خەسارناسی دەسەڵاتی حیزبە سونەتیەکانی کورد

Wednesday, 09/09/2020, 20:50

3720 بینراوە


کوردستان لە سەد ساڵی ڕابردو وەک موستەعمەرەی(کۆلۆنی) نێوخۆیی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچە ماوەتەوە. لە ئاکام دا بۆرژوازی (سەرمایەداری) بەرهەمهێنەری نەتەوەیی لە نێو خۆی دا شکڵی نەگرتوە.
پێش‌نیازی دروستبونی فکر، حیزب و ئیستڕاتژی دەوڵەت-نەتەوە بەهێز بونی پێگەی سەرمایەداری بەرهەمهێنەری نەتەوەییە.
سەرمایەدار و توێژی بەرهەمهێنەری ناوخۆ پێویستی بە بازاڕی فرۆش، هەڵوەشانەوەی کۆت و بەندی کۆنی دەرەبەگی و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی پێشکەوتو، یاسا سەروەر، زانست‌میحوەر و شاییستەسالار هەیە.
کوردستان لە جیاتی سەرمایەداری نەتەوەیی خاوەنی چینی سەردەستی کۆمەڵگایە. چینێکی ئەنگەلیە کە لەم توێژە بێبەرهەم و پڕمەسرەفانەی خوارەوە پێک هاتوە:
پاشماوەی ئاغاوات، دەرەبەگ و بنەماڵە دەست‌ڕۆییشتوەکان، دەڵاڵ و بازەرگان، هاوردەکارانی کاڵا ساختەکانی دەوڵەت-نەتەوەی حاکم، فرۆشیاران و هەناردەکەرانی بەرهەمی کشت و کاڵ و ئاژەڵداری و کانزاکانی کوردستان، ڕانتخۆران و گشت ئەو کەسانەی هۆگری ژیانی دەوڵەمەندی بێ ئارەقە و زەحمەتن.
پێویستە ئەوەش لە بەر چاو بگرین کە چینی سەردەستی کوردی لە ناو کۆمەڵگا دا پێگەی جەماوەری بەهێزی هەیە کە بریتین لە هەزاران خەڵکی عەوام، کاڵفام و بێسەوادی سیاسی کە بە بیستنی دەنگی دەهۆڵی کوردایەتی دەکەونە تەقڵەسەما و دەبنە دەنگدەر، شەڕکەر و سیاهی لەشکر. توێژەکانی شایەر، قەڵەم‌فرۆش، دین‌فرۆش، وڵاتفرۆش، لۆمپەن و بێعار نانی خوساوی خۆیان لە سەرگوێلکی ئەم چینە دەدۆزنەوە.

چینی ژێردەستی کۆمەڵاگای کورد:

کرێکاران، کرێکارانی وەرزی، بێکاران، دەستفرۆشان، توێژەکانی مامناوەند، جوتیاران، دوکاندارانی کرێچی، کارمەندان، وەستاکاران و... هەر وەها توێژی ڕوناکبیری کوردی مەیدانی خەباتی خۆی لە ناو ئەم چینە دا دەبینێتەوە.

بار و دۆخی کوردستان و ماهیەتی حیزبە سوننەتیەکان 

لە سەدەکانی ناوەڕاست چینی سەردەستی کوردی(میرنشینەکان شێخ و ئاغاوات) وەک ئامرازی دەسەڵاتی دەوڵەتانی عەڕەب و تورک و ئێرانی لە کوردستان دەوریان هەبو.
بەرژوەندی چینی سەردەستی ئێستای کۆمەڵگای کوردی بە پێی نێوەرۆک و پێک‌هاتەی لە گەڵ دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆی کوردستان یەک ناگرێتەوە. بە تایبەت ئەگەر ئەم دەوڵەتە وەک سیستمێکی پێشکەوتنخواز پابەندی دادپەروەری، یەکسانی، بەرابەری ژن و پیاو، شاییستە سالار، دەستپاک و دور لە ڕانتخۆری و گەندەڵێ بێت.
چینی بێبەرهەم و مفتەخۆری سەردەستی کورد نە تەنیا لە گەڵ سیستمی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی دەوڵەت-نەتەوەکانی حاکم بە سەر کوردستان دژایەتیەکی بنەڕەتی نیە، بەڵکە بە جیابونەوە لەم سیستمانە زیندو مانەوەی خۆی دەکەوێتە خەتەر.
نەهایەتی ئاسۆی فکری چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی کە حیزبە سونەتیەکان ڕێبەرایەتی دەکەن ئەوەیە کە پشکی زیاتریان لە سامان و دەسەڵات، سەروەری و ئاغایەتی، چەوساندنەوە و مژینی خوێنی خەڵکی کورد وەبەر بکەوێ.
مێژووی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق وەک سەرەکیترین و ئاشکراترین نوێنەری چینی سەردەستی کۆمەڵگای کوردی جێگای سرنجێکی زۆرە.
بۆچی بە پێی پێویست ئەم بنەماڵەیە لە پشتیوانی گشت داگیرکەرانی کوردستان بەهرەمەند بوە؟
بۆچی بۆ سەرکوتی شۆڕشگێرانی چوار پارچەی کوردستان باشترین ئامرازی داگیرکەران بوە و هەیە؟
دژایەتی چینی سەردەستی کوردی بەرانبەر داگیرکەران تاکتیکی، ڕووکەش و کورتماوەیە. چونکە بەرژوەندی ئابوری و سیاسی هاوبەشیان لە گەڵ داگیرکەران هەیە، دۆستی ئیستڕاتژیکی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەن.

حیزبە سوننەتیەکانی کوردستان:

پارتی دێموکڕاتی کوردستانی ئێراق لە پێش هەومو هێزەکان دا و دێموکڕاتەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان و زۆرینەی ڕێبەران و بنەماڵە دەستڕۆییشتوەکانی ناو یەکیەتی نیشتمانی و گۆڕان، ئەنەکەسەکانی ڕۆژئاوا، تەنانەت پاشماوەی کۆمەڵەکانی ئێرانی موهتەدی و ئێلخانی‌زادە و ئیخوان و حیزبە ئیسلامیەکانی گشت پارچەکانی کوردستان بە هەمو فۆڕم و ڕەنگەوە.

هەڵسەنگاندنی ئاکامی ٣٠ ساڵ ئابوری و خزمەتگوزاری ئێران و باشوری کوردستان لە دو تای یەک تەرازودا



بەراوەردیکی سی ساڵەی(٣٠ ساڵ لەوە پێش تا ئێستا) ئابوری لە گەڵ وڵاتێکی پڕکێشەی وەک ئێران دەتوانێ وێنەیێکی ڕوون و دروست لە باشوری کوردستان بخاتە ڕوو.
ئێران وڵاتێکی ٨٥میلیۆن کەسیە و گرفتاری گەندەڵی ئیداری و ماڵی، گەمارۆی ئابوری ڕۆژئاوا، بە فێڕۆ ڕۆییشتنی سەدان میلیارد دۆڵار لە پێناو دروست کردنی وزەی ناوەکی(ئەتۆم)، بازنەی داخراوی دەسەڵات و خەرجێکی زۆر لە سوریە، لوبنان، یەمەن، فلستین، سەعودی،بەحرین، ئەفغانستان، پاکستان و تەنانەت بەشێک لە وڵاتانی ئافریقاییە.
سەرەڕای ئەم بەربەستانە، لە سی ساڵی ڕابردو دا ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزاری ئێران ئەم دەسکەوتانەی تۆمار کردوە:
کارەبای بیست و چوار سەعاتە، کێشانی بۆری گاز بۆ ٩٠٪ی ماڵەکانی ئێران. دابینکردنی ئاوی لولەکێشی بۆ ٩٥٪ی دانیشتوان. بە کردەوە کردنی دەوڵەتی ئیلەکترۆنیک، سیستمی بانکداری پێشکەوتو و ئینتێرنێتی، گەشەپێدانی کشت و کاڵ لە ڕێگای پێدانی قەرز بە جوتیاران بۆ کڕینی ئامێرەکان، ئاودێری قەترەیی و بارانی. دروست کردنی سەدان بەنداو و شارۆچکەی پیشەسازی، دوانەکەوتنی موچەی کارمەندان، بەرەو پێش چونی پرۆژەکانی جادە و ڕێگای ئاسن، دروست کردنی دەیان پیترۆشیمی و پاڵاوگەی نەوت و گاز.
{خوێنەری هێژا، لە لێکۆڵینەوەی زانستی دا پێویستە باوەڕ و هەستی خۆمان تێکەڵی نوسین نەکەین. هەر دەوڵەت، هێز یان حیزبێک کە بکەوێتە بەر باس و لێکدانەوە، لازمە بە بێ هیچ جۆرە ڕق یان عاتیفە، ڕاستیەکان وەک خۆیان بنوسرێن. نە زیاد و نە کەم. لێرە دا ئاماژە کردن بە دەسکەوتەکانی ئێران لە بواری ئابوری بە مانای قەبوڵ یان ڕەدی سیستمی سیاسی حاکم نیە و تەنیا بۆ هەڵسەنگاندنێکی ئابوریە بەرانبەر بە باشوری کوردستان}

باشوری کوردستان دوای ٣٠ ساڵ دەسەڵاتی حیزبە سوننەتیە کوردیەکان

باشور خاوەنی حەشیمەتێکی پێنج میلوێن کەسیە. داهاتی ئاشکرا و نادیاری لە گومرک، نەوت، غاز، بەرهەمی ناوخۆیی، پشکی هەرێم لە دەوڵەتی ناوەندی و ... دو بەرانبەری داهاتی تاکەکەسی ئێرانیەکانە. 

ئاستی ئابوری و خزمەتگوزاری باشور لە بوارە جیاکان‌دا بەم شێوەیە: 

١- کارەبا- کارەبایەکەی بە زەحمەت دەگاتە ١٢ سەعات.( لە دەورەی دەسەڵاتی سەدام سەرەڕای شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و گەمارۆی ئابوری ڕۆژئاواییەکان و ... کارەبا و ئاو کەمترین کێشەی هەبو)
٢- ئاو- کێشەی ئاو لە کارەبایەکەی کەمتر نیە. هیچ بەنداوێکی ستڕاتژی ساز نەکراوە. چارەنوسی بەنداوی بێخمە نمونەیێکە لە کارەساتی دەسەڵاتی حیزبە کلاسیکەکان کە دەتوانێ بۆ نەسلی ئەمڕۆ و داهاتوی کورد ئەزمونێکی بە نرخ بێت.
بەنداوی بێخمە یەکێک بوو لە پرۆژە مەزن و ستراتیژیەکان بۆ کۆکردنەوەی ئاوی زێی گەورەو لقەکانی. پرۆژەکە هێندە گەورە بو کە بە پرۆژەی گاپی عێراق دەناسرا. توانای گلدانەوەی ۱۷ ملیارد مەتر سێجا ئاوی هەبو، کە دەیتوانی یەک ملیۆن دۆنم زەوی بەراو بکات. ناوچەکەی دەکردە شوێنێکی گەشتیاری دڵگیر.
. ساڵی ۱۹۸۷ دەستکراوە بە جێبەجێکردنی تا ساڵی ۱۹۹۱ توانراوە ۳۳ لەسەدی پرۆژەکە تەواو بکرێ. هەمان ساڵ بەهۆی راپەرینەوە پرۆژەکە وەستاو هەموو ئوتومۆبیل و کەلوپەل و ئامێرو ژێرخانێکی پرۆژەکە لەلایەن دەسەلاتدارانی کورد ئاودیوی ئێران کران. لەلایەن خەلکیش ھەندێک کەل و پەل تاڵان کرا کە ھەمووی بە ١٧٥ملیۆن دۆلار دەخەملێنرا.
ساڵی ۲۰۰٥ ئەمریکیەکان و حکومەتی عێراقی پرۆژەکەیان زیندوو کردەوەو بڕی ٥ ملیارد دۆلاری لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵی بۆ تەرخانکراو بریار بوو بە ۸ ساڵ پرۆژەی بەنداوەکە بە هەموو وردەکاریەکانیەوە تەواو بوایە.
بەهۆی ئەو بەنداوە دەریاچەیێکی گەورە دروست دەبوو کە پەنداوەکەی دەگەیەییشتە ۱٤٦ کیلۆمەتر. ملیۆنەها دۆنم زەوی بۆ جۆرەها کشتوکاڵ بەراو دەکرا.
٢٥٠٠ مێگاوات کارەبای بەرهەم دەهێنا، کە هەموو باشور ۳٥۰۰ مێگاواتی پێویستە . هەزاران هەلی کار و دەرفەتی گەورەی ئابوری وەک کشت و کاڵ، ماسیگیری و گەشتیاری بە دوای دا دەهات.
مەسعود بارزانی لە حاڵێکدا کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بو، چوارچێوەی فکری لە سەرۆک خێڵی بارزاندا تێپەری نەدەکرد، بە بیانوی ئەوەی بەشێکی زۆری دەڤەری بارزان ژێر ئاو دەکەوێ پێشی جێجەجێکردنی پرۆژەکەی گرت.
تونێلی بەنداوی ناتەواوی بێخمە لە سی ساڵەی دەسەڵاتی کوردی دا

٣- بانک- سیستمی بانکی بە تەواوی وێرانە و خەڵک لێی بێبەهرەن.
٤- بۆری گاز- سەرەڕای دەوڵەمەندی باشور بە گازی سروشتی، بۆ کێشانی بۆری گازی ناوخۆ هیچ کارێک نەکراوە. بەڵام بۆری هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ تورکیا بێ ڕاوەستان ئیش دەکات.
٥- جادە و ڕێگا- ئەگەر جادەکانی دەورەی سەدام و دەوڵەتانی پێشوی ئێراقی لێ‌ دەر کەین دەتوانین بڵێین شتێکی بەرچاو نابینین کە لەم ٣٠ ساڵە دا ساز کرابێ.
٦- کشت و کاڵ- لە جیاتی گەشەسەندنی کشت و کاڵ، زەوی‌خۆری و داگیرکاری ژینگە و دەشت و کێو و دۆڵ و شاخ و کێوەکان دەبینین کە لە لایەن بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی سەر بە حیزبە سوننەتیەکان داگیر کراون و جادەی تایبەت، ویلا، باغی ڕازاوە، بیر و حەوزی مەلەوانی و ... بۆ ساز کراوە. ئەوە لە کاتێک دایە کە سەرەڕای بونی زەوی پڕ پیت و بەرەکەت، گەلی باشور تەنانەت پیواز و پەتاتەکەی لە ئێران و تورکیا هاوردە دەکات.
٧- موچەخۆر و موچە- بە نیسبەتی حەشیمەتی(٥میلیۆن) زۆرترین کەسی کراوەتە موچەخۆر (٥/١ ملیۆن) زۆرینەیان بندیوارن و هیچ ئەرکێکیان لە سەر شان نیە غەیری دەنگ دان و لایەنگیری لە حیزبەکەیان. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی باشور لە کار و بەرهەمهێنان بێگانە بکرێن و وەستاکارەکانی عەڕەب، ئێرانی و تورک جێگای چۆڵی باشوریەکان پڕ بکەنەوە و هێزی کار و بەرهەمهێنەر لە زەویەکان دور کەونەوە.
کرێکار و کارمەندانی ڕاستەقینە بە چەند مانگ موچەیان وەدوا دەکەوێ، یان بە نیو موچە و چارەگە موچە دەبێ قەناعەت بکەن.
٨- نەخۆشخانە- نەخۆشخانە تایبەتیەکانی دەسەڵاتدارانی حیزبی هێندە گرانن کە تەنیا دەوڵەمەندە گەورەکان لێیان بەهرەمەند دەبن. خەڵکی ئاسایی بۆ چارەسەری نەخۆشی ناچارن بجن بۆ ئێران و تورکیا ...
بە پێی ئامار وداتاکان حکومەتی حیزبە سوننەتیەکان تەنانەت بە بەراوەرد لە گەڵ سیستمێکی داخراو، گەمارۆدراو، پڕ لە هەڵە و نوقسانی وەک ئێران تەنیا بە دەستەواژەی کارەساتبار پێناسە دەکرێ.
میزانی سەرمایەی نەتەوەیی ئێران و هەرێمی باشوری کوردستان کە لە گەندەڵی و ... دا دەفەوتێ، بەم جۆرە دەخەمڵێندرێ:

وڵات

سەرمایەی ونبوو

ئێران

35%

هەرێمی باشووری کوردستان

70%


ئاساییش و پارێزراوی هاوڵاتیان

تیرۆری ڕۆژنامەوان و ڕووناکبیرانی ڕەخنەگر، وەک: (بەکر عەلی، سۆرانی مامە حەمە، سەردەشت عوسمان، کاوە گەرمیانی، ویدات حوسێن) و زیندانی و بێسەر و شوێنکرانی ناڕازیانی دەسەڵات تا ئێستا بەردەوامە.
کارەساتی ٢٠١٤ی ڕاکردنی ١٥٠٠٠ پێشمەرگە لە بەرانبەر ٥٠٠ چەکداری داعش بە دەستوری ڕاستەوخۆی پارتی دێموکڕات بێ تەقاندنی یەک فیشەک و ئەنفالکرانی ئیزەدیەکان لە هەر وڵاتێک ڕووی دابا، کاردانەوەی گۆڕینی دەوڵەت و محاکمەی ڕادەستکەرانی ئیزەدیەکانی لێدەکەوتەوە.

هاوژیانی و یەکگرتویی 

حیزبە سوننەتیەکان کەلتوری دوشمنایەتی گەلان پەرە پێدەدەن و برایەتی گەلان بە جاشایەتی دەزانن و لە هەمان کات‌دا هاوکاری داگیرکەرانیش بە سیاسەتی حەکیمانە.
چونکە لە ژینگەیێکی سوننی دا پەوەردە بون، ئەگەر بە ڕواڵەت سێکۆلار و دێموکڕاتیش بن، دژی شیعەن و ڕەقیبەکانیان بە شیعەگەرایی تۆمەتبار دەکەن.
ئەم ناسیۆناڵیسمە سەقەتە لە گەڵ بیری نەتەوەیی قەت یەک ناگرێتەوە.
دو لە سەر سێی دانیشتوانی کوردی ئێران( زۆرینەی پارێزگای کرماشان، گشت پارێزگاکانی ئیلام و خوڕەم ئاوا و کوردە کانی خوڕاسان) و بە گشتی نیوەی کوردی دونیا شیعەیە.
ئەمە چ ناسیۆناڵیستێکە کە لە پێش هەمو شتێک دا حاشا نیوەی نەتەوەکەی خۆی دەکات؟

فەرهەنگ و کەلتوری کۆمەڵگای باشور

لە ئاکامی سی ساڵ حکومەتی کوردی دەبینین کە ڕادەی سەقافەت و ڕووناکبیری باشور نزمترە لە دەورەی پێش ڕاپەڕینی ١٩٩١. عەشیرەتگەری، توندئاژۆیی ئیسلامی سوننی، پیاوسالاری و کوشتنی ناموسی پەرەسەندنێکی شێرپەنجەئاسای بە خۆیەوە دیوە.
بیری نەتەوەیی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سوسیالیستی، سێکۆلاریسم، تەحەمولی عەقیدە، مەڕام، دین و نەتەوی جیاواز(ڕەواداری) لە پاشەکشەی بەردەوام دا بوە.
مینبەری دین و نەتەوەفرۆشانی وەک مەلا عەلی کەڵەک، عەلی قەرەداغی، عەلی باپیر، عەودول لەتیفی سەلەفی، عەلی جەوانمەردی و... جمەی هاتوە لە گوێگرانی نەوعی مەڕ بۆ شمشاڵ. بازاڕی گەوجاندن و ژەهراوی کردنی مێشکی کۆمەڵگایان گەرم بوە و ویلا، ژن و پارە دەسکەوتیان.
ئێستا ئاستی ڕووناکبیری، سەقافەت، نوێ‌خوازی و بیری ئازادی دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بەرزترە لە باشوری کوردستان.
لێرە دایە کە گەلی کورد خۆی لە نێوان دو بژاردەی خراپ و باش نابینێتەوە، بەڵکە بژاردەیێکە لە نێوان خراپ و زۆر خراپتر:
١- مانەوە لە ناو سیستمی دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچە= خراپ.
٢- دروست کردنی هەرێمێکی کوردی لە ژێر دەسەڵاتی حیزبە سوننەتیەکان= زۆر خراپ (لە ڕادەی کارەسات)
بەڵام با گەڕانەوەیێک بکەین بۆ شاعیری خۆشەویستی گەل مامۆستا هێمن:
«گوتم: کەوابوو ئاشنا
بەشی ئێمەش لەناو چوونە
گوتی: نا نا دوور بڕوانە دوور بڕوانە ئاسۆ ڕوونە...»

بژاردەی سێهەم:

هاوچارەنوسی کورد لە گەڵ گەلانی چەوساوە و ئازادیخوازانی عەرەب، فارس و تورک دەیسەلمێنێ هاوخەباتی لە گەڵ ئەمانە دەتوانێ بژاردەی سێهەم بێت. وەک شۆڕشگێڕانی مەیدانی تەحریری بەغدا و هێزە ڕەسەن و ئازادیخوازەکانی چوار وڵاتی سوریا، ئێراق، تورکیا و ئێران.
گەلی کورد دەتوانێ خەباتی خۆی لە گەڵ ڕوناکبیران، شۆڕشگێڕان و دڵسۆزانی ئەم گەلانە گرێ بدات بۆ دەستەبەر کردنی سیستمێکی نوێی ئینسانی کە بنەماکانی لە سەر دێموکڕاسی شوڕایی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، سیکۆلاریسم، بەرابەری ڕەگەزی و نەتەوەیی، ئازادی بیر و باوەڕ، سەروەری یاسا و ... دامەزرابێ.
بۆ بە کردەوە دەرهێنانی ئەم بیرۆکەیە لە پێش هەمو کارێکدا دەبێ لە ناو مانیفستێکی کامڵ، گشتگیر وشەفاف دا چوارچێوەی سیستمێکی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی نوێ بە ڕوونی دیاری بکرێ بە جۆرێک کە لە دواڕۆژ دا نەتوانرێ دو یان چەند جۆر تەفسیری جیاوازی لێ بکرێتەوە.
خەڵک لە جیاتی ئەوەی ببێتە شوێنکەوتەی حیزب یان ڕێبەرێک، لە دەوری ئەم ئەساسنامەیە کۆ بنەوە و بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان تێکۆشان دەکەن.
بە هیچ جۆرێک ڕێگا نەدرێت کە هەلپەرەستان و دوشمنانی گەل بە بیانوی دیاری کردنی دەوڵەت و سیستمی تازە خەڵک فریو بدەن و بە نێوی ڕیفڕاندۆم، یەک جار بۆ هەمیشە بە دەنگی خۆیان دیکتاتۆر، جەلاد و زیندانبانیان بەسەردا بسەپێنن.
زۆربەی دیکتاتۆڕیەکانی دونیا لە ڕێگای دەنگی خەڵک و ڕیفڕاندۆم بە دەسەڵات گەییشتون و دوایەش تا مردن دەستبەردار نەبون. وەک هیتلێر، موسولینی، ئەردۆغان و ...

کەڵک وەرگرتن لە ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان

ڕۆژئاوا لە ٢٠١٢ تا ئێستا بە پێچەوانەی حیزبە کلاسیکەکان توانیویەتی نمونەیێکی جوان بخوڵقێنێ لە دەسەڵاتی شوڕایی، دێموکڕاسی ڕاستەوخۆ، بڵاوکردنەوەی بەها مرۆڤیەکانی وەک برایەتی گەلان لە جیاتی دەمارگرژی نەتەوەیی، بەرابەری ژن و پیاو، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پێشگیری لە تێکەڵ بونی دەسەڵات و پارە، پەروەردەی کۆمەڵگایێکی وشیار و پێشکەوتنخواز بۆ داڕشتنی مۆدەڕنیتەی دێموکڕاتیک لە بەرانبەر مۆدەڕنیتەی سەرمایەری و کۆنەپارێزی دەرەبەگی و بە ئەخلاقی کردنی سیاسەت لە جێگای سیاسەتی ماکیاولیستی ژاڵ لە جیهان‌دا.
دەکرێ دەسکەوت و ئەزمونەکانی ڕۆژئاوا بکرێنە هەوێنی ئەم مانیفستە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە