ڕیفراندۆم و ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو (بەشی یەکەم)

Sunday, 30/08/2020, 22:53

3074 بینراوە


لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، شەڕێکی جیھانی بەڕێوەدەچێت و ھەرلایەنیک و دەوڵەتێک و نەتەوەیەک پڕۆژەی خۆی ھەیەو لەوپێناوەدا، دەیەوێت جێپێی خۆی قایم بکات و ببێتە خاوەن پێگەو دەسکەوت لە لەسەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. لەم شەڕەدا، سێ جۆر شەڕ بەڕێوەدەچێت؛ ووڵاتانی زلھێزی جیھانی، ووڵاتانی ستاتۆپارێز واتە دەوڵەت- نەتەوە ناوچەییەکان، لایەنی سێھەم نەتەوەکانن بەپێشەنگی کوردی ئازاد.
ئەوەی گرنگە لەم باسەماندا، شەڕی داگیرکەرانی کوردستان و گەلی کوردە.
گەلی کورد، دۆزێکی تابڵێی پڕکێشەی ھەیەو نەناسراوە. بۆیە تێکۆشانی گەلی کورد، بەدۆخێکی زۆر تایبەت و جیاواز لەبزوتنەوە ڕزگاری نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی جیھاندا تێدەپەڕێت. ئەو گەلەی لەسیستەمی جیھانیدا ھیچ جێگەو پێگەیەکی نیەو ھەمیشە وەک تەڵەزگە لەناوچەکەدا بۆ بەدەستھێنانی ئامانجە دەرەکیەکان بەکارھێنراوەو، لەناوخۆشیدا ئاڵینراوە لەکۆمەڵێک ئامانجی داخراوو بەدینەھاتوو، خولاوە لەناو کایەکانی بێ ئومێدی و بێ ھیواییدا.
ئەوەی زۆرترین کێشەکان قوڵ دەکاتەوەو ناھێڵێت ڕێگەو دەرفەتەکانی بیرکردنەوەو ڕێبازەکانی تێکۆشان، بدۆزرێتەوەو بەکاربھێنرێت. کوردو سەرکردایەتی سیاسی پاشڤەڕۆ، داخراوو، گرێدراوە بەداگیرکەرانی کوردستانەوە. بۆیە تێکۆشانی گەلی کورد لەقۆناغی یەکەمدا بۆ ناسنامە بوەو ھەیەو لەوپێناوەدا لەسەردەستی کوردی ئازاددا، ھەنگاوی باشی ھەڵھێناوەو دەسکەوتی باشی بەرھەمھێناوە. بەڵام ئەم دەسکەوت و ھەنگاوانە نەبوەتە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی، دەستورێکی دیموکراتیک و یاسای فەرمی ناوچەیی و جیھانی.
بۆیە ئەم دەسکەوتانە، ھەمیشەو بەبەردەوام لەژێر گوشارو ھەڕەشەی سڕینەوەو لەناوبردندا بوە. کەگەلی کورد لەوپێناوەدا لەتێکۆشان و ڕەتکردنەوەی ئەو گوشارو شەڕی سەپاندنی سڕینەوەیەدابووە. ئەوەی دۆخەکەی لە گەلی کورد قورسکردوە. ھێڵی بەرژەوەند پەرستی خێڵەکی حیزبی دۆگماییە. کەتەواوی بەرژەوەندیەکانی گەلی لەخۆیدا قەتیس کردوەو خۆی خستوەتە جێگەی ناسنامەو بوونی نەتەوەیی و بەرژەوەندیە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانەوە. بەوپێیە پێگەی نەتەوەیی و ناسنامەی ھاوڵاتی و ھاونیشتیمانی بوونی کردوەتە بوونی ناسنامەی خێڵەکی و حیزبی و ئەوکێشە ئاڵۆزو پڕگرێیەی بچوککردوەتەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندیەکانی حیزب- خێڵ- بنەماڵە و تاکەکەسی. ئەو لێدانەی کەچەمکی بیرکردنەوەی بچوکی خێڵگەرا- دۆگماتیزم لەتێکۆشانی گەلی کوردی داوە ھیچ دوژمنێک زەرەرو لێدانی کوشندەی وای نەداوە. ئەوەی دوژمن دەتوانێت، بەدەستی بێنێت و بیکات لەڕێگەی ئەو ھزرو بیرکردنەوە خێلگەرایی- تاکەکەسیەوەیە دەتوانێت کاری بۆ بکات و بەدەستی بێنێت.
ئەگەر سەیری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بکەین، دەبینین و دەستەکان ئاشکران. کەھێزو لایەنەکان و دەوڵەتەکان بەشوێن چیەوەن، بۆیە کاروکردەوەکانیش لەئاستی پڕۆژەی دور مەوداو مام ناوەندی و ئانیدا تێدەپەڕێت. داگیرکاری باشوری کوردستان و لێدانی ئەوستاتۆیەی ھەرێمی کوردستان، ئامانج و کاری دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان و سەرکێشیەکەشی دەوڵەتی تورکیا دەیکات. ھاوکارە بەئەمەک و جێبەجێکەرەکەشی حکومەتی ھەرێم و بەتایبەت پەدەکەیە.
بۆیە لەدورمەودادا دەوڵەتی تورک و پەدەکە نەخشەی لەناوبردنی دەسکەوتەکانی باشوری کوردستان ئەمادە دەکەن و بەڕێوە دەبەن. دەوڵەتی تورک ئامانج و شەڕی خۆی لەدژی گەلی کورد نەشاردوەتەوەو دەیانجار، ڕایانگەیاندوە. کە ئەوان لەباکوری عیراق، ھەڵەیەکیان کردوە، کەڕێگەیانداوە ستاتۆیەک دروست ببێت. بۆیە ھەموو کارێک دەکەن بۆئەوەی ئەوھەڵەیە( کەبەزەلکاو ناودێری دەکەن) چارەسەر بکەن و ئەوستاتۆیە بسڕنەوەو لەناوی ببەن.
چی ئەو ستاتۆیەی پاراستوە؟
بەسەرنجدان لەمێژووی ناکامی و تێکشکانی تێکۆشانی نەتەوەیی گەلی کورد. ئەوبیرۆکەیە دروستبوو کە دەبێت سەیری مێژووی تێکۆشانی گەلی کوردبکرێت و کەموو کوڕیەکانی ڕەخنەبکرێت و چارەسەر بکرێت. لێرەوە بیرۆکەی لێگەڕین لەکێشەی کورد بەشێوەیەکی زانستی، سۆسێلۆژی و ئازاد دەستی پێکرد. لەسەر ئەوبنەمایە بیرمەندی گەورە ئۆجەلان و لەوێشەوە پارتی کرێکارانی کوردستان دروست بوو. بیرکردنەوەکان، بوونە جیھانبینی و ئایدۆلۆژیاو سیستەم. لەسەر ئەو سیستەمە پارت، دەزگاو سازی تێکۆشەرانە دروستبوون. کەئامانجیان چارەسەری کێشەی کوردو پێکەوە ژیانی گەلان و ئاواکردنی کۆماری دیموکراتیک و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بوو بەپەیمانێکی کۆمەڵایەتی ئازاد. کە ھەموو لایەک بەپێکھاتەی جیاوازیەوە بەشداربێت لە ئاواکردنی و بڕیارلێدانی و ژیانکردن تێیدا.
ئەم تێکۆشانە لەبەردڵی سیستەمی فەرمی و بڕیارلێدراودا نەبوو. بۆیە ھەر لە ساتەکانی ژیانکردنیەوە کەوتە بەر نەفرەت و ھێرشی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری. چونکە نوکی ڕمەکەی ڕووی لەسیستەمی فەڕمی بوو کەپێگە و ناسنامەی گەلی کوردی تێدا نیە. بۆیە شەڕەکان و پیلانگێڕیەکان. دووراییەکی جیھانی و نێودەوڵەتی وەرگرت. بەوە گەلی کوردیش کەوتە خۆئامادە کردن بۆ شەڕێکی گەورەو گرانی لەوشێوەیە. بەھۆی ئاڵوگۆڕ و قەیرانە ناوخۆییەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و چاوچنۆکی ئەو مۆدێڕنیتەیە بۆ قازانجی زیاترو ڕێگریەکانی دەوڵەت- نەتەوە بۆ ئەوزۆرترین قازانجە. پێویستی گۆڕینی ناوخۆیی سیستەم و لابردنی لەمپەرەکانی ئەوزۆرترین قازانجە وای کرد کە ووڵاتانی زلھێز پڕۆژەی گۆڕینی ئەو دەوڵەت نەتەوانە بخەنە بواری کارکردنەوەو لە ئێراق و ئەفغانستانەوە دەستیان بە ئاڵوگۆڕی ئەو نەخشانەکرد.
بەھۆی شەڕەکانی کەنداوو دروستبوونی بۆشایی لە ئێراق و ھەبوونی گەلی کوردەوە، ئەوبۆشاییە تەقیەوەو دەسەڵاتێکی خۆجێی کوردی بەپشتیوانی ھاوپەیمانان دروست بوو. کەئامانج لێی بەکارھێنانی ئەو ستاتۆیەبوو بۆ نەخشەکانی خۆیان.
بەڵام گەشەکردنی ھێڵی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردو ھێزی پاراستنی گەل مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت- نەتەوەی تورکیای سەغڵەت و توڕەکردو کەوتە بەردەوامی شەڕوھێرش. ھێزی خۆی تێری بەڕەنگاڕی بەڕەو پێشچون و سەرکەوتنەکانی تێکۆشانی ئازادی کوردانی نەدەکرد. بۆیە کەوتە بەکارھێنانی لایەنە کوردیەکان و قوڵکردنەوەی ناکۆکی ناوماڵی کوردو پێکدادانیان. لەو پێناوەدا، ھێزەکوردیەکان پێکەوەو بەجیا کەوتنە بەرامبەر ھێڵی تێکۆشانی دیموکراتیک و ئازادی گەلی کوردەوە. بەھۆی پێوستی بەکارھێنانی ئەوھێزانە بۆ شەڕی دژی تێکۆشانی گەلی کورد، بەردەوامیان بە درێژەپێدانی تەمەنی حکومەتی ھەرێم و حیزبە فەرمیەکان دا.
بەبەردەوامی تەمەنی ئەوحکومەتی ھەرێمە لەناو چوارچێوەی جێبەجێکردنی نەخشەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا بوە. شەڕەناوخۆییەکانی کوردان، دەرفەتی دەستێوەردان و ڕێککەوتنە ژێربەژێرەکانیان، دەسگیرۆیی سوپاداگیرکەرەکانی کردوە بۆ جێگیربوون لەسەرخاکی کوردستان، و نیشتیمان تەسلیمی ھێزی داگیرکەر کراوە. ئەو حیزبانەی باشوری کوردستان بەپێشێل کردنی مافی ھاوڵاتی بوون ھاونیشتیمانی بوون و وەستانەوە لەدژی دیموکراتیزەبوونی کۆمەڵگەو پێشێل کردنی ماف و ئازادیەکانی کۆمەڵگە، کەشێکیان دروستکردوە. کەھەمیشە لەبەر نەفرەت و ھێرشی کۆمەڵگەدابن. بەوھۆیەوە بۆمانی خۆیان و بەھۆی ھاوکێشە دەرەکیەکانەوە، ھەمیشە دەستیان بۆ ھێزە دەرەکیەکان ڕاکێشاوە کەبیانپارێزن. پاراستنیش داواکاری ھەیە.
ئەو داواکاریانە لەبەرامبەر پاراستندا چی بوون؟
تێکۆشانی گەلی کورد گەیشتبوە ئاستێک، کەدەسکەوتی گەورەی بەدەستدەھێنا. ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەو بەرخۆدانی بەردەوامی پەکەکەو گەریلاو دروستبوونی بۆشایی گەورەو ھێرشەکانی دەسەڵاتدارانی باشور بۆسەر ئاستی ئازادی و گوزەرانی خەڵک. کەشێکی ڕاپەڕین و دژ وەستانەوەی لەبەرامبەر ھێزە کوردیەکاندا دروستکرد. بەوە دەرفەت بۆ داگیرکەرانی کوردستان دروستبوو، کەلەبەرامبەر پاراستنیاندا، بەشوێن نەخشەکانی خۆیان بکەون.
ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لەناوچوونی سەدام. دەرفەتی بەئێراندا، کەتۆڵەی خۆی لەئێراق بکاتەوە، بەتایبەت لەسووننەی ئێراقی. لەڕێگەی کوشتار، فڕاندن وھەژارکردن و کاولکردنی شارو شارۆچکەو گوند و ڕەزوو باخی ناوچەسونیەکانەوە. دەوڵەتی تورکیش بەھۆی ئەوبۆشاییەوە کەوتەوەبیری جێبەجێکڕدنی نەخشەی زیندوو کردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی. بەوھۆیەوە دەستی کرد بەداگیرکردنی ئابوری، کلتوری وبازرگانی باشوری کوردستان. بۆیە لەڕێگەی پەدەکەوە پەیمانێکی ٥٠ ساڵەی نەوت و ٢٥ ساڵەی غازی واژۆکردوە. کە تورکیا دەتوانێت پێکەوە بۆ ٧٥ ساڵ خاوەنی نەوت و غازی کوردستان بێت. بۆئەوەی بتوانێت وویلایەتی مووسڵ بگەڕێنێتەوە سەر تورکیای عوسمانی نوێ پێویستی بەئامادەکاری گرنگ ھەبوو، بۆ:
١-لێدان لە پەکەکەو ھێزی پاراستنی گەل.
٢-دروستکردنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ پەدەکە وحکومەتی ھەرێم. لەڕێگەی برابەشی و بێدەنگی ھێزەکانی ترەوە.
٣-وەڕێخستنی ڕیفراندۆم، وەک وەڕەقەیەکی براوە بۆ دواڕۆژ بۆسەرخستنی گەڕانەوەی وویلایەتی موسڵ.
٤-دوای ھەموو ئەوانە داننان بەپێویستی مانەوەی حکومەتی ھەرێم و یەکلاکردنەوەی ئەو حکومەتە بۆ ژێردەستی پەدەکە. بۆئەوەی بێ بەرامبەرکێی ھێزیتر بتوانێت نەخشەکانی دەوڵەتی تورک جێبەجێبکات.
بۆیە لەھەڵبژاردنەکانی ساڵی () کەوتنە دۆخی پارتیەکی بەھێز مانای کوردێکی بەھێز.
ڕیفراندۆم چ واتایەکی بۆ گەلی کورد ھەیە؟
خەیاڵی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی ئەو ئاوات و خەونەیە کەگەلی کورد، بەدرێژایی مێژوویەکی قوڵ و دورودرێژ، قوربانی و تێکۆشانی بۆدەکات. بێ ئاگالەوەی خەونی دروستکردنی دەوڵەت، چ تەڵەزگەو کۆمپلۆیەکە بۆ بەلاڕێدابردن و لێدان لە تێکۆشانی گەلی کوردو چ جەھەننەمێکە داخراوە بۆ ئەم گەلە لەناو چواردەوڵەت- نەتەوەی داگیرکەری کوردستاندا.
بۆیە ھەر ئامانجێکی تێکۆشەرانەت ھەبێت، پێویستە ھەلومەرجەکانی بەدیھێنانی ئەو ئامانجانە شرۆڤەو شیبکەیتەوەو بەپێی ئەوە، بەرنامەو ئامانجەکان دیاریبکەیت و ڕێ و ڕێبازی تێکۆشانی بۆ بخەیتە کارەوە. دروستکردنی دەوڵەت بۆکوردان، بەھەلومەرجێکی سەخت و گەمارۆدراودا تێدەپەڕێت و دەرفەتەکانی دروستکردنی دروستکردنی ئەو دەوڵەت- نەتەوەیە سەختە. بەچەندھۆکار؛
١-لەسیستەمی جیھانیدا جێگەیەک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی کوردان نیە.
٢- دەوڵەتانی داگیرکەر گەمارۆی نیشتیمانی کوردانیان داوەو ھێزیان لێبڕیوە.
