له‌ تاڵانى داهاتى نه‌وت و گومرگه‌كانه‌وه‌ ، بۆ تاڵانى زه‌وى و زار

Saturday, 09.12.2020, 21:37

673 بینراوە


بۆ به‌ڕێز/  
پارێزگارى سلێمانى ، ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى ، داواكارى گشتى پارێزگاى  سلێمانى  ،سه‌رۆكى شاره‌وانى  پارێزگاى سلێمانى ،سه‌رۆكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى  گشتى وه‌به‌رهێنانى  پارێزگاى سلێمانى ،  وه‌زیرى شاره‌وانى ، به‌رپرسى هێزه‌كانى 70 پێشمه‌رگه‌ ، وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ،ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى  هه‌رێمى كوردستان ، په‌ڕله‌مانى كوردستان ، لایه‌نى به‌رپرسیار . سه‌ره‌تا سڵاوێكى گه‌رم له‌ هه‌موتان . 
دیاره‌ بابه‌تى تاڵانى نه‌وت وگومرگه‌كان بابه‌تێكى گه‌رمه‌و هه‌مومان ئاگامان لێی هه‌یه‌ . ئه‌مه‌ هۆكارى سه‌ره‌كى ئیفلاسبونى هه‌رێمى كوردستانه‌و خولقاندنى ئه‌م بارودۆخه‌ى ئێستا یه‌ كه‌َ هاوڵاتیانى تێكه‌وتون . دیاره‌ ئه‌وه‌ش له‌ خۆوه‌ نه‌بوه‌و هه‌موى به‌ به‌رنامه‌ بوه‌و  ئه‌وه‌تا ئێستا به‌ ئاشكراو به‌ به‌رچاوى هه‌مومانه‌وه‌  داهاتى گومرگه‌كان به‌تاڵان ده‌برێت وپاره‌ش نییه‌ بۆ موچه‌ . ئه‌وه‌تا له‌ ناچاریدا خه‌ڵك په‌نا ده‌بات بۆ كازمى و پێی ده‌ڵێن : تكایه‌ وه‌ره‌ به‌ فریامانه‌وه‌ . بزانن ئه‌وه‌  كاریكى چه‌ن به‌ ئازار و  چه‌ند ئابڕوبه‌رانه‌یه‌  بۆ به‌رپرسانى ئه‌م هه‌رێمه‌. 
 له‌ بازگه‌ى شیراوی  نزیك شارى  هه‌ولێر له‌ هه‌موو سه‌یاره‌یه‌كى بارهه‌ڵگر به‌ تایبه‌تى  ئه‌وانه‌ى چیمه‌نتۆى سلێمانى ده‌گوێزنه‌وه‌ ، بڕى 30 هه‌زار دینار  وه‌رده‌گرن وه‌ك سه‌رانه‌و بۆ حكومه‌تیش نییه‌  . داهێنان له‌ جۆرى  دزى و تاڵانى له‌لایه‌ن حیزبه‌كانه‌وه‌  به‌رده‌وامى هه‌یه‌ . 
دیارده‌ى زیاده‌ڕه‌وى له‌سه‌ر موڵكو ماڵى گشتى  دیارده‌یه‌كى گشتگیر بوه‌ له‌ هه‌موو شار و شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى . له‌ دواى ڕاپه‌ڕێن  له‌ برى  ئه‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى گونده‌كان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌و  گرنگى به‌ كه‌رتى كشتوكاڵ بده‌ن ، هه‌رچى گه‌نج و لاوى گونده‌كان هه‌بون كردیانن به‌ چه‌كدارو موچه‌ خۆرى سه‌ر به‌خۆیان له‌ پێناوى به‌رژه‌وه‌ندى خۆیاندا . دواى ئه‌وه‌ لێشاوى  كۆچ كردن  له‌ گونده‌كانه‌وه‌ بۆشاره‌ گه‌وره‌كان ده‌ستى پێكرد و زیاده‌ڕه‌وى و ده‌ست درێژى بۆ سه‌ر موڵكى گشتیش ده‌ستى پێكرد .  
له‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا  بۆ به‌ده‌ست هێنانى ده‌نگى هاولاِتیان چاو پۆشییان له‌ زیاده‌ڕه‌وى  ده‌كرد بۆ سه‌ر موڵكى گشتى له‌پێناوى به‌ده‌ست هێنانى ده‌نگى خه‌ڵكدا . هه‌ر دواى ته‌واو بونى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ یه‌كسه‌ر قه‌ده‌غه‌ ده‌كرا.  كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ هه‌ر له‌وه‌دا نه‌بوو كه‌ زیاده‌ڕه‌وى ده‌كرایه‌ سه‌رموڵكى گشتى ، به‌ڵك و  كاره‌سات له‌وه‌دایه‌  له‌ ناوه‌ڕاستى شاردا گوندێك دروست بكرێت و سیماو جوانى شار تێك بدات و دواجار  ببێته‌ ئه‌مرى واقیع و  نه‌توانرێت  ئه‌وهه‌موو خانوانه‌ تێك بدرێنه‌وه‌ .
 گوندى كانى سپیكه‌ى كۆن كه‌ئێستا كه‌وتۆته‌ ناوڕاستى شاره‌وه‌  به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌وه‌نده‌ ناڕێك  خانوه‌كانى دروست كراون جوانى شاریان تێكداوه‌و تا ئێستاش به‌ شێك له‌ خانوه‌كانى به‌ له‌وح سه‌ریان گیراوه‌. 
بۆ نمونه‌ تۆسپى نزیك كانى گۆران كه‌ ئێستا نزیكه‌ى 5 هه‌زار خانوده‌بیت  له‌ گوندێكى گه‌وره‌ ده‌چێت .  
به‌ هه‌زاران  زیاده‌ ڕه‌وى له‌م  بابه‌تانه‌ له‌ ده‌ورو به‌رى شارى سلێمانى  ئه‌نجام دراوه‌و تا ئێستاش زیاده‌ ڕه‌وى به‌رده‌وامه‌ .  چونكه‌ حكومه‌ت جدى نه‌بوو له‌ ڕێگرى كردن . چاوپۆشى به‌رپرسانى حیزبى و حكومى  له‌ پێناوى وه‌رگرتنى به‌رتیلدا هۆكارى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌بوو  . 
له‌ دواى هه‌موو ئه‌و ڕوداوى زیاده‌ ڕه‌ویانه‌  له‌ پڕ فه‌زیحه‌یه‌كى زیاده‌ڕه‌وى  گه‌وره‌ له‌ ناوچه‌ى ڕاپه‌ڕینى ناو شارى سلێمانى به‌ تایبه‌ت ده‌ورو به‌رى گوندى قۆڵه‌ره‌یسى  ئاشكرا بوو . به‌سه‌دان و  هه‌زاران پارچه‌ زه‌وى به‌ زیاده‌ ڕه‌وه‌ى دابه‌ش كراو  فرۆشرا  به‌ بێ  ئاگادارى شاره‌وانى . ده‌ركه‌وت به‌رپرسانى گه‌وره‌ى حیزبیشى تێدایه‌ . كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى زاناى قایمقامى له‌سه‌ر  گیراو له‌ سجنى ئاساییشدا به‌ شێوه‌یه‌كى گوماناوى  كوژرا. 
زیاده‌ ڕه‌وى بۆ سه‌رموڵكى گشتى به‌ درێژایی دواى ڕاپه‌ڕین  تا ئێستا هه‌ر به‌رده‌وامه‌ . ئیداره‌ى گشتى و به‌رپرسه‌ ده‌ست ڕۆیشتوه‌كان  هه‌ر شوێنێكى  به‌نرخى ناو شار هه‌یه‌ ده‌ستى به‌سه‌رداده‌گرن . به‌رپرسانى حیزبى و حكومى به‌ ئه‌نواعى فرت و فێڵ به‌رده‌وام خه‌ریكى ئه‌وه‌ن ئه‌رزه‌ به‌نرخه‌كانى ناو شار بۆخۆیان به‌رن . به‌ناوى به‌رهه‌م هێنانه‌وه‌ ئه‌رزه‌كان ده‌ده‌نه‌ ئه‌م ئه‌و خۆشیان ده‌بن به‌ شه‌ریكیان . ئاخر له‌ كوێی دنیا هه‌یه‌ حكومه‌ت به‌ یاسا موڵكى گشتى  هه‌ڕاج بكات  . وه‌به‌رهێنان به‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌  كه‌سێك سه‌رمایه‌كه‌ى له‌ كارگه‌یه‌كدا یان هه‌ر پڕۆژه‌یه‌كى تردا له‌ناو وڵات  بخاته‌ گه‌ر ِو  هه‌لى كار  بۆ خه‌ڵك .فه‌راهه‌م بكات  . به‌ڵام تۆ  بێی به‌ سه‌دان  دۆنم زه‌وى به‌ خۆڕایی بده‌ى به‌ خه‌ڵك خۆشت قه‌ره‌بوه‌كه‌یان بۆ بده‌یته‌وه‌ . ئه‌وكه‌سه‌ش خاوه‌نى هیچ نه‌بێت و پێشه‌كى پاره‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رگرێت و شوقه‌ى پێ دروست بكات ، كه‌ بڕى تێچوى  شوقه‌یه‌ك 5 ده‌فته‌ر دۆلار بێت و بیفرۆشیته‌وه‌  به‌ 10 هه‌تا 15 ده‌فته‌ر دۆلار . باشه‌ به‌رهه‌مهێنانى ئه‌م كاره‌ له‌ كوێدایه‌ ؟؟ .ئاخر جگه‌ له‌شوقه‌ دروستكردن  به‌رهه‌م هێنان له‌ چى تردا كراوه‌ ؟ باشه‌ حكومه‌ت ده‌سكه‌وتى چییه‌ له‌م كاره‌دا ؟؟.
 ئه‌ى ناكرێت له‌ بڕێ پێدانى ئه‌م هه‌موو زه‌ویانه‌و ده‌وڵه‌ مه‌ند كردنى خه‌ڵك له‌سه‌ر حسابى گشتى ، گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ بكرێت  چه‌ند قۆتابخانه‌یه‌ك  یان خه‌سته‌خانه‌ دروست بكه‌ن ، یان زه‌ویه‌كان به‌ موزایه‌ده‌ بفرۆشن و به‌ پاره‌كه‌ى شارى پی َجوان بكه‌ن ؟.بۆ ئاگاداریتان له‌ شارى هه‌ولێر شوقه‌ هه‌یه‌ له‌یه‌ك كاتدا به‌ چه‌ند كه‌سێك فرۆشراوه‌ . یان  خاونه‌ى كۆمپانیاكه‌ پَێشه‌كى پاره‌ى زۆرى له‌ خه‌ڵك وه‌ر گرتوه‌و شوقه‌كانیشى دروست نه‌كردوه‌و هه‌ر خۆى شاردۆته‌وه‌ . 
ته‌نها وه‌كو نمونه‌ . شاسوار ئه‌و هه‌موو زه‌ویانه‌ى به‌ خۆڕایی وه‌رگرتوه‌ . خاوه‌نى یه‌ك دۆلار نه‌بوه‌ . نرخى تێچوى شوقه‌كانى وه‌كوپێشه‌كى وه‌رگرتوه‌ . دوایش بڕى 40 ملیۆن دۆلارى به‌قه‌رز له‌ حكومه‌ت وه‌رگرتوه‌و تا ئێساش ئه‌و پاره‌یه‌ى نه‌داوه‌ته‌وه‌ . تكایه‌ پێم بڵێن لێره‌دا چى به‌رهه‌م هێنراوه‌و بۆكێ  ؟.
كۆمپانیاى به‌ڕێز كه‌ كه‌ به‌ناو سوڕه‌ت قه‌یدى كۆمپانیاكه‌ى له‌سه‌ره‌و به‌رپرسى حیزبى له‌ پشته‌وه‌یه‌  نه‌ك هیچ سودێكى نه‌گه‌یاندوه‌ ، به‌شێك له‌و ئه‌رزانه‌شى فرۆشتۆته‌وه‌ كه‌ به‌ خۆڕایی پێی دراوه‌ . 
ئه‌گه‌ر پرسیارێك ئاراسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى وه‌به‌ر هێنانى سلێمانى بكه‌م و پێی بڵێم  ئه‌و دوو تاوه‌ره‌ به‌رزه‌ى نزیك پردى كۆبانى  كه‌ دروست كراون ، ئایا ئه‌رزه‌كه‌یان كڕیوه‌ ، یان به‌ ناوى وه‌به‌ر هێنانه‌وه‌ وه‌ریان . گرتوه‌ ؟؟. كه‌ ته‌واوكران  و شوقه‌كان فرۆشران ، چ به‌رهه‌مێكیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌بێت ؟ . حكومه‌ت ده‌سكه‌وتى چى ده‌بێت ؟؟.
 پرسیارێكى ترم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وزه‌ویه‌ به‌تاڵه‌ى كه‌ له‌ دواى تاوه‌ره‌كانه‌وه‌  تا  نزیك دیوارى قه‌برستانه‌كه‌ى شێخ ئه‌حمه‌دى هیندى  ماوه‌و ئیستا په‌ڕژین كراوه‌ ، ئه‌گه‌ر به‌ موزایه‌ده‌ بفرۆشرێت بایی دوو ملیۆن دۆلاره‌ ، ئایا ئه‌ویش به‌ناوى وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ به‌ تاڵان دراوه‌ یان فرۆشراوه‌ ؟ ئه‌گه‌ر فرۆشراوه‌ پاره‌كه‌ى چه‌نده‌ ؟  ئه‌گه‌ر نه‌فرۆشراوه‌ دراوه‌ به‌ كێ و بۆچى پێی دراوه‌ ؟ 
له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ یاساى وه‌به‌ر هێنان  بۆ تاڵانى زه‌وى وزارى گشتى و بۆ به‌رژه‌وه‌ندى كه‌سانى ده‌ست ڕویشتوى حیزبى و حكومى دانره‌وه‌ ، نه‌ك بۆ گه‌شه‌ كردى وڵات  به‌رژه‌وه‌ندى گشتى . چونكه‌ دزى و تاڵانى ده‌ست درێژى بۆ سه‌ر موڵكى گشتى هه‌ر به‌رده‌وامه‌و  كه‌سیش فزه‌ى لێوه‌ نایه‌ت . 
. عه‌قڵى كێ ئه‌وه‌ قبوڵ ده‌كات  به‌رپرسێك له‌م سه‌رده‌مى گه‌نده‌ڵى و  تاڵانى و پاشا گه‌ردانیه‌دا  ئاسان كارى بۆ كه‌سێك بكات به‌ خۆڕایی ئه‌رزێك بایی یه‌ك ملیۆن دۆلار بێت و له‌ ڕاهى خوادا پێی ببه‌خشێت . زوربه‌ى شوقه‌و ڤیلاكانى به‌رزایه‌كانى قه‌یوان كڕاون و به‌ هه‌دیه‌ دراون به‌و به‌رپرسانه‌ى ئاسان كارییان  كردوه‌وه‌ بۆ به‌خشینى موڵكى گشتى به‌ خۆڕایی . 
له‌ نێوان به‌رپرسانى حیزبى و بوارى وه‌به‌ر هێنان و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان تۆڕێكى ده‌ڵالى به‌ هێز هه‌یه‌و  كارى ئه‌وانه‌ دابه‌ش كردن و ڕێك خستنى به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌و كه‌س ولایه‌نانه‌یه‌ .   حكومه‌تێك ئه‌مه‌ دامو ده‌زگاكانى بێت و خۆى خه‌ریكى تاڵانى و دزى بێت و شه‌رعیه‌تیش به‌و دزى كردنه‌ بدات ، چاوه‌ڕوانى چى لێده‌كرێت بۆ میلله‌تى بكات .ئیش
ئیستا كه‌ من ئه‌مه‌ ده‌نوسم به‌ دوور نازانرێت به‌یانى تۆمه‌تبارم نه‌كه‌ن  به‌وه‌ى ته‌شهیرم كردوه‌و  په‌روه‌نده‌یه‌كى  باشم بۆ بهۆننه‌وه‌و  بمده‌ن به‌ دادگا وه‌كوچۆن سۆران عه‌مه‌ریشیان دا به‌ دادگا . بۆ ئه‌مه‌یان داواكارى گشتى وه‌ك تفه‌نگ له‌ سه‌ر پێیه‌ . یه‌كسه‌ر دێته‌ سه‌ر خه‌ت و  فه‌رمانى گرتنت بۆ ده‌رده‌كات به‌ پێیى یاساى ژماره‌ فڵانو برَگه‌ى ئه‌وه‌نده‌ له‌ یاساى عێراقى . 
داواكارى گشتى له‌ ئێستادا ئیشى ئه‌وه‌یه‌ گه‌نده‌ڵیه‌كانى  به‌رپرسانى حكومى و حیزبى بشارێته‌وه‌ ، نه‌ك به‌رگرى له‌ مافى گشتى بكات .  كاتى خۆى له‌سه‌ر  دامه‌زراندنى كارگه‌ى به‌ردى مه‌ڕمه‌ڕى ماوه‌ت  له‌لایه‌ن  وه‌زاره‌تى پیشه‌سازییه‌وه‌  كه‌ ئه‌و كات خاتو په‌روین بابه‌كر ئاغا وه‌زیر بوو ، ڕاپۆرتێكم دا به‌ فه‌رمانگه‌ى داواكارى گشتى سلێمانى و نه‌ كارگه‌ى به‌ردى مه‌ڕ مه‌ڕ دروست كراو ، نه‌ پرسینه‌وه‌ش له‌ كه‌س كرا .
 كۆمپانیا ئیتالیه‌كه‌ش به‌ خۆڕایی  بڕى 5 ملیۆن دۆلارى كاشى برد . گرێبه‌سته‌كه‌ش به‌  بڕى 13 ملیۆن یۆرۆ مۆر كرابوو . به‌ڵام له‌و كاته‌دا خه‌ڵك هه‌بوو ئاماده‌بوو  هه‌مان كارگه‌ به‌ دوو ملیۆن و نیودۆلار ته‌واو بكات .  ئه‌گه‌ر ئه‌و 5 ملیۆنه‌ دۆلاره‌ى خاوه‌ن كۆمپانیاكه‌  به‌ به‌لاش بردى ، وه‌كو هاوكارى بدرایا به‌ كارگه‌كانى  به‌ردى مه‌ر ِمه‌ڕى ناوخۆ ، ده‌یانتوانى به‌شى هه‌موو خلیچ به‌رد دابین بكه‌ن .
 كاتێك ئێمه‌ له‌سه‌ر دامه‌زراندنى ئه‌و كارگه‌یه‌ شتمان ده‌نوسى خاتو په‌روین  وه‌ڵامى ده‌داینه‌وه‌و ده‌یگوت :چیتر ناهێلم خه‌ڵك به‌ردى مه‌ر ِمه‌ڕ به‌ گران بكڕێت .  هه‌موو كارگه‌كه‌ هاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى دیوارێك له‌سه‌ر  شه‌قامه‌كه‌ دروست بكه‌ن  بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك وا  بزانیت  له‌ودیو دیواره‌كه‌وه‌ كارگه‌ دروست ده‌كرێت . دوایی هه‌موو كارگه‌كه‌ هه‌ر ئه‌و دیواره‌ ده‌رچوو  . خۆ ئه‌و كاتیش داواكارى گشتى هه‌بوو ، بۆچى هیچیان نه‌كرد .
 ئه‌وه‌نده‌ به‌نزینخانه‌  زۆر بوه‌  له‌ سنورى پێویست  تێپه‌ڕیوه‌ . چه‌ندین به‌نزینخانه‌ هه‌یه‌ هه‌ربه‌بێ مۆڵه‌ت و به‌ كه‌ڵه‌گایی دروستكراوه‌  به‌پشتیوانى به‌رپرسانى حیزبى .  له‌ گوندى ئه‌ڵمانیه‌وه‌  تا ده‌گاته‌  دوڕیانى سه‌رچنار كه‌ ته‌نها 8 كیلۆمه‌تر ده‌بێت ، 8 به‌نزینخانه‌ى لێیه‌ . ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ن تاكه‌ شوێنێك له‌ناوشارى سلێمانى كه‌ به‌جوانى مابۆوه‌   له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ هیچى تێدا دروست نه‌كرابوو  ،ئه‌و به‌شه‌ى شه‌قامى 60 مه‌ترییه‌  كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان خه‌سته‌خانه‌ى هه‌رێم و ئوتیل تایتانیك . به‌ڵام هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان زانى له‌ ناوڕاستى ئه‌و شوێنه‌و له‌سه‌ر شه‌قامه‌ گشتییه‌كه‌  به‌نزینخانه‌یه‌ك   قوت كرایه‌وه‌ .
 ئه‌گه‌ر ئه‌م شاره‌ ئیداره‌ى هه‌بێت و كه‌سێك هه‌بێت به‌ ته‌نگ جوانى سیماى شاره‌وه‌بێت وخه‌مخۆرى  ئه‌م شاره‌بێت  ڕێگا ده‌دات به‌نزینخانه‌ له‌و شوێنه‌ دروست بكرێت ؟  . ده‌بوو به‌رپرسانى شار پلان دانین كه‌ ئه‌و مه‌سافه‌یه‌  بكه‌ن به‌  جوانترین و سه‌رنج ڕاكێشترین شوێنى شار . 
ده‌بوو بكرایه‌ به‌ ڕێزێك باڵه‌خانه‌ى به‌رز ، هه‌موى وه‌كو یه‌ك به‌رز ، هه‌موى به‌ یه‌ك ڕه‌نگ.  به‌ڵام كێ له‌خه‌مى شاردایه‌و كێ ئه‌وه‌ بكات . هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ت زانى دوو به‌یانى و سێ به‌یانى  به‌رپرسێكى تر مه‌لهایه‌ك له‌ ته‌نیشت به‌نزینخانه‌كه‌ بكاته‌وه‌و ، یه‌كێكى تریش قومار خانه‌ . له‌ وڵاتانى پێشكه‌وتوى دنیادا له‌سه‌ر هه‌ڵواسینى تابلۆیه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامێك ئه‌نجومه‌نى شار كۆبونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ده‌كات و سه‌یرى شوێنه‌كه‌ ده‌كه‌ن  بۆ ئه‌وه‌ى بزانن ئه‌م تابلۆیه‌ سیماى  شه‌قامه‌كه‌  ناشیرین ناكات .
با هه‌موو ئه‌وانه‌ بخه‌ینه‌ پشتى سه‌رو باسى تازه‌ترین سكاندال  واته‌ فه‌زیحه‌ى ئه‌م شارى هه‌ڵمه‌ت و قوربانییه‌ بكه‌ین و سه‌رنج بده‌ن  چى له‌م شاره‌دا ده‌كرێت و ده‌گوزه‌رێت . له‌ گه‌ڕه‌كى ئاوباره‌و  مه‌لا داود و ڕاپه‌ڕێن  به‌ هه‌زاران پارچه‌ زه‌وى  ته‌نها به‌ فۆڕم دابه‌ش كراوه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانى دژه‌ تیرۆردا .  به‌بێ ئه‌وه‌ى  ئه‌م زه‌ویانه‌ له‌ لایه‌ن شاره‌وانییه‌وه‌ ئیفراز كرابن .
 له‌ساڵى 2013 حكومه‌ت ئیفرازى وه‌ستاندوه‌  بۆ دابه‌شكردنى زه‌وى بۆ فه‌رمانبه‌ران . ئێستا هاتون داهێنان ده‌كه‌ن . به‌ فۆڕم زه‌وى دابه‌ش ده‌كه‌ن و دواى ساڵێكى تر  فرت و فێڵێك ده‌دۆزنه‌وه‌و فه‌رمانێك ده‌رده‌كه‌ن  بۆ تاپۆ كردنیان . قسه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وانه‌حه‌قى وه‌رگرتنى زه‌ویان هه‌یه‌ یان نیانه‌ ، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌ر له‌یاسا ئه‌م زه‌ویانه‌ داه‌به‌ش ده‌كرێن . 
له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ش   خه‌رێكى  ئیفرازكردنى ئه‌و زه‌ویانه‌نه‌ن  كه‌ گوایه‌ موڵكى فه‌رمانده‌ین ، به‌ڵام بێ ئاگادارى شاره‌وانى و فه‌رمانگه‌ى به‌رپرسیار . كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ى فه‌رمانده‌كانى پێشمه‌رگه‌ كه‌وتونه‌ مونافه‌سه‌و ململانێ له‌گه‌ڵ  یه‌كترى و ئه‌میان ده‌ڵێت بۆ ئه‌و بۆى هه‌یه‌ زه‌وى دابه‌ش بكات بۆچى بۆمن  نییه‌ . گوایه‌ ئه‌مه‌  بۆ كه‌س و كارى شه‌هیدانى شه‌ڕى داعشه‌ , به‌ڵام زۆر دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌و ئه‌مه‌ كڕین و فرۆشتنیان پێوه‌ ده‌كرێت .  بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌بێ ئاگادارى شاره‌وانى ئه‌م زه‌ویانه‌ ئیفڕاز ده‌كه‌ن ، چۆن شوێنى قوتابخانه‌وباخچه‌و خه‌سته‌خانه‌و پانى شه‌قامه‌كان  دیارى ده‌كه‌ن . ئایا ئه‌مانه‌ش نابنه‌ گوند له‌ ناوه‌ڕاستى شاردا . 
له‌م ڕۆژانه‌شه‌دا  له‌  ده‌روازه‌ى  ڕاپه‌ڕێن گردبونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام دراو به‌ ئاشكرا داوا له‌حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان ده‌كه‌ن  فریاى ده‌ڤه‌رى ڕاپه‌ڕین و ده‌شتى بیتوێن بكه‌ن چونكه‌ هه‌رچى به‌رپرس هه‌یه‌ خه‌ریكى داگیر كردنى موڵكى گشتییه‌ . گومانى تێدا نییه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ سنوورى پارتى  دوو ئه‌وه‌نده‌ى  ئه‌م سنوره‌یه‌ .
 به‌ ئاشكرا ده‌ست درێژى كراوه‌ته‌ سه‌ر مڵك و ماڵى مه‌سیحیه‌كانیش و ئه‌وانیش باره‌یان لى َ هه‌ستاوه‌ . دیارده‌كه‌ به‌رده‌وام له‌ گه‌شه‌ سه‌ندندایه‌ چونكه‌  دیارده‌ى ده‌ست به‌سه‌راگرتنى  موڵكى گشتى له‌ كه‌سه‌ یه‌كه‌مه‌كانى ئه‌م وڵاته‌وه‌ ده‌ستى پێكردوه‌ . سه‌یرى مسعود بارزانى و نیچیرى برازایی و مامجه‌لال و  داروده‌سته‌كه‌یان بكه‌ن و بزانن چ كاره‌ساتێكیان به‌سه‌ر ئه‌م وڵاته‌دا هێناوه‌و چه‌ند هه‌زار دۆنم زه‌وییان بۆ خۆیان داگیر كردوه‌ . 
داوا له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ ناوم هێناون  هه‌تا زوه‌ به‌پیر ئه‌م فه‌زیحه‌یه‌وه‌ بچن و لێكۆَلێنه‌وه‌و به‌ دواداچون بكه‌ن پێش ئه‌وه‌ى كاره‌ساتێكى وه‌كو زاناى قایمقام دوو باره‌ ببێته‌وه‌ . دڵنیان  هه‌ر له‌ناو ئه‌وانه‌دا كێشه‌ دروست ده‌بێت كه‌ خه‌ریكى دابه‌شكردنى زه‌ویه‌كانن .  به‌ دوادا چون بكه‌ن بزانن  كێن ئه‌وانه‌ى ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن و له‌ حكومه‌ت گه‌وره‌ترن . بۆ ئه‌وه‌ى چیتر شكۆى حكومه‌ت  ڕیسواتر و سوكتر نه‌بێت .
ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ڕو بكه‌مه‌ جه‌نابى پارێزگارو لێی بپرسم : جه‌نابتان كه‌سى یه‌كه‌مى  ئه‌م پارێزگایه‌ن  ئایا ئاگادارى  ئه‌م ڕوداوانه‌ نێت ، یان ناوێرێت قسه‌ بكه‌ى ؟ ئه‌گه‌ر ئاگادارى بۆچى ڕێگا ده‌ده‌ى  ئه‌و سه‌رپێچیانه‌  بكرێت؟ ئه‌گه‌ر ئاگادارى و ناتوانى  قسه‌ بكه‌یت ، باشتر وایه‌ بچیته‌ ماڵه‌وه‌و ڕێز  له‌ كه‌سایه‌تى خۆت بگرێت .  ئه‌م قسه‌یه‌م بۆ جه‌نابى پارێزگار به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ بڵێم  بی َتوانایه‌ یان پیاوێكى ده‌ست پاك  نییه‌ . به‌ڕاستى نمونه‌یه‌  له‌ چاكیدا .
 به‌ڵام له‌ پارێزگاى سلێمانى ئه‌گه‌ر پارێزگار له‌سه‌ر پشكى یه‌كێتى  نه‌بێـت ، هه‌ر رۆِڵى  پێشوازى كردنى ده‌بێت و  شێریش بێت هیچى پێناكرێت . پارێزگار بیت و نه‌توانى ڕێگرى  له‌كردنه‌وه‌ى به‌نزینخانه‌یه‌ك بكه‌ى  له‌ شێوێنێكى  نه‌گونجاو به‌ هۆى ئه‌وه‌ى به‌ر پرسێكى حیزبى له‌پشته‌وه‌یه‌ ، ئه‌وپۆسته‌ چ بایه‌خێكى هه‌یه‌ .  به‌ڕێزان ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا  ئه‌وه‌ ساڵێكه‌  خۆتان و ئێمه‌شتان سه‌ر قاڵ كردوه‌ گوایه‌ پرۆژه‌ى لامه‌ركه‌زیتان بۆ پارێزگاكان ئاماده‌ كردوه‌و ده‌تانه‌وێت  ده‌سه‌ڵاتى زیاترتان هه‌بێت .
باشه‌ ئێستا كێ ڕێگاى له‌ ئێوه‌ گرتوه‌ چاوپۆشى له‌و هه‌موو سه‌رپێچیانه‌ بكه‌ن ؟؟  باشه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌  فه‌رمانتان پێ كراوه‌ ئێوه‌ له‌م شتانه‌ نه‌پێچنه‌وه‌ ؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ قسه‌یه‌كم نییه‌ . ئه‌گه‌ر وانیه‌و ده‌ستان كراوه‌یه‌ بۆچى بێدنگن ؟ ئایا ناوێرن قسه‌ بكه‌ن ؟ خۆ ئه‌گه‌ر  لامه‌ركه‌زیش به‌ده‌ست بهێنن  هه‌ر ئه‌وانه‌ى ئێستا  به‌ كه‌ڵه‌گایی ئه‌م سه‌رپێچیانه‌ ده‌كه‌ن ،حاكمى ئه‌م شاره‌ ده‌بن . ئه‌ى ئه‌وكات چى ده‌كه‌ن و چى ده‌ڵێن؟؟؟ . وابزانم هیچتان پێ ناكرێت و  به‌م سیناریۆیه‌ ده‌تانه‌وێت  خۆڵ بكه‌نه‌ چاومان وپێمان بڵێن ئێمه‌ ده‌ستمان به‌ستراوه‌و ئه‌گینا هه‌موو شتێكمان پی َده‌كرێت .
ده‌ڵێن له‌ شارى سلێمانى  فه‌رمانگه‌ى  داواكارى گشتى و داواكارى  گشتى هه‌یه‌ . نازانم ئه‌وه‌ ڕاسته‌ یان درۆیه‌ چونكه‌  تا ئێستا  هیچیان نه‌كردوه‌ . ئه‌گه‌ر بڵێن  كه‌س له‌ هیچ ئاگادارمان ناكات  ، فه‌رمون ئه‌مه‌ هه‌یه‌ و وه‌كو ده‌ڵێن ئه‌مه‌ش ئیشى ئه‌وانه‌ . با به‌فه‌رمون  به‌دوادا چون بكه‌ن . 
پرسیارێكیشم له‌به‌ڕێزان  به‌رپرسى هێزه‌كانى 70 و وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ ئایا ئاگادارى ئه‌م ته‌خشان وپه‌خشانى زه‌ویانه‌ن  له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كانیانه‌وه‌  ؟ حه‌ق وایه‌ ئه‌وانیش بێنه‌ ده‌نگو قسه‌یه‌كیان  هه‌بێت  هیچ نه‌بێ  بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ڵامێكیان هه‌بێت و ڕاستییه‌كان بۆ هاولاِتیان رون بكه‌نه‌وه‌ و كێ ناڵێت ئه‌م قسه‌و باسانه‌ دوورن له‌ ڕاستییه‌وه‌و دروست  كراونین . 
وه‌كو هه‌مومان ده‌زانین سه‌رۆكى شاره‌وانى به‌رپرسى  كارى دابه‌شكردنى زه‌وى وزاره‌ به‌ هه‌ما هه‌نگى له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌كانى تر . نازانم ئاگادارى ئه‌م فه‌زیحه‌یه‌ نییه‌ ، یان ئاگاداره‌و چاوپۆشى لێ ده‌كات ، یان ناوێرێ  قسه‌ بكات ؟  یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حیزب دایناوه‌ ، چى پێ بڵێن ئه‌وه‌ ده‌كات ؟  چۆن پارتى پۆستى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ هیچ لایه‌نێك نادات ، به‌ هه‌مان شێوه‌ش یه‌كێتى پۆستى شاره‌وانیه‌كان به‌ تایبه‌تى شاره‌وانى سلێمانى به‌كه‌س نادات و ئاماده‌شه‌ به‌ پۆستى پارێزگار بیگۆڕێته‌وه‌  چونكه‌ نان له‌ زه‌وى زاردایه‌ نه‌ك پۆستى پارێزگارى بێده‌سه‌ڵات . 
تكایه‌ وه‌ڵامێكى خه‌ڵك بده‌ره‌وه‌و  بۆئه‌وه‌ى بزانین كارى جه‌نابتان چییه‌و با به‌ خۆڕایی  تۆمه‌تبار نه‌كرێی .  حه‌ق وایه‌ سه‌رۆكى شاره‌وانى  له‌سه‌ر ئه‌مه‌ بێته‌ ده‌نگ نه‌ك خه‌ریكى دانانى  كۆمپانیاى  قه‌بر هه‌ڵكه‌ندن بێت و خه‌ڵكى پی َده‌وڵه‌مه‌ند بكات  . حاڵى خه‌ڵك زۆر جوانه‌، ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌ركى خاوه‌ن مردوكانیش قورستر بكه‌ى .  هیوادارم جه‌نابى وه‌زیرى  شاره‌وانیش  بێته‌ سه‌رخه‌ت و  قسه‌ى خۆى هه‌بێت . خۆ ئه‌گه‌ر بڵێت ئێمه‌ حكومه‌تێكى  دوو ئیداره‌ییمان  هه‌یه‌و ئه‌وه‌ى له‌ سلێمانى ه‌گوزه‌رێ ، په‌یوه‌ندى به‌ منه‌وه‌ نییه‌ ، ئێمه‌ش قسه‌یه‌كمان نابێت . 
ئێستاش كاتى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش قسه‌یه‌كیان هه‌بێت و به‌دوادا  چون بۆ ئه‌م كاره‌و ئه‌وانه‌شى  له‌م شێوه‌یه‌ له‌ هه‌وڵیر و دهۆكیش هه‌یه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر حسابى دوو ئیداره‌یش بكرێت  ئه‌وه‌  ئه‌ركى جه‌نابى كاك قوباده‌ به‌ پیر  ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌  بچێت و تازوه‌  ڕێگرى بكات له‌ داگیر كردن و به‌ تاڵان بردنى  موڵكى گشتى . ئه‌وه‌ى ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن سه‌ر به‌ حیزبه‌كه‌ى و بنه‌ماڵه‌كه‌ى خۆنى . بۆیه‌ زۆرترین به‌رپرسیاریه‌ت ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشانى به‌ڕێزیان .
له‌ ناچاریدا  ده‌بێ باسێكى په‌ڕله‌مانیش بكه‌م هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ندامانى په‌ڕله‌مانى ئه‌م خوله‌ به‌ تایبه‌تى ئه‌وانه‌ى حیزبه‌كانیان به‌شدارى ده‌سه‌ڵاتن ،  به‌ ته‌واوى  خۆیان ساخ كردۆته‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رى حیزبه‌كانى خۆیانن ، نه‌ك میلله‌ت .  به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ قسه‌یه‌كى ونستۆن چه‌رچڵتان  وه‌بیر دێنمه‌وه‌ كه‌ وتویه‌تى :
ئه‌گه‌ر ویستان هه‌ر میلله‌تێك  وه‌ك خۆى بناسن  ، سه‌یرى ئه‌ندام  په‌ڕله‌مانه‌كانى بكه‌ن و بزانن شایانى گوڵ باران كردنن یان پێڵاو تێگرتن .  ئایا ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى ئێمه‌ شایانى كامیانن ؟؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى  بۆ  ئێوه‌ى  به‌ڕێَز جێ دێڵم . وڵاتى سه‌نیگال  په‌ڕله‌مانێكى وه‌كو په‌ڕله‌مانى ئێمه‌ى هه‌بوو .  سه‌رۆكى وڵات  بڕیارى حه‌ل كردنى په‌ڕله‌مانى دا . لێیان پرسى بۆچى ئه‌م بڕیاره‌ت دا ؟؟. 
له‌ وه‌ڵاما وتى : ئه‌و پاره‌یه‌ى  له‌ په‌ڕله‌مانێكى  ئاوا بێ كه‌ڵكدا خه‌رج ده‌كرێت ، باشتر نییه‌  به‌ پاره‌كه‌ى یه‌كه‌یه‌كى به‌رهه‌م هێنانى كاره‌باى  بۆ هاولاتیان پی َدروست بكرێت . هه‌مومان  زۆر باش ده‌زانین په‌ڕله‌مانه‌كه‌ى ئێمه‌ له‌ په‌ڕله‌مانه‌كه‌ى  سه‌نیگال زۆربێ كه‌ڵك تره‌ ، خۆزگه‌ى  كه‌سێك ده‌بوو ئه‌و بڕیاره‌شى بۆ په‌ڕله‌مانه‌كه‌ى ئێمه‌ش ده‌ر بكردایه‌و  یه‌ك دوو سه‌عاتێك كاره‌باى نیشتمانى زیادى بكردایه‌ .  ئه‌م خوله‌ى په‌ڕله‌مانى كوردستان بێ كه‌ڵكترین  خولى په‌ڕله‌مانه‌ له‌سه‌ر گۆى زه‌وى . 
به‌ڕاستى ئابڕوى ناوى په‌ڕله‌مانیان بردوه‌ . ئاوى  خواردنه‌وه‌یان پێ حه‌رامه‌ نه‌ك موچه‌ . له‌ برى ئه‌وه‌ى سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان و ده‌سته‌ى به‌ناو سه‌رۆكایه‌تى په‌ڕله‌مان هه‌وڵ بده‌ن  له‌سه‌رۆكى حكومه‌ت و به‌رپرسانى ترى  حكومه‌ت بپرسنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌م كاره‌ساته‌ى  به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌یان هێناوه‌ . بونه‌ته‌ به‌رگریكارى حكومه‌ت . سه‌رۆكى په‌رله‌مان ته‌رفیعى كردوه‌ وئێستا ڕێگاش نادات  ئه‌ندام په‌ڕله‌مانه‌كانیش قسه‌ بكه‌ن .
سه‌یر له‌وادایه‌ لایه‌نى ئۆپۆزسیۆن له‌ناو په‌ڕله‌مان داوا ده‌كه‌ن پرسینه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بكه‌ن ، سه‌رۆكى په‌ڕله‌مان و ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى  دژایه‌تییان ده‌كه‌ن ،  چونكه‌ ئه‌وان نوینه‌رى   هه‌ردوو حیزبى  ده‌سه‌ڵاتدارن نه‌ك هاولاِتیان .  
له‌ ڕاستیدا ده‌وڵه‌ت دارى ئاوا ناكرێت .حوكمڕانى له‌ پارێزگایه‌كدا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌كرێت : هه‌موو به‌رپرسێك كارى تایبه‌تى خۆى هه‌بیت  ، به‌ڵام نابێـت هیچ كه‌سێك ده‌سه‌ڵاتى هه‌بێت به‌ ویستوئاره‌زوى خۆى  بڕیار بدات . كه‌سى یه‌كه‌مى پارێزگا ، پارێزگاره‌و ده‌بێ ئاگادارى هه‌موو بڕیارێك بێت و ڕیگاش نه‌دات  كه‌س بڕیاریك بدات یان كاریك بكات زیان به‌ پارێزگاك بگه‌یه‌نێت . ده‌بێ پلان هه‌بێت بۆئیداره‌كردن و  به‌ڕێوه‌بردنى شاره‌كان و ده‌بێ  به‌ هه‌ما هه‌نگى وئاگادارى یه‌كترى كاره‌كان بكرێت . به‌ڵام له‌ ئێستادا هه‌موو شتێك له‌ گرێژه‌نه‌ چوه‌و  كه‌س له‌ كه‌سه‌و هه‌ر به‌رپرسه‌و چۆنى بوێت و ده‌سكه‌وتى چۆن بێت ئاوا ده‌كات .
 ئه‌گه‌ر پارێزگاریش له‌ حیزبى ده‌سه‌ڵات نه‌بێ ، هیچى بۆ ناكرێت . تا ئێستا پارێزگارى سلێمانى  له‌ خانوى حكومه‌تدا نییه‌و  له‌ ماڵى باوكیدایه‌ و خانوى پارێزگار له‌ لایه‌ن به‌رپرسى حیزبه‌وه‌ داگیر كراوه‌ . كه‌واته‌  زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌م پاشا گه‌ردانیه‌ بتوانرێت  ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ڕێوه‌ ببرێت  .   دواجار ئه‌وه‌ى زه‌ره‌ر مه‌ندى یه‌كه‌مه‌ ، هاولاِتیانن . ماوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى تا كه‌ى هاولاِتیان ئه‌م سوكایه‌تى و غه‌در لێكردنه‌ى ده‌سه‌ڵاتى گه‌نده‌ل َكارانیان قبوڵه‌؟  كات دره‌نگه‌و هیوادارم غیره‌تیان بجوڵێت . 




(دەنگدراوە: 3 . زۆرباشە: 5/5)