرانەکانیش هەر دەخەنە ئەستۆی ئەوان نەک دەسەڵاتداران.

فریادەڕس لە بیری کوردایەتی:

هێندەی ئەمن لە مێژووی نەتەوەکەم گەیشتبم کورد خاوەنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی نییە، بەڵکو چەند کەسانێکی ناسیۆنالیستی هەبوون و ئەوانیش لە ناو بزووتنەوەی کوردایەتی تواونەتەوە، کوردایەتی واتە مانەوەی دەسەڵاتی خێڵەکیی بە کۆی دابونەریتە دەربەگیەکانەوە واتە ئاغا و میرزا دیوەخان و مەلا و مزگەفت لە لایەک و بەردەست و سەپان و سەرکار و رێنجبەران بە گشتیی لە لایەکەی دیکەوە، کوردایەتی مەترسیدارترین ئامراز بووە بۆ لەباربردنی بیری ناسیۆنالیزم و گەورەترین زیانی بە هۆش و ئاوەز و شێوازی بیرکردنەوەی تاکی کورد گەیاندوە، توانیویەتی ئەو تاکە بە چەند چەمک و دەستەواژەیەکی نەریتیی دەستەمۆ بکا، وایلێکردوە لە شەستەکانەوە تا ئێستا لە یەک قۆناغی مێژوویی بیهێڵتەوە و هەستێکی وەهای بۆ دروستبکا کە چارەسەرەکان لە ناو داستانە فۆلکلۆرییەکان و بەشێک لە هۆزانی هۆزانڤانەکان دایە، زۆر بە هەڵە لە جیهانی خۆماڵییکردن گەیشتوە، جا ئەوانە کۆمەڵێک نووسەری دیاریان هەیە.. بۆ نموونە هۆکاری سەرنەکەوتنی کورد لە مێژوودا بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە خاوەن ئاینی خۆی نەبووە، کۆششێکی زۆریان کرد کورد بگەڕێنەوە سەر ئاینی زەردەشت و توانیان بەشێک لە خوێنەری کورد وەها تێبگەیەنن کە هەر وشەیەک لە ئاڤێستا هاتبێ کەواتە کوردییە ئیدی باوەڕیان پێبهێنن کە ئاڤێستا پەرتووکی پیرۆزی کوردانە، ئەوانە دەزانن تاکی کورد گرێی دەروونی هەیە بۆیە ناوەناوە لەگەڵ دوان لە نەبوونی دەوڵەت ئەوەی بیردەخەنەوە کە مادەکان دەوڵەتی کوردییان دامەزراندوە!
هەندێكیان باوەڕیان ئەوهایە کە دەکرا ئاینی ئیسلامیش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی خۆمان بگونجێنین.. هەر وەک چۆن تورکەکان کردیان، ئەوان هێرشەکەیان لە سەلاحەدینی ئەیوبیەوەڕا دەستپێدەکەن و ئەو بە هۆکار و تاوانباری سەرەکیی دادەنێن و دەڵێن ئەگەر ئەو بیکردایە ئێستا ئێمە خاوەنی گەورەترین دەوڵەتی ئیسلامیی کوردی دەبووین، جا هەڵگرانی ئەو تێڕوانینە بۆ ئەوەی پتر یاریی بە سۆزی خوێنەر بکەن وا دەزانن ئەگەر وشەکان بکرێن بە کوردی ئەوە کاریگەرییان باشتر دەبێ، بۆ نموونە وشەی ''فریادەڕس''یان لە ''منقذ''ی عەرەبییەوە وەرگرتوە، باوەڕیان بەوە هەبوو کەسێک دێ رزگارمان دەکا، ''جەمال نەبەز'' کە بە شارەزایەکی دیاری فەرهەنگی کوردی و کوردایەتی دەناسرێ پاش ئەوەی زۆربەی تەمەنی ژیانی خۆی بە دژایەتیکردنی نەوشیروان مستەفا بەڕێکرد.. لەپڕ بایداوە و هیوای بەوە هەبوو نەوشیروان مستەفا ببێتە فریادەڕس و کورد لەو قەیرانە رزگار بکا، جا وەرە ٦٠ ساڵ پتر لە ناو ئەو هەموو پێشکەوتنەی ئەوروپا بژی و چاوت لەوە بێت وەک شیعەیەک ''مەهدی''یەک بێ و رزگارت بکا! مرۆڤ ناتوانێ لەو بابەتە هەستیارانە وشەی ''بەداخەوە'' بەکاربهێنێ، بەڵکو زۆر نابەجێیە مرۆڤ لەو سەردەمە ئەوها بیربکاتەوە، لە کاتێکدا ئەوە یەکلابۆتەوە کە ئەوە