سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئێراق و ڕاوە ماسییەکەی سەدام حسەین

Saturday, 05/09/2020, 15:05

5344 بینراوە


سەردانەکەی ماکرۆن بۆ ئێراق

خۆم گوێم لێنەبوە بەلام وەک خوێندومەتەوە گوایە بەرهەم ساڵح لە بەخێرهاتنی ئیمانۆیەل ماکرۆندا وتویەتی : ( بەخێرهاتنی سەرۆک ماکرۆن دەکەین، سەرۆک ماکرۆن هاوڕیی ئێراق......) لە سەردەمی مام جەلالدا کاتێک فرانسوا ئۆلەند سەردانی ئێراق دەکات، مام جەلال لە بەخێرهاتنی فرانسوا هۆلەندا وتویەتی : بەخێر هاتنی سەرۆک فرانسوا هۆلەند دەکەین، هاوڕیی کورد، هاوڕێی ئێراق.
گۆڕانکاریەکان زۆر زەقن، کوردی ئێراق هێندە دەوری نەماوە لەبەر ئەوەی کە عەشایەر ئەتوانێت تەنها عەشایەرێک ببات بەڕێوە نەک وڵاتێک بۆیە حاڵمان بەم ڕۆژە گەشت، ئەمڕۆ تەنها دەوری بارزانی بۆ ئەوەی بە گرنگ سەیری بکەن جاشایەتیە بۆ تورکیا و هیچی تر بەڵکو لەو ڕیگەیەوە ئاوریکی لێبدەنەوە و باسی بکەن. بەڵام هەرچەند دەکەمو دەیهێنم ئەگەر تورکیاش دەوری نەمێنی و ئۆردوگان کۆتایی پێ بێت ئەوا بارزانی و عەشایەرەکەی وەک بەربەستێک دەمێننەوە دژی هەمو هیواکانی کورد، چونکە ئەوان هەرگیز قبوڵی ناکەن وەک عەشایەر دەوری دوەمیان بدرێتێ و لەهەمان کاتا توانای بەڕیوەبردنی وڵاتێکیان نیە، ئەوان تەنها دەتوانن سەری ڕەش ببەن بەڕێوە.

قسە گرنگەکانی ماکرۆن :

ماکرۆن دەڵێت ئامانجی ئەم حکومەتە بەهێزکردنی خۆیەتی بۆ ئاسایی کردنەوەی هێزی عەسکەری و نەهێشتنی گەندەڵی، کاتێک سیستەم بێ هێزەو ناتوانێت پێوسیتیەکانی دانیشتوان دابین بکات ئەوکاتە هێزی چەکداری میلیشیان دروستدەبنو دەستێوەردانی دەرەکی ڕوئەدەن. ئێمە دەمانەوێت ئێراقێکی سەقامگیر و بەهێز دروست بکەین، ئەوەش ئەوان نایکەن بەڵکو ئارەزوی حکومەتی ئێراقە و فەرەنسا و وڵاتانی هاوپەیمانی یارمەتیان ئەدەن لەبەدی هێنای ئەو ئامانجەدا. ئێراق بەبۆنەی هێرشەکانی داعشەوە کارەساتی زۆری بەخۆیەوە بینی ئێستاکە هەرچەندە ئەو مەترسیە نەماوە و دەولەتی ئیسلامی نەماوە بەلام پیاوانی دەولەتی ئیسلامی لەناوچەکەدا هەرماون. لە شوێنێکیشدا وتی : لەگەڵ سەرۆک بارزنیشدا گفتوگۆ دەکەین.
وتی هەرچەندە ئێراق لوبنان نیە بەلام ناڕەزاییەکی زۆریش لە ئێراق لەلایەن دانیشتوانیەوە هەبوە لەم دواییانەدا. وڵاتێک کاتێک بێ هێز دەبێت توشی گەندەڵی دەبێت و کراوە دەبێت بەڕوی دەستیوەردانی وڵاتانی دراوسێی وەک تورکیا و ئێران.

ئەگەر ئەمەریکا هێزەکانی لەسوریا بکێشێتەوە ئەوا هەر هێزی دەمێنێت لە ناوچەکەدا.
ئەو فەرەنسیانەی کە بەشداریان لە دەولەتی ئیسلامی کردوە و بەندکراون لە بغداد بە پێی قانون دەبێت لە ئێراق دادگایی بکرێن چونکە دژی ئێراق تاوانیان ئەنجام داوە بەڵام ئەگەر حکومەتی ئێراق حوکومیان بدات بە سێدارەدان ئەوا حکومەتی فەرەنسا لەو کاتەدا هەوڵ ئەدات ئەو حوکمەیان بۆ بکات بە ئەبەدی.
لەم کەیەنو بەینەدا ئیمانۆیەل ماکرۆن توانی کۆنترایەکی گەورەش بۆ فەرەنسا وەدەست خات ئەویش دروستکردنی سەتنتەری وزەی ئەتۆمی سڤیلە لە ئێراق. ئامانجی سەرەکی ماکرۆن لەم سەفەرەیدا لێدانی تورکیای ئۆردوگانو جیهادیستەکانی دەولەتی ئیسلامیە، لە هەمان کاتا وەدەستخستی بازاڕێکی ئابوری گرنگ بۆ فەرەنسا.

پەیوەندیەکانی نێوان فەرەنسا و ئێراق و ڕاوە ماسیەکەی سەدام حسەین

چەند هەفتەیەک پێش شەڕی جلیجو لێدانی ئێراق لەلایەن ئەمەریکیەکانەوە، بەرێوەبەری شەریکەیەکی فەرەنسی لە بەغداد بەسەرهاتێکی خۆشی گێڕایەوە لەسەر سەدام حسەین لە ڕۆژنامەی لیبێراسیۆندا بڵاوبویەوە. وتی ڕۆژێکی پشو وەک زۆر لە ڕۆژەکانی پشوم لەسەر کەناری فورات بە راوەماسیەوە بەسەرد برد، کتوپڕ وەختێکم زانی بە ژمارەیەکی زۆری سەیارەی ئەسکەری پیاوانی سەدام دەورمدارا، پاشان بینیم سەدام هاتە دەرەوە لە یەکێک لەسەیارەکانو بەرەو ڕوم هاتو دەستی گوشیم و پرسیاری لێ کردم کە چی دەکەم، منیش لەوەڵامدا وتم کە خەریکی ڕاوە ماسیم، سەدام هەر خێرا قومبەلەیەک هەڵئەداتە ناو فوراتەوە و ماسیەکی زۆر دەکوژێتو سەرئاو دەکەون، پاشان بە پیاوەکانی دەڵێت کە بچن ماسیەکان کۆبکەنەوە و بیدەنێ. کابرای فەرەنسیش کەئەوە دەبینێت سەری سوڕدەمێنێتو لەگەڵ سەدامدا دادەنیشێتو هونەری راوکردن بۆ سەدام حسەین روندەکاتەوە، کە چۆن مەبەست لەگرتنی ماسیەکی زۆر نیە، ئیتر بڕیار ئەدەن کە لە داهاتویەکی نزیکدا پێکەوە راوبکەنو فێری هونەری ڕاوی بکات. ئەم بەریوەبەرە باسیشی لەوە دەکرد کە گوایە سەدام سەرۆکێکی خاکیەو نزیکە لە کۆمەڵگەکەیەوە .
ئەم باسانە کە لەو سەردەمەدا بڵاوبونەوە لەبەر ئەوەی کە فەرەنسا پەیوەندیەکی بازرگانی زۆر گرنگی لەگەڵ ئێراقدا هەبو، بەتایبەتی لەسەردەمی جاک شیراکدا کە هاورێیەکی نزیکی سەدام بو، ژاک شیراک لە یەکێک لە وتارەکانیدا سەدامی بە ژەنەرال دگۆلی ئێراق دەچواند. ژمارەیەکی زۆری شەریکەی فەرەنسی و زۆر لەکەلوپەلی جەیشو دروستکردنی سەنتەری ئەتۆمی بۆ ئێراق کە پیش تەواوبونی لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیلەوە بۆمباران کرا.
پەیوەندیەکانی ئێراقو فەرەنسا گەشتبونە ئاستێک کە پۆلیسێکی چەکلی فەرەنسی ئاگاداری ئەو پەیوەندیە بوو، هەروەها سەدام حسەین بەو بۆنەیەوە لای فەرەنسیەکان خۆشەویست بو، بۆیە ڕۆژێک کە لە سەرجادە کۆنترۆلکرام لەلایەن پۆلیسەوە کاتێک پۆلیسەکە زانی کە پەناهێندەی ئێراقیم زۆر پێ ناخۆش بوو لێی دەپرسیم کە بۆچی من پەناهێندەم لە ئێراقێکی دیموکراسیدا. پەیوەندیەکان لە ئاستێکدا بوون کە لە کاتی شەڕی ئێران و ئێراقدا تەنها سەفارەتی فەرەنسا دانەخرابوو لە ئێراق، زۆر لە ژەنەرالەکانی فەرەنسا یارمەتیدەری ئێراق بون لەبەرەی شەڕدا لەگەڵ ئێراق دژی ئێران، هەر فەرەنساش بوو کە دژی دەستێوەردانی ئەمەریکا بوو لە ئێراقو دەنگی نەدا لە نەتەوە یەکگرتوەکان، هەتا دوا چرکە دژی ئەو دەستێوەردانە بو. ئەوەبوو شەڕی خلیج ئەو بازاڕەی لە لەدەستی فەرەنسا دەرهێنا.
هەمو شەڕێکیش لە جیهاندا شەڕی بازرگانی و وەدەست خستنی وزەیە بۆیە ئێستاکە فەرەنسا هەوڵ ئەدات ئەو بازاڕە وەدەست بهێنێتەوە، نەک تەنها ئێراق بەڵکو سوریا و ئێرانیش.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە