وه‌ڵامێك بۆعميد شاناز سه‌باره‌ت به‌سه‌ردانه‌كه‌ی كازمی

Saturday, 09.12.2020, 23:12

5619 بینراوە


چونکە ئێوە ھەمیشە خەیاڵتان لای ورگ وگیرفانتانە وا دەزانن ‌ھاتنی کازمی بۆ برنج و فاسۆلیا خواردنە.
ئێوە لەسایەی تاڵەبانییەوە لەکه‌سێکی نەزان و سادە، گومناو و دەست و پێ سپییەوە بوون بەخاوەنی نیوەی سلێمانی و ھەموو دەباشان، پێتان وایە کە گۆڕەکەی تاڵەبانی پیرۆزە و ئەبێت کازمی زیارەتی بکات!
تۆ نه‌ سیاسی، نەکۆمەڵایەتی، نەھیچیت، تەنیا بە نەزانی و رق و قین دەژیت، ئەو ڕقەی لەگەڵ دکتۆر بەرھەم ھەتانە کە لەسەر فەشەل ھێنانی زەواجێکی نێوان ھەردوو بنەماڵەتان بووە، کردوتە بەکراسەکەی عوسمان و نابڕێتەوە، ئەوەتا لێرەشدا کە بەرھەم لە ھاتنی کازمی ھیچ ڕۆڵ و ئەرکی نییە، کەچی تۆ پیا دەڕشێیتەوە.
با پێت بڵێم گۆڕی تاڵەبانی تەنھا لای تۆ و چەورەکان پیرۆزە، چونکە بەھۆیەوە سەدان ھەزار دۆنمت لەنزیک گۆڕەکەی داگیرکردوە و کردوتە بە پڕۆژەی بەرزاییەکانی سلێمانی.. لای من ئەوەی پیروز و شیاوی ئەوەیە کازمی و ھەموو شاندێک سەردانی بکەن مۆنۆمێنتی ئەنفال وھەڵەبجەیە، لای تۆ شكۆی نه‌ته‌وه‌ گۆڕه‌كه‌ی تاڵه‌باتییه‌! لای منیش شكۆی نه‌ته‌وه ‌(كه‌ریم كابان و حه‌مه‌ ساڵح دیلان و سالم وحه‌ریقه‌)!
 بینیت دوێنیَ ژنێکی جەرگ سوتاوی ئەنفال بە کازمی ئەگوت کوردستان ئامانەتی تۆ ئەکەین، کە ئەبوایە لەسەر ئەو قسەیە ھەمووتان بە یەکێتی و پارتیشەوە سەری لوتی خۆتان رەش بکردایە لە کوردستان نەمانایە، بەڵام ئەوە کاری مەرد و خاوەن ئاکارە. یان ئیمڕۆ له‌ سلێمانی جوتیاران و مامۆستایان چین و توێژه‌كان رێگه‌یان ته‌نی بوو بۆ ئه‌وه‌ی كازمی ببینن و داد و سكاڵای ئێوه‌یان لێ بكه‌ن 

تۆیه‌ك كه‌ به‌و هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌ دزراوه‌، تێر نه‌خۆیت هه‌وڵی ئه‌وش بده‌یت كه‌ به ‌پله‌ی سه‌ربازی خۆت خانه‌نشین بكه‌یت، كه‌ موچه‌كه‌ی چه‌ند ملیۆنێكه‌، بۆ ئێمه ‌زۆر زۆره‌،  به‌ڵام بۆ تۆ پاره‌ی چه‌ند پاكه‌ت جگه‌ره‌ و یه‌ك دوو شووشه‌ مەشروبە، کە قوزەڵقۆرتی دەکەیت!  ئیدی ئه‌بێت چاوه‌ڕێی چیت لێبكرێت، یان مه‌كته‌ب سیاسی حزبه‌كه‌ت چ ئومێد و هیوایه‌كت پێ هه‌ڵچنێت، كه‌ جگه‌ له‌هێرش و په‌لامار بۆ سه‌رلایه‌نه‌كان به‌تایبه‌ت پارتی هیچی ترت پێ نییه‌.
با ئه‌مه‌شیانت بیر بێنمه‌وه‌ ئه‌و شكۆی نه‌ته‌وه‌یییه‌، كه‌ تۆ باسی ده‌كه‌یت و پێت وایه‌ تاڵه‌بانییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ بوو پارتی و مه‌سعودی كرده‌ كه‌ڵه‌گا به‌سه‌ر میلله‌ته‌وه‌، خۆ بیرته‌ سه‌رده‌می خۆكاندیكردنی مه‌سعود بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم، تاڵه‌بانی ماڵ به‌ماڵ ده‌گه‌ڕا و سواڵی ده‌كرد بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ مه‌سعود، ئه‌مه‌ش وایكرد مه‌سعود و حیزبه‌كه‌ی له‌سایه‌ی تاڵه‌بانییه‌وه‌ ببن به‌ به‌ڵا. ئێستا به‌خۆت ده‌ڵێم زاواكه‌ت شكۆی نه‌ته‌وه‌ بوو، یان شکستیی و نه‌هامه‌تی هێنه‌ر بۆ كورد و میلله‌ت؟
لەلایەکی تر تۆ و بنەماڵەکەت کە ھیچ وەفا و ئەمەکداریتان بۆ سلێمانی نییە و لەسەر حسابی سلێمانی بوون بە شت کوا چیتان بۆ شارکردوە، لەچەند پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەشداربوون، چەند نەخۆشخانه‌ قوتابخانە، ماڵ ولانەتان بۆ لانەوازانان بونیات نا، چەند مناڵتان لەھەژاری و نەخۆشی ڕزگارکرد، کام شوێنی کەلەپوریی و کۆنینەی سلێمانیتان نۆژەن کردەوە؟ ئەگەر ئەڵێیت لەلایەن ڕێکخراوی برایم ئەحمەد ئەو کارە دەکەم، دیسان درۆ و نامەنتقییە، لەبەر ئەوەی برایم ئەحمەد تا مرد بەریتانیا بەخێوی ئەکرد ئیدی ئەو پارەیە لەکوێ ھات؟ھەموو ئەو ھاوکاری و کۆمەک و خەلاتی ڕێزلێنانەی بلە، پارەی ئەو خەڵکە ڕەش و ڕوتەیە، ڕۆنی خۆیانە ئەیدەیتەوە لە سمێڵیان، تۆ بەردەوام کۆمەڵێک ماستاوچی و خۆبەرە پێشەوەت لەچواردەورە، کە نەفام نابەڵەد، ئاست نزم و ناڕۆشنبیرن، پێم وابێت ئەوان بەو ھەموو گەمژەیی ونەفامیەوە عەقڵی تۆیان خوێندبێتەوە بۆیە وا گەمە بەھزر و عەقڵت دەکەن، ئایا تا ئێستا پێشنیازی ھیچ کارێکی باش و چاکیان بۆکردویت، جگە لەدەرگا کردنەوە وجانتا ھەڵگرتن و قاوە دانان بۆت؟ خانم لەسایەی سەری ئێوەوە سلێمانی وێران ئەبێت، بۆتە کەلاوە ڕۆژانە کەلەپور و خانوە دێرینەکانمان ئەڕوخێنن و ئەیکەنە بینای بازرگانی،
ڕۆژانە لە داخی ئێوە خەڵک سەری خۆی ھەڵده‌گرێت چارەنووسی ئەداتە دەست دەریای ئیجە و تفەنگی جەندرمە. ئێوەش بەبای خەیاڵتانا نایەت، ئەوەتا فەرمو کۆمەڵێک گەنج تیایاندایە بیست وسێ ساڵ تەمەنی بەدەزگاکانی ھێرۆی خوشکت بەخشی ( لە ئەمنەسورەکە و گەلەری زاموا وناوەندی خاک) کەچی لەبری ده‌ستخۆشی و سوپاس وخەلاتکردن تازەبەتازە موچەیان دەبڕن وده‌یکەنە دووسەد بۆ سێ سەد هه‌زار دینار. بەسەدان مناڵ ڕۆژانە لەسەر ئەو جادە و بازاڕە دەستگێڕى دەکات ، خواخوایەتی چەند ھەزاريَکی دەست کەوێت، پیرەپیاو فەرمانبەری خانەنشین بەپشتی چەماوە وچاوی کز و دەستی لەرزۆک دەست گێڕی دەکات، تا باشەرەف وکەرامەتەوە شتێک پەیدابکات بۆ خێزانی، نایەوێت مەمنونی چرچ و ناشیرینێکی وەک تۆ بێت. لای من ھاتنی کازمی یان شەیتانیش بۆ کوڕدستان مایەی خێر وخۆشی وشادییە، سی دانە ساڵە مەرد و بەغیرەتێکتان نەبوو بێتە ناو میللەت لەحاڵیان بپرسێتەوە. بۆیە بەھاتنی کازمی خەڵک ئاسودەیە،ھەست ئەکات کەسێک ھەیە گوێ لە خەمەکانیان بگرێت، کەسێک ھەیە ئەتوانێت مافی خوراویان بۆ بسەنێت، کەسێک ھەیە کە دزی وفزی گومرگ و نەوت سنوردار ئەکات، ئەوەش بۆ ئێوە کۆتایی گەمەکەیە.
باشە خانم کە ئەوەندە دڵسۆز وخۆت بەخەڵکی ئەم شارە دەزانیت، تۆزێک غیرەت بنوێنە،ئەوەتا تەنھا لەداھاتی بەرزاییەکانی سلێمانی بە ملیار دۆلار قازانج دەکەیت، ئەی بۆ وەک ئەو خێر خوازە گومناوانە نایەیت کۆمەڵێک خانووی سادە بۆ دەیان ھەزار کرێچی و بێلانە دروست بکەیت و ئەمەکداری خۆت بۆ سلێمانی بسەلمێنیت؟ لەکاتێکدا تۆ ھیچ فڕت بە سلێمانییەوە نەبوە ھەمو تەمەنت لە ئەوروپا بەسەر بردوە، ئەوەی برایم ئەحمەدیش کردی (کەلای من ھیچی نەکردوە چونکە نەیتوانیوە گۆڕانکاری بکات، لەگەرمەی ململانێکاندا رایکردوە بۆ ھەندەران) تۆ دەقات کرێی وھەقەکەی باوكت وەرگرتەوە. لەکۆتایدا پێت دەڵێم دەھێندەی تۆ خەبات وقوربانیم بۆ ئەم خاک و وڵاتە داوە. لەباوک وباپیرانمەوە لەپێناوی کوردایەتيدا زیندانی کراوین بریندار بوین ئاوارە وبێ ماڵ وحاڵ بوین،بەدەیان دۆنم زەویمان لەلایەن دارودەستەکەتەوە زەوتکراوە. ئەودەمەی تۆ لەھەندەران لەنایت کڵاپ ودیسکۆ وباڕەکان سەرگەرمی بادەو دانس ودیسکۆ بویت. من خەریکی کاڕی رێکخستن وچالاکی و بانگەشەبووم بۆ یەکێتی،ئەودەمەی من لەترسی گرتن و راوەدونان شەوی چوار پێنج جێگەم دەگۆڕی تۆ،لەناوپێخەفی گەرم ودەست لەملانی وبەزم وڕەزم بویت لەگەڵ لەتیفی مێردت. ئێستا تۆ کەیەک سەعات رەنج وماندوێتی بۆ یەکێتی و كورد نەداوە خاوەنی سێ یەکی سلێمانیت. منیش لەتاو کرێی خانوەکەم ،و قەرزی قەرزدارەکان چەشنی سەردەمی شۆڕش وچالاکی لەحەوت کون خۆم ئەشارمەوە. بۆیە ھاتنی کازمی لای من مژدەبەخشە ئومێد ھێنەرە،چونکە سی ساڵی فەرمان ڕەوایی بنەماڵەکەت ودارودەستەکەت ئەوەی بۆسەلماندین ،نمونەی ئێوەی دزو مافیا وگەندەڵ بەکەڵکی حوکمڕانی نایەن. ئەبێت ئێمە لەبیری ئەوەدابین کە ئەگەر خۆشمان نەتوانین نغرۆتان بکەین بەدوای بەدیلدا بگەڕێین. کەلای زۆێک لەخەڵکی کوردستان کازمی باشترین بەدیلە ئەتوانێت ئاھێک بەبەر میللەتدا بێنێتەوە. بیرشت دێنمه‌وه‌ ته‌واوی دیكتاتۆر و زاڵمه‌كان له‌ سی سالًیدا مۆمی ته‌مه‌نیان كوژاوه‌ته‌وه‌.


ئه‌مه‌ش لیینكی نوسینه‌كه‌ی شانازه‌:




(دەنگدراوە: 5 . زۆرباشە: 4/5)