دەسەڵاتە پێویستی بە تۆی هاوڵاتی هەیە ئەگەر بزانی ڕاکێشیتە سەر گۆڕەپانەکە و پێیبڵێی ئەوە منم رزگارکەری تۆ نەک پێچەوانەکەی. لەوانەیە لەگەڵ هەندێک کەس هاوڕا نەبم کە پێیانوایە ئەو لێبووردنە گشتییەی بەرەی کوردستان بۆ سەرۆکی چەکدارە خۆفرۆشەکان و بەعسیەکانی دەرکرد ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ناپاکییەوە هەبێ بەڵکو‌‌ پتر بۆ پاشخانە خێڵەکیەکییەی یەکێتی و پارتی دەگەڕێتەوە کە چەندان ساڵە بە ناوی کوردایەتی پێمان دەفرۆشنەوە، زۆر جاری دیکەش گوتوومە بۆ ئەوەی لەو حیزبانەی کوردستان بگەین دەبێ لە سیستەمی خێڵ و پێکهاتەکەی بگەین، دەزانم ئەوەی ئەوان کردیان لێبووردن نەبووە بەڵکو دابەشکردنی ئەو سەرۆک جاش و بەعسیانە بووە کە خۆیان هاوێشتۆتە ماڵی پارتی و یەکێتی، مەبەستم ئەوەیە ناکرێ ئێمە لەگەڵ کوردایەتی بین و ئەوانیش بە ناپاک دابنێن چونکە کوردایەتی لەسەر سیستەمی خێڵەکی دامەزراوە.. واتە سیستەمەکەی رێی پێداون ئەو کارە بکەن.

هێزی ئیسلامیی و پیاوی دینیی:

با ئەوە روون بێ کە ئەمن دژی مرۆڤی دیندار نیم ئەگەر خۆی بەسەر تاک و کۆمەڵ دانەسپێنێ.. بەڵام مێژوو سیاسی سەلماندویەتی هێزە ئیسلامییەکان و پیاوە دینییە ناودارەکان تا ئەو شوێنە لەگەڵ خەڵکن کە پێشەنگییەکە و دەسەڵات بۆ خۆیان بێ یان قورئان بکرێتە خاڵی سەرەکی بەڕێوەبردنی وڵات، ئەوانە ئامادەن هاوپەیمانیی لەگەڵ دەسەڵات ببەستن ئەگەر یەکێک لەو دوو مەرجەیان بۆ جێبەجێ بکرێ، پیاوە دینییە مەسیحییەکانیش لە چەندین قۆناغی مێژوودا ئەو کارەیان کردوە.. هەر بۆ نموونە ڤاتیکان لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم لە ترسی شیوعییەکان یارمەتییەکی زۆری نازییەکانی دا چونکە بە بڕوای ئەو گرتنەدەستی دەسەڵات لە لایەن شیوعییەکانەوە مەترسییدارترە، لای گرنگ بووە مافی خەڵکە باوەڕدارەکەی خۆی بپارێزێ با پێشەنگییش نەدرێتە پیاوە دینییەکان. سەیر مێژووی میسر بکە دوای رووخانی ''موبارەک'' چۆن ''ئیخوانیەکان'' دەسەڵاتەکەیان بۆ خۆیان قۆرخکرد و چۆن هێزە پێشکەوتنخوازەکانیان پەراوێزکرد. بزووتنەوەی گۆڕان پیاوێکی دینییان بە ناوی ''مەلا کامەران'' هێنایە پێش.. هەر کە رۆژئاوا چەند یاسایەکی پێشکەوتنخوازیی پێشنیارکرد یەکسەر لە سلێمانییەوە هاوار لەو مەلایە هەستا و نەیتوانی دژایەتیی خۆی بشارێتەوە، جا بە هەڵە لێم تێمەگەن و جارێکی دیکە دەیڵێمەوە؛ لەبەرئەوەی خەباتەکەمان لە پێناو دادپەروەریی و گەڕاندنەوەی شکۆیە پێویستە هەموومان بەشداربین بەڵام نابێ پیاوە دینیی و هێزە ئیسلامییەکان تێیدا پێشەنگ بن.. دەنا بەلاڕێدا دەبەن، هەمیشە پیاوە دینییە ریفۆرمیستەکان دوو ئامانجیان هەیە؛ یان دەسەڵات بگرنەدەست یان دەقە دینییەکەیان پەیڕەو بکرێ، ئیدی ئەزموونمان زۆر زۆرە و بە تێڕوانینی خۆم پێویست ناکا بە هیچ شێوەیەک پێشڕەوایەتی بدرێتە دەست ئەو کەس و لایەنە دینییانە چونکە ئەنجامەکەی دیارە و گەمژایەتییەکەی گەورەیە ئەگەر ئێمەش تاقیبکەینەوە و چارەنووسی خۆمان گەلەکەمان بە ''ئەگەر''ێکی نەزۆک بسپێرین!

تاکی بێ وەی و بێ کێشە:

لەبەرئەوەی ئەوانە زۆرینەن گەورەترین کێشەن لە بەردەم گۆڕینی کۆمەڵ، بەشێکی زۆر لە نووسەرانیش لە ناو ئەو خەڵکە خۆیان مەڵاسداوە.. هەر کە بابەتی سیاسیی لەگەڵ هەر یەکێکیان لەوانە دەکەیەوە یەکسەر دەڵێ ''تکایە راممەکێشە ناو بابەتی سیاسەت چونکە ئەوە کاری من نییە''.. یان یەکێک لە مەرجەکانی دانیشتن لەگەڵت ئەوەیە کە نابێ باسی سیاسەت بکەی! بەشێکی زۆر لە خاوەن بڕوانامەکانیش ناوەناوە بەبیرت دێننەوە کە سیاسەت کاری ئەوان نییە، ئایە ئەوانە سیاسەت بە چی تێگەیشتوون؟ لە ''فۆکۆ'' دەپرسن ''بۆ سیاسەت دەکەیت؟'' لە وەڵامدا دەڵێ ''لەوانە بپرسە کە بۆ سیاسەت ناکەن''، ئایە ئەوە کێشەیەکی سیاسیی نییە بۆ دکتۆرێک کە چارەسەر بۆ نەخۆشەکەی دەنووسێ و چاک نابێتەوە؟ لەبەرئەوەی سیاسییەکی بازرگان دەرمانێکی بەسەرچووی دابینکردوە، بۆ ئەندازیارێک و رێگەوبانەکەی، بۆ پارێزەرێک و ئەو بابەتانەی لە دادگەیەکی حیزبیی کاریان لەسەر دەکا، بۆ مامۆستا و چۆنیەتیی خوێندنگە و رێبازی پەروەردەیی، و... تد هەر بە هەمان شێوەن.
ئەو جۆرە مرۆڤانە خەڵکانێکن خۆ لە هیچ نادەن و هەمیشە لە دەستکەوتی بەرهەم و ماندووبوونی ئەوانیدیکە دەخۆن، هەرکێی دارا و دەسەڵاتدار بێ خۆیانی لەگەڵ دەگونجێنن، تەنها لەو سەرزمینانەی پێاندەڵێن وڵاتە پێشکەوتووەکان توانیویانە ئەو جۆرە خەڵکانە بجولێنن.. ئەویش لە رێی دروستکردن و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی لەبار وەک گرنگییدان بە دەنگی هەر کەسێک، ئازادیی خۆدەربڕین، پاراستنی ئاسایش، دابینکردنی لایەنی کەمی بژێوی ژیان و... تد کە دەسەڵاتداران بە پێی ''نە شیش بسوتێ نە کەباب'' یاسا و رێساگەلێکیان بۆ دادەنێن، دەنا لە ڕژێمە دیکتاتۆرەکان وەک دەڵین ''کڵاوی خۆیان گرتوە با نەیبات''. بێگومان ئەو جۆرە مرۆڤانە رێژەیان زۆرە، ئەگەر بیر لە گۆڕینی دەسەڵات دەکەیتەوە دەبێ بوونی ئەوانە وەک جێکەوتەیەکی کۆمەڵایەتی بخەیە ناو نەخشەی جوولە و کارەکانت، هەر هێزێک بتوانێ بە دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و پڕ متمانە ئەو خەڵکانە لە ناو خەباتی شارستانیی و پێشکەوتنخوازیی هەڵبخڕێنێ ئەوە سەرکەوتنێکی گەورە مسۆگەر دەکا. وەک بەبیرهێنانەوەیەک؛ لە هەردوو ساڵی ١٩٨٢-١٩٨٣ زۆرینەی خەڵکی کوردستان رژابوونە سەر شەقام و خەریکبوو دەسەڵات لە بەعس بستێنن.. ئەگەر ناتەبایی هێزەکانی چیا و پاشان ''گفتوگۆیەکەی یەکێتی'' و بێ هیواکردنی خەڵک لەو هێزانە نەبووایە دەشیا بیر لەبەرژەوەندیی خەلک بکەنەوە چەند دەستکەوتێک وەدەستبێن، بزووتنەوەی گۆڕانیش لە سەرەتادا توانیان جوولەیەک دروستبکەن بەڵام لەبەرئەوەی لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ میللەت راستگۆ نەبوون بۆیە ئەو خەڵکە بێ وەی و خۆشگوزەران خوازە لێیان دوورکەوتنەوە، جا ئەوانە بە ئەندێشە و کاری نەکردە مەزانە بەڵکو وەک رووداوگەلێکی بابەتییانەی مێژوو سەیریان بکە و دەشێ لە قۆناغەکانی داهاتوو بە شێوازگەلێکی دیکە خۆیان دووبارە بکەنەوە و لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکانت بیانقۆزیەوە.

بایکۆت و داواکاریی وەک چارەسەرێکی ئاشتییانە و یەکلاکەرەوە:

خویندنەوەی من بۆ گۆڕان ئەوەیە، ئەگەر زۆرینەمان هاوڕابین لەوەی کە کار و ئامانجەکانی ئەو حیزبانە تەنها پاراستنی ئەو سیستەمەیە ، ئەو کاتە ئاسانتر خۆمان یەکلادەکەینەوە لە تێگەیشتن لەوەی دەنگ بە یەکێتی یان پارتی بدەی هەر وەک یەکە چونکە کاری ئەو دووە درێژەدانە بەو سیستەمە و خاڵی هاوبەشیشیانە، بۆیە وەک هەنگاوی یەکەم دەبێ هەڵوێستێکی یەکگرتوومان هەبێ بەرانبەر بەو حیزبانە و چیدی کات بەوە نەکوژین خۆمان و خەڵک هەڵبخەڵەتێنین کە جیاوازیی لە نێوانیاندا هەیە، گریمان جیاوازیی یەکێتی و پارتی ئەوەیە کە یەکێتی مێژووێک و بنکەیەکی جەماوەریی باشتری هەیە، جا ئەوە چیە؟ دەبێ ئەوەمان لە بیرنەچێ ئەو قسانە بۆ بەر لە ڕاپەڕین ڕاست بوون نەک هەر بۆ یەکێتی بەڵکو بۆ کۆی حیزبەکان، ئێستا هەموو حیزبەکان بەرژەوەندیی هاوبەش لەو سیستەمە کۆیاندەکاتەوە کە ئەو هەرێمە بەڕێوەدەبا، وەک گوتم گرنگە بزانین ئەو جیاوازییە هیچ گرنگییەک و سوودێکی بۆ ئێستای ئەو خەڵکە نییە بەڵکو مێژووێکە و چەند کەسێکی هەڵپەرست نان و پیازی پێدەخۆن. ئەو کەسایەتییانەی لە ناو ئەو حیزبانە و سیستەمەکەیان دان ناکرێ جارێکی دیکە باوەڕیان پێ بکەین، ماوەیەک بەر لە ئێستا بە ڕێککەوت سەیری بابەتێکی بەڵگەنامەییم کرد لەسەر مەکسیکۆ لە ساڵی ١٩٨٩، دەڵێ:
- بارودۆخەکە زۆر خراپە چی بکەین؟
- زۆر ئاسانە، با کەسێک لە ناو حیزبەکەمان دەربچێ و بڵێ ''لەبەر دز و دیکتاتۆر و گەندەڵەکان رێزی ئەو حیزبەم جێهێشت'' گرنگ ئەوەیە هیوایەک بدەینە خەڵک، هیوا وەک ئاگر وایە کە لە پووشی بەردەدەی، تا بە بێ کێشە دەیانهێنین بۆ سەر سندوقی دەنگدان، پاشان ئاسانە بێ هیوایان بکەین.
ئەو برادەرانەی ئێمەش ئەوهان ناوەناوە گورگێک بەردەدەنە گیانمان تا دڕمان پێبدەن و خۆیان دەکەنە ئۆپۆزسیۆن، ئایە تۆی هاوڵاتی هەرگیز لە خۆت پرسیوە ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێن زانیاریی نوێن؟ دەڵێن: ''دزن، گەندەڵن، بندیواریان هەیە، ئەو پڕۆژەیە هی ئەو بەرپرسەیە، و... تد''.. خۆ تۆ هەموو ئەو شتانە دەزانی بەڵام رەنگە وردەکارییەکانی نەزانی، ئاخر ئەوە ٢٩ ساڵە تۆ رۆژانە ئەو شتانەیان لێدەبینی، گرنگە لەوە خۆمان یەکلابکەینەوە ئەو شتانەی ئەو پاڵەوانانە دەیڵێن بەشێکە لە یاریی خۆیان.. بەشێکە لەو زانیارانەیی کە ئەوان پێیانگوتوون ئەو شتانە ڕێگەپێدراون، چەندبارەی ناکەمەوە بەڵام هەر ئەوەندە دەڵێم پێویستە باوەڕ بەو کەسانە نەکەین کە دەچنە ناو ئەو سیستەمە، ئەوانەی دەچنە ناو ئەو حیزبانە یان ئەو سیستەمە هەر لە سەرەتا بۆ دزیی و دەوڵەمەندبوون دەچن، بە کورتییەکەی ئەو حیزبانە نە لە کاتی شەڕ و نە لە کاتی ئاشتییشدا سوودیان بۆ خەڵک نەبووە، ئەو بارودۆخە زۆر لەوە مەترسییدارترە وەک هەندێک کەس سەیری دەکەن، هەموومان لە بەرانبەر مەترسییەکی گەورە داین.
دەسەڵاتێک نەتوانی پێداویستییە سادە و سەرەتاییەکانی کۆمەڵ دابین بکا.. وەک ئاو و کارەبا و رێگەوبان و... تد ئایە دەکرێ باسی بەها و شکۆمەندیی هاوڵاتیانی لەگەڵدا بکەین؟ ''زیگمۆند باومان'' گوتەنی ''هەموو دەسەڵاتێک بەرپرسە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتییەکانی، ئەگەر ئەوە نەکا شایەنی ئەوە نییە وڵاتێک بەڕێوەببا''، لە راستییدا شەرمە دەسەڵاتێک بەڕێوەمان دەبا و ناشتوانێ ماف و پێداویستییە سەرەتاییەکانمان بۆ دابین بکا. بۆیە ئاماژەم بە گەڕاندنەوەی بەها و شکۆمەندیی نەکرد چونکە ئێمە پێویستمان بەوە هەیە پێکەوە دەست بە قۆناغی یەکلاکردنەوە بکەین، ئەو رێیە خوێنی تێدا ناڕژێ و تۆ بەرانبەر بە کارێكی مەحال نەوەستاویتەوە، بەرپرسیارییمان وەک مرۆڤ ئەوەیە داوای ژیانێکی شیاو بکەین، بەرپرسیارییمان وەک دایک و باوک ئەوەیە بەر لەوەی ئەم جیهانە بەجێبهێڵین دواڕۆژێکی باشتر بۆ منداڵەکانمان دابین بکەین، کلتوری داواکاریی تاکە رێگایە بۆ ئەوەی لەو بارودۆخەی ئێستا دەربچین و بناغەیەکی زۆر گرنگیشە بۆ ئەوەی هەر دەسەڵاتێک کە دوای ئەوانە دێ ئەگەر گوێی لە داواکارییەکانمان نەگرێ نەهێڵین بنەوبارگەی خۆی دابنێ، بەڵی دەسەڵات گوێمان لێڕاناگرێ بەڵام هەڵەکە لە خۆمانە چونکە نەماتوانیوە ئەو راستییەی تێبگەیەنین کە ئەوە دەسەڵاتە پێویستی بە ئێمەیە نەک ئێمە بە ئەوان، گەلێک رێگاچارەمان لە پێشە بێ ئەوەی یەک دڵۆپ خوێن لە خۆمان و منداڵەکانمان بڕژێ.. وەک ئەوانە؛ دەنگیان پێنەدەین، جیاوازیی لە نێوان حیزبەکان نەکەین، نەچینە کۆڕ و کۆبونەوەکانیان، نەچینە پرسەیان و کە ئەوانیش هاتن هێندە روویان نەدەینێ و وەک کۆیلە خۆمانیان بۆ نەچەمێنینەوە، لە هیچ شوێنێک دۆستایەتیی خۆمانیان نیشاندەین ، نەچینە ناو تەلەفزیۆنەکانیان، نووسیەنەکانمان لە راگەیاندنەکانیان بڵاونەکەینەوە، و... تد.
ئەو کاتەی کە دەڵێی ''ئەگەر ئەمنیش نەیکەم خەڵکی دیکە دەیکا'' ئەوە دڵنیابە چاوت لە دژایەتییکردنی ئەو دەسەڵاتە و چارەسەر نییە، ناتەوێ گرنگیی خۆت بەو دەسەڵاتە نیشانبدەی، گرنگیی و سەنگی خۆت بدۆزەوە ئەوجا با دەسەڵات گوێت لێنەگرێ. دیسان دەیڵێمەوە خۆت چارەسەر و جێگرەوەی چارەنووسی خۆتی و لە خۆتەوە دەستپێبکە و ویژدانی خۆت ئاسوودە بکە، کات بەوە مەکوژە ئەو دەسەڵاتە بڕووخێنی بەڵکو کار لەسەر گۆڕینی ئەو سیستەمە بکە، کار لەسەر ئەوە بکە خۆت و منداڵەکانت فێری کلتوری ماف و ئەرک و داواکاریی بن، هەر لەبەرئەوەشە دەسەڵات گوێت لێناگرێ چونکە تۆ دەکڕووزێیەوە لە کاتێکدا زەمەنی کڕووزانەوە بەسەرچووە، تەنها خۆت دەتوانی خۆت رزگاربکەی، دەکرێ لایەنی دیکە زۆر هەبێ کە ئەمن ئاماژەم پێ نەکردبێ بەڵام دەبێ هەنگاوی خۆیەکلاکردنەوە بنێین، دەنا...

خاڵەکان بە کورتیی دووبارە دەکەمەوە:

١- خۆتی و خاوەنی خۆت بە.
٢- خوێندەنەوەکانمان لە دوو بەڕێوەبەرییەوە دەستپێبکەین، تاوانبارکردنی دەڤەرەکەی دیکە پاراستنی ئەو دز و گەندەڵانەیە کە لە دەڤەرەکەی خۆت دزییت لێدەکەن.
٣- پێویستە هەڵوێستی خۆمان یەکلابکەینەوە لەوەی دژ بە هەر زەبروزەنگێک بین لە هەر کات و شوێنێک.
٤- هەر مرۆڤێک بچێتە ناو ئەو دەسەڵاتە یان نێو ئەو حیزبانە بڕوای پێنەکەین.
٥- بڕوا بەوە بکەین هیچ جیاوازییەک لە نێوان حیزبەکان نییە، ئەوەی هەشبووە بۆ پێش راپەڕین دەگەڕێتەوە، خەباتمان لە دژایەتییکردنی حیزبێکەوە بگوازینەوە بۆ دژایەتییکردنی سیستەم.
٦- کۆشش بکرێ کەش و دوخێکی لەبار و گونجاو بڕەخسێنین بۆ ئەوەی زۆرینەی خەڵکە لە یەک کۆببنەوە.
٧- بایکۆتی کۆڕ و کۆبوونەوە و راگەیاندنەکانیان بە تەلەفیزیۆن و بڵاوکراوەکانیانەوە بکەین، پێیان نیشانبدەین کە گوێمان لێناگرن ئیدی ئێمەش گوێتان لێناگرین.
٨- کۆشش بکەین شکۆمەندیی خۆمان بگەڕێنینەوە، نەهێڵین نە ئەو دەسەڵاتەی ئێستا نە ئەوانەشی بە داوایاندا دێن جارێکی دیکە بەو شێوەیە رەفتارمان لەگەڵ بکەن و سامان و توانستەکانی ئەو وڵاتە بەفیڕۆ بدەن، دەبێ خۆمان فێرە چەمک و کلتوری داواکاریی بکەین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە