ئەو پیاوانەی تەنها لە شەودا نەبێت دەرناکەون

Wednesday, 09.09.2020, 0:18

2940 بینراوە


ئەم جیهانە ئەوکاتە جوانە کاتێک مرۆڤەکان گرنگی بەیەکتر دەدەن ، کەمنداڵ بووم پیاوێک لای من لەئەفسانە دەچوو لەو چیرۆکە هۆنرابۆوە کە لەچیایەک بچێت بەهیچ شتێک تێک نەشکێت ، خەوم دەبینی منیش لەگەورە بوندا وەک ئەوبم ، کە هەموو کەسێک ئاوا خۆشیان بوێت و تامەزرۆی هەواڵی بن . کەمنداڵ بووم هەموو ئێوارەیەک دایکم چەند بەشەخۆراکی زیایەی دادەنا و بەعەشقێکی سەیرەوە جیای دەکردەوە . کە تەقە لەشار دەستی پێدەکرد و شەو دادەهات دەنگی تەقەمان دەبیست ، بەتایبەت کە دەنگی تەقەکە نزیک بوایە و گولە بەسەر گەڕەک و ماڵەکاندا جیزەی بکردایە ، ئیتر دایکم گوێ هەڵدەخست بۆ لێدانی دەرگاکە و دڵنیا دەبوو ، ئێستا نا تۆزێکی تر "ملازم محەمەد" بێدەنگ دێت لەدەرگا دەدات و دایکیشم خۆراکە ئامادەکراوەکەی دەداتێ و لەئامێزی دەگرێ و بۆن بەئارەقی لەشێوە دەکات کە ڕێگە ڕۆشتن و ڕاکەڕاکە لەشی سەر ئاو خستوە و دڵنیا دەبێت لە سەلامەتی خوشکەزاکەی ، کە دەیووت لەمنداڵیدا هەر خۆی گەورەی کردوە و ئاگای لێبوە . ئێمە ماڵمان لە ڕۆخی شاربوو ، بۆیە دایکم خەوی بەشتێکەوە دەبینی کە چیرۆکێ بوو خۆی لەخەیاڵە سادەکەیدا درووستی کردبوو ، لای دایکم یەقینێک هەبوو کە هەموو تەقەکەرێکی شەوی شار "ملازم محەمەد"یان لەگەڵدایە ، چونکە لە سنوری بەرپرسیارێتی ئەوەوە شار نزیکە و فەرماندەی بەتالوێنی شەهید "عومەری ساڵح مەنسور" بوو لە هێزی خەبات . ئەوهێزەی گەورەترین شەڕیان لەچیای ئەزمەڕ کرد ئەوسا لە سەربانەوە دەبابەکانمان دەدی چۆن چیاکەیان تۆباران دەکرد و دایکم نزای سەرکەوتنی بۆ پێشمەرگەکان دەخواستن .
دەڵێن: تاکە سەرچاوەی زانین ئەزمون کردنە ، دایکم ئەزموونی نەبوو بەڵام واچووبۆ ناو هزرێوە کە"مولازم محەمەد " کەدێتە شارلەگەڵ هاوڕێکانیدا ئەوسا بێگومان لەخەیالی دایکمدا لەدەرکی ماڵی ئێمە دەدات و ئەو خۆراکەی دایکم بۆ خۆی و هاوڕێکانی ئامادەدەکات، لەدوای دیدارێک لەگەڵ خۆیدا دەیبات و لەچاو وون دەبێت و دەچێتەوە چیا ، دایک دەیووت : چیا بێشەی شێرانە و بێشەی "ملازم محەمەد"ە ئەمە ئەو چیرۆکە بوو کە هەرگیز ڕووی نەدا . لەپڕ رۆژێک لەماڵماندا بووە شین و شەپۆڕ چونکە هەواڵی شەهید بوونیمان پێگەیشت ، دوایش لەدەنگی ڕادێۆی شۆڕشەوە هەواڵەکە مان گوێ لێبوو .
ژیانەکانی تاک دێن و دەچن، بەڵام ئەوەی گرنگە تۆ لەو ژیانەدا کارێک بکەیت کە لەباوەڕتەوە هەڵقوڵابێت ،" ملازم محەمەد" لەساڵی ١٩٧٤
لەچیای زۆزگ شەهید دەبێت و لاشەکەی دەبەنە شارۆچکەی "پێنجوێن" دوای ئاشبەتاڵ دوای تێکشکاندنی شۆڕش و ئەو هەموو تراژیدیایەی بەسەر گەلی ئێمەدا هات ، دەبوو لاشەی ئەم شەهیدە بێتە وە سلێمانی ئەو جێگەیەی زێدی لەدایک بوونی بوو . ملازم محەمەد لەمانگی ئۆکتۆبەردا شەهید دەبێت : لە مارتا شۆرش هەرەس دەهێنێت . ئیتر ژیان وەک قومارێک دێتە پێش چاو دەبێت قوربانیدان و گیان بەخشین چمانایەکی هەبێت؟ ئەوە ئەو پرسیارەبوو کە لەگەڵیا گەورەبووم .
من پێشتر لەبۆنەیەکدا باسی ئەم مرۆڤە خۆنەویستەم کرد ، نەک لەبەر ئەوەی پورزام بووە ، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەو خەونێکی گەورەی هەبوە کە ژیانی لەپێناوا دانا . جارێک کاک " حەمە ڕەشید هەرەس " لەنوسینێکیدا باسی گفتوگۆی خۆی و شەهید دەگێڕێتەوە کە ئامادەیان تەواو کردوە و باسی هەنگاوی دوای بۆیەکتر دەکەن ، :ملازم محەمەد" پێی دەڵێت : من دەچمە ناو سوپاوە تاببمە ئەفسەر ، تاڕۆژێک بێت سوپای کوردستان دروستبکەین ، لەو کاتانەدا هەموو باشوری نیشتمان بەقەدەر پەنجەی دوو دەست ئەفسەری نەبوە کەئەو لەبیری ئەوادابوە ببێتە ئەفسەر و سوپا دروستبکات ، دوای چەند ساڵێک لەگەڕانەوەمدا بۆ سلێمانی و وەک پیشەی هەمووجارێکم سەردانی دواماڵی باوک و دایک و خێزانە کۆچکردۆکانم دەکەم هەموویان بەسەر دەکەمەوە لەگۆڕستانە داماوەکانی شار ئەم جارە کەسەردانی گۆڕی "ملازم محەمد "م کرد شتێکی سەیرم هەست پێ کرد ئەویش تەمەنی ئەو بوو...! کە ئەو پیاوە جوامێرە لەتەمەنی ٢٩ ساڵیدا شەهید بوە ، ئەوە بەو مانایەی کە ناتوانین وێنەیەکی پیری ئەولە هزرمانا بکێشین ، یان ئەوهەرگیز نەیویستوە پیربێت بە لەش .
لەبەر ئەوەی گۆڕستانەکانی شار گەورەو گەورەتر دەبێت ، شاریش گەورەو دزێو دەبێت و گۆڕستانەکان هێندە قەرەباڵغ بوە لەهیچ ناچێت لەزەوقی زیندۆکان و دەسەڵاتداران نەبێت : ئەوان کەدەمردن گردێک داگیر دەکەن بۆ ئەوەی تێدا بشارێنەوە و ناوبانگێ دەرکەن بەهۆی مەزارە مەڕمەڕەکانیانەوە یان چراخانی سەرگۆڕەکانیان . لەو ساڵانەی دوایدا برایەکی تری "ملازم محەمەد" گۆچی دوای کرد ، مامۆستا عوسمان ، هەر لەگردی شێخ محێدین نێژرا ، وەک ووتم: گۆڕستانەکان وەک هەموو جێگەیەکی تر قێزەون بووە و قەرەباڵغی ئەو جێگایانە بێزەوقی مرۆڤە زیدۆکانمان بۆ بەیان دەکات . چەرداخی گۆڕەکەی شەهید "ملازم محەمەد لابراو مامۆستا عوسمانیش لەتەنیشت ئەو کرا بەژێر خاکەوە ، لەگردی شیخ محێدین لەچەرداکەدا هۆنراوەیەک نوسرابوو کە لام وایە هەر هۆنراوەی ملازم محەمەد بێت ، کەدەڵێت :

بیرم له‌خاکی سوتاو کرده‌وه‌، بۆ خه‌بات دیسان خۆم کۆکرده‌وه‌

دنیام به‌ده‌نگی بڕنه‌وی شانم، له‌شیرین خه‌ودا خه‌به‌ر کرده‌وه‌

گره‌وی مه‌ردیم له‌لوتکه‌ی که‌ژا، به‌خوێن له‌میکی 19 برده‌وه‌

لەگەڵ لابردنی چەرداخەکەدا ئەم هۆنراوەیەش کە باسی سەردەمێکمان بۆ دەکات ، کەنیشتمان لەشەڕێکدا بوە و فڕۆکە گاڵە بە چیاو دۆڵەکان و گوندو مەزراکان دەکات ، هۆنراوەکەش لەگەڵ ژەنگی چەرداخەکەدا وون بوو، ئەم پیاوە زیرەک بەشکۆ بوو ، ئەو شەڕی دەکرد بۆ دۆزینەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ژیانی . ئەو دەیزانی جوڵەیەکی بوێرانە هەموو شتێک دەگۆڕێت ،بۆیە لەدوای ٤٦ساڵ کۆمەڵێ وانەی بۆ جێهێشتین کە پی ووتین ، بەبێ ترس ئازایەتی بوونی نی یە ، ئەو لەوە نەدەترسا کە جیهان جێبێڵیت ،لەگێڕانەوەی چیرۆکی ژیانیدا تێگەیشتم ئەو ڕۆحی خۆی پشتیوانی بوو ، هەمیشە قسەو کردارەکانی تەلیسمێکی تێدابوە کە سەرنجی هاوڕێ و کەسەکانی دەوروبەری داوە ، چیرۆکی ئەو مرۆڤە لەوانەبوو کە ڕۆحمی داگیر کردبوو ، لە چیرۆکی ئەوەوە فێربووم کەبردنەوە لەژیاندا بوێری دەوێت . فێری کردین پرسیاربکەین ئێمە لەچ جیهانێکدا دەژین ، ئەو جیهانە کامەیە کە ئێمە دەمانەوێت تێدا ژیان بکەین ؟ ئەو بەو تەمەنە کەمەوە ئەو دەرفەتەی قۆستەوە کە بۆ ئەزموون و فێربوون هاتبۆ پێشی ، کە ڕۆی هیچ ئاوڕی نەدایەوە ، تەنانەت فرمێسکی چاوەکانی باوکیشی نەی وەستان ،چونکە باوەڕی وابوو ئەو بۆ ئەوئەرکە هاتۆتە ژیانەوە ، ئەو دەیزانی کە هیچ شکۆیەک لەمردنی گەمژانەدا بوونی نی یە ، بۆیە ئەو شەڕی دەکرد بۆ ئەو شتەی باوەڕی پێبوو..دواجار بە ووتەیەکی ملگبسن کۆتای پێدێنم کە ووتی:" هەموو پیاوێک دەمرێ ، بەس هەموو پیاوێک ناژی" .

ئه‌و سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌ی که‌ بۆ نیشتمان گیانی خۆی به‌خشی!





(دەنگدراوە: 12 . زۆرباشە: 2.5/5)