بۆ لیزا فەلەکەدین ،توو جوانیەکەت بێدەنگ بە

Tuesday, 08/09/2020, 0:04

7703 بینراوە


لیزا فەلەکەدین کاکەیی ،پەرلەمانتاری زەرد ، دیسان توانا خارقەکەی خۆی لە بواری شیکردنەوە و هەواڵی بێبنەمادا دا وە گەڕ خست.
ئەوەتا سەبارەت بە بانگهێشتنی نێجیر بارزانی بۆ تورکیا عەبقەریەتی خۆی خستووەتە کار و گەشتوەتە ئەنجامێکی یەقین کە دەڵێت[نێچیر بۆ چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە باکوور، سەردانی تورکیای کردوە].
پێم باشە بەچەند خاڵێک بۆلیزا خان ڕوونبکەمەوە کە سەرتاپای شیکاری و
بۆچوونەکانی هەڵەن و لە خەیاڵ دەچن ،خەیاڵێک لە درووستکردنی پرۆسەی ئاشتی و پاڵەوانی وەهمیدا .
- نێچیر بەپەلەو بێ پلانی پێش وەخت لە لایەن ئەردۆغانەوە بانگکراوە[کە نەیدەتوانی جێبەجێی نەکات]
- مەبەست لەو بانگهێشتە یەک شتی گرنگ و سەرەکی بووە ،ئەویش پێدانی زانیاری بووە بە ئەردۆغان سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرو ماکرۆن،تا لەسەر ڕۆشناییان ئەردۆغان دژە هەنگاو هەڵبگرێت.
- پێدەچێت جۆرە هەڕەشەیەک لە چواچێوەی دیبلۆماسیدا لە نێچیر کرابێت کە هەرێم نەچێتە ژێرباری هیچ جۆرە هاوکاریەکی فەرەنسا.
- گەر نێچیرو پارتی هێندە پەرۆشی چارەسەری کێشەی کوردن و دەخوازن ئەم دەسکەوتە بۆ کوردی باشوور تۆمار بکرێت ،بۆ دوو جێگرەکەی کە لە گۆڕان و یەکێتین لەتەک خۆیدا نەبردن؟ دیارە ئەم ماستە موویەکی یێدایە ،چونکە سەرتاپای شاندەکە کاردری پارتی بوون.
- گەر تورکیا بەدووی چارەسەری دۆزی کوردا دەگەڕێت و جددیە تێیدا ،ئەوە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە لایەنی سێیەم نیە [بەتایبەتی بە پارتی]. تورکیا بەئاسانی دەتوانێت ڕاستەو خۆ بچێتە دوورگەی ئیمرالی و موخاتەبەی ئۆجەلان ، بڕیار بەدەستی ئەو دۆسیە بکات. یاخود لەڕێگەی[هەدەپەوە] ئەو پەیامە بگەیەنێت بە [پارتی کرێکاران] کە بۆ تورکیا و هەم بۆ پارتی کرێکارانیش لۆژیکی ترە .
- پارتی یا دەسەڵاتی هەرێم ئەو پێگە گرنگەی نیە تا تورکیا بۆ ڕاوێژ و هاوکاری و ناوبژی پەنای بۆ بەرێت ، وە لەو بڕوایەدانیم نەک نێچیر بەڵکو هیچ بەرپرسێکی سیاسی باشور جەرائەتی کردنەوەی باسێکی وای هەبێت لەگەڵ بەرپرسانی تورکدا. وڵات و لایەنی خاوەن سەنگ و قورسایی زۆرن کە دەتوانن ئەو ڕۆڵە ببینن گەر پێویست بێت،نەک هەرێمێکی لاوازو نغرۆی قەیران.
- دەتوانم بڵێم تاکە باسوخوازێک دەربارەی کورد کرابێت ئەوەیە کە مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا ئاماژەی پێدا بوو کە گووتبووی[لەگەڵ نێچیر باسی چۆنیەتی هەماهەنگیمان کردوە بۆ لێدان و دژایەتی پارتی کرێکاران].

[یەکێک لەو ناوە گرنگانەی کە دەتوانرێت بگوترێت کاریگەری بەھێزی ھەبوو لە بەرەوپێشچوونی ئەو پرسەدا بەرێز نێچیرڤان بارزانی بوو.]

نازانم لیزا خان لەم بڕگەیەی سەرەوەدا مەبەستی بەرەوپێشچونی چ[پرسێکە]کە نێچیر کاریگەری بەهێزی هەبووە تێیدا؟
گەر پرسی کێشەی کوردە لە تورکیا و بە هەوڵ وتێکۆشانی نێچیر گەشتووەتە دوا قۆناغەکانی و جگە لە خۆی و نێچیر کەس ئاگادارنیە، ئەوە هیوادارم بۆمان ڕوونبکاتەوە کە جی ڕوویداوە ،بۆئەوەی ئێمەش سەرچۆپی خۆشحاڵی بگرین.
پێدەچێت لیزا لێی تێکچووبێت و مەبەستی پرسی نەوتی کوردستان بێت کە فیعلەن نێچیر تێیدا سەرکەوتووبوو ،بەوەی بۆ ماوەی [٥٠] ساڵ بە تاڵان فرۆشتی بە تورکیا.
ئەمە یەکەم جار نیە کە لیزا خان دەکەوێتە هەڵەوە و پێشبینی و بۆووونەکانی شەرمەزاری دەکەن،بۆ نمونە دەمێک بڕینی ڕێژەیەک لە مووچەو دواکەوتنی بۆچەندین مانگ هاتە ئاراوەو بووە باسی گەرمی مووچەخۆران و میدیاکان و هەم حکومەت وپەرلەمان ،ئەم خانمە بۆ خۆشیرینکردن وە بێئەوەی بچوکترین خوێندنەوەو پێناسەی گونجاوی بۆ سرووشتی دەسەڵاتی هەرێم هەبێت ،لە لێدوانێکدا بۆ میدیای بینراو گووتی[من پەیوەندیم بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە کردوە و دڵنیایان کردووم لەوەی کە مووچە بێ لێبڕینی هیچ ڕێژەیەک لەکاتی خۆیدا دابەش دەکرێت].
بەداخەوە مژدەکەی نەهاتەدی ڕێژەی٢١٪یان بڕی و تا ئێستاش ئەو بڕینە بەردەوامە، هاوکات لەکاتی خۆیشیدا دابەش نەکرا.کەچی ئەم خانمە بە دێڕێکیش داوای لێبووردنی لە مووچەخۆران نەکرد کە بەڵێنی ناڕاستی پێداون.
جێگەی خۆیەتی بپرسین ،خانم تۆ چۆن توانیت پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بکەیت کە سەرۆکی ئەو ئەنجومەنە لە ئیستادا مەسرور بارزانیە؟ جا ئەمە لە دوو حاڵەت بەدەر نیە ،یەکەم یا لینکێکی پەیوەندیت لەگەڵ مەسرووردا هەیەو ،ئەو هەواڵە ناڕاستەکەی پێداویت ،یا ئەوەتا هەواڵەکە درووستکراوی خودی خۆت بووە .
ئامۆژگاریم بۆ لیزا خان ئەوەیە کە پێی دەڵێم [دونیای سیاسەت و حیزبایەتی دونیایەکی ئاڵۆز و ناشیرین و پڕ فڕوفێڵ و تەڵەکە بازیە ،بە تایبەتی لە کوردستاندا ، جا هەموو کەس بەسەلامەتی لێی دەربازنابێت و لەوانەیە بکەوێتە داوی درۆ و هەڵە و گەندەڵی و خراپەکاری وزۆر شتی دیکە ،بەتایبەت بۆ کەسێکی کەم ئەزموون .
جا بۆ ئەوەی چیتر ئیحراج نەبیت و لەسەرت نەکەوێت ، هیوادارم لە کارێکدا قسەنەکەیت کە شارەزایت تێیدا نیە و دڵنیاش نیت لە ئاکامەکەی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە