بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە گروپ و رێکخراو نییە، پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، ئەو رۆژە مەچنە دەرەوە.


۳۱ـی ئاب پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق یان خیانه‌ت؟!

Sunday, 08.30.2020, 23:11

2267 بینراوە


هیچ ڕوداوێك و خیانه‌تێك وه‌كو ۳۱ـی ئاب مرۆڤ بیتاقه‌ت ناكات ، ۳۱ـی ئاب به‌ هه‌موو ده‌لاله‌ته‌كانی ڕوداوێكی مێژووی قێزه‌ونه‌ ، ۳۱ـی ئاب كوردبونیشی خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ ، چه‌ند ڕۆژێك پیش ۳۱ـی ئاب یه‌كێتی له‌ ڕووی چه‌كدارییه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی پارتی گۆشه‌گیر كردبوو ،پارتیش بۆ ده‌ربازبوون له‌ گۆشه‌گیری په‌نای برده‌ به‌ر حزبی به‌عس ومه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی نامەیه‌ك بۆ سەددام حسێن ده‌نووسێت ‌و داوای هاوكاری لێده‌كات ،حیزبی به‌عسیش له ‌ماوه‌یه‌كی كه‌ما هێزه‌كانی (گاردی كۆماری) نارده‌ هانای پارتییه‌وه‌، له‌ دوای ۳۱ی ئاب مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، لەدیدارێكیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت باس لە ناوەرۆكی نامەكەی بۆ سه‌ددام حسێن ده‌كات و ده‌لێت : بۆیە ئەو داوای یارمەتیمان لە سه‌رۆكی خۆشه‌ویست سه‌ددام حسێن كردووە، چونكە سه‌روه‌ری عێراق‌ پێشێل كرابوو پارتیش توانای بەرگریكردنی نەماوەو هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ناوچونی له‌سه‌ر دروست بووه‌ ،هاوكات هه‌م تاریق عه‌زیزو هه‌میش محەمەد سەعید سەحاف بەرۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی راگەیاند: به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتییه‌وه‌ چوین چونكه‌ سه‌روه‌ری عێراق پێشێل كرابوو .

۳۱ی ئاب یه‌كێكه‌ له‌ رۆژه‌ ره‌شەكانی تۆماری مێژووی كورد له‌ هه‌رێمی كوردستان ،پارتی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێ و هاوسه‌نگكردنی باری لاری سیاسی و سه‌ربازیی خۆی له‌به‌رامبه‌ر یه‌كێتیی دا هانای بۆ دیكتاتۆرترین رژێم له‌ ناوچه‌كه‌دا برد كه‌ ته‌نیا پێنج ساڵ بوو ڕاپه‌رین رژێمی به‌عسی ده‌رپه‌راندبوو ،به‌ڵام دوای پێنج ساڵ، هه‌مان سوپا وهه‌مان دیكتاتۆر به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ چاوساغی وده‌ستگیرۆیی پارتی سوپای به‌عس و گاردی كۆماری به‌ تانك و زرێپۆشه‌وه‌ هێنرایه‌وه‌ بۆ سه‌رخاكی كوردستان وچه‌كه‌كان له‌ گیانی خه‌ڵكی كوردستاندا تاقیكرایه‌وه‌و بینای په‌رله‌مانی كوردستان خرایه‌ ژێر بۆردومان و زنجیری ده‌بابه‌ی به‌عسیزمه‌وه‌ .

له‌پاڵ هێزه‌كانی سوپای عێراق‌و گاردی كۆماری هێزه‌كانی‌ فه‌رمانده‌ی‌ عه‌مه‌لیاتی‌ "ئه‌ڵاهوئه‌كبه‌ر" و هێزه‌كانی‌ عه‌دنانی‌ گاردی‌ كۆماری- لیوای‌ ۳۹ی‌ پیاده‌ی‌ گاردی‌ كۆماری- لیوای‌ كۆماندۆی‌ گاردی‌ كۆماری‌- لیوای‌ ۳۸ی‌ پیاده‌ی‌ گاردی‌ كۆماری‌- لیوای‌ زرێپۆشی‌ ٤۰- تیپی‌ ۷‌و ۸‌و یه‌كی‌ پیاده‌و لیوای‌ چوار‌و پێنج‌و شه‌شی‌ پیاده به‌شداربوون، ۳۱ی ئاب مشتومڕی چڕوپڕی لە كۆنگرێسی ئەمەریكادا لێكه‌وته‌وه‌، بە پێی بەڵگەنامەكانی كتێبی ( كورد و كوردستان لە بەڵگە نامە نهێنییەكانی ئەمەریكادا) ۳۱ی ئاب زۆرترین مشتومڕی لە كۆنگرێسی ئەمەریكادا دروست كرد‌، ئه‌نجومه‌نی پیران ڕه‌خنه‌ی توندیش له‌ كلینتۆنی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا ده‌گرێت له‌باره‌ی ۳۱ـی ئاب و په‌یوه‌ندییه‌ ژێر به‌ ژێره‌كانی پارتی و به‌عس ،چونكه‌ به‌ هۆی ۳۱ـی ئابه‌وه‌ بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاش لە ناوچەكە كه‌وتووه‌ته‌ مەترسییەوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ چه‌ندین قۆناغ و وێستگه‌ی مێژویدا کەواسوری بەر لەشکری دوژمنانی كورد بووه‌ ،پارتی له‌ هه‌ر وێستگه‌یه‌كی مێژویدا لەژێر ناوی کوردایەتی پاراستنی نیشتیمان و میله‌تدا خیانه‌تێكی تێدا ئه‌نجام داوه‌ ،پارتی لە دوای ۳۱ی ئابه‌وه‌ له‌ زۆربەی هێرش و په‌لاماره‌كانی تورکیا دژ بە پەکەکە بەشدار بووه‌ و چاوساغی تورك بووه بۆ هێنانی له‌شكری تورك بۆ سه‌رخاكی هه‌رێمی كوردستان ‌، دوای دروستبوونی شۆڕشی گەلانی سوریا رۆژئاوای كوردستان پێویستی به‌ كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆیی باشوری كوردستان بوو ،به‌ڵام پارتی كۆسپ بوو له‌به‌رده‌م دروستبونی كانتۆنه‌كانی ڕۆژئاواو خه‌نده‌قی هه‌ڵده‌كه‌ند دژ به‌ ڕۆژئاواو هێزی چەکداری دروست دەکرد بۆ لێدان له‌ كوردانی ڕۆژئاوا، پارتی سیاسه‌تێكی ناته‌ندروست و نانه‌ته‌وه‌یی گرته‌به‌ر به‌رامبه‌ر باکور و رۆژئاوای کوردستان .

له‌ ۳۱ی ئابدا هه‌ر ئه‌و هێزو ده‌بابانه‌ی رۆژگارێك ۱۸۲هه‌زار کوردیان زیندە بەچاڵ کردو ٥٠٠٠ مرۆڤی بێتاوانی لەهەڵەبجەدا شەهید کرد ، پارتی فه‌رشی سوری بۆ راخستن ،۳۱ی ئاب، زیانی گه‌وره‌ی گه‌یاند به‌ ئاسایشی نیشتمانی و به‌ قازانجی رژێمی به‌عس ودوژمنانی كورد شكایه‌وه‌ و تێروانینی زۆرێك له‌ دۆست و وڵاتانی پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌ كه‌ داكۆكیكار و پشتیوانی گه‌لی كورد و مافه‌ ره‌واكه‌ی بوون.