وه‌ڵامێك بۆ كاولستانه‌كه‌ى كاك شێرزاد شێخانى

Thursday, 08.20.2020, 11:09

6517 بینراوە


به‌رله‌وه‌ى ده‌ست بده‌یته‌ خامه‌و بته‌وێت شتێك بنووسیت وا باشتره‌ به‌ بیر و هزرێكى فراوان و دوور له‌ رقو قین و ته‌خوین شت بنووسیت ،دید بۆچوونى خۆت بخیته‌ روو، بۆخاترى لایه‌نێك ومووچه‌ و پله‌ و ئیمتیاز و رازیكردنى حزب شت نه‌نووسیت. وه‌ك كاك شێرزادى كارمه‌ندى  كوردستانى نوێ، كه‌ ئه‌خوازێت له‌رێى نووسین و خامه‌كه‌یه‌وه‌ رووى تاڵ و ته‌ڵخ و دزێوى ده‌سه‌ڵاتمان بۆ گه‌ش و جوان بكات. رۆژنامه‌كانى كوردستانى نوێ و خه‌بات حیزبیین ئه‌وه‌ى  بابه‌ت ئه‌نووسێت  له‌به‌رامبه‌ردا مووچه‌و  پاداشت وه‌رده‌گرێت ،بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌بێت نووسه‌ر خامه‌ وبیرى بخاته‌ خزمه‌تى بیرى ته‌سكى حزبایه‌تى و به‌خواست و حه‌زى ئه‌وان بنووسێت كه‌ كاك شێرزاد یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.ئه‌و پاداشت و موچه‌یه‌شى كه‌پێى ده‌درێت پاره‌ى خه‌ڵكى یه‌و قووتى رۆژانه‌یانه‌  لێان ده‌دزن. 
كاك شێرزاد له‌سه‌ره‌تادا باسى نه‌وشیروان و دارو ده‌سته‌كه‌ى ده‌كات .  بۆیه‌ پێم باشه‌  سه‌باره‌ت به‌ نه‌وشیروان و17ى شوبات و روڵى له‌هێنانى 25 كورسیدا ئه‌وه‌ت بیر بخه‌مه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵچوون و كه‌فوكولێكى كاتى بوو دامركایه‌وه‌ و، شه‌پۆلێك بوو هات و رابورد، گه‌ربیرت بێت ساڵانێكیش یه‌كێتى به‌هه‌مان شێوه‌ بوو سه‌ره‌تا چه‌ند پێگه‌و سه‌نگى هه‌بوو به‌ڵام دواتر چۆن بوو به‌مه‌خسه‌ره‌ و نابووت بوو، هه‌رچى تایبه‌تیشه‌ به‌ نه‌وشیروان لاى من ئه‌ویش چمكێكى سه‌ره‌كى گه‌نده‌ڵى وپاوانخوازى بوو، ئه‌وه‌ ئیمرۆ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ى ده‌بینین، هه‌روابێته‌وه‌ نه‌وشیروان له‌ته‌واوى ژیانیدا جگه‌ له‌ شه‌ڕى ناوخۆ و كوشتنى براكان چ سه‌روه‌رى وقاره‌مانێتییه‌كى له‌ گۆڕه‌پانى سیاسی دا هه‌بووه‌،لاى من ئه‌و پیاوه‌ جگه‌ له‌نووسه‌ر و بیرمه‌ند تۆزقاڵێك شاره‌زاى سیاسه‌ت نه‌بووه‌.
له‌وڵاتان نووسه‌ر و بیرمه‌ند و پیاوان كه‌ كامڵ ده‌بن و ده‌چنه‌ ته‌مه‌نه‌وه‌ خه‌ڵك به‌ چاوى رێز و گه‌وره‌ وخاوه‌ن ئه‌زموون لێى یان ده‌ڕوانێت،كه‌چى مخابن له‌كنه‌ خۆمان شته‌كه‌ پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌تا كاك شێرزاد له‌برى ده‌ربڕینى هه‌ست و سۆز و پشتیوانى بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ى كه‌ ئه‌یانه‌وێت له‌دژى ده‌سه‌ڵات راپه‌ڕن به‌ كۆایى به‌ نه‌هامه‌تى و ماڵوێرانى و دزى و گه‌نده‌ڵَى و داوێن پیسى حزب و ده‌سه‌ڵات بێنن به‌((مێگه‌ل)) ناویان ده‌بات،كه‌ پێم وابێت به‌كارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌ واژه‌ بریندار كه‌ر ونه‌شیاوه‌ له‌ئاستى كه‌سێكى وه‌ك شێرزاد و خاوه‌ن قه‌له‌مێكى له‌وچه‌شنه‌ نى یه‌،كه‌ دڵنیام ئه‌وه‌ش به‌زۆرى ستاڤى كوردستانى نوێ  پێى نووسراوه‌؟
         كاك شێرزاد من ده‌زانم جه‌نابت له‌ كوردستانى نوێیت و مووچه‌ت باشه‌ و ئاگات له‌حاڵ و گوزه‌رانى ئه‌و خه‌ڵكه‌ نى یه‌ له‌چ ناخۆشى و نه‌هامه‌تیه‌كدا ده‌ژین، فه‌رمانبه‌ر شه‌ش مانگه‌ موچه‌ى وه‌رنه‌گرتوه‌، ناوبازاڕ به‌قوڕ گیراوه‌،یه‌كێتى و پارتى هه‌موو ئیش و كارێكیان بۆخۆیان قۆرخ كردوه‌ ته‌نانه‌ت حه‌ماڵ و بار هه‌ڵگر و چایچى ناو مه‌رزه‌كانیش كه‌ كارى نا فه‌رمى  ده‌كه‌ن ئه‌بێت سه‌ربه‌حزب و ده‌سه‌ڵات بن، خه‌ڵك به‌جارێك حاڵى په‌رێشانه‌ و خواخواى فریاد ره‌سێكێتى، ئه‌گه‌ر ئه‌و فریاد ره‌سه‌ شه‌یتانیش بێت. 
