شانازیکردن به‌ ناسنامه‌ی عێراقه‌وه‌ !

Monday, 09.07.2020, 8:19

1168 بینراوە


دیارە گەلی کورد ئەو هەموو خوێنەی داوە و ماڵوێرانیەی بینیوە لە پێناو وەدەست هێنانی ماف و سەلماندنی شوناسەکەی بوو ، نه‌ك له‌ پێناو عێراق و شانازیكردن به‌ عێراقچێتیه‌وه‌ ، پارتی له‌ ژێره‌وه‌ پێشبركێیه‌تی له‌سه‌ر عێراقچێتی و به‌رده‌وامیش هه‌وڵ ئه‌دات پێش هه‌رلایه‌نێكی تر دڵسۆزی خۆی بۆ عێراقی یەکگرتوو خاوه‌ن سه‌روه‌ری بسەلمێنێ، ئه‌م ئیدعایه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌كه‌مان له‌ كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردی له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ( کورد شانازى به‌ناسنامه‌ى عێراقیبوون ده‌کات)! ئه‌ی كه‌واته‌ ئەو هەموو خوێن و ماڵوێرانی و ئەنفال و کیمیاباران و ئاوارەیە لە پێناو چی بوو؟ ئه‌ی بۆچی ریفراندۆممان ئه‌نجام داو مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ریفراندۆم گووتی :من هەرگیز خۆم شەرەمەزارى میڵەتەکەم ناکەم، ئەگەر ریفراندۆم سەرى نەگرت بڵێن ئەو پیاوە شێت بووە سوارى سەرى خۆى بووە !
منێكی ریفراندۆمچی كه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌نگم به‌ڵێ بووه‌ وخەباتمان بۆ کوردایەتی و پاراستنی شوناسی کوردبوون بووە ، تۆیه‌كی كوڕه‌ شه‌هید کە ڕۆژانێک باوكی ئازیزیت لە پێناو خاک و کوردایەتیدا گیانیان بەخشیوە ، ئه‌وێكی زیندانی سیاسی له‌پێناو كوردایه‌تی و كوردبوندا زیندانی كراوه‌و ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌ی چه‌شتووه‌ ،كه‌سوكاری ئه‌نفاله‌كان و هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان و گه‌رمیانیه‌كان ،ئێستا چۆن شانازی بەعێراقی بوونی خۆیانەوە بكه‌ن ؟! ئێ خۆ حوکمڕانانی عێراقیش هەرلە مەلیکەوە تا سەددام هەر ئەوەیان لە گەلی کورد دەویست کە شانازی بەعێراقی بوونی خۆیانەوە بکەن ، خۆئه‌گه‌ر كاتی خۆیشی ئۆكه‌ی بۆ ئه‌و شانازییه‌ بكرایه پێویستی به‌شۆرش نه‌بوو خه‌ڵكیش‌ ژیانێکی شاهانە دەژیاو گه‌لی كوردیش به‌ر شاڵاوی ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆساید و ته‌عریب و ترحیل نه‌ده‌كه‌وت .
عێراق به‌ درێژایی مێژووچ وه‌كو ده‌وڵه‌ت وچ وه‌كو ده‌سه‌ڵات عێراقێكی یه‌ك پارچه‌ و خاوه‌نی گه‌لێك به‌ناوی عێراقه‌وه نه‌بووه‌ ،هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵاكان نه‌یتوانی گه‌لێكی یه‌ك ڕه‌نگ له‌ عیراقێكی یه‌كپارچه‌دا بنیات بنێ كه‌ شانازی به‌ ناسنامه‌ی عێراقه‌وه‌ بكه‌ن ،شا فه‌یسه‌ڵ له‌ یاداشته‌كانیدا كه‌ له‌كۆتایی بیسته‌كانی‌ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئاماژه‌ی پێكردووه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ نه‌یتوانیوه‌ گه‌لێك دروست بكات شانازی به‌ ناسنامه‌ی عێراقیبونه‌وه‌ بكات ، هه‌نوكه‌شهه‌موو هێماو ئاماژه‌ی رووداوه‌كان سه‌باره‌ت بە دۆخی عێراق و ئایندە و چارەنووسی عێراق ئەوەندە ئاڵۆزە و تاریکه‌ كه‌ هیچ كه‌س به‌رپێی خۆی نابینێت ، له‌ ئه‌جیندای هه‌ر هێزێكدا جه‌مسه‌رو سیناریۆی جیاوازی دژ به‌یه‌ك هه‌یه‌.
دوالیزمی گوتاری سیاسی پارتی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عێراق جۆرێكه‌ كه‌ له‌ ناشرینیدا پێشینه‌ی نیه ، پارتی هه‌ڵگری شوناسی ״عێراقچێتی״ ـیه‌و ته‌خوینی هه‌ر لایه‌نێكیش ده‌كات كه‌ هه‌ڵگری ئه‌و شوناسه‌ بێت ، پارتی بۆخۆی زۆرترین خزمه‌تی به‌ ڕه‌وتی عێراقچێتی كردووه‌و پێگه‌ی عێراقچێتی له‌ دوای شكستی ریفراندۆمه‌وه‌ به‌ گوتارو كردار قایمتر كردووه‌ و خۆی چه‌ماندووه‌ته‌وه‌ ،مامه‌ڵه‌ی میدیای پارتی هیچ كات مامه‌ڵه‌یه‌كی زانستی و واقیعی نه‌بووه‌ ، نه‌یتوانیوه‌ وێنه‌كان وه‌كو خۆی بگوازێته‌وه‌ به‌ڵكو ڕوانگه‌یه‌كی گۆڵبزانه‌ بووه‌ ،‌ گەر كەمێك شەرمتان لەو دروشم و بانگه‌شانەی كە حزب و بنه‌ماڵه‌كه‌تان به‌ناوی ڕیفراندۆم و دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی‌ به‌رزتان كردووه‌ته‌وه‌ بكردایه‌ ،باوه‌ڕتان به‌ سەربەخۆیی كورد هەبوایە ، هیچ كات شانازیتان به‌ ناسنامه‌ی عێراقچێتییه‌وه‌ لێنه‌ده‌دا !



(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 4.5/5)