٣-حیزبەکانی دروستکەری دەوڵەتی کوردی، وەک گەمەیەکی بەرژەوەندی خۆیان بەکاریدێنن.
٤-لەسیاسەتی جیھانیدا وەک گەمەی ( کەروێشک ڕاکە، تانجی بیگرە) بەکاری دێنن. بۆ دروستکردنی فشارەکان لەسەر دەوڵەتانی ناوچە و گرێدانیان بە ( دروستی دەکەم و دروست دەبێت) تابتوانن لەو گەمەیەدا، دەوڵەتەکانی ناوچە بەخۆیانەوە گرێبدەن.
٥-لەھەمووی گرنگتر، دەوڵەت- نەتەوە بەرھەمی ئاواکردنی سیستەمی مۆدێڕنیتەیە، کەمێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ٢٠٠تا٤٠٠ ساڵ لەمەوپێش. لەسەردەمی سەرمایەی فینانسدا، ئەوسیستەمە کۆن بوەو ڕێگری لەسەر دەسکەوت و سیستەمی زۆرترین قازانج دەکات. بۆیە خودی سیستەم دەیەوێت ڕۆڵە بەرھەم ھاتوەکەی خۆی لەگۆڕبنێت و شتێکی تر بخاتە جێگەی لەگۆڕنراوەکە. بۆیە دروستکەرانی دەوڵەتی کوردی، لەکاروانەکە دواکەوتوون و شوێن کڵاوی بابردوو کەوتون. لەو ڕوانگەیەشەوە، بزوتنەوە گەلێکی کۆنەپەرست، دواکەوتوو، ونبوون لەمێژوودا.
ڕیفراندۆم، ئەگەر لەچوارچێوەی ئەو چەند خاڵەدا شیبکەینەوە( ئێمە لەدژی خواستی ئازادانەی خەڵک نین. بەڵام کاتێک دەبێتە گەمە، پێویستە ھەستیاربین ). ئەوا نەک خواستی خەڵک نەبوە، بەڵکوو ھەلومەرجە مێژوویەکەشی لەبارنەبوە. ئەی ھۆکارەکەی چیە؟ لەوەپێش وتمان دەوڵەتی تورک دەیەوێت، خەونی گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ و دروستکردنەوەی خەلافەتی عوسمانی نوێ بھێنێتەدی. بۆیە ڕیفراندۆم بۆ ئەو مەبەستە بەکاردەھێنرێت و دەیانەوێت لەڕێگەی بڕیارێکی سیاسیەوە کە پشت بەستوە بەدەنگی ڕیفراندۆم باشوری کوردستان کە دەکاتە ویلایەتی موسڵ، تەسلیمی دەوڵەتی تورکیا بکرێت و کەسیش ڕێگری لێ نەکات.
مێژوو چیمان پێ دەڵێت
ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەسەر ناکۆکی و شەڕ دامەزراوە. بەوپێیە پیلانگێڕی یەکێک لەڕوخسارە دیارەکانی سیاسەتی نائەخلاقیە. بەھۆی بوونی داگیرکاری و پیلانگێڕی و قۆرخکاریەوە، دەستەکان کەشف و دیارن. کاتێک، ڕژێمی بەعس کوێتی داگیرکرد. بۆئەوەی سیمایەکی یاسایی پێبدات. کەسێکی دروستکرد بەناوی ( عەلا حسێنەوە) گوایە سیاسەتمەدارێکی کوەیتیەو داوای لە حکومەتی عیراق کردوە، کە کوێت وەک ١٩ ھەمین پارێزگای دابڕاو بخرێتەوە سەر ئێراق. بەوپاساوەی کە لق دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵ.
بۆیە ئەگەر سەیری داڕشتنی ناوچەکەو ناکۆکیەکانی بکەین. دەبینین مێژوویەکی ھاوشێوە، بەدەستی ھێڵی کوردایەتی کلاسیک بۆ داگیرکەری تورک بەڕێوەدەچێت. ئەو ھێڵە کوردایەتیە دوو تەوەری گرنگی گرت بەدەستەوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەی داگیرکاری باشوری کوردستان؛
١-کردنی ڕیفراندۆم، سەرەڕای ناڕەزایەتیەکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکی و تەنانەت ھوشداری دانیش بەبکەرانی ڕیفراندۆم. لەکۆتادا بەبێ گوێدان بە ئاگاداری و ھوشداریەکان، ڕیفراندۆم کراو لە⁄٥١ناوچە کوردستانیەکان! لەدەستدرا.
٢-لە ھەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی ٢٠١٩دا پڕوپاگاندە بۆ پەدەکەیەکی بەھێز،واتە حکومەتێکی بەھێز دەکرا. بە ئاشکراو نھێنی کار بۆ دروستکردنی یەک حیزب، یەک سەرۆک و یەک دەنگی دەکرا. بۆچی؟
بۆئەوەی حیزبێک بەتەنیا بتوانێت زۆرینەی دەنگدان بەدەست بێنێت و بتوانێت شەرعیەتی دەنگدان و یاسایی بەدەست بێنێت بۆ دروستکردنی حکومەتی ھەرێم. ئەویش لەپێناوی ئەوەی بتوانێت بەزۆرینەی پەڕلەمانی شەرعیەت و ڕەوایەتی بدات بەسیاسەتەکانی..
ئەگەر سەیری مێژووی ڕابردووی پەدەکە بۆ دەستگرتن بەسەر حکومەتی ھەرێمدا بکەین، دەبینین ھەوڵەکانی چەند گەورەو بەرچاون. لەلێدان لە پەڕلەمانتاران. دەرکردنی سەرۆکی پەڕلەمان و داخستنی دەرگای پەڕلەمان. داگیرکردنی بەھێزی دەوڵەتانی داگیرکەڕ. پەلکێشی سوپای تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاکی باشوری کوردستان و لێدان لە پەکەکەو شەڕ لەگەڵ گەریلاکان و لێدان زیندانی کردنی شەقام و دەنگە ناڕازیەکان و دەرکردنیان لەقەڵەمڕەوی دەسەڵاتی پەدەکەو لێدان لە ھەر ڕێکخستن و ھێزێک کەلەدەرەوەی خواست و تێڕوانینی پەدەکەدا بێت. گەمارۆدانی خۆبەڕێوەبەری شەنگاڵ و دروستکردنی دەرفەت بۆ کاری سیخوڕی تورکان و لێدان و بۆردومانکردنی شەڕڤانانی ئێزدیخان. گەمارۆدانی کەمپی ئاوارەکانی شەھید ڕۆستەم جودی لەمەخمورو بەم دواییانەش گرتن و زیندانی کردنی نەیارانی داگیرکاری و تەسلیم کردنیان بەدەوڵەتی تورک و فڕاندنیان بۆ تورکیاو زیندانی کردنیان.
باسکردنی زۆرێک لەسیاسی و حیزبە ئیخوانیەکان بۆ بەکارھێنانی کارتێکی کاریگەر لەلایەن سەرۆکایەتی بارزانیەوە، وامان پێدەڵێت، کە وەک عەلاحسەین. لەسەر دەسکەوتی ڕیفراندۆم، باشوری کوردستان تەسلیمی دەوڵەتی تورک بکرێت و ویلایەتی موسڵ بگەڕێتەوە دەستی دامەزرێنەرانی خەلافەتی عوسمانی نوێ. بۆیە ڕیفراندۆم، ئەگەر بەبڕیاری بارزانی و پەدەکەو بەداوای لێبوردن لە حکومەتی عیراق و ناوەندەکانی بڕیاری عیراقی و جیھانی ھەڵپەسیردرا، بەڵام لەناوخۆدا وەک کارتێکی براوە قسەی لەسەر دەکرێت و بەکار دەھێنرێت. داھاتووش زۆری لە ھەگبەدایە. کەواتە پرسی داگیرکاری دەوڵەتی تورک چەند دوراییە ( بعد) کی ھەیە کەدەتوانین قسەی لەسەربکەین.
یەکەم: دورایی نەتەوەیی.
دووەم: دوڕایی ئێراقی و ناوچەیی.
سێھەم: دورایی جیھانی.
یەکەم: دورایی نەتەوەیی،

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە