وەڵامێکی درێژ بە پرسیارێکی یەکجار ئاسان: ئایا دەبێت چی بکرێت؟ (بەشی یەکەم)

Monday, 08.31.2020, 23:00

2163 بینراوە


 نووسەر و خوێنەواری کورد چارەسەرێکیان پێ نییە، بۆ ئەو بار و دۆخەی کە هەرێم پێیدا دەڕوات، جگە لە رێنمایی و پاساوهێنانەوە بەرەو رازییبوون و تەسلیمبوون 

پێناسەی رووناکبیر و رۆشنبیر، کە وەک مەدالیایەک دەسەڵات بە هەندێ نووسەری داوە و لە راگەیاندنەکاندا بۆتە پێشگری ناوەکانیان، ئەم خەڵاتە بۆ ئەوەیە تا ئەوانە رەخنەی رێگاپێدراو بگرن، هەندێک جار  روو لە لایەنێکی دەسەڵات وەرگێڕن، روو لە لاکەی تر بکەن. خوێنەری سادە بە باشی لە کۆدی نێوان وشە و دەربڕینەکان ناگەن، کە هەمیشە بیانوو و پاساو و هۆکار دەهێننەوە بۆ خیانەت و مانەوەی دەسەڵات.
باشووری کوردستان، کە رووناکی لە بیرکردنەوە، رووشنایی لە هەڵوێستی زۆربەی نووسەراندا نییە، ئەو گروپەی  خۆیان کردۆتە دەمڕاست و روناکبیری ناو کایە ئەدەبیی و سیاسییەکان، خۆیان بە رابەری قەڵەم و زانست و مەعرفە دەزانن، ئەوانەن کە دەسەڵات پشتی بەم سوپای قەڵەمبەدەستانە بەستووە، بۆیە پشت ئەستوورە لەسەر هەموو تاوان و خیانەتێک، کە بەرامبەر بە هاوڵاتیان دەیکەن، چیان بۆ لوابێت کردویانە، بۆیە کاتێک  لەلایەن مەفرەزەی قەڵەمەوە هێرش دەکرێتە سەریان ترسیان نییە، چونکە ئەم رووناکبیر و رۆشنبیرانە سنگیان بۆ بدەنە بەر نوکی مەفرەزەی قەڵەم، پارێزگاری لە مانەوەی دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتی دەکەن.
-----
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا و تا ئیستاش لە زۆربەی شارەکانی باشوور شەڕی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی و پارتی دەستیپیکردوە، لە (رانیە، کەلار، کۆیە، سیدسادق، قەڵادزێ، دەربەندیخان، شیلادزێ، سلێمانی، دهۆک و چەند شار و شارۆچکەی دیکەی هەرێم) خۆپێشاندان بەردەوامە، چی وا لە نووسەری کورد دەکات، بەو ئاڕاستەیە بنووسێت کە بێ هیوایی و نائومێدی بەو خەڵکە بدات، پێیان بڵێ ئەمەی ئێوە دەستان داوەتێ هیچی لێ سەوز نابێت، واز بهێنن!؟
با لە خوارەوە درێژە بە باسەکەمان بدەین:

(ئایا دەبێت چی بکرێت؟)

ناونیشانی نووسینەکەی من رێک پێچەوانەی بۆچوون و نووسینێکی مەریوان وریا قانعە، کە بەم ناونیشانە بڵاوی کردۆتەوە: (وەڵامێکی کورت بە پرسیارێکی یەکجار زەحمەت: ئایا دەبێت چی بکرێت؟).
مەریوان دەیەوێت وەڵامێک بەم بار و دۆخەی هەرێم بداتەوە، وەڵامەکەش جگە لە تەسلیمبوون و رەشبینی  هیچی تازەی بۆ خەڵکی پێ نییە.  لە نووسینەکەیدا دەسەڵاتی پێ هێوردەکاتەوە. هەڵبەت ئەم جۆرە نووسینانە لەم کات و ساتەداهەر ئەوەندەی پێدەکرێت کە خزمەتی دەسەڵاتی پێبکات و ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان لێ بکات، خەڵکیان بۆ سارد بکاتەوە و بێ هیوایان بکات، مەریوان عاقڵانەتر لە حەمە رەشید هەرەس راستەوخۆ نەهاتووە  پشتگیری بکات و ناڕەزایی دەرببڕێت، بەڵکو بە فۆرمێکی گونجاو، ئەوەی کردووە، ئەو پەیامە دەدات، کە بە خەڵکی دەڵێت هیچ مەکەن چونکە زۆر زەحمەتە، بەلام حەمە رەشید هەرەس، لە بێ عەقڵی خۆیەوە تێوەگلاوە، بێشەرمانە لە سایتی باسنیوزی دەزگای پاراستندا، باسی ئەزمونی حوکمڕانی خائینەکان دەکات، پێی خۆش نییە دزەکان دەستیان ببڕدرێت، خۆفرۆشەکان ریسوا بکرێن، خائینەکان سزا و دادگایی بکرێن، حەمە رەشید هەرەس، حکومەتی دزەکانی هەرێم بە حکومەتی کوردی دەزانێت، بنەماڵەی خائینزادەی کوردی بە شیاوی ئەو ئەزمونە دەزانێت، کە بە ئاشکرا سوپای تورکیایان هێناوەتە باشوور، هەرەس کە هەرەسی موراڵیی هێناوە، راشکاوانە و بە ئاشکرا پشتگیریی لە دزیی و وڵاتفرۆشتن دەکات، بە ئەزمونێکی سەرکەوتووی دەزانێت. (کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی وڕێنەکەی حەمەڕەشید هەرەس).
هەڵبەت قسە و بۆچوونەکانی مەریوان، جیاوازترە لە قسەکانی حەمە رەشید هەرەس، لایەنی کەم  ئەمەی مەریوان بۆ مێژووی کەسێتی خۆی شەرمێکی تێدا هێشتۆتەوە، هەرچەندە ناسراویشە بەوەی دژی پارتیی و بارزانییە، بەڵام ناراستەوخۆ لایەنگیریی دەسەڵات دەکات، لە گەڵیدا هەندێک وشەی خزاندۆتە نێو نووسینەکەی، تا گومان لای خوێنەر بڕەوێنێتەوە.
لە ناوەرۆکی وتارەکەیدا چەند جاڕێک ئەم وشانە بەکار دەهێنێت، وەک ئەوەی:

- زۆر زەحمەتە، کارێکی ئاسان نییە.
- نوخبەی سیاسی ئامادە نییە.
- توانای ئەرکی مێژووی نییە.
- کەس ناتوانێت لە شەو و ڕۆژێکدا دەستی ھەمووان بەرەو ڕۆیشتن بۆ بەھەشت بگرێت. 

بە کورتی، نووسینەکەی مەریوان پەیامێکی زۆر بێ هیوا و تاریك دەخاتە بەردەم خوێنەر، تەنیا یەک وشەی پوژەتیفی تێادایە، ئەویش ڕستەیەکە، دەڵێت:

ئەمە مانای ئەوە نییە کە لە ماڵەوە دانیشین هیچ نەکەین.

سەبارەت بەو پرسیارەی سەرەوە، کە دەگوترێت (ئایا دەبێت چی بکرێت؟) مەریوان هەر لە سەرەتاوە وەڵامەکەی بۆ داوینەتەوە، دەڵێت، ئەو پرسیارە ئێجگار زەحمەتە!
منیش وەکو نووسەری ئەم بابەتە دەمەوێت هەڵویستەیەک لەسەر قسەکانی مەریوان بکەم، پێی بڵێم: نەخێر زەحمەت نییە، ئەگەر ئەمە بۆ تۆ زەحمەتە، ئەوا بۆ نووسەر و خوێنەواری تر زەحمەت نییە! چونکە ئەرکی نووسەر و چینە خوێندەوارەکەی هیوابەخشینە، نەک رەشبینیی و نائومێدی، مەریوان خوێنەری سادە و ساویلکە دەداتە بەر مشتی بێ هیوایی نێو هەمانەی نووسینەکەی تا تەسلیم بێت و بڕوای پێ بکات، دەڵێت هیچ ناکرێت، بۆ ئەوەی کەسیش نەکەوێتە گومانەوە، لەناو نووسینەکەیدا هەندێک وشە و دەربڕینی تێئاخنیوە، تا وەسڵی گومان لە ناوەرۆکی نووسینەکەی دەربکات، ئەویش بە پێناسەکردنی دەسەڵات بە (دەسەڵاتی مافییایی و بنەماڵەیی و خێزانیی)، ئەم قسانەش ئەمڕۆ هەموو کەسێک دەیزانێت و خەڵکی ئاسایی بە رووی دەسەلاتیدا دەداتەوە، دەنگی توڕەی شەقام و خۆپیشاندانەکانیش لەوە زیاتر دەڵین، کە مەریوان تەنیا بەمە پێناسەی کردووە، واتا خەڵکی زۆر لە پێش مەریوان پارتیی و یەکیتیی کەوتوون.
لە رابردوودا مەریوان و هاوەڵەکانی ئەو قسانەیان بە جنێو و زمانی زبر ناو دەبرد، ئەمڕۆش هەموو نووسەرە دەربارەکانی سەر بەدەسەڵات رێگایان پێ دراوە بە کاری بهێنن، تەنانەت بەرپرسەکانیش ئەو جنێوانە بە خۆیان دەدەنەوە، کە خەڵکی پێیان دەدات. لە کاتێکدا کاتی خۆی نووسەرانی کوردستانپۆست بەر لە بیست ساڵ پێناسەی بارزانی و تالەبانی و پارتیی و یەکێتییان بە خائین و مافیا و دز و تاڵانچی و وڵاتفرۆش پێناسە دەکرد، ئەو سەردەمە مەریوان و هاوەڵەکانی، هەڵویستیان لەسەر کوردستانپۆست وەرگرتبوو، بەردەوام دژی نووسەرەکان، پشتگیریشیان لە پارتی و یەکێتی دەکرد، کاک مەریوان و برادەرەکانی دابەش بوو بوون بەسەر یەکێتی و باڵەکانیاندا لە (سەردەم، هاوڵاتیی، لڤین و ئاوێنە) لە هەموو بۆنەکاندا دەیان نووسی و لابەلا پشتگیرییان لە هەنگاوەکانی دەسەڵات دەکرد، دوایی چوونە ناو گۆڕانەوە، سەنگەریان لە کوردستانپۆست و ئێمەی ئۆپۆزیسیۆن گرتبوو، ئەمەش یەکێکە لە دەیان هۆکار، کە چۆن قوڕیان بۆ شەقام و بۆ دەنگی ناڕازیی گرتەوە.
مەریوان وریا قانع، یەکێکە لەو نووسەرانەی بۆ زۆربەی هەڵبژاردن و دەنگدان، هانی خەڵکی داوە، تا بچن دەنگ بدەن، بۆ هەردوو ریفراندۆمەکەی تالەبانی و بارزانیش دژی نەبووە، ئەو ریفراندۆمەی، کە وەکو خۆی نکوڵی لێنەکردووە لە 70% خەڵکی کوردستان بایکۆتیان کردووە و لە 70%ی نووسەر و روناکبیری کورد لە پشتی وەستاون.

خوێنەوار و رووناکبیر و کەسانی تێگەیشتوو دەبێت پێشبینیی بۆ داهاتوو بکەن و ئومێد بە خەڵکی بدەن

مەریوان لەو نووسینەکەیدا بە ناوی:
(وەڵامێکی کورت بە پرسیارێکی ھێجگار زەحمەت: ئایا دەبێت چیبکرێت؟)
هەوڵی داوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، کە بە زەحمەتیشی دەزانێت، واتا وەڵامی پرسیارێک کە هی ئەو نییە بە خراپی وەڵامی داوەتەوە، پێشی وایە هەر خۆی کەسی شیاوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە زەحمەتەی کە لێی کراوە.
داڤید بنگۆریۆن.. کە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئیسڕائیلە. لەم کتێبەدا بە ناوی (داڤید بنگۆریۆن، دامەزرێنەری دەوڵەتی جوو) باس دەکات دەڵێت:
 ئەگەر چووی بۆ لای هەر کەسێک تا وەڵامی پرسیارێکت بداتەوە، پێی وتی موستەحیلە (Impossible)، وازی لێبهێنە، بچۆ بۆ لای یەکێکی تر، تا وەڵامی راستی وەرگریتەوە. (کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە).
کە گوترا موستەحیل زۆر قورسترە لە زەحمەت، چونکە لە (موستەحیل)دا هەموو رێگایەک داخراوە، بەڵام لای کەسێکی وەکو داڤید بنگۆریۆن و سەدان نووسەر و روناکبیری میللەتانی تر، بۆ ئازادیی و سەرکەوتن موستەحیل و زەحمەت وەکو یەک کاری لەسەر دەکرێت، موستەحیل دەبێتە زەحمەت، زەحمەتیش وەکو پۆسەتیڤ ئاسان و کاری بۆ دەکرێت، موستەحیل تەنیا وشەیەکە، کە موستەحیل نییە، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی خەبات بۆ ئازادیی و رزگاری گەلی خۆیان دەکەن، بۆ کەسانی خاوەن بیروباوەڕ، دژی ستەم و داگیرکاریی موستەحیل بوونی نییە، داڤید بینگۆریۆن چونکە بڕوای بە خۆی بوو، هەموو دەرگاکانی بە رووی موستەحیلدا شکاند و کردیەوە، سەرەنجام دەوڵەتی ئیسرائیلی بۆ جووەکان دروست کرد، مەریوانەکانیش دەرگا و پەنجەرەکان دادەخەن، ئەگەر لە دەرگایەکەوە درزێک هەبێت هیوا و رووناکی تێدا ببینرێت، ئەمان دەچنە بەردەم روواناکیی و درزەکە دەشارنەوە، تا کەس رووناکی نەبینێت.
نووسەر و روناکبیری گەلان رەشبین و بێ هیوا نیین، کۆڵ نەدەرن، لە بەرەی خەڵکن، نەک بە فێل و تەڵەکەبازی یاری بە وشە و ئامرازەکان بکەن! پەیام و نووسینەکانیان هیوابەخشن، نەک زەحمەت و بێ هیوابوون، ئەمەش یەکێکە لەو ئەرکە پیرۆزەی، کە نووسەر و روناکبیری راستەقینە، گەل و خەڵکی خۆیان خۆش دەوێت هەوڵی بۆ دەدەن و بێ هیوایی بە خەڵک نادەن، رێگای راستیان پیشان دەدەن.
سەرکردە، رابەر، پێشەوا، نووسەر و بیرمەندی نەتەوەکانی تر، ئاوا بیردەکەنەوە، هیچ شتێک لە لایان زەحمەت نییە.
مەریوان درێژە بە نووسینەکەی دەدات، وەکو کەسێکی پڕخوێندنەوە و  بە ئاگا لە رووداوەکانی جیهان، دەڵێت: 
پرسیاری ئەوەی ”دەبێت چی بکەین؟“ پرسیارێکی لێنینییە، .....(بۆ خوێندنەوە کلیکی کتێبەکەی لینین بە عەرەبی بکە) بەڵام بە بۆچوونی من کۆمەڵگای ئێمە توانای وەڵامدانەوەیەکی لێنینیانەی بەم پرسیارە لێنینییە نییە. وەڵامی لێنین بە پرسیاری دەبێت چیبکەین ئەوەیە ”پارتێکی پێشڕەو“ دروستبکەین و کە خاوەنی ”ئایدیۆلۆژیایەکی شۆڕشگێڕ“ بێت و بتوانێت ”پێشڕەویی خەڵک“ و کۆمەڵگا بکات و بەرەو ڕاپەڕین و یاخیبوونی توندوتیژانە، واتە بەرەو شۆڕش. لە ڕێگایەوە ئەوەی دروستکراوە بڕوخێنرێت و لە شوێنەکەیدا و بە ھەمان لۆژیکە لێنینیەکە دونیایەکی تر دروستبکرێت.
درێژەی پێ دەدات و دەڵێت : 
بە بۆچوونی من سەردەمی ئەم مۆدێلە لێنینیەی پیادەکردنی گۆڕانکاریی کۆتایشی نەھاتبێت، زۆر زەحمەتە لە دونیای ئەمڕۆدا ئەم ستراتیژە پیادەبکرێت.
مەریوان، کە گوایا چی بکرێت، ئەوە پرسیار و وەلامێکی لینیانەیە، لە وەلامدا منیش دەڵێم نەخێر، ئەوە ناونیشانی کتێبێکەی لینینە، بۆ سەردەمێکی جیاواز و بۆ سەردەمی روسیای قەیسەری، کە وەڵامی داوەتەوە و وەڵامەکەش زەحمەت نەبووە، لێکچوونیش لەگەڵ ئەم بار و زروفەی ئێستای کوردستانیش زۆرە، چونکە مێژووی مرۆڤایەتی هەمووی بەو پرسیارە دەستی پێکردووە، وەڵامی چارەسەرەکەشی بە ئاسانی دراوەتەوە، کە خەڵکی لە بەرامبەر دەسەڵاتی ستەمکار و دیکاتۆردا بەرەو رووی دەسەڵاتەکان بوونەتەوە و شۆڕش و راپەڕینیان کردووە، دەسەلاتیان نەهێشتووە و لەناویان بردووە، توانییانە لە ژێردەستی و چەوساندنەوە رزگاریان بێت، مێژووی گەلان پڕە لە سەدان و هەزاران رووداو و گۆڕانکاری لەم شێوەیە، کە وەڵامی ئاسانیان بۆ چارەسەر پێ بووە! بابلییەکان، فیرعەون، ئیسلام، خاچ و مەسیحییەکان، سپارتاکۆس، رەشپێستەکانی ئەمریکا، شۆڕشی فەڕەنسا، ... هتد. دەیان و سەدان نمونە لە مێژووی گەلان و مرۆڤایەتییدا هەن، گۆڕانکارییان بە دوای ئەو پرسیارە زەحمەتەی مەریواندا هێناوە و وەڵامەکەش لە لایان زەحمەت نەبووە. ئەو پرسیارەش تەنیا لینین نەیکردووە. بەڵام لای کورد نە پرسیارەکە لە کەسی گونجاو دەکرێت، نە وەڵامەکەش کەسی عاقڵ و شیاو دەیداتەوە،  ئەوەتا مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی بە ئاسانی لە بری مەریوان، وەلامیان داوەتەوە. مەسعود بارزانی دەڵێت، با بچن هەڵپەڕن!، جەلال تالەبانیش دەڵێت، با وەکو سەگ بە مانگەشەو بوەڕن.
بۆ کۆتایی ئەم بەشە مەریوان ئاشکرای دەکات، کە پێی خۆش نییە بە توند و تیژی، بە خوێنڕشتن دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بڕوات، هەرچەندە ئەوان خۆیان دەڵێن، ئێمە بە خوێن هاتووین، بە خوێنیش دەڕۆین! بەڵام مەریوان لە فۆڕمێکی گونجاوی رێگاپێدراودا  پێچ و پەنای تێدەخات خەڵکەکە دەترسێنیت، کە دەست بۆ توندوتیژیی نەبەن.

وەڵامێکی درێژ بە پرسیارێکی یەکجار ئاسان: ئایا دەبێت چی بکرێت؟ (بەشی دووەم- کۆتایی)





(دەنگدراوە: 8 . زۆرباشە: 4/5)