ئەوەی هەستی کوردبوون و ئەخلاقی عەشایری بێت لای مافیاکان بوونیان نییە!

Wednesday, 08.19.2020, 0:20

4082 بینراوە


بەهۆی ئەو پەیوەندییە چڕەی لە ناو هەموو نەتەوەکانی جیهاندا دروست بووە، وەک دەڵێن دنیا بۆتە گوندێکی بچوک، بە دەیان و سەدان دیاردەی ژنهێنان و شووکردن لە نێوان هەموو نەتەوەکاندا سەری هەڵداوە و بۆتە شتێکی ئاسایی، کە من تا ئیستا نەمدیوە لە وڵاتە ئەوروپییەکان، و وڵاتانی تر،  کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی بەو شێوەیەی باشوور دوو دڵخواز بهێننە سەر تەلەفیزیۆن، باس لەمە بکەن و بە شتێکی نامۆ و سەیر و سەمەری بزانن، پەیوەندییان پیوە بکەن بۆ ئەوەی باسی ئەم پەیوەندییە بکەن و  لێدوانی لەسەر بدەن، بەڵام کەناڵە کوردییەکانی باشوور لە بەتاڵی هزر و عەقڵ و ئاستی نزمی رووناکبیرییان ئەمە بە شێوەیەکی ناشرین دەکەن.
ئەوانەی کە لەو بوارەدا وەکو پێشکەشکار و رۆژنامەنووس و کارمەندی تەلەفیزیۆن کار دەکەن، کەسانی نەزان و نەدیوبدی و نارۆشنبیر و نەفامن، هەڵبەت ئەوەی کە دەیکەن مەبەستی خراپیشی لە پشتەوەیە، دەنا  وەک وتم شتێکی زۆر ئاساییە کوڕێک، یان کچێکی کورد شوو بە بێگانەیەک بکات، یان کوڕێکی کورد ژنێکی بێگانە بهێنێت. 
لە سەردەمی باپیرە سەلاحەدین ئەیووبی کورد و کلتوورەکەی گەیشتبووە وڵاتی میسر و سوودان و یەمەن، و تا ئێستاش زۆربەی نەتەوەی ئامازیغی لە وڵاتانی جزائیر و مەغریب شانازی بە کوردەوە دەکەن. ئەوکات حورمەتی کورد لەوپەڕی بەرزیدا بوو و تا ئێستاش لە وڵاتی میسر و بە تایبەت شاری قاهیرە و چەند ناوچەیەکی دیکە نازناوی " کەردەوانی" و "الکردی" و هەروەها لە سوودان " کوردەوانی" بوونی هەیە.
کوردەکانی سوودان، ٨٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا واتا لە ساڵی١١٧٢، کاتێک کە ( توران)ی برای سەلاحەدینی ئەیووبی، سوودانی فەتح کرد؛ دواتر فەرماندارێکی بۆ سوودان دانا بە ناوی( ئیبراهیم بن کوردی).
ئیتر لەو کاتەوە، کوردەکان چوونەتە سـوودان. دوای مردنی ئیبراهیم، ئەو کوردانەی لەوێندەر ماونەتەوەو
زیاتریش بوون.

ئێستاش ئەگەر لە کەسێکی سوودانی پرسیار بکەیت کە کوردەکان چۆن کەسانێکن؟ لە وڵامدا دەڵێن: کورد ئازان، مێهرەبان و دادپەروەرن و میواندۆست و دڵسۆزن.
لەبارەی بەشداریی کوردەکان لە حاکمییەت و سیاسەتی وڵاتی سوودان دا، کوردەکان دەورێکی گرینگیان بینیوە لە سیاسەت و دامەزراندنی وڵاتی سووداندا. بۆ نموونە: یەکێک لە مەلیکەکانی سوودان کوردێک بوو بە ناوی: (عثمان دینگان) کە خەڵکی دیاربەکر بووە. ئەو یەکەم کەس بووە کە لەشکری بەریتانیای لە سوودان تێک شکاندووە. هەر ئێستاش کورد لە دەوڵەتی سووداندا هەن. بۆ نموونە دکتۆر (محمد عەلی کوردی)، ئەفسەرێکی پایەبەرز لە وەزارەتی ناوخۆی سوودانە. لە سوودان پارێزگایەک هەیە بەناوی ( کوردەوان) کە بە شێوەیەکی فیدراڵی دابەش بووە، بە سەر دوو بەشی کوردەوانی باکوور و کوردەوانی باشووردا. هەر ئێستا نزیک بە سەد هەزار کورد لە وڵاتی سوودان دەژین.
کوردەکانی سوودان لە چینی دەوڵەمەندی ئەو وڵاتن و زۆربەیان کاری بازرگانیی و قوماش و جل و بەرگ دەکەن. تەنانەت سابوونی (ئالی کوردی) لە سوودان بە ناوی کوردەوە ناسراوە.
ئێستاش لای کوردەکانی سوودان بۆنە و مەڕاسیمی کوردیی هێشتا ماوە و ئەوان هەست بە سەربەرزی دەکەن لە ئاست مێژووی باب و باپیرانی خۆیان.
دەگەڵ بوونی وەها مێژووییەکی پڕشنگدار؛ چەند ڕۆژە کە میدیای فاسید و بێ ئەخلاقی کوردایەتی دیوەخانی عەشاییری مافیاکانی کوردستانی عێڕاق، لەمەڕ ئەوەیکە، کچە کوردێک لە وڵاتی فەڕانسە، شووی بە پیاوێکی موسڵمان و ڕەشپێستی سوودانی کردووە، گاڵتە بە ئەخلاق و نامووسی نەتەوەی کورد دەکەن و لە دونیای مەجازیدا بەوپەڕیی بێ شەرمییەوە سووکایەتی بەو خانمە و هەموو بنەماڵەکەی دەکەن.!
وەک دەزانین، لە هەموو جیهان دا و لە نێوان هەموو گەلان دا، زەواج و هاوسەرگیری هەیە و هەر لە ڕەش پێست و هێندییە سوورەکانەوە بگرە تاوەکوو چین و ماچین، دەڵەکان پێکەوە عاشق دەبن و شتێکی زۆر سرووشتی و ئاساییە.
هیچ گەلێک نەهات وەها هەواڵێک بکاتە مانشێتی ڕۆژنامەکان و دەیان لاپەڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پێوەی مەشغووڵ نەبوون. کەچی میدیای بێ ئەخلاقی دز و مافیاکانی کوردستانی عێڕاق کە سووک ترین و ڕیسواترین میدیان و بە پێوەری هیچ پڕانسیپێک ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیران نیە، هەموو سنوورێکی ئەخلاقی و ڕۆژنامەگەریان بەزاندووە و کەسیش نیە پێشیان پێ بگرێت.
لینکی کەناڵی ڕووداو:





(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 4/5)