نهێنی دەوڵەمەندبوونی بیل گەیت!

Thursday, 10/09/2020, 21:03

7980 بینراوە


ئەوەت لە کوێ بوو؟
( بیڵ گەیتس ) کە دۆزەرەوە و خاوەنی کۆمپانیای ( مایکرۆسۆفت )ە پرسیارێکی لێدەکەن کە هەستی چۆنە سەروەتی ئابووری لە ئێستادا دەگاتە (١١٢) ملیار دۆلار. لە وەڵامدا دەڵێت بە (ملیۆنەر) بوون قورسترین پرۆسەی ژیانم بوو چونکە لە تەمەنی هەشت ساڵیمەوە ڕۆژانە شەش کاتژمێر کتێبم دەخوێندەوە و بە پرۆسەیەکی زانستیدا دەرۆشتم، پاشان لە تەمەنی هەرزەکاریمدا بیرم لەوە دەکردەوە کە پرۆسەی دەوڵەمەند بوون زۆر قورسە ئەگەر لە هەمان کاتدا بیر لە باشکردنی کۆمەڵگە نەکەیتەوە و پارەکەت بە پرۆسەیەکی شەرعیانە پەیدا نەکەیت.
بە تێکدان و خوێن مژین و زوەتکردنی مافی فەقیر و هەژاری ناو کۆمەڵگە بە ئاسانی دەتوانیت دەوڵەمەند ببیت و بگەیتە ملیۆنێک و دوان و سیان و تا ملیاریش، چونکە لەم بوارەدا بەدوای کەسانی بەهێزی ناو کۆمەڵگەدا دەگەڕێیت و مافیا ئاسا ئیدارەیان دەدەیت و لە بەکارهێنانی هێز و دەسەڵاتیاندا لە پەناوە کارەکانی خۆتیان پێدەکەیت کە ناشەرعیانە و بە دزینی ماف و پارەی خەڵکی هەژار کە بێئاگان لە کاری ناڕەوایی. 
ژێرخانی ئابووری ووڵات بەو پارەیە دروست دەبێت کە بە سیستەمێکی میزانیەی باش پلانی بۆ دانرابێت و داهاتی تۆمارکراوی ناوخۆ و باجی دەرامەتی کۆمپانیاکان بگەڕێنرێتەوە بۆ پەرەپێدانی باری ژیان گوزاری ناو کۆمەڵگە لە باشکردنی لایەنی پەروەردە و فێرکردن و باشکردنی ئاستی تەندروستی و سەرنج دان بە دروستکردنی نەوەی داهاتووی بەرهەمهێن  کە لە هەموو بوارەکانی کارکردندا چالاک بن تا پێویست نەکات بۆ هەموو هەلی کارێک، کرێکاری بیانی بێنین.  
فاخر طیب حسن (فاخە) کە ئێستا جەنابیان بە ( شێخ فاخر شێخ تەیب قەیوانی) بانگدەکرێن و یەکێکە لە براکانی خاوەندارێتی کۆمپانیای قەیوان، ئەو گاوان و شوانەیە کە لە میانەیەکی کورتی ژیانیدا لە بەڕێکردنی مەڕ و ماڵاتی دێی قەیوان وەکو شوانێک و بە پێ رۆیشتن بۆ مەیانی حەیوانەکەی سلێمانی بووە بە خاوەنی چەندین ملیار دۆلار ( من أين لك هذا ؟؟).
لە مێژووی جیهاندا کە ڕاپەڕین دژی سیستەمی زەوتکاری ڕووی دەدا خەڵکانی وەکو (فاخە) یەکەم کەس دەبوون کە هەڵدەواسران و سەریان بە تاشین دەچوو، ئەوروپا زۆر قۆناغی وای تێپەڕاند تا گەیشت بە سیستەمێکی سۆشیالی کە ژیان دابین بکرێت بۆ هەر تاکێکی کۆمەڵگە و کەس نەتوانێت بە دزینی مافی خەڵک و ناشەرعیەت بگاتە ئاستی بەرز.  
(فاخە) ناوی (قەیوان)ی ناوە بە هەموو شتێکەوە کە دەستی بگاتێ لە یەکە جێنشینەکانی قەیوان سیتی، بەرزاییەکانی قەیوان، پەیمانگە و خوێندنگە فاشلەکانی کە لێپرسراون لە گەمژەکردنی گەنجانی سلێمانی تا دۆشاو و ڕۆن و برنجی قەیوان. 
جاران قاچاخچێتی ئاڵتوونیان دەکرد کە تا ئێستاش بەردەوامن کە بە فرۆکەی تایبەتی خۆیان و جا دزینی نەوت و پاڵاوگەی نەوت و کارگەی دروستکردنی کارەبا و پرۆژەکانی دەرەوەی ووڵات بە تایبەتی لە کەنەدا ( من أين لك هذا ؟؟).
لە یەکەی نیشتەجێی بەرزاییەکانی سلێمانی (مەسئول) و پلە باڵا نیە خانووی وەرنەگرتبێت، لە جەنابی سەرۆک کۆمار و هاوسەرۆکانەوە شۆڕ دەبێتەوە تا چەندین بەرپرسی ئەندامانی سەرکردایەتی. بێگومان تەنها بۆ پاراستنی ژیانی ناشەرعی خۆیەتی، چونکە (فاخە) دەزانێت ئەو سەروەت و پارەیە بە شوانی پەیدا نەکراوە و خەڵکی ناو کۆمەڵگە دەپرسن ( من أين لك هذا ؟؟).
پیاسەکردنی (فاخە) بە ئۆتۆمبێلی ( بێنتلی و ڕۆڵس ڕۆیس و لامبۆرگینی ) بە شەقامەکاندا، سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشێت بۆ پرسیارێك
ئەوەی لە کوێ بوو؟ وەک عەرەب دەڵێت:  (من أين لك هذا ؟؟).
جار جار بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا مریشکی بەستووی بۆگەن و دۆشاوو و برنجی قەیوان دەبەخشنە خەڵک و بە هەزاران کامێرا وێنەی دەگرن و دەیکەن بە هەرا و منەت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی کە لە پشتەوە لە مافی خەڵکی هەژاری دەدزێت پێوانەکەی هەژمار ناکرێت.
لەگەڵ زۆربوونی پارە ، سپیکردنەوەی پێویستە. (فاخە) پێویستی بە پرۆژەی گەورە هەیە تا ئەم کارە بکات، شەقامی (١٠٠) مەتری سلێمانی کە گەورەترین پرۆژەی گەندەڵیە و لە لایەن سەرۆکی حکومەت بەردی بناغەی بۆ دانرا کە دژی گەندەڵی کار دەکات، لەوە ئاگادار نیە کە (٪٥٠) ی ئەم پرۆژەیە بۆ گەورە یەکەمینەکانە و (٪٣٠) یش بۆ گەورە بچوکەکان. لەم پرۆژەیەدا (فاخە) پێویستی بە پارە پەیداکردن نیە بەڵکو تەنها مەبەستی سپیکردنەوەیەتی. شایەنی باسە ئەم پرۆژەیە نە بە تەندەرات و نە بە مزایەدەی گرێبەستدا ڕۆیشتووە، بگرە بە پێی یاسای ئیستسماری عێراقی، جێبەجێکەری پرۆژەی ڕێگاوبان دەبێت ئەزموونی دەیان پرۆژەی هەبێت ئینجا شیاوە بۆ پرۆژەی ڕێگاوبانی خێرا، (فاخە) مەترێک ڕێگای قیر نەکردووە تا ئێستا. 
لە سەرتای دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنادا، هەر وەک لە پاڵپەری (KWA’s Post) یشدا بڵاوکرایەوە (فاخە) دووبارە دەستیکردەوە بە بازرگانیکردن بە بواری تەندروستی خەڵکیەوە و قۆستنەوە و پێشێڵکردنی بەها و ئەخلاقی کارکردن وە بێگومان بە ڕێکەوتنی لەگەڵ بەڕیوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و پەیوەندی و بەرتیلدان، ڕێگەی هەموو بازرگانانیان بڕی و تەنها خۆیان لە ساحەکەدا دەستیان بەم کارەکرد، هەرچی دەرمان و کاڵای بەرگری هەیە دژی پەتای کۆرۆنا تا ئێستاش کە دێتە سلێمانیەوە لە ڕێگەی (فاخە) وە دێت و دەرزی بەرزکردنەوەی بەرگری لەش (Actemra) کە جاران نرخی بە (١٠٠) دۆلار بوو (فاخە) ئەمەی زەوت کرد و گەیاندیە (١٧٠٠) دۆلار، جا بێنە بەرچاو ئەم چەتەیە چۆن سلێمانی قۆرخ دەکات . 
بە کورتی خەڵکی دەبێت ئەم ڕاستیانە بزانن، چونکە خەڵکانی وەکو (فاخە) لە ووڵاتانی خاوەن سیستەم و یاسادا ئێستا چەندین ساڵ بوو بە هۆی گەندەڵیەوە لە سجندا دەبوون یان خەڵکی کۆمەڵگەی زەوتلێکراو دژیان هەڵدەستان و هەڵیان دەواسین چونکە پرسیارەکە وەڵامدانەوەی زۆر ئاسانە ( من أين لك هذا ؟).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە