پۆلیس و سوكایه‌تی به‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر

Sunday, 08.23.2020, 22:57

4154 بینراوە


ئه‌وه‌ یه‌كه‌م جار نیه‌ پۆلیسی هه‌ولێر سوكایه‌تی به‌ خه‌ڵكی كاسبكارو بێده‌نگ و شه‌ریفی هه‌ولێر ده‌كات ، من جاری دیكه‌ش ئه‌و جۆره‌ سوكایه‌تیه‌م بینی و له‌ سه‌ریشیم نووسی ، رونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیس له‌ سه‌ر لێدانی كاوه‌ عه‌بدولقادر ئه‌و په‌ڕی سوكایه‌تیه‌ به‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر ، له‌ كاتێكا هه‌رگیز ئه‌و كاره‌ له‌ ڕه‌وشت و ئاكاری خه‌ڵكی هه‌ولێر ناوه‌شێته‌وه‌ ، ده‌ی ئه‌گه‌ر وایه‌ با یه‌كدووكانداری ئه‌و گوزه‌ره‌ بڵێت من له‌و براده‌ره‌م داوه‌ ، به‌مه‌رجێ‌ ئه‌وه‌ش له‌ ژێر فشاردا نه‌وترێ‌ .
رونكردنه‌وه‌كه‌ پۆلیس ده‌كاته‌ فریاد ره‌سی كاوه‌و خه‌ڵكی هه‌ولێریش به‌ قامچی وه‌شێن و بكوژو ببڕ نیشانده‌دات ، راستیه‌كه‌ی ئه‌مه‌ سوكایه‌تی نه‌بێت به‌ خه‌ڵكی شاری قه‌ڵاو مناره‌ هیچ شتێك سوكایه‌تی نیه‌ ئیتر ، ئه‌م جۆره‌ سیناریۆیانه‌ ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارو سته‌مكاران درێژ ناكه‌نه‌وه‌ و پێشتریش له‌ لیبیا ، میسر، شوێنانی دیكه‌ چیرۆك و حه‌كایه‌تی زۆری له‌م شێوه‌یه‌ هۆنراوه‌ته‌وه‌ ، ده‌بوو پۆلیس نه‌چنه‌ ژێر باری ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌وه‌ ، هه‌ر قسه‌ نه‌كرایه‌ باشتر بوو .
ئێستا كه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر ده‌كرێته‌ شه‌قاوه‌و شه‌ق وه‌شێن ، له‌ كاتێكا هه‌موو ده‌زانین خه‌ڵكی هه‌ولێر ئارامترین و بێوه‌ی ترین خه‌ڵكن ، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ ئیتر ده‌سه‌ڵات هه‌رچی له‌و شاره‌ بكات به‌ ناوی خه‌ڵكه‌وه‌ ده‌یكات ، ئه‌وه‌ خه‌ڵك بوون شه‌قیان له‌ مامۆستا هه‌ڵدا ، خه‌ڵك بوون فه‌رهاد پیرباڵیان دایه‌ به‌ر مسكه‌ ده‌مانچه‌ ، خه‌ڵك بوون له‌ كه‌مالی سه‌ید قادریان دا ، خه‌ڵك بوون مامۆستا هۆشیاریان تیرۆر كرد ، ریشی مامۆستایان گڕ تێبه‌ردا ، تۆ بڕوانه‌ چۆن خه‌ڵك ناشرین ده‌كرێت ، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ جوانكردنی خۆیان له‌ سه‌ر حسابی ناشرینكردنی خه‌ڵك داڕشتوه‌ .
هه‌ولێریه‌كان به‌و جۆره‌ نین كه‌ سوكایه‌تی به‌ هاوزمانی خۆیان ، یان ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی بیانیش بكه‌ن ، ئه‌وه‌ بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌ولێر په‌ناگه‌و داڵده‌ ده‌ری به‌له‌نگازان بووه‌ له‌ به‌رزانیه‌كانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان ئه‌و راستیانه‌ زۆر باش ده‌زانن كاتێ‌ كه‌ په‌راگه‌نده‌ بوون هه‌ولێر چۆن ئامێزی بۆ كردنه‌وه‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی پۆلیسی هه‌لێر ده‌یه‌وێت ئه‌و جوانیانه‌ له‌ خه‌ڵكی هه‌ولێر بسه‌نێته‌وه‌و به‌رگی شه‌ڕخوازو شه‌ڕه‌نگێزی بكا به‌ به‌ریاندا .