    دووسه‌د ساڵ له‌مه‌وپێش فره‌نسا له‌رێگه‌ى و نووسه‌ر و بیرمه‌ندانه‌وه‌ عه‌رشى ده‌سه‌ڵاتیان هێنایه‌ له‌رزین، كه‌ چى پاش ئه‌وه‌نده‌ ساڵ و  له‌ پێشكه‌وتنى دیدو بۆچون و هزر و بیرى سیاسى وپێشكه‌وتنى میدیا وراگه‌یاندن،تازه‌ به‌تازه‌ ئێمه‌ وه‌ك میزى حوشتر پاشه‌و پاش ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌، به‌شان و باڵى حزبا  هه‌ڵده‌ده‌ین، له‌برى رزگاركردنى خه‌ڵك له‌م قه‌یران و نه‌هامه‌تى و بێ سه‌روبه‌رى یه‌ ئه‌وه‌تا نووسه‌ران و رۆشنبیرانمان له‌ كافێو  گازینۆكاندا لیێ كه‌وتوون خه‌ریكى تاوڵه‌و ئه‌زنیفن، ئه‌ى باشه‌ كه‌ به‌ڕێزت  وهاورێكانت  بێ خه‌م بن و مێش میوانتان نه‌بێت، چاره‌ چى یه‌؟؟ وه‌ك خۆت ئه‌ڵێت ئه‌دى خه‌ڵك وه‌ك مێگه‌ل روو بكاته‌ كوێ؟!دواى قوباد و لاهورى ساویلكه‌و  هه‌رزه‌ بكه‌وێت یان مه‌سرور و بنه‌ماڵه‌ى بێ نرخى بارزانى؟؟ كه‌ له‌درۆ و فریودان زیاتر هیچ له‌هه‌گبه‌یاندا نى یه‌.؟ ئایا هه‌ست ناكه‌یت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و بارو دۆخه‌ى میلله‌تى تێكه‌وتووه‌ تۆش له‌دوو سه‌ره‌وه‌ تاوانباریت له‌سه‌رێك كه‌ روناكبیریت و پاره‌ ده‌مى به‌ستویت،ویژدانت فرۆشتووه‌. له‌سه‌رێكیش دواى حزبێك كه‌وتویت كه‌ به‌رپرسیارى هه‌موو نه‌هامه‌تى و كوشتن و گرانى و قه‌یرانه‌كانه‌؟
له‌شوێنێكى نووسینه‌كه‌یدا  به‌رێزى باسى ئه‌وه‌ ده‌كات له‌برى باره‌گا سووتاندن وچى و چى بارێگاى شارستانى بگرنه‌ به‌رلاى ئه‌ویش بریتیه‌ له‌هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان، له‌وه‌ده‌چێت كاك شێرزاد له‌هه‌ساره‌یه‌كى تره‌وه‌  هاتبێت یان به‌م وڵات و ئه‌زموون ده‌سه‌ڵاته‌ نامۆبێت ، یان پێى وابێت ئێمه‌ له‌سوید ونه‌رویجین، ئه‌گه‌رنا  نه‌فامترین كه‌سى ئه‌م وڵاته‌ ئه‌زانێت كه‌ هه‌ڵبژاردن و دیموكراسى و ده‌نگدان چ گاڵته‌ جاڕییه‌كه‌، سندوق دزین و ته‌زویر و فرت و فێل له‌م وڵاته‌ و له‌سایه‌ى یه‌كێتى و پارتیدا چۆن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت،  قسه‌كه‌ى خۆشت بیر بێنمه‌وه‌ خۆ به‌ڕێزت بینییت كه‌ گۆڕان 25 كورسى هێنا و یه‌كێتى ته‌نها 18 كورسى به‌ڵاَم ئایا گۆڕان ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرت؟توانى هیچ بكات؟ به‌ده‌ردى مه‌لا به‌خیتار ئه‌یوت ئه‌گه‌ر یه‌ك كورسی بێنین ده‌سه‌ڵات چۆڵ ناكه‌ین،هه‌روه‌ها حه‌مه‌ى حاجى مه‌حمودى سۆسیالیستیش ئه‌ڵێت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌چین بكرێت  پارتى تیا به‌شدارببێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ پارتى یه‌كه‌م ئه‌بێت.  فازڵ میرانیش پێش هه‌ڵبژاردنى ئه‌م دواییه‌ وه‌ك قاوه‌ گره‌وه‌وتى ئێمه‌ نزیكى 47 كورسى دێنین، رێك واش ده‌رچوو.ئیدى ئه‌گه‌ر مرۆڤ تۆزێك بیر و هه‌ست و هۆشى هه‌بێت پێى عه‌یب و شوڕه‌ییه‌ باسى  پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و بكات وبیه‌وێت له‌ورێگه‌یه‌وه‌ بگاته‌ ده‌سه‌ڵات و هاوكێشه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌ كه‌ مناڵێكى ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته‌ش  چاك ئاگاداره‌ كه‌ چه‌ندین رۆژ له‌پێش هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان ئه‌نجامه‌كان یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌.براوه‌ ودۆڕاوه‌ ئه‌زانرێت.
   بۆ ئه‌وه‌شى كه‌ ده‌فه‌رموێت  راپه‌رین و خۆپیشاندان له‌ شوێن دووره‌ ده‌سته‌كانه‌وه‌ هیچ ئاكامێكى نىیه‌، ئه‌وه‌ش جارێكى تر ساردكردنه‌وه‌ى خه‌ڵك و بێ هیواكردنێتى.هه‌ر ئه‌مرۆژانه‌ له‌ رانیه‌ و زاخۆ كه‌چه‌ندێك  له‌ پایته‌خت و سه‌نته‌رى شاره‌وه‌ دوورن ، راپه‌رین كرا، خۆ به‌چاوى خۆت بینیت حكومه‌ت چه‌ند هێزى  بۆدامركاندنه‌وه‌یان ناردوه‌،چۆن زاره‌ تركه‌ بووه‌، كه‌وااته‌ راپه‌رین له‌ هه‌رشوێنێك بكرێت ترس ئه‌خاته‌ دڵى ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ و ئه‌یتۆقێنێت.چونكه‌ ده‌سه‌ڵات و حزب خۆیان باش ئه‌زانن چ زوڵم و ناهه‌قى  وتاوانێك دژى خه‌ڵك ئه‌كه‌ن و كاردنه‌وه‌ى خه‌ڵك چۆن ئه‌بێت له‌هه‌مبه‌ریان. به‌بڕواى من پێم وایه‌ نووسه‌ر ئه‌یه‌وێت كه‌ ئاگره‌ سووره‌كه‌ له‌ زۆنى سه‌وز دووربخاته‌وه‌ و قورسایى راپه‌ڕین و شۆڕش به‌رێته‌ هه‌ولێر و زۆنى زه‌رد و، تاوان و خراپه‌كان له‌ملى ئه‌وان بسوێت ، به‌مه‌ش دوو نیشان ئه‌پێكێت، له‌لایه‌ك ترس و پریشكى ئه‌و شۆڕشه‌ له‌ خۆى و حزبه‌كه‌ى به‌دوورئه‌خاته‌وه‌، له‌لایه‌كى تریشه‌و قورسایى تاوان و ناهه‌قى و خراپه‌كان بخاته‌ ئه‌ستۆى پارتى.گه‌ر سه‌رنجتان له‌نوسینه‌كه‌ى دابێت ته‌نها پارتى به‌ به‌رپرس و تاوانكار ده‌زانێت و ،یه‌كێتى كه‌ حزبى خۆیه‌تى و نانى لێده‌خوات ده‌یخاته‌ ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و بازنه‌ یه‌.
 له‌كۆتایدا ده‌ڵێم من نه‌چاره‌ى شاسوارم ده‌وێت نه‌ رۆژێك له‌رۆژان  به‌ شتم زانیوه‌، به‌ڵام كورد ئه‌ڵێت مرۆڤ  كه‌ خه‌ریك بوو بخنێكت په‌نا بۆ چلچه‌ پوشێكیش ده‌یات، بۆیه‌ ئه‌و خه‌ڵَكه‌ش مافى خۆیه‌تى كه‌ دواى هه‌ركه‌سێك بكه‌وێت  كه‌ دژایه‌تى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بكات و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى گه‌شى به‌رێت ، بیریشمان نه‌چێت شۆڕش و راپه‌رین نه‌سنور ئه‌زانێت نه‌ شوێن نه‌كات، وه‌ك بوڕكان وایه‌ له‌هه‌ر شوێنێك ته‌قییه‌وه‌ پریشك ده‌هاوێت و ئه‌وكاته‌ ئه‌وه‌ى بێته‌ به‌رده‌مى رایده‌ماڵێت و ده‌یسوتێنێت.




(دەنگدراوە: 9 . زۆرباشە: 4.5/5)