دوو ڕووی سیاسی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی بۆهه‌ولێر

Thursday, 09.10.2020, 22:00

1679 بینراوە


‌له‌ دۆخی ئێستادا هەرێمی کوردستان له‌به‌رده‌م ئەگەری گۆڕانکاری و هەڕەشە و مەترسیدایه‌ ،ئەگەری ململانێی توندی نێوان زلهێزەکانی دونیاو هه‌ژموونی ئێران و توركیا ناوچەکەو له‌شكركێشی توركیا و‌ پێشلێكردنی سه‌روه‌ری خاكی هه‌رێم-عێراق له‌لایه‌ك ، ئه‌گه‌ری ململانێ و به‌ریه‌ككه‌وتنی پارتی و په‌كه‌كه‌یش له‌لایه‌ك كه‌ مەترسی دروستبونی شەڕی کورد و کورده‌، پاشانیش لێكترازانی نێوماڵی كوردی و ناته‌بایی لایه‌نه‌كان و به‌ریه‌ككه‌وتنی پارتی و یه‌كێتی ، هه‌رێمی كوردستان له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ ئارامی وسەقامگیری تەواوی بەخۆیەوە نەبینیوە،هه‌میشه‌ فه‌زایه‌ك بۆ ململانێی و جه‌نگی ناوخۆ ئاماده‌گی هه‌بووه‌ كه‌ خزمه‌تی باشی به‌ ئه‌جێنداو سیاسەتی پاوانخوازی زلهێزه‌كان وله‌شكركێشی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ كردووه‌ .

دوای ده‌ست به‌كاربوونی مسته‌فا كازمی وه‌كو سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی به‌ دیدێكی نیشتیمانیانه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاڵنگارییه‌كان و گرێكوێره‌كان ئومێدو متمانه‌ی لای پێكهاته‌كانی عێراق دروست كرد ، كازمی پاشه‌كشه‌ی به‌ هه‌ژموونی ئێران له‌ عێراق كرد وتوانی پێش به‌ جوڵه‌ی میلیشیا مه‌زهه‌بی و تائیفیییه‌كان بگرێت ، پاشان كازمی ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ری پرسه‌كانی گه‌نده‌ڵی و دارایی و كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نیوان هه‌رێم و عێراق بكات ، كازمی توانی به‌ده‌نگ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌ له‌ به‌غداد بچێت و لایه‌نی كه‌می داواكاریه‌كانی شه‌قام جێبه‌جێ بكات ، كازمی ده‌یه‌وێت سه‌روه‌ری عێراق بگێرێته‌وه‌و دژی له‌شكركێشی توركیا وه‌ستایه‌وه‌و له‌ هه‌وڵی كردنه‌وه‌ی به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتووی وڵاتانی كه‌نداوه‌ دژ به‌ توركیا كه‌ سه‌روه‌ری عێراقی پێشێل كردووه‌ ،هه‌ڵوێستی ئه‌مریكاو زلهێزه‌كانیش پشتیوانی كازمی یه‌‌ كه‌ سه‌روه‌ری نیشتمانی عێراق بپارێزێت ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كازمی هاوسه‌نگی له‌ نێوان واشنتۆن و تاران ڕاگرتووه‌ ‌.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ لێره‌دا خوێندنه‌وه‌مان بۆی هه‌بێت دوو ڕووی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ وه‌ك پارتێكی سیاسی کە لە یەک کاتدا خاوەنی دو جۆر له‌ تێڕوانینی پێچەوانەو دژ بە یەکن ،پارتی ئەوەی دەیکات ئەوە نیە کە بڕوایان پێی هەبێت، ئەوەیشی دەیڵێن ئەوە نیە کە مەبەستیانە..! حیزبی هاوشێوه‌ی پارتی لە کلتوری کۆمەڵایەتی و لەناو خەڵکدا به‌ حیزبی ساخته‌چی پێناسه‌ ده‌كرێن و ده‌ناسرێنه‌وه‌ کە بەدوای بەرژەوەندی ته‌سكی حیزبایه‌تی خۆیانەوەن نەک بەرژەوەندی گشتی و چاکەی گشتی و مافی گشتی ، كه‌منین ژماره‌ی ئه‌و هێرش و په‌لاماردانانه‌ی پارتی بۆ سه‌ر مسته‌فا كازمی كه‌ له‌ ڕێگه‌ی میدیا سێبه‌ر و ئه‌كاونته‌ فه‌یكه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌نجام دراون ، زۆر دور نه‌ڕۆین دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر تیمی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ژماره‌یه‌ك بابه‌ت له‌ چوارچێوه‌ی هێرش و په‌لاماردان و هۆنینه‌وه‌ی بوختانی سیاسی دا له‌ میدیا و سۆسیال میدیاكانی پارتی كۆكرده‌وه‌و كه‌ هه‌موو هێرش بوون بۆ سه‌ر كه‌سایه‌تی مسته‌فا كازمی ، دوای بینینی ئه‌و هێرشانه‌ی پارتی له‌ میدیا و ئه‌كاونته‌ فه‌یكه‌كانه‌وه‌ له‌ سۆسیال میدیا كازمی له‌ ڕێگه‌ی فواد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق گله‌یی خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ نێچیرڤان بارزانی و به‌ وه‌فدی حكومه‌تی هه‌رێمیش ده‌لێت : به‌عه‌ره‌بی ده‌پاڕینه‌وه‌و به‌ كوردی جنێومان پێده‌ده‌ن .! پارتی له‌ ناو پرۆسه‌ی سیاسی دا چ له‌ عێراق یان هه‌رێمی كوردستان زوو زوو خۆی ده‌گۆڕێت ،له‌چركه‌ ساتێكدا ریفراندۆم ئه‌نجام ئه‌دات و مژده‌ی دروستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردی ڕاده‌گه‌یه‌نێت و له‌ چركه‌ساتێكی دیكه‌دا ئومێدو خه‌ونی ده‌وڵه‌ت له‌ناو ده‌بات و سازش له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌كات وباس له‌ پاراستنی یه‌كپارچه‌ی خاكی عێراق ده‌كات!

هه‌ریمی كوردستان به‌مجۆره‌ی كه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هه‌ریمێكی ده‌ستوریش بێت به‌ پێی بەپێی مادەکانی (۱۱۷، ۱۱۸ ،۱۱۹) ده‌ستوری عێراق ،ئه‌وا هه‌رێمیكه‌ شوێنەواری دوو ئیدارەیی پێوه‌ دیاره‌ و خاوه‌نی دام و ده‌زگاو حكومه‌تی نیشتیمانی و هێزی چه‌كداری نیشتیمانی و ئابوری و سیاسه‌تی نیشتیمانی نییه‌و دیدو ڕوانینی نیشتیمانیانه‌ ئاماده‌گی نییه‌ ، هه‌رێمی كوردستان به‌مجۆره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌رێمێكی ناده‌ستوری و ناشه‌رعی و نایاساییه‌ و بریارو یاساكان له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر مۆرک و بەرژەوەندی حیزبی پێوەیە و هه‌رخۆشیان یاسا ده‌رئه‌كه‌ن و كاری پێناكه‌ن بۆ نمونه‌ :یاسای ژمارە (۲۲) ی، ساڵی۲۰۰۷ ی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دەرچووە، (۱۳) ساڵە ئەو یاسایە هەیە ،به‌ڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کارو بەرنامەکانیشیان دیار وشەفاف نیە بۆ پەرلەمان و حکومەت ،پاشان یاسای ژمارە (٥)ی، ساڵی ۲۰۱٤ی پێدانی بودجەی حیزبەکان دەرچووە، بەڵام کاری پێناكرێت ،یاسای ژمارە (۲)ی ساڵی ۲۰۱٥ی، سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان دەرچووە، كاری پێناكرێت،یاسای ژمارە (۳)ی، ساڵی ۲۰۱۳ی، کێبڕکێ و قەدەغە کردنی قۆرخ کاری لە هەرێمی کوردستان دەرچووە و هەیە، بەڵام کاری پێناکرێت،لە هەرێم نزیکی یەک ملیۆن و پێنچ سەد هەزار موچە خۆر هەیە و سەرلەبەری داموده‌زگاكانی هه‌رێم بە سەد هەزار فەرمانبەرو کارمەندی کارا بەڕێوە دەچێت! بە ئیعترافی حکومەتی هەرێم زیاتر لە شەش سەدو پەنجا هەزار موچە خۆری بندیوارە ، سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه‌یش دەست بە سەر داهاتەکانی نەوت و خاڵه‌ سنورییه‌كان و داهاتی ناوخۆدا گیراوه‌، هیچ دەزگایەکی چاودێری ھەرێم (پەرلەمان، داواکاری گشتی، نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) ناتوانن ڕۆڵی خۆیان بگێرن و ئه‌و ڕۆڵه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌یان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌ ،گەندەڵی بە شێوازێکی ڕێکخراو و ڕەگ و ڕیشەی قوڵ و تەواوی داکوتاوە لە ناو هەموو جومگەکانی هه‌رێمی كوردستاندا .



(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 5/5)