ئەلبێرت کامۆ دەڵێت:(کاتیک خۆت بڕیارت دابێ کۆیلە بیت، ئیتر من چۆن شەڕی ئازادیت بۆ بکەم؟)

حەمە ڕیشە شۆڕشگێڕێکی ماندوونەناس و تێکۆشەرێکی ڕاستەقینە

Wednesday, 09.09.2020, 0:04

6615 بینراوە


لە هەموو شۆڕش و بزووتنەوە ڕزگاری خوازەکاندا، کەم نین تێکۆشەرانی خۆنەویست و خۆشەویستی خەڵک و خاک. ئەوانەی بە بێ وەرگرتنی میدالیای قارەمانیەتی و مووچ و مەعاشی بندیوار، تاوەکوو دوا هەناسە دەستبەرداری خواست و ویستەکانی خەڵکی نیشتیمانەکەیان نابن و خۆیان لە خەڵک دوور ناکەنەوە و تەنگ و چەڵەمەی ڕۆژگار و غەدری زەمانە لە کار و چالاکی شۆڕشگێڕانە خاویان ناکەتەوە، و وەک خۆیان دەڵێن تاوەکوو زیندوون دژ بە ستەم و ملهوڕی داگیرکەر و بەکرێگیروانی ئەوان دەوەستنەوە.

خۆشبەختانە لەم ڕۆژانەدا توانیم چاوپێکەوتن دەگەڵ شۆڕشگێڕێکی واقعیی و کوردێکی نیشتیمانپەروەر و پێشمەرگەیەکی دێرینی باشووری کوردستان بکەم.
حەسەن حاجی محەمەد حوسێن، ناسراو بە " حەمە ڕیشە" لە ناو پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی دا، یەکێک لەو کەسایەتیە شۆڕشگێڕانەی شاری هەولێر، کە دوای ساڵانێک خەبات و بەرخۆدان، هێشتا هیواکانی باس دەکات و ئاواتەخوازە کوردستانێکی ئازاد و سەربەست و پڕاوپڕ لە دادپەروەریی ببینێتەوە.

مام حەسەن هەولێری و خێزانەکەی یەکێک لەو بنەماڵە تێکۆشەرانەی باشووری کوردستانن، کە بە بوون و نەبوون، خزمەتیان بە تەواوی مانا بە بزووتنەوەی کوردایەتی کردووە و لەم پێناوەشدا دەیان سەردی و گەرمی ڕۆژگاریان تەحەمول کردووە و دەیان ناخۆشیان بینیوە.

ئەگەرچی حەمە ڕیشەی هەولێر، بە هۆی باروودۆخی ئەو کاتی کۆمەڵگەی کوردیی، نەیتوانیوە دوای چەند ساڵ خوێندن لە قوتابخانە درێژە بە خوێندن بدات؛ بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوون و بەردەوامبوونی لە ناو ڕیزی شۆڕشگێڕاندا، زیاتر لە قوتابخانە و زانکۆ، وانەی بوێری و مەردایەتی فێر بووە و لە ئێستادا ئێمەمانان دەبێ وانەی شۆڕشگێڕی و قارمانیەتی لێ فێربین.

مام حەسەن ساڵی 1954 لە هەولێر لە دایکبووە و دواتر و لە دوای تەوابوونی خوێندنی سەرەتایی، تێکەڵ بە شۆڕشی ڕزگاریخوازنەی نەتەوەی کورد بووە و دواتریش وەک بۆمان باس دەکات، لە ساڵی 1979 دەبێتە پێشمەرگەی حیزبیی شیوعی کوردستان. ناوبراو لەم حیزبەدا کاروچالاکی سیاسی خۆی بەردەوام دەکات تاوکوو ڕاپەڕینی جەماوەری باشووری کوردستان.

مام حەسەن هەولێری، ڕایوایە لە سەرەتای شۆڕشدا کە خەڵک ڕوویان دەکردە پێشمەرگایەتی و بزووتنەوەی کوردیی، بەو مانایە نەبوو کە خەڵکی هەمووی سەر بە پارتی و بارزانی بن، بەڵکوو ئەو کات خەڵک بە هەستی ناسیونالیستی بۆ ڕزگاریخوازی گەلەکەی هەوڵی دەدا، ئەگینا هەرگیز شۆڕش و بەرخۆدان نەدەچووە چوارچێوەی خێڵەکی. لەمباریەوە دەڵێت: قەت نەبێستراوە و قابیلی قبووڵ نەبووە کە، ئەوەی دەبوو کوردایەتی بکات؛ لە ناو بازنەی عەقڵیەتی خێڵەکی و بنەماڵەیی پارتی دیموکرات دا بیر بکاتەوە، و ئەوەی پارتیەکان وەک مێژوو باسی دەکەن تەنیا چەواشەکارییە، چونکە خەباتی جەماوەریی قورسایی و گەورەیی زۆر لەوە زیاتر بوو کە پێناسەی خێڵەکی بۆ بکرێت.

حەمە ڕیشەی هەولێر وەک خۆی باسی دەکات، تاوکوو ساڵی 1991 بەردەوام لە خەبات و تێکوشاندا بووە و ئەوەی لە دەستی هاتووە درێخی نەکردووە و بە گیان و دڵ بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و لەم پێناوەدا هەوڵی داوە.
مام حەسەن لە ساڵانی پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی دا، دەگەڵ هاوڕێ عەزیز محەمەد و ئەبوو یووسف و حەیدەر فەیلی و ئەبوو حیکمەت و ژوماریەی دیکەی لە هاوڕێیانی، پێوەندییەکی باش و توند و تۆڵی هەبووە و زۆر جاران یادەوەری ئەو ڕۆژانە بۆ دۆست و کەس و کاری باس دەکات و پێیوایە ئەوان کۆمەڵێک مرۆڤی خۆشەویست و کاریگەر لە شۆڕشی ئەو سەردەم بوون و بە کەسانی بەرز و بەنرخیان وەسف دەکات.

مام حەسەن کاتێک باسی دامەزراندنی حیزبە کوردییەکان دەکات، پێیوایە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، حیزبەکان زۆربەیان لە سەر بنچینەی خێڵەکی و بناخەی هەڵە درووست بوون، تەنانەت ڕایوایە پارتی کرێکارانی کوردستانیش لەم هەڵەیە دوور نەبووە و ئەم پارتەش لەسەر هەمان ڕێچکەی هەڵەی هەموو حیزبەکان و زۆربەی هەڵەکانی حیزبی شیوعی و یەکێتی سۆڤیەت دامەزراوە، بەڵام دەگەڵ ئەم ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەش، وەسفی پارتی کرێکارانی کوردستان(پ.ک.ک) دەکات و پێیوایە لەم قوناخەدا ئەوانی دیکە دەبێ دەستیان لێ بشۆردرێت و تەنیا پ.ک.ک هیوای گەلی کوردستانە.
مام حەسەن لەمباریەوە دەڵێت: لە ئێستادا ئەوەی جیگەی شانازیی و هیوای نەتەوەی کوردە، تەنیا بیر و بۆچوونی ئاپۆیە و دەکرێت سەرەڕای هەڵە تاکتیکەکانی پ.ک.ک، درێژە بەو جۆرە خەباتە بدرێت و دەسکەوتی هەبووە و زیاتریش دەبێت.

مام حەسەن پێیوایە، زۆربەی شۆڕشەکانی کورد لە لایەن ئاغا و شێخ و مەلاوە ڕێبەری کراون و هەر بۆیەش ئەم جۆرە لە شۆڕش، زۆربەیان هەرەسیان هێناوە، چونکە ئەوانە بە عەقڵی خێڵەکی و دیوەخانی ویستوویانە ڕووبەڕووی داگیرکەر ببنەوە و ئەمەش شتێکی مەحاڵە و دوورە لە مەنتقی شۆڕشگێڕی و هەست و ئێحساسی کوردیی.
مام حەسەن، کاتێک پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بووە، چەند جارێک سەردانی کوردستانی ئێرانی کردووە و پێیوایە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێڕان، کورد لەوپەڕیی بەهێزیی دا بووە و دەرفەتێکی زۆر باش بۆ کوردیی هەموو شارەکانی ئێران ڕەخسابوو. بەڵام دەگەڵ ئەو حاڵەتەش پارتی و یەکێتی لەم بابەتەشدا لە ڕووی خیانەتەوە هاوکاری حکومەتی خومەینی یان کرد و لە زۆر بواردا، چاوساخی داگیرکەر بوون و زەربەیان لە جووڵانەوەی ئەم پارچەیەی کوردستان داوە و لە پشتەوە خەنجەی غەدر و نامەردیان وەشاندووە و پێشمەرگەی دیموکراتیان بۆ حکومەتی خومەینی شەهید کردووە.

سەبارەت بە تێکەڵبوونی حەمە ڕیشەی هەولێر بە فکریەتی ئاپۆچی ناوبراو دەڵێت: هەر بە درووستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، من کە هەستێکی نەتەوەییم هەبوو، بە بیرکردنەوەی خۆم و ئەزموونی خەباتی کوردایەتی، ئەوانم هەڵبژارد و پێموابوو دەبێ لەم چوارچێوەیەدا خەباتی خۆم درێژە پێ بدەم.

مام حەسەن دەڵێت: کاتی خۆی ئێمە کە پێشمەرگە بووین، لە لایەن جەماوەری کوردستانەوە ڕێزمان لێ دەگیرا و سومعە و ناوی پێشمەرگە شتێکی مەزن بوو، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی 1991وە، پارتی و یەکێتی بە درووستکردنی میلیشیا و چەکداری حیزبی و تێوەگەلان بە فەساد و سات و سەوادی ئابووریی و هاوکات هاوکاری داگیرکەرانی تورک و فارس، ناوی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەیان بۆژۆ کرد و خەڵکیان لە شۆڕش و کوردایەتی پەشیمان کردەوە.

مام حەسەن دەڵێت: خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان زۆر لەوە گەورتر و بە نرختر بوو، کە لە ئێستادا ژوماریەک مامەڵەچی سیاسی بە عەقڵیەتی خێڵەکی و مافیاگەری خەوشداری بکەن و خەڵکی کورد لە خەباتی ڕزگاریخوازی سارد بکەنەوە و مامەڵە بە پیرۆزییەکانی ئەم نەتەوەیە بکەن و کەڕامەتی خەڵکی بشکێنن.

حەمە ڕیشەی هەولێر، پێیوایە چارەسەری پەرتەوازیی نەتەوەیی کورد، تەنیا یەکگرتوویی و یەکبوونە، بەڵام تاوەکوو ئەو دووبنەماڵەیی باشوور لە ساحەی سیاسی دا بمێنن، تەنیا ماڵوێرانی زیاتر بۆ کورد تۆمار دەکەن و هیچی تر. ئەوان بە خیانەت و ڕاکێشانی لەشکری تورک و ناردنی پێشمەرگە بۆ لیبیا و نۆکەرایەتی بۆ دوژمنان، دەریانخست کە خراپتر لە دوژمن زەربە لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی و خەون و هیواکانی تاکی کورد دەدەن.

مام حەسەن، ڕایوایە کە پارتی و یەکێتی بە درووستکردنی میلیشیای تایبەت بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان و بە هەبوونی میدیای زەبەلاح و پڕووپاگاندای درۆینە، دەورێکی زۆر خراپ دەگێڕن و ئەمەش لە داهاتوودا مەترسیەکی زۆر گەورە بۆ پارچەکانی دیکە درووست دەکات و شەڕی ناوخۆیی هەڵدەگیرسێنێت و ماڵوێرانی بەدواوە دەبێت.

لە کۆتاییدا مام حەسەن هەولێری دەڵێت: پێویستە خەڵکی کوردستان لە دژی ئەم جووت بنەماڵەی باشووری کوردستان شۆڕشێکی جەماوەری درووست بکەن و بونیاتێکی نوێ پێک بهێنرێت و چیدی خەڵکی کوردستان لەم هەموو تەنگەژە ئابووریی و هەژاریی و لێقەوماویە دا نەمێنێتەوە.
مام حەسەن، پێیوایە ئەوانە بۆ لەناو بردنی شۆڕشی کورد و خەونەکانی ئەم میللەتە درووستکراون و تاوکوو سێبەری ئەوانە مابێت، کورد قەت ئیسراحەت ناکات و دەڵێت بیست ساڵ پێشمەرگایەتیم کرد و بیست و دو ساڵە لە تاراوگە دەژیم، بەڵام هەموو ڕۆژێک ئاواتم وایە ڕۆژێک بێت گەلەکەم ئیسراحەت بکات و قەتیش ژیانی تاراوگەم بە خواستی خۆم هەڵنەبژاردووە و وڵاتی من لە هەموو وڵاتان خۆشترە و مخابن داگیرکەر و داشی دوژمن نەیانهێشتووە جەماوەر بە ئاواتەکانی بگات.



(دەنگدراوە: 6 . زۆرباشە: 4.5/5)