شەهیدبوونی (زوبێر حالی) رێككەوتە یان پلان؟

Monday, 08.17.2020, 1:56

3234 بینراوە


دانا برادۆستی
شەهیدبوونی دوو فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنوور و فەرماندەیەكی پەكەكە لە هەرێمی برادۆست بەیەكەوە، گومانی هەبوونی پلانگێڕی بۆ لەناوبردنی (زوبێر حالی) لێ دەخوێندرێتەوە.
لە ئەنجامی هێڕشی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا (درون) لە رۆژی سێشەممەی رابردوو (11 ئابی 2020) لەناوچەی برادۆست، دوو فەرماندەی پاسەوانی سنوور سەر بە سوپای عێراق بەناوەكانی (محەمەد رەشید) فەرماندەی لیوای 2 و (زوبێر حالی) فەرماندەی فەوجی 3 لەگەڵ فەرماندەیەكی پەكەكە بەناو (عەگید گارزان) شەهیدبوون. 
دوای كۆبوونەوەی ئەم دوو فەرماندەیە لەگەڵ شاندێكی پەكەكە، بڕیاردەدەن بچنە شوێنێكی ناوچەكە و خوانی نیوڕۆ بەیەكەوە بخۆن. بۆ ئەم مەبەستە (عەگید گارزان) لەگەڵ هەردوو فەرماندە (محەمەد رەشید و زوبێر حالی) لە ئۆتۆمبێلێكی جۆر (جێب) سوار دەبێت، لە پێش دوو ئۆتۆمبێلەكەی دیكە دەڕوات. كاتێك دەگەنە (بێرمی دینداران) فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی توركیا تەنیا ئەم ئۆتۆمبێلە دەكاتە ئامانج و هەرسێ فەرماندە شەهید دەكات. 

زوبێر حالی كێیە؟

زوبێر حالی، لە ساڵی 1961 لە گوندی (گول رەشا) لە دایكبووە كە دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی گوندی لێلكان لە ناوچەی برادۆستدا. سەر بە قەبیلەی (رەوەندۆك)ە و لە تیرەی (بازەییان)ە، كە یەكێكە لە چوار قەبیلەكەی عەشیرەتی برادۆست. ئەم قەبیلەیە بەهۆی ئەوەی زیاتریان دەروێشی شێخی سورچیەكانی ناوچەی بادینانان لە رووی داب و نەریتەوە لە سێ قەبیلەكەی دیكەی عەشیرەتی برادۆست جیاوازترن. 
بەهۆی چەندین كێشە (رەوەندۆك) لە قەبیلەكانی دیكەی ناوچەی برادۆست زیاتر ناكۆكی و كێشەیان لەگەڵ پارتیدا هەبووە، بۆیە دوای راپەڕینی ساڵی 1991 زوبێر بۆ ماوەیەك پێشمەرگەی یەكێتی بووە. كاتێك هەژموونی پەكەكەش لەناوچەكەدا زیاتر دەبێت، زوبێر دەبێتە دۆستی پەكەكە. هەنگاو بەهەنگاو لەناوچەكەدا دەبێتە كەسێكی متمانەپێكراو لەلایەن پەكەكە. لە ساڵی 1994 تا 1997، دەبێتە متمانە پێكراوترینی كەسی پەكەكە كە خەڵكی ناوچەكە بێت. چەك، خواردەمەنی، پێداویستی لۆژیستیكی دابین دەكات و لە رێگای زوبێر پەكەكە بریندار و نەخۆشەكانی رەوانەی نەخۆشخانەكانی هەرێم دەكات. زوبێریش لەم ناوەدا پارە بەدەست دێنێت، كە ئەمەش كێشەی زوبێر و پارتی لێ دەكەوێتەوە. لە ساڵی 1997 تا هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان پەكەكە و پارتیدا، چەندین جار بازگەكانی سۆران، سەرێ بەردی و سیدەكان ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچوونی زوبێر حالی دروست دەكەن. 

زوبێر حالی پەیوەندی بە پارتی دەكات!

وەكو ئامادەكاریەك بۆ شەڕ لە دژی پەكەكە، لە بەهاری 1997 دا، پارتی هەڵمەتێكی بەرفراوان لەناوچەی برادۆست دەست پێدەكات، بۆ ئەوەی خەڵكەكە لەدژی پەكەكە چەك هەڵگرێت. (ئەنوەر كۆلیت و موستەفا كازۆ) كە دوو فەرماندەی سەر بە پارتیبوون و خەڵكی ئەم ناوچەیەبوون، رۆڵی سەرەكیان بینی لە رازی كردنی كەسانێك بۆ چەك هەڵگرتن لەدژی پەكەكە. یەكێك لەم كەسانەش زوبێر حالی بوو.
زوبێر لەشەڕی پارتی دژ بە پەكەكە بەشداری دەكات، باس لەوەش دەكرێت زوبێر دەستی لە شەهیدبوونی چەندین گەریلادا هەبووە. بەدەست و بردی و شارەزا بوونی بە هەموو كون و كەلەبەرە شاخاویەكانی ناوچەكە، دەبێتە هۆی ئەوەی پارتی پلەی زوبێر حالی تا فەرماندەی لیوا بەرز كاتەوە. 

پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دروست دەكاتەوە!

لەدوای ساڵی 2008 كاتێك راژەی زوبێر دەگوازرێتەوە سەر هێزی پاسەوانی سنوور و وەزارەتی بەرگری عێراق، زوبێر پەیوەندیەكانی لەگەڵ پەكەكە ئاسایی دەكاتەوە. چۆن توانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ پەكەكە ئاسایی بكاتەوە؟ نازانرێت. بەڵام لە 2008 تاوەكو 2016، زوبێر چەندین جار لەناوچەی خواكوڕك سەردانی ئەندامێكی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەكەكە و چەندین بەرپرسی دیكەی پەكەكە دەكات. بە گوێرەی زانیاریەكان متمانەی ئەندامێكی كۆنسەی سەرۆكایەتی پەكەكە بە زوبێر گەیشتۆتە ئەو ئاستەی داوەتی بكات بۆ ناو حەشارگەكەی.

بۆچی گومان لە هەبوونی پلانگێڕیەك دژ بە زوبێر دەكرێت؟ 

زوبێر حالی فەرماندەی فەوجی 3 بوو لە لیوای 2، ناوچەی (بێرمی دینداران) سەر بە فەوجی 2 نەوەكو فەوجی زوبێر حالی. رۆژی پێش رووداوەكە كاتێك هێزی پاسەوانی سنوور پێشڕەوی دەكات، لەلایەن گەریلاكانی پەكەكە تەقەیان لێ دەكرێت و ناچار بە كشانەوە دەكرێن. رۆژی دواتر لەژێر ناوی (زوبێر) شارەزای ناوچەكەیە زوبێر لەگەڵ فەرماندەی لیوا (محەمەد رەشید) كە سەر بە عەشیرەتی گۆرانە و خەڵكی دەوروبەری قەزای (بەردە رەشە) رەوانەی ناوچەكە دەكرێن. تا رووبەڕوی ئەم هێڕشە دەبنەوە و گیان لەدەست دەدەن. 

بۆچی فڕۆكەكە تەنیا ئۆتۆمبێلەكەی زوبێر دەكاتە ئامانج؟

لەگەڵ ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا بەڕێوەچوونی پرسەی قەدەخە كردووە، بەڵام بۆ دوو رۆژ پرسەی (زوبێر حالی) لە گوندی (گول رەشا) لە (دەشتی هێرتێ) ی دەڤەری برادۆست بەڕێوەچوو. چەندین كەس سەردانی پرسەكەیان كردووە. تیایدا خزم و كەسانی زوبێر بە ئاشكرا ئاماژە بە هەبوونی پلانگێڕیەك دەكەن و پێیانوایە پێشوەخت (Global Positioning System - GPS) لەناو ئۆتۆمبێلەكە دانراوە. 
هاوڕێیەكی نزیك لە زوبێر حالی ئەگەر هەبوونی پلانێك بۆ لەناوبردنی زوبێر پشتڕاست دەكاتەوە:
" بردنی زوبێر بۆ ناوچەیەك كە ناوچەی خۆی نیە، بە ئامانجگرتنی تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلەی كە زوبێر لەناویدا بووە ئەم ئەگەرە بەهێزتر دەكات. گرنگی نەدانی پارتی و باسنەكردنی شەهیدبوونی ئەم دووانە لە راگەیاندن و گرنگی پێنەدانیان ئاماژەیەكی دیكەیە كە هەبوونی پلانگێڕی زەق دەكاتەوە".
هەروەها هەمان سەرچاوە دەڵێت:" لەم ساڵانەی دوایی زوبێر بە دەست و لێوەشاوەیی و ئسلوبی ئیدارەدانی زۆر چووە پێشەوە. ئەمە زۆر كەسی نیگەران كرد، ئێرەیان پێ برد. ئەمەش زەمینەی هەبوونی پلانگێڕی لەدژی شەهید زوبێر حالی پێشوەخت خۆشتر كردووە".
لە كۆتایی قسەكانیدا ئەم هاوڕێیەی زوبێر حالی ئاماژە بە لایەنێكی دیكە مەسەلەكە دەكات و پێیوایە ئەم مەسەلەیە رۆڵی سەرەكی هەبووە لە پلانی لەناوبردنی زوبێر دا:" پارتی پێی زانیووە كە زوبێر پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە دروست كردۆتەوە. بۆیە بە دووری نازانم ئەم لایەنە هۆكاری سەرەكی داڕشتنی پلانەكە بێت".


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر


(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)