گوڵاڵە سوورەی سەر گۆڕی شەھیدی ون

Tuesday, 25/08/2020, 7:53

1761 بینراوە


سڵاوێکی کوردستانی، من کاک سەلاح ناناسم، بەڵام بە داخم بۆی، وەک بە داخ بوونم بۆ ھەموو ئەو کچ وکوڕانەی نەتەوەکەم، کە لە ڕیزەکانی یەکێک لەو حیزبانەی باشوور و ڕۆژھەڵاتدا گیانیان بەخشی، ئەوان ڕۆڵەی نەتەوەیەکی دابەشکراو و زوڵم لێکراو بوون، موڵکی نەتەوەکە بوون، بەدوای شتێکدا دەگەڕان کە پێیان ڕەوا نەدەبینرا، نیشتمانێکی ئازاد، کەواتە نیشتمانێکی ئازاد لای ئەوان بەنرخ تر بوو لە:
- خۆشەویستی دایک.
- چاوی نێرگزی دڵبەر.
- فرمێسکی شاراوەی باوک و..... ھەموو ئەو بەھاونرخانەی، کە حیزبەکان دەمێک بوو،، داشۆرابوون لەم هەستانە و هیچ نرخێکی نەمابوو لەلایان.
مەکینەی زەبەلاحی حیزب، بەخوێنی ھەمووکاک سەلاحەکان دەگەڕا و بەرھەمەکەی، سەرکردایەتی حیزبەکان دەیان چنییەوە، ئەوسەرانەی بوونە بەڵای گیانی کورد و دۆزەخی ناکۆکی نێوانیان بە خوێنی دەیان ھەزار کاک سەلاحیش ھەر پڕنەبوو.
- کاک سەلاحەکان بوونە پەیژەی سەرکەوتنی سەرکردایەتییەکان بۆ سەر لوتکەی ھەرەمی دەسەڵات، ھەتا ئێستایش خوێنی ئەوان، ناوی ئەوان، کاڵایەکە و سەرەکانیش، بازرگانێکی زۆر شارەزا بۆ فرۆشتنی ئەم کاڵایە.
- کاک سەلاحەکانی حیزبەکان، بوونەتە ژمارەیەک، ئەو حیزبەی کاک سەلاحی شەھیدی
زیاتر بێت، خۆ ڕانان و ناز و نووزی زیاترە!!.
لە حاڵێکدا، شەھیدەکان کوڕی دایک و باوکێکی کورد بوون، خۆ ئەوان کوڕی حیزب
نەبوون، ئەی بۆچی بەناوی حیزبەوە، بانگەشەیان بۆ دەکرێت؟!.
مانای دوای ئەوەی گیانیشیان بەخت کرد بۆ نیشتمانێکی ئازاد، ھێشتایش ئەوەیان پێ ڕەوا نابینن، کە بەیەک ناو بانگیان بکەن، (شەھیدی ئازادیی نیشتمان).
ھاوڕێ، ھەڤال و ھاوبیرانی کوردستانیم، کاک سەلاحەکان لە ناو ویژدانیاندا ( بۆ گەشەی کوردایەتی) دەخەبتین، بۆیە:
گیان چی بوو؟!
دایک و دڵبەر و ژیانیشیان دەکردە قوربانی!!.
وەلێ: لەو سەرەوە، لەو باڵای باڵایەوە، کاک سەلاحەکان کرانە قوربانی بۆ کاڵکردنەوەی:
- ھەرچی شتێ سەر بە کورد بوو، لە ناویاندا کوردایەتی.
- بۆیە ئێستا تۆ دەیبینی و من دەیبینم: ھەرچی شتێ سەر بە کوردە، لە ناویاندا کوردایەتی، تازە مەشخەڵی گەش دەبێتەوە.
تۆ بڕوانە مامۆستایەک لە سنەی ئازیز، هەر بەتەنیا، دەچێتەوە بەگژ ستەمی تاریکترین ڕژێمی ھەموو سەدەکاندا:
زمانی دایکی دەکاتە تاجی سەری و وەک سەروویەک، بەرز بەرز سەری دەگرێ و بەزمانەکەی خۆیەوە دەنازێ.
ئێستا خوشک دەستی برای دەگرێ و شێوەی تازەی خەباتی فێردەکات.
ئێستا ژنانی کورد، دڕ بە تاریکی ستەمی نەتەوەی سەردەست دەدەن و بە شوێنیاندا، پیاوەکانمان،
گوڵی ئازادی دەچننەوە.
بەمە دەڵێی: کاڵ بوونەوەی کوردایەتی؟!
تازە خوێن لە گیانی کوردایەتیدا دەجمێ،
بەھاری عومری کوردەواری، ئێستایە.
ماوەیەکە کوردەواری، لە زیندانی حیزبەکاندا، دەرباز بووە و
ئێستا ئیتر وا لە ناو دڵ و ویژدانی، تاک بە تاکی کوردستاندا.
ئێستا گەرمەی زەماوەندی خەباتی کوردەوارییە، کوردەواری وەک:
- خۆ خاڵی کردنەوە لە کلتووری حیزبایەتی، بە مۆدێلی باشوور و ڕۆژھەڵاتی.
- خوێندنەوەی نوێی مێژووی سیاسی حیزبەکان.
- داھێنان لە شێوازی بەرەنگار بوونەوەدا.
- بایەخدانی بە زمان، چون زمان ئامرازە ھەرە لە پێشەکەی بەرەنگار بوونەوە و پێکەوە گرێدانی نەتەوەیەکە، وەک نان و ئاوە بۆ زیندوێتی میللەتێک.
- پێشخستی ھەموو مێتۆدەکانی خەبات.
تۆ بڕوانە، ئەو ڕۆژە دێت:
نەتەوەکە، لەپای گیان سپاردنی کاک سەلاحەکاندا لە ناو کورەی سوتێنەریی شەڕی دۆڕاوی نێوان سەرکردایەتی حیزبەکاندا بە ناوی کوردایەتییەوە، سەرانی باشوور و ڕۆژھەڵات، دادگایی بکات، چون ئەوانەی گیانیان بەخشی، کوڕی نەتەوەکە بوون.
ئەو ڕۆژە ژمارەی شەھیدەکان، ئاستی بەرپرسیاریی سەرکردەکان، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
- تا تینی کوردەواری گەرمتر بێت.
- زمانەکەی زوڵاڵ تربێت.
- تاکی کورد وشیارتر بێت.
- یەکێتی نەتەوەیی بەھێزتربێت.
- کاڵ بوونەوەی کلتووری حیزبایەتی بە مۆدێلی، باشووری و ڕۆژھەڵاتی، خێراتر و ڕۆژی لێ پرسینەوەش نزیکتر دەبێتەوە و
ئەوسا:
یەکەم گوڵاڵە سورەی ئازادیی، لە سەر گۆڕی ونی شەھیدی کورد، مژدەی
(نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار)، بە گوێی جیھاندا دەدەن.
خەباتی کوردستانیتان بەردەوام و پیرۆز بێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە