باخ بەرەڵا(١*)

Friday, 28/08/2020, 1:19

4827 بینراوە


جاران کە باس لە ڕێبازی سۆفیگەری دەکرا، تەنها دوو ڕێباز سەر زار دەکەوت (٢*)، بەڵام لە سایەی سیاسەتی خۆویستانەی ڕێبەرانی سیاسی هەرێم و داهێنەرانی نوێخوازی ، چەند ڕێبازی سۆفیگەری سیاسی نەک ئاینی هاتنە ئارا.
ڕاستە زۆر لە پارێزەرانی دەستەڵاتی گەندەڵی هەموو بنەماڵە سەردەستەکان خۆیان پەرژەوەندی تایبەتیان هەیە، بەڵام توێژێکی سۆفی ئاسا هەیە سەرەڕای ئەو هەموو شکست، دزی، گەندەڵی و بازرگانی بە گیان، و داهاتووی کوردستان هێشتا شێلگیرانە بەرگری لە مانەوەی دەستەڵاتی بنەماڵەیی گەندەڵ دەکەن. بۆ بیانوو هێنانەوە و خەڵک خەڵەتاندنیش باس لە پیرۆزی ڕێباز و بەرگری لە بەرهەمی خوێنی شەهیدان دەکەن. ئەگەر ئەمە دەروێشی سیاسی نەبێت ، دەبێت بە چی ناوزەد بکرێت.
ئەم دەروێشانە بۆ کپ کردنی بۆڵەی خەلک بەرامبەر بەو هەموو گەندەڵیانە دەڵێن ئەگەر فڵانە ڕێبەر بمایە یا فیسار لە دەستەڵاتدا بمایە ئەوا هەرگیز ئەمانە ڕوی نەئەدا.
ئەمە جۆرێکە لە بە گێل زانینی خەڵکە و بەڵام لە بنەمادا خۆ گێل کردنیشە.
یەکەم: ئەگەر کەسێک هیچ پۆستێکی فەرمیشی نەبێت، بەڵام هیچ پڕیارێک بەبێ ڕەزامەندی ئەو تێنەپەڕێت ئەوا بەدڵنیاییەوە لەم بار گرانیەی کوردستاندا بەرپرسی یەکەمە.
دووهەم: هەرلەسەرەتای دروستبونی قەوارەی هەرێم پاش شەڕی کەنداوی دووهەم هەر هەموو ڕێبەرانی سیاسی بەوانەی ماون یا نەماون لە بە تاڵان فرۆش کردنی هەرچی دەستاگاوماشینی گرنگی لەمەڕ بنەمای ئابوری کوردستان لە قۆناغی یەکەمدا بەشداربوون . پاشان دەرگا بۆ کۆمپانیا ساختەکانی وڵاتانی داگیرکەری کوردوستان واڵاکردن بە ئاسانکاری بێسنوورەوە، لەبەرامبەر بەوەدا ڕێگیری و تەگەرە بۆ کۆمپانیا خۆماڵیەکان دروستکرا. ئەمە جگە لە بەخشینی زەوی و زاری بەنرخ بە سەر بەرپرسە عێراقیە دڵڕەشەکاندا، یا سەدان تاکی (ژن و پیاو) بە پلەی زۆر باڵا لەسەر بودجەی کوردستان خانەنشین کردن ،
سەرانی دەستەڵات و پەرژوەندیداران کە لەسەر حسابی برسێتی و کۆڵەمەرگی خەڵکی کوردستان خۆشگوزەرانن وا بە ئاسانی وازناهێنن، بەڵام ئیتر کاتیەتی دەروێشەکان بەئاگبێنەوە
کە سەرکرد ەکانیان لە ژیاندابوون و لە دەستەڵاتدیشدا بوون کاتێ باخ بەرەڵای کوردستان جاڕی لێدرا.
١*- باخ بەرەڵا: کاتێک باخ یا بۆیسان بەروبوومەکەی دەڕندرا و چیتر ئەوەندەی پێوە نەدەما خاوەنەکەی جاڕی باخ بەرەڵای دەدا.
٢*- مەبەست ڕێبازی نەقشبەندی و قادریە کە دەروێشەکانیان هەموشتێک بۆ شێخەکەیان هەرچەندە لەگەڵ داب و نەریتیشدا نەگونجێت بەڕەوادەبینن، و پاساویشی بۆ دەهێننەوە.



قادر حەمەکەریم
سوید ٢٥/٨/٢٠٢٠

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە