ڕیفراندۆم و ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو (بەشی سێھەم)

Monday, 09.07.2020, 8:23

451 بینراوە


دووەم: دورایی ئێراقی
ئەم بەشە بە بڕگەکانی دەستوری ئێڕاقی دەست پێدەکەین کە، لەدەسەڵاتی ھەرێمەکاندا، لە بەندی یەک، ماددەی ١١٢دا دەڵێت؛
سیستەمی فیدراڵی لەکۆماری ئێراق پێکدێت لە پایتەخت و ھەرێمەکان و پارێزگا نا مەرکەزییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەکان.
لە ماددەی ١١٣شدا ڕاشکاوانەتر دان بەھەرێمی کوردستاندا دەنێت، کەدەڵیت؛
یەکەم: ئەم دەستورە لەکاتی جێ بەجێ کردنیەوە ھەرێمی کوردستان بەدەسەڵاتەکانی ئێستاشیەوە بەھەرێمێکی فیدراڵی دادەنێت.
دووەم: ئەم دەستورە دان بەو ھەرێمە نوێیانەدا دەنێت کەبەپێی حوکمەکانییەوە دادەمەزرێن.
ئەوەی لێرەدا بۆئێمە گرنگە، پاراستن و پەرەپێدانی ئەم ناسنامە دەستوری و یاساییەیە لەئێراقدا. بۆیە گرنگە ئەو پێگە بەدەستھاتوەی ھەرێم نەکرێتە قوربانی دەسکەوتی ھەرزان و بەرژەوەندی مانەوەی چەند حیزب و بنەماڵەیەک بۆ ڕاگرتن و مانەوەی باڵادەستی ھێزەناوخۆیی و داگیرکەرەکان بەکاربھێنرێت. دەبوایەت ھەرچی باشتر کار لەسەر ئەوە بکرایەت ئەم ئەزمونە دیموکراتیزەتر و باشتر بکرایەت و بکرایەتە دەسکەوتێک کە ژیانێکی ئارام و ئاسودە بۆ ئەو گەلە دابین بکرایەت و قەرەبووی ڕۆحی و فکری ئەو ھەموو ئازارەی گەل بکرایەت کەلە کوشتارگەکانی ھەڵەبجەو ئەنفال و شەڕە یەک بەدوای یەکەکانی دەوڵەتی ئێراقدا دژی کورد بەڕێوەبراوە و بکرایەتە ئەزمونێکی گەلەری گرنگ و گەورە. کەلەبری توندوتیژی تێکۆشانی یاسایی و نەرم و کۆمەڵایەتی بەڕێوەبردرایەت، کە مرۆڤایەتی ئازادیخواز و ناوچەکە سودیان لێوەرگرتایەت.
دەکرا بکرێتە ئەزمونێک و سەرەتای چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی کورد لە ھەرووڵاتێکی کەدابەشکراوە بەسەریدا. لەئێراقدا، کە دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەست دانیان بەماف( ھەرچەندە کەموکوڕیش بێت) و پێگەی ھەرێمی کوردستاندا ناوە. دەکرا شۆڕبکرایەتەوە بۆناوگەل و ببوایەتە ئەزمونێکی دیموکراتیکی پێکەوەژیانی گەلانی ئێراق و دەستپێشخەری چارەسەری کێشەو قەیرانەکانی ئێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەرچی زیاتر دیموکراتیزە کردن و فیدراڵیتەکردنی حوکمڕانی لەئێراق و لێدان لەناوەندگەرایی و پەرەپێدانی ھەرێمەکانی ناوەڕاست و باشوری ئێراق.
ئەو چارەسەریەی( لەژێرھەر ھەلومەرجێکدابێت) لەدەستوری ئێراقیدا پێشکەش کرابوو، یەکێک لە نمونە باشەکانی ناوچەکەبوو. بەدرێژایی مێژووی ئێراق، ئێراق کراوەتر بوە لەھەرداگیرکەرێکی تری سەرخاکی دەبەشکڕاوی کوردستان. ئێمە ئەوە دەزانین، یەکێک لەپڕۆژەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری، ئەوەیە بە ستاتۆیەکی کوردی لەعیڕاقدا، تەواوی تێکۆشانی گەلی کورد لەوستاتیۆیەدا قەتیس بکات و ئەوانیتر بسڕێتەوەو لەناوببات. بەڵام جێبەجێکردنی وەھا سیاسەتێکیش پەیوەندی بەتێکۆشان و بەرخۆدان و یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کوردەوە ھەیە. بۆیە ئەوەی لەعیراقدا بەدیھاتبوو لەسەر بنچینەی پڕۆژەیەکی دیموکراتیک دەتوانرا بەکاربھێنرێت و پەرەی پێبدرێت، ھەم لەسەر ئاستی یەکیەتی نەتەوەیی گەلی کورد ھەم سیستەمی پێکەوە ژیانی گەلان و خۆبەڕێوەبەری.
ئەوەی ئەو ڕیفراندۆمە کردی لێدانێکی گەورەبوو، لەو مافەبەدەستھاتوانەی دەستوری ئێراق کەبەچەند خاڵ دەتوانێن دەستنیشانی بکەین:
١-لیدان بوو لە دروستکردن و پەرەپێدانی کۆمارێکی فیدراڵی دیموکراتیک.
٢- لێدان بوو لەیەکیەتی نەتەوەیی کوردان.
٣- لێدان بوو لەچارەسەری کێشەی کورد، بەشێوەی دەستوری و یاسایی.
٤- ھێزکردنەوە بوو بەبەری داگیرکەرانی کوردستان و دەستکردنەوەیان بۆ ھێرشی داگیرکاری. بەتایبەت دەوڵەتی تورک، کە کێشەی کورد وەک تەڵەزگەیەک یان وەک بۆمبێک لە کایەکانی خۆیاندا بەکاربێنن، بۆلێدانی خەیاڵەکانی ئازادی گەلی کوردو نەتەوە جیاوازەکانی تر.
نەتەوەی کورد تەنیا کێشەی کوردان نیە، کێشەی نەتەوەکانی تریشە، بۆیە ھیچ نەتەوەیەک ئازاد نابێت تا نەتەوەی کورد ئازاد نەبێت. دەسەڵاتدارەتی نەتەوەکانی تریش، بەھۆی کوردانەوە گەورەترین ھێرشی لەناوبردن و بەکارھێنانی نەتەوەکانی خۆیان دەکەن بۆ دەسکەوت و قازانج و داگیرکاری. بۆیە قسەیەکی بەناوبانگ ھەیە دەڵێت" ئازادی نەتەوەکانی دەسەڵاتی سەردەست بە ئازادی نەتەوە بن دەستەکاندا تێدەپەڕێت" ڕاستیەکەشی وایە تابندەستی ھەبێت ئازادی نابێت، کەواتە نەتەوەی سەردەستیش ئازاد نیە. کەواتە بۆئازادی پێویستی تێکۆشانی پێکەوەیی ھەیە. یەکیەتی تێکۆشانی دڵخوازانە بەردی بناغەی چارەسەری کێشەکان و بێکاریگەرکردنی سیستەمی سەرمایەو قازانجیشە. یەکێک لەبوارە گرنگەکانی قازانجی سەرمایە لەپاڵ ھەموو ئەوانی تردا پیشەسازی جەنگیە. ئەگەر ئاشتی و ئارامی لەناوچەدا ھەبێت، کەواتە گورز لەبواری بەرھەمھێنانی پیشەسازی جەنگی دەدرێت.
بۆیە لێدان لەپڕۆسەی چارەسەری کێشەی کورد، خزمەتکردنە بە ئابوری قازانج و دارایی سیستەمی سەرمایەی گڵۆباڵ. ئەوڕیفراندۆمە لەڕووی مێژووی و پێویستیشەوە، ھیچ کایگەریەکی نەبوو، بەھێندی ئەوەی زیانی ھەبوو قازانجی نەبوو. تەنیا جێبەجێکردنی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی دەوڵەتی تورک بوو، بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان و لێدان بوو لەدەسکەوتی حکومەتی ھەرێم و ئاشتەوایی گەلانی ئێراق و جێگیر و سەقامگیرنەبوونی کۆمارێکی فیدراڵی دیموکراتیک لەئێراقدا. لەکاتیکدا لەدەستوری ئێراقیدا زۆرکێشەی کورد ھەبوو یەکلایی نەکرابوەو بڕگەو یاسای بۆدانرابوو تا چاڕەسەری بکرێت. ئەگەر کاربەدەستان و حیزبەکانی قۆرخکارو داگیرکەری حکومەتی ھەرێم ڕاستگۆبونایەت. دەبوایەت لەسەر ئاسایی و بەلاداخستنی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی ئەوخشتە زەمەنیەی دانرابوو کاریان بکردایەت و پەرەیان بەچارەسەری و ھەرچی زیاتر دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی ئێراقی بکردایەت، بۆئەوەی ببێتە پشت و پەنای چارەسەرکردنی کێشەی کوڕدو گەلانی ئێراق.
ئێراق بەدڕێژایی مێژوویەکی دورودرێژ لەناو شەڕو لەدەستدانی مرۆیی و ئابوری و ژینگەیی و ڕەگەزی گەورەدابوە. ئەگەر ئەوھێزە کوردییانە وەک لەدەستوریشدا ھاتوە و ئێستەش بەملکەچی و لەژێرفشاری زلھێزاندا ڕایدەگەیەننەوە کەئێڕاقی بوون و ھەر ئێراقیش دەمێننەوە. ئەوا دەبونە یارمەتی دەری چارەسەری کێشەو بڕینەکانی گەلانی ئێڕاق و لەسەر ڕاستەڕێی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران و ئازاددا ئێراقی بوونی خۆیان ڕاست نیشان دەدا. نەک ببنە مۆرەی پیلانگێڕی لەسەر دیموکڕاتیزەبوونی ئێراق و لێدان لەدەسکەوتەکانی گەلانی ئێڕاق و سەرچاوەی گەندەڵی ودزی و نەئارامی بۆ ئێڕاق و ڕوژھەڵاتی ناوەڕاست.
نەتەوەی کورد بەپێی پێگەکەی دەتوانێت ھۆکاری چارەسەری کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بێت لەسیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا. لەبەرئەوەی لەناو سێ نەتەوەی گەورەی تورک، عەرەب، فارسدا دەژی. دەتوانێت کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان بێت و ببێتە سەرچاوەی پێکەوەبەستنی نەتەوە گەورەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین، کەخۆشی یەکێکە لەنەتەوە گەورەو کاریگەرەکانی ناوچەکە، کەمێژوویەکی دورودرێژی ھەیە.
تێکۆشانی گەلی کورد، دوو ئاستی ھەیە کەپەیوەنددارن پێکەوە؛
١-تێکۆشانی دیموکراتیک، سیاسی ڕێکخستنی کۆمەڵگەیی، کە لەسەربنچینەی تێکۆشانی پێکھاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەیە. بۆیە پێویستە فرەیی کۆمەڵگە بناسین و تێکۆشانی پێکەوەیی بەڕێوەبەرین. کەسیستەمی خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیانی گەلان و پێکھاتە جیاوازەکانە.
٢-تێکۆشانی دیموکراتیک، دەستوری، یاسایی نەرم، کە کۆماری دیموکراتیکە، کەبەیاسا ڕێکخراوە، ئامانجەکەیەتی. ئەم تێکۆشانە تائێستە لە عیراق و ناوچەکەدا تاقی نەکراوەتەوە. بۆیە ھەمیشە تێکۆشان و ھەوڵدانەکان بۆ چارەسەری لەڕێگەی توندوو تیژی و کاردانەوەوە بەڕێوەبراوە. کەنەک ھەر چارەسەری پێشنەخستوە، بەڵکو کێشەکانی قوڵترو کۆمەڵگەی پارچەترو لەیەک دورخراوەتری کردوە.
توندوتیژی بوەتە سیمای یەکترسڕینەوەو لەناوبردنی ئەوی دی و سەپاندنی باڵادەستی و بەردەوامی و درێژەپێدانی شەڕو پێکدادان. ناکۆکی لەبری ئەوەی ڕێگە چارەی بۆ بدۆزرێتەوەو ڕێبازەکانی نەرم کردن و قبۆڵکردنی بەپێی یاسا و دەستورێکی نەرمی بۆڕێکبخرێت. دەزگاو سازی بۆ ئامادەبکرێت. حکومەت لەبری ئەوەی دەزگای باڵادەست و خۆسەپێن و پشتگیری ھێزدارەکان نەبێت و خۆشی نەبێتە لایەنی سەپاندنی بێچارەیی. کەچی دەبین پێچەوانەکەی ئەوانەدەکات. بۆیە گرنگە تێکۆشانی کۆمەڵگەیی و کۆماری پێکەوە بۆدیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە ڕێکبخرێت و بەڕێوەببرێت.



(دەنگدراوە: